لەپەراوێزی خۆپیشاندانەكانی خوێندكاراندا، سیستەمی حوكمڕانی و دەسەڵات بەرەو كوێ‌ ؟

نەوزادی موهەندیس
  2021-11-23     600
ئاشكرایە كە سیاسەت وەك لقێكی سەرەكی و زیندووی زانستە مرۆڤایەتیەكان تەمەنێكی هەیە و لە سەر ئاستی زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهاندەخوێنرێت و گرنگی تایبەتیشیان پێداوە و چەندین سەركردەی بەناوبانگی دونیاش لەو زانكۆ و پەیمانگا و كۆلێژە سیاسیانە دەرچوون و كەسانی سەركەوتوش بوون لە سیاسەتكردن و دونیای سیاسەتدا و جێگەی دەستیان دیاربوە.بەهۆی ئەوەی زانستی سیاسیان وەك زانست وەرگرتوە و بە تەواوەتیش لە بنەماكان و ڕێسا و یاساكانی تێگەیشتوون و لە ژیانی پراكتیكیشدا بەرڕاست وڕەوانی پیادەیان كردوە. ئاشكراشە هەر كارێك بەڕاستودروستی دەستپێبكرێت هەمیشە ئەنجامی ڕاستودروست و سەركەوتووش دەداتەوە،و بە پێچەوانەشەوە،وەك كورد دەڵێت:چی بچێنی ئەوە دەدورێتەوە.
بەڵام كاتێك لەڕێچكە و ڕێباز و بنەما سەرەكیەكانی سیاسەت دووركەوتیتەوە و سەرقاڵی پۆست و ئیمتیازات و بازرگانی و خۆدەوڵەمەندكردن و پێكەونانی سەرمایەی حەرام و دامەزراندنی كۆمپانیای بازرگانی و وەهمی و ڕۆچویت لە گەندەڵی و دزیكردنی سەروەت و سامانی میلەت و وڵات و خاكت هەڕاج و هەرزان فرۆشكرد،ئەوە بەدڵنیایی ئەنجامەكانیشی بریتی دەبێت لە وێران و كاولكردنی وڵات و زەلیل و ڕسواكردنی هاونیشتیمانیان و دواتریش زویر و توڕەبوون و شۆڕش و خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەكان دەستپێدەكەن و ئەنجامیش ڕووخاندن و توڕَهەڵدانی سیساسیە گەندەڵ و پیسخۆرەكان دەبێت بۆ زبڵدانی مێژوو كە لە مێژووی نزیكماندا زۆر نمونەی زیندوومان بینیوە و ئیدی وڵات تا بەشێوەیەكی ڕاستودروست لەلایەن كەسانی نیشتیمانی و دڵسۆز و خەمخۆرەوە بەڕێوەنەبرێن و عەقڵ و حیكمەت و دانایی و یاسا سەروەر نەبێت و زاڵنەبێت بەسەر هەستە خۆسەپێن و خۆپەسەند و غرورو و خۆلێگۆڕاویدا ئەوا هیچكات نەوڵات و نەكۆمەڵگاش ئەمن و ئاسایش و دڵنیایی و پێشكەوتن بەخۆوە نابینن و هەمیشە لە گێژاوێكی ناجێگیر و بەدەوری خۆخولاوەدا سوڕدەخوات و بەبێئەنجام و بێدەسكەوت دەمێنێتەوە.
لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات كە ئایا لە م قۆناغەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی و عێراق و ناوچەكەش بەگشتی ،سیاسەت و حوكمڕانیەكان بەرەو كوێ‌ ملدەنێت و بە چ ئاڕاستەیەك ڕەوتدەكەن؟ و ئەنجامیش چی دەبێت؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە بەداخەوە و كەسەرێكی گەورەوە وەك لە پێشەكیەكەدا باسمان كرد ،چونكە هیچ كام لەم بەناو سیاسییانە و سیاستەمەدارانەی وڵاتەكەمان بەدەگمەن بنەماو و ڕێساو یاسا زانستیەكانی دونیای سیاسەتیان خوێندوە و لێیتێگەیشتوون،چونكە كەمیان هەیە تەنانەت خاوەن بڕوانەمەیەكی سەرەتایی زانكۆیی بێت،جا چ جای لە سیاسەت و دونیا ئاڵۆز و فراوانەكەی سیاسەت تێگەیشتبن.هەموو ئەم بەناو سەركردە و سیاسیانەی ئەمڕۆ تەنها و تەنها ڕەدووی دەسكەوتی مادی و پڕكردنی گیرفانەكان و پێكەوەنان و كەڵەكەكردنی سەروەت و سامانی دزراوی وڵات و هاوڵاتیەكانیانن و هێندەی خەیاڵ و بیر و پیلانیان هەیە بۆ دادۆشینی تەواوی خێرو بێری وڵاتەكەیان و دەستپێوەگرتنی كورسی حوكمڕانیەكانیان و مانەوەیان لەدەسەڵاتدا،نێوهێندە بیر و پلانیان نیە بۆ گەشەدان و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانكردنی هاوڵاتیانیان،هێندەی خەیاڵپڵاوی دەكەن بە بەرزكردنەوەی ڕەصیدی بانكیەكانیان و كڕینی كۆتا مۆدێلی ڤێلا و باخ و ئاپارتمان و زەوی وكۆمپانیاكان نیوهێندە هەست و سۆزی ڕاستەقینەیان نیە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیەكانیان، هەربۆیەشە لەماوەی ئەم 30 ساڵەی ڕابووردوودا  هێندەی بەرەو دواوە گەڕاوینەتەوە لە حوكمڕانی و ئیدارە و دارایی و پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و  پیشەیازی و كشتوكاڵ و وئەمنیەت و دیموكراسیەت و ئازادیەكان و مافەكانی مرۆڤ و سەروەربوونی یاسادا،نیوهێندە هەنگاوێك بەرەو پێشەوە نەنراوە.وەك دەڵێت هەنگاوێگ بۆ پێشەوە و دووهەنگاوە بۆ دواوە گەڕاوینەتەوە.
ئەمە ڕەشبینی نیە بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێمەكەمان بەڵكو حەقیقەتێكی تاڵی بینراو و هەستپێكراوی ڕۆژانەمانە و تروسكایەكی بچوك و ئومێدێكی ڕۆشن نابینرێت لەسایەی ئەم عەقڵیەتی حوكمڕانی و ئیدارەدانەی ئەم سیاسی و حیزبی و سەركردە كلاسیكی و تەنانەت نوێكانیشەوە. هەربۆیە ئایندەی سیاسی و ژیانی سیاسی لە كوردستاندا  لەگەڵیشیدا سیستەمی حوكمڕانی و دەسەڵاتەكەش كە بەرئەنجامی ئەم عەقڵیەت و سیاسەتە هەڵانەن بەرەو ئایندەیەكی تاریك و نوت دەڕوات و هەنگاو دەنێت،بەخۆشیەوە ژیانی حیزبایەتیش وەك بەرهەمێكی پراكتیكی بنەماو ڕێسكانی سیاسەت لەكوردستاندا ئەویش شڵەژاوی و تێكچوون و لەگرێژەنە دەرچوونی بەخۆوە بینیوە و لێكهەڵوەشاو و دووركەوتۆتەوە لە سادەترین و سەرەتایترین بنەما حیزبیە مۆدێرن و سەردەمیەكان،حیزبایەتیش لێرە بۆتە ململانێیەكی قێزەونی ناشیرین و بێزراو لای زۆرینەی هاوڵاتیان و بەتایبەتیش گەنجان كە سووتەمەنی و بزوێنەری هەموو حیزبێكی سیاسین لە دونیادا،كارگەیشتۆتە ئەوەی لەناو حیزبێكدا چەندین باڵ و ئاڕاستە و وبەرژەوەندی جیاواز دروستبوون و هەر كۆمەڵەو و پێكەوە گردبونەوەیەكیان پێكەوەناوە بۆ خۆدەوڵەمەندكردن و جێگیركردن و سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان و ململانێیەكی ناڕەوای ناشەریفانەش دەكەن تەنهاو تەنها لەسەر دەسەڵات و دەسكەوتە مادی و پۆست و ئیمتیازاتەكان.نەك لەسەر فكر و بیروڕا و تێز و تێڕوانینی نوێ‌ لەپێناوی بەرژەوەندی وڵات و كۆمەڵگادا.
تائێستا لە مێژووی شۆڕش و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردایەتیدا كەم سەركردەی كاریزما و بەتوانا و خاوێن و خەمخۆری تاسەر هەڵكەوتون كە جێگەی شانازی سەرتاسەری كۆمەڵگای كوردی بن لەهەر چوار بەشەكەدا.وەك گەلێك سەركردەی دونیایی،ئەمە لەخۆڕانیە بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ باكگراوندە كۆمەڵایەتی و خێڵەكیە دواكەوتوە خوێنڕێژ و ڕاوڕووتكەرەكەی كورد جا چ لە دژی دوژمنانی بێت یان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بێت بەسەر براكانیدا. هەربۆیەش تائێستا گەورەترین نەتەوەی دونیاین كە نەبوینەتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان،چونكە هێندەی دوژمنایەتی خۆمان دەكەین نیو هێندە ناتوانین خۆڕاگر بین بەرامبەر دوژمنان.
ئاشكراشە ئەنجامی ئەم سیاستكردنە هەڵەیەی كورد هەمیشە پاشاگەردانی و سەرلێشێواوی و بچوكبونەوە و لەناوچوون دەبێت و گەڕانەوەش دەبێت بۆ چوارگۆشەی یەكەم و خاڵی سفر و سەرەتا. لە ئێستاشدا دەستپێكی لەناوچوون و بچوكبونەوەكانیش سەریانهەڵداوە چ لەناوخۆی كوردستان كە زیاد لە 60% هاوڵاتیان ناڕازین لەم سیستەم و حوكمڕانیە و لەدەرەوەی كوردستانیش هێواش هێواش دۆست و نزیكەكانیش تەرەدەبن و دووردەكەونەوە بەهۆی ئەوەی كە حوكمڕانانی كوردی بەدووڕوویی سیاسەت دەكەن و هێندەی بەتەنگ دڵ ڕازیكردنی دەوروپشت و جیرانەكانی خوێنەخۆری وڵات و كۆمەڵگەكامانن نیوهێندە بەتەنگ جوانكردنی سیمای حوكمڕانیەكەیانەوە نین لەبەردەم هاونیشتیمانی خۆمان و وڵاتانی دیموكراسیەت لە ئەوروپا و ڕۆژئاوادا و ڕۆژبەڕۆژ ڕووی ڕاستەقینەی خۆسەپاندن و گەندەڵی و غرورو و بێباكی ئەم دەسەڵاتەیان بۆ ئاشكرا دەبێت و زیندووترین نموونەش كۆچكردنی بەناچاری هەزاران هەزار گەنج و پیر و لاوی ئەم وڵاتەیە بۆ هەندەران كە بۆتە پەڵەیەكی ڕەشی ناشیرین بەتەوێڵی ئەم حوكمڕانی و سیاسەتە ناڕاست و دروستانەی ئەم بەناو سیاسیانەی ئێستاوەن.خۆپیشاندانەكانی 2 ڕۆژی ڕابووردووی خوێندكارانیش بەو شێوە توندوتیژی و وەڵامدانەوە نامرۆڤانەییەكانی هێزەكانیش،هەردوولا دەرخەری ئەو ڕاستیەن كە دەسەڵات و هاوڵاتیان لە دوو دۆڵی دوورلەیەكترن و هیچیان ئەویتریان چیدی قبوڵنیە و خوێندكاران كە نوێنەرایەتی ناڕەزایی كۆمەڵگا دەكەن هەوڵی ڕووخاندن و لەناوچوونی دەسەڵات دەدەن و دەسەڵاتیش  تا لەتوانایاندا بێت پارێزگاری لە هێز و دەسەڵاتیان دەكەن.
خۆ گەر بەزوویی فریای خۆ و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان نەكەون زۆر نزیكە بە تیاچوونی سەر و ماڵ و كورسی و سەروەتە دزراوەكانیانەوە كۆتایی پێبێت و پەردەی كۆتا بەشی ئەم شانۆگەریە پڕوپوچەی كوردایەتی ئەم قۆناغە دابدرێتەوە و تا دەیان ساڵی تر بە نیاز و بەئومێدێكی نوێی دەسەڵاتێكی خاكی و خۆڕسكی كوردانەوە  خەونی زەرد و سوور دەبینین و لە چاوەڕوانی گۆدۆدا خەو دەمانباتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×