• عێراق بۆ ماوەی 19 ساڵی ڕێكە دوای بەناو ئازادكردنی، لەجیاتی ئەوەی هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت لەسەر هەموو ئاستە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاوەدانیەكان و ...هتد..بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ و ساڵ بەساڵ بۆ دواوە پاشەكشەدەكات،هەمووشی بەهۆی لەلایەك ململانێ ناڕەواكانی نێوان حیزب و سەركردە سیاسیەكان لەناوخۆ و دواتریش ململانێ ئاینی و مەزهەبیەكانی نێوان یەك ئاین و یەك مەزهەبیش و دواتر لەنێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی دەستێوەردانە دەرەكیە بەردەوامەكانی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاشەوە هێندەی تر دۆخی سیاسی عێراق بە ناجێگیری و ناڕۆشنی ماوەتەوە و لەئێستاشدا ودوای19 ساڵ هێشتا لە بازنەیەكی بۆشدا دەسوڕێتەوە و چەقیوەتە ناو تونێڵێكی تاریك و تونی واوە كە تروسكایەكی لاوازیش نابینرێت بۆ قوتاربوون لەو چەقبەستووییە.
• لەئێستادا و دوای نزیكەی 9 مانگ لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی 10/10/2021وە هێشتا لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە نەتوانراوە كە ئۆرگانە سەرەكیەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا هەڵببژێردرێن و عێراقیش ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز و دەستەبەكار بۆ ئەوەی عێراق لەو چەقبەستوە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەی ڕزگاربكات.هەموو ئەم ململانێیانەش لەئێستادا كورتكراونەتەوە لە ململانێ كەسیە((كۆن و نوێ))كانی نێوان موقتەدا صەدری ڕابەری ڕەوتی صەدر و نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا،كە هیچ كامیان بە ڕابەرایەتی و دەسەڵاتی ئەویدی ڕازی نیە و تەنانەت نەیانتوانیوە چاویشیان بەیەك بكەوێت و لانی كەم تەوقەیەكی سیاسیش بكەن لەنێو ماڵی شیعیدا و بەم كارەشیان لەلایەك نێوماڵی شیعیان كەرت و پەرت كردوە و تەواوی عێراقیشیان گیرۆدەی دۆخێكی سیاسی ناڕۆشنكردوە.سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی 9 مانگی ڕابووردوو تائێستا نەتوانراوە ئەو تەوق وچەقبەستوە سیاسیە تێكبشكێنرێت.هەرچەندە لەهەردوولاوە پەنایان بردە بەر دەستشكانەوە و ملبادانی یەكتری بە پێكەوەنانی بەرە و چوارچێوەی دژ بەیەك بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بسەپێننە سەر یەكتری بەناوی دروستكردنی زۆرینەی پەڕلەمانیەوە ،بەڵام خۆشبەختانە هیچ كامیان نەیانتوانیوە ئەو كارە بكەن.
• لەئێستادا و دوای بێهیوابوونی صەدر لەدەرچوون و سەركەوتن لەگەیشتن بەبەرنامە و خواستەكانی لە پێكەوەنانی حكومەتێكی نیشتیمانی سەربەخۆی نەڕۆژهەڵاتی ((ئێرانی)) و نەڕۆژئاوایی((ئەوروپا و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدادا))، بەناچاری وەكو سیاسیەكی بێ ئەزموون و نەفەس كورتی سیاسیانە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی 73 ئەندام پەڕلەمانەكەیدا و لەئێستاشدا بڕیاری كشانەوەی لە تەواوی جومگە و پلە و پۆستە حكومیەكانیشدا داوە لەسەرتاسەری عێراقدا.
لەلایەك ئەم هەڵوێستەی صەدر بۆتە هۆی شڵەژانی زیاتری دۆخی سیاسی و سەرهەڵدانی گریمانەی نوێ بۆ ئایندە،لەوانە :گریمانەی كودەتای سەربازی و شەڕی میلیشیایی ناوخۆیی و ئاژاوە و بێسەروبەری و هەڵبژاردنێكی نوێی پەڕلەمانی ودوایش نەمانی ئەوەی پێی دەوترێت نەزم و یاسا و دەستور و دەوڵەت وفەوزا،كە هەموو ئەمانەش لەبەرژەوەندی عێراق و عێراقیەكاندا نیە، دووریشە وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش لێبگەڕێن كە بەو ئاڕاستەیە عێراق هەنگاو بنێت.لەلایەكی تریشەوە بوە هۆی هەڵوەشانەوەی بەرەی ڕزگاری نیشتیمانی 3 قۆڵی و هەردوو هاوپەیمانەكەی خستە دۆخێكی ئیحراجیەوە كە لە نیوەی ڕێگادا بەجێی هێشتن و سەرگەردانی كردن.بەڵام لەلایەكی تریشەوە وەك دەڵێن دەستی چوارچێوەی هەمئاهەنگی كردەوە و دەروازە گەلێكی فراوانی خستە بەردەمیان بۆ ئەوەی بتوانن كە حكومەتی نوێ پێكبێنن.بەمەرجێك شوێنگرەوەكانی ئەندام پەڕلەمانەكانی صەدر لەخەڵكانی سەر بە سەربەخۆ و چوارچێوەی هەمئاهەنگی بن بۆ ئەوەی بتوانن زۆررینەی ناو پەڕلەمان پێكبێنن.ئەگەر نا ئەوا كارەكە هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە.لەئێستادا چوارچێوەی هەمئاهەنگی كەوتونەتە خۆ بۆ دانوسان لەگەڵ هەمواندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسیە نادیار و لێڵ و نوێیە،و ڕایانگەیاندوە لەدوا جەژنی قوربانەوە هەوڵەكانیان گەرموگوڕتر دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە.
• بەڵام لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت،كە ئایا ئەو حكومەتەی بەبێ صەدریەكان پێكبێت دەتوانێت لەبەردەم گوشار و فشارە جەماوەریەكانی صەدریەكاندا تاسەر خۆڕابگرێت؟ئایا لەگەڵ ئەو هەموو دەسكەوت و داهاتە زۆروزەوەندەی نەوتی ئەم چەند مانگەدا كە حكومەتی عێراقی دەستیكەوتوە،دەتوانێت خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان بۆ هاوڵاتیان دابینبكات، كە مەرجی هێوربونەوەی جەماوەری توڕە و سەركەوتنی حكومەتەكەشە؟ و دەیان پرسیاری تر.
بۆیە گرنگە هێز و سەركردە سیاسیەكانی چوارچبَوەی هەمئاهەنگی زۆر بەووردی و دیقەت و ووریاییەوە لە هەنگاوە چاوەڕواننەكراوەكانی صەدر بڕوانن و بەكەمی نەزانن و ڕەنگە تەپكەیەكی سیاسی بێت بۆ تێكەوتنی ئەو حكومەتەی ئایندە بێت!چونكە صەدریەكان توانای بەئاسانی توانای جوڵاندنی شەقامی توڕەی عێراقیان هەیە لەكاتێكدا بۆخۆی كەشوهەوا سیاسیەكە پاڵنەر و یارمەتیدەرە بۆ تەقینەوە و لێكهەڵوەشان و قڵپبونەوەی یەكجارەكەی.بەتایبەتیش گەر چوارچێوەی هەمئاهەنگی بیر لەوەبكەنەوە جارێكی تر نوری مالكی بكەنەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق.چونكە هێندەی تر بەنزین بەسەر ئاگری توڕە و ڕق و قینی كۆن و نوێی موقتەدا دەكات و چی لەدەست بێت بۆ شكاندن و هەیبەت و شكستپێهێنانی مالكی ئەنجامی دەدات.
لەبیرمان نەچێت نە صەدر و نەمالكی فریشتە نین و هەردووكیان تاقیكراونەتەوە لەهەڵوێست و گوتار و كرداریاندا لە كاتی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشیانداو بەتایبەتیش مالكی لە گەڕی دووەمی دەسەڵاتیدا و بەدیاریكراویش لە 6 مانگی یەكەمی ساڵی 2012دا كە ئەوكاتیش ببەوە تاكڕەو و حسابی بۆ كورد و مافەكانی نەدەكرد و كارگەیشتە ئەوەی كە بارزانی و نوجەیفی و عەلاوی و ...هتد. متمانەی لێوەربگرنەوە.ئەوە موقتەداشە كە هیچ كات ناتوانرێت پشتی پێببەسرێت بەهۆی ڕاڕایی و ناجێگیری هەڵوێست و بڕیارەكانی و دواتریش نیەتەكانی بۆ وەلانانی پشكپشكێنەی نەتەوەیی و تایەفی و ئاینی لە دهاتوودا.و هەڵوەشانەوەی هێزی پێشمەرگە و جێبەجێنەكردنی مادەی 140ی دەستوور و هەمواركردنەوەی دەستور وپشتگیركردنیشی لە بڕیارەكانی دادگای دەستوری و...هتد.كە هەموانیان دژ بە بەرژەوەندیەكانی كورد و كوردستانن.
بۆیە سەرەتا وەكو كورد گەرەكە نێوماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە و یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بێت و نەچێتە ناو هاوپەیمانی و بەرەی نەشیعەكان و نە سونەكانەوە و تەنهاوتەنها پێكەوە و بە یەكویەكگرتوویی نێوماڵی كورد پتەو و بەهێز بكەنەوە وپێدابگرن لەسەر ماف و ئیستیحقاقە دەستوری و نەتەوەیەكانی كورد و لێگەڕێن بۆ ئەوەی شیعە و سونە كێشە و ململانێكانی نێوخۆیان دوور لەكورد چارەسەر بكەن ئەگەر توانیان.بە پێچەوانەوە هێندەی تر نێوماڵی كورد پەرتەوازە و لێكدوور دەكەوێتەوە.هەربەمەش دەتوانرێت عێراق لەم دۆخە قەتیس و ناجێگیر و ناڕوونە سیاسیەی دەربازبكرێت.و كوردیش ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بێنێت.ئەگەر نا ئایندەی عێراق وەكو دەوڵەت لەئێستادا لەهەموو كات لەبەر مەترسی لێكهەڵوەشان و نەماندایە و ئەمەش بۆخۆی لە بەرژەوەندی كورد تەواو دەبێت.