چۆن بیربكەینەوە ؟ ئەنارشیستی یان حیزبی یانیش كوردانە؟

نەوزادی موهەندیس
  2022-07-30     481

•     فەیلەسوفی بەناوبانگی سویسری جان جاك ڕۆسۆ  دەڵێت : (( ئازادی تاك بریتی نیە لەوەی هەرچی ویستی ئەنجامی بدات،بەڵكو بریتیە لەوەی كە پێویستە لەسەری ئەوە نەكات كە نایەوێت)). 

 

بۆیە بونی ئازادی مرۆڤ مەرجێكی گرنگی مرۆڤبون و مانەوەیەتی بە مرۆڤێتی و هیچ تاك و مرۆڤێك بەبێ‌ بوونی ئازادیە تاكە كەسیەكانی مانایەكی نامێنێتەوە.بۆیە ئازادی و مرۆڤ وەكو ماسی و دەریا وان و بێ یەكتری ناژین و نامێنن.
•    مرۆڤی كورد لەم قۆناغەدا چۆن بیربكاتەوە؟وەك كەسێكی ئەنارشیزمی یان فەلسەفەی تاكگەرایی Individualism)‏) ، كە  بۆ خۆی بریتیە لە هەڵوێستێكی ئەخلاقی،و فەلسەفەیەكی سیاسی و ئایدۆلۆژی یان تێڕوانینێكی كۆمەڵایەتی،كە جەختدەكاتەوە لەسەر بەهای مەعنەوی تاك. كە داوا دەكات كە تاك هەستێت بە ئەنجامدانی ئامانج و خواستەكانی خۆی بۆ ئەوەی ببێتە بەها و پنتێكی سەربەخۆوپشتبەستوو بەتواناكانی خۆی.ئەم فەلسەفەی تاكگەراییە ڕایدەگەیەنێت كە پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیەكانی تاك مەسەلەیەكی ڕەگداكوتراو و بنچینەییە و پێویستە بێتەدی لەسەروو هەموو ئیعتیبارە دەوڵەتی و كۆمەڵگاییەكانەوە.بەهەمان شێوە تاكگەرایی تاك دەكاتە چەق و پنتی سەرەكی گرنگیپێدانی لەسەر ئەو گریمانەیەی كە دەڵێت (( تاكی مرۆیی كارەكتەری بنچینەییە و یەكەمە و گرنگترینیشە لە خەبات لە پێناو ئازدی و سەربەخۆبوندا)) و بزوتنەوە لیبڕاڵی و وجودی و نادەسەڵاتیەكان، نمونەی ئەو بزوتنەوانەن كە تاكیان بەلاوە بریتیە لەیەكەیەكی دابەشنەكراو،هەروەها تاكگەرایی بریتیە لە (( مافی تاك لە ئازادی و وەدیهێنانی خود)).
 هەروەها مانای قبوڵكردنی فەلسەفەی تاكگەرایی بریتیە لەوەی كە هەموو پلان و بەرنامە و خواستەكانی بونیاتبنێت لەسەر كەسێتی تاك و بەهرە و تواناكانی و خواست و ویستە یاساییەكانی بەدوور لە سەرگەردانی و فەوزا و بێسەروبەرەیی و دوور لە بەها پیرۆزەكانی كۆمەڵگا.
•    یانیش وەكو كەسێكی حیزبی بیر تەسكی دۆگما و قەتیس بوو بیر بكاتەوە و تەنها تانوپۆی بیروڕاكانی لەچوارچێوەی بەرنامە و سیاسەتی حیزبەكەیدا بێت یان مەودا فراوان و سنورە دیاریكراوەكان و تابۆ حیزبیەكانی ببەزێنێت و هێندەی بۆ بەرژەوەندی و لە پێناو بەرژەوەندی گەورە و فروانی گەل و نیشتیمانەكەیدا بیربكاتەوە نیوهێندە بە قازانجی حیزبەكەی بیر نەكاتەوە.ئاخر مایەی دڵتەنگی و خەمە لەم كوردستانە بەتایبەتی و ڕۆژهەڵاتیش بەگشتی حیزبایەتی هێندە پیرۆزكراوە و سەركردە سیاسیەكان هێندە موقەدەس كراون كە لەسەروو هەموو وەلائو وەفا وپشتیوانی و پشتگیریەكەوەن بۆ گەل و نیشتیمان.ئاخر حیزبایەتی هێندە بچوك و قەتیس و تەسككراوەتەوە كە ڕێگە نادات كادر و ئەندام و لایەنگرەكانی خۆشی تەنانەت لەناوخۆی حیزبەكەشدا بیروڕا ئازادەكانی دەرببڕێت و گەر بۆ هەندێك مەبەستیش چاویان لێپۆشی و بێدەنگ بوون ئەوا لەلایەكی ترەوە بەدەیان شێواز سزای دەدەن.تەنها بۆ ئەوەی عەقڵ و بیركردنەوە و ئازادیەكانی لەمەنگەنە بدەن و تەنها لەچوارچێوەی حیزبیدا بیر بكاتەوە. بەڵام ناپرسن كەوا حیزب و سەركردە هەیە لەم وڵاتەدا دەیان جار خیانەتی زەق و شەرمەزاریان تۆماركردوە لەگەل و نیشتیمان و بونەتە پێشقەوڵی دوژمنان و داگیركاران.ئیدی چۆن دەبێت كادر و لایەنگرەكانیان هەر ئەشهەدوبیلای ناڕاستیان بۆبكەن.
بەڕای من هەر كادرێك یان ئەندام و لایەنگرێك ئازادانە بیر نەكاتەوە  بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمانەكە نەك حیزبەكەی و وەكو تاكێكی سەربەخۆ پێش ئەوەی حیزبی بێت هەرگیز نە بەخشندە دەبێت بۆ خۆی و نە بەخشندەش دەبێت بۆ حیزبەكەشی. چونكە ئاشكرایە گەل و نیشتیمان گەورەتر و فراوانتر و خۆشەویستترن بەلای تاك و هاوڵاتیانەوە لە حیزب و سەركردە سیاسیەكان چونكە حیزب و سەركردە سیاسیەكان دەسەڵاتەكانیان تەنها و تەنها لە گەلەوە وەرگرتوە.حیزبی سیاسی دەبێت كادری وشیار و بەئاگا و ئازاد پێبگەیەنێت نەك كادری ترسنۆك و دەستەمۆ تەنها لەبەرئەوەی مووچەكەی یان ئۆتۆمبیلەكەی یان ئیمتیازاتەكانی تری لێنەبڕن.بۆیە تا لەكوردستاندا تاك بەگشتی و كادری حیزبیش بەتایبەتی ئازاد و ئازادانە بیرنەكاتەوە ئەوا هەر لە بازنەیەكی بۆشی بێناوەڕۆك و بێ ئامانجدا دەسوڕێینەوە.بەداخەوە كە زۆربەی سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیش ئەم جۆرەیان گەرەكە لەتاك و لەكادرەكانی خۆیان ((بێ دەنگ ، بێ هەست ، بێ بیركردنەوە، بێ‌ ئیڕادە)).
•    لەسەروو ئەمانەشەوە بەڕای بەندە ئەوەی كە هەموان كۆدەكاتە لەم نیشتیمانەدا بەتاكی سادە و ئاسایی كۆمەڵگاوە لەگەڵ كادر و ئەندام و لایەنگری حیزبە سیاسیەكانەوە،بیرۆكە و فەلسەفەی كوردایەتیەكی ڕاست و دروستە وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی  و دیموكراتی و پێشكەوتوخوازی سەردەمیانە و وەك بەشێك لە بزوتنەوە مرۆڤایەتیە ناوچەیی و جیهانیەكانیش.بۆیە گەرەكە كە هەموان تەنها بەبیرێكی كوردانەی ڕاستگۆیانە بیربكەینەوە نەك وەك تاكێكی بێ‌ ئامانجی دوور لە ئازادیەكان و نەك وەك كادرێكی حیزبی عەقڵ دۆگما و قەتیسكراو.چونكە بیری كوردایەتی مەودایەكی فراوانی مرۆڤدۆستانەی ئازادیخوازە كە هەموان بەدوایدا وێڵین و سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەكەین و خوێن و فرمێسكی بۆ دەڕێژین و هەر ئەو بیر و هەستە كوردایەتیە بوە كە بۆتە مایەی مانەوە و هێشتنەوەی مرۆڤ و مێژووی كوردان بە زیندویەتی و بەگەشاوەیی نەك حیزب و سەركردە سیاسیەكان،ئەوەتا مێژوو چەندین سەركردە و حیزبی سیاسی خستۆتە لاپەڕەكانی مێژوو و بونەتە كارەكتەرێكی ڕابووردوو، بەڵام هێشتاش و بۆ ئایندەش كورد و كوردایەتی و كوردستانیش وەك نەتەوە و بیر و نیشتیمان هەر بە زیدویەتی ماونەتەوە.دوور لە نمونە قێوزەون و ناشیرینەكان كە بەدەستی سەركردە لاواز و خائین و خۆفرۆش و وڵاتفرۆشەكان دروستكراوان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەكانیاندا.هەربۆیە بیری كوردایەتی دەبێت ببێتە سەرمەشقی بیركردنەوەی هەموان چونكە هەموان ئەو مافەیان هەیە وەكو تاكێكی كورد و كوردایەتیش قەتیس و تاپۆی هیچ حیزب و سەركردەیەكی سیاسی نیە و چەندە تاكێكی ئاسایی مافی كوردایەتی هەیە هەر ئەوەندەش سەركردەكان ئەو مافەیان هەیە،لەبەرئەوە كوردایەتی مەودا و تانوپۆیەكی فروان لەخۆدەگرێت و جێگەی هەموانی تیادا دەبێتەوە.
جا تا ئەوكاتەی هەموان بەو بیرە كوردایەتیە ڕەسەنە بیرنەكەینەوە مەحاڵە بگەینە دوا ئامانجی سەركەوتن و بنیاتنانی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردانەی دیموكراتی.كەواتە هێشتا درەنگ نیە و كاتیش زۆر ماوە بۆ ئەوەی هەڵەكانی ڕابووردوومان بە تاك و كادری حیزبی و سەركردەی سیاسیەوە ڕاستبكەینەوە و هەموان بگەڕێینەوە سەر شاڕێگەی كوردایەتیە ڕەسەن و ڕاستەقینەكە ،كە موتوربە كرابێت بە ئازادیەكی ساغڵەم و دروست لەچوارچێوەی یاسادا.هەربۆیە ئازادی تاك و مرۆڤەكان وەك ڕۆسۆ دەڵێت بریتی نیە لەوەی كە تاك هەرچیەكی ویست ئەنجامی بدات،بەڵكو بریتیە لەوەی كە ئەوەی نایەوێت نەیكات.بۆیە باهەموان ئەوەندە بوێر بین كە ئەوەی لەگەڵ بیروڕا و قەناعەتەكانی خۆماندا نەگونجا ئەنجامی نەدەین و هەموو پڕۆسە و كردار و فەرمانێكی سەپاوی ناڕاست و دروست ڕەتكەینەوە گەر لەسەر  لەدەستدانی ئیمتیازات و پۆست و پلەكانیشمان بێت.ئەمەیە مانای ئازادی تاك و مرۆڤەكان نەك ئەوەی كە ملكەچی ڕاست و ناڕاستی سەركردە و حیزبە سیاسیەكان بیت، چونكە بێدەنگی و بێهەوڵوێستی تاكڕەوی و قۆرخكاری و خۆسەپێنی دروست دەكات، بەداخەوە ئاشكراشە كە هەموانیان چۆن داشۆراون لە هەموو بیركردنەوە و بەهایەكی جوانی كوردانەی ڕاستەقینە.و كوردایەتیان بەو گەورەیی و شكۆمەندیە كورتكردۆتەوە لە تەنا چەند پۆست و پلە و ئیمتیازاتێكی كاتی دونیای و هێندەی هەوڵی خۆدەوڵەمەندكردن و كۆكردنەوەی سەرمایەی حەرام دەدەن نیوهێندە كوردایەتیەكی ڕاستەقینە ناكەن.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×