هه‌رێمی‌ كوردستان‌و... مه‌ڕی‌ قوربانی‌!

نەوزادی موهەندیس
  2021-07-02     611
• به‌داخه‌وه‌ دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و سه‌رتاپای‌ جومگه‌كانی‌ ژیان و گوزه‌رانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كورده‌واری‌ و ده‌سه‌لاَته‌ سیاسیه‌كه‌شی‌ هیچ كاتێك به‌ هێنده‌ی‌ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ له‌ مه‌ترسیدا نه‌بوه‌((هه‌رچه‌نده‌ به‌ درێژایی‌ مێژوو كورد هه‌ر دڕدۆنگ و ناته‌با و دژ به‌یه‌كتر بوون و له‌مه‌ترسیشیدا بوه‌)) لانی‌ كه‌م له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م 30 ساڵی‌ ده‌سه‌لاَت و ئه‌زمونه‌دا،كه‌چی‌ هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك  یان حیزبێكی‌ سیاسی‌ یان شه‌قامی‌ كوردی‌ یان ڕێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ ((كه‌ هێنده‌ زۆرن وه‌كو گه‌لاَی‌ دار وان))هیمه‌تێك خه‌مخۆریه‌كی‌ جدی‌ یان ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك ناكه‌ن بۆ خۆ ڕاپسكاندن له‌م دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ و پڕ ئاڵنگاریانه‌ كه‌هه‌ر چوار ده‌وری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان ته‌نیوه‌،هیچ كه‌سێك بوێری‌ كارێكی‌ مه‌زن ناكات یان ته‌نانه‌ت سه‌ركێشیه‌كیش بۆ ئه‌وه‌ی‌  له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم و بۆ دراوسێكانیشی‌ بسه‌لمێنێت كه‌ كورد و ده‌سه‌لاَته‌كه‌ی‌ هه‌یه‌ و ماوه‌ و ده‌مێنێت و توانای‌ به‌رگریكردنی‌ پیرۆزیشی‌ هه‌یه‌.
سه‌ركرده‌كان یان حیزبه‌ سیاسیه‌كان،هه‌یانه‌ خۆی‌ له‌ كونجی‌ قه‌باعه‌ت خنیوه‌ و بێده‌نگ و مڕومۆچ لێیدانیشتوه‌ یان خۆی‌ شارۆدته‌وه‌ و هیچی‌ له‌ده‌ست نایه‌ و چاوه‌ڕوانی‌ قه‌ده‌ری‌ خۆیه‌تی‌ بۆ گرتن و ڕاوه‌دونان و كوشتن و تیرۆركردنی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ حه‌زده‌كات یان هه‌وڵده‌دات كه‌ ببێته‌ مه‌رجعیه‌ت و ده‌مڕاستی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كیش.حیزب و سه‌ركرده‌ی‌ تریش هه‌ن هه‌ڵپه‌ و جوڵه‌ و خۆده‌رخستنی‌ زۆریان هه‌یه‌ به‌لاَم هێشتاش نه‌بونه‌ته‌ جێگه‌ متمانه‌ی‌ ناوخۆ و ده‌ره‌و و ده‌رودراوسێش و سه‌نگ و قورساییان په‌یدا نه‌كردوه‌ كه‌ گوێیان لێبگیرێت یان ڕێگه‌یان پێبده‌ن زیاتر له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیان هه‌ڵبسڕێن.
• زۆرینه‌كه‌ی‌ تریش بێده‌سه‌لاَت و ((لا حول له ولا قوه‌)) له‌ جێگه‌ و له‌ناو باره‌گا حیزبیه‌كانی‌ خۆیان دانیشتون و قسه‌ و ورته‌ ورت و ته‌نها بۆڵه‌ بۆڵ ده‌كه‌ن و له‌ پێناو نه‌بڕینی‌ مانگانه‌ و یارمه‌تی‌ و بۆ چه‌ند پله‌و پۆستێك خۆیان كڕكردوه‌.
جا ئه‌مه‌ حاڵی‌ ناوخۆمانه‌ و هه‌موانیش هیچیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ئاشت و دۆستی‌ ڕاسته‌قینه‌ نین و متمانه‌یان به‌یه‌كتر نیه‌ و هه‌ندێكیشیان ته‌نها ڕۆڵی‌ گواستنه‌وه‌ یان ڕاپۆرت نوسین ده‌بینن دوای‌ كۆبونه‌وه‌كانیان بۆ حیزبه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَت.
جا تا ئه‌و دڕدۆنگیه‌ و ئه‌و بێ‌ متمانه‌ییه‌ نه‌ڕه‌وێته‌وه‌ هیچ كات به‌هێز و خۆڕاگر و پته‌ونابین له‌ناوه‌وه‌ و به‌رامبه‌ر ده‌رودراوسێكانیشدا.ئاخر چۆن داگیركه‌رانی‌ كوردستان بسه‌ڵمنه‌وه‌ له‌م ده‌سه‌لاَته‌ كه‌ ته‌نها سه‌رمه‌ستی‌ كۆكردنه‌وه‌ و گه‌نده‌ڵیه‌ له‌ حوكمڕانی‌ و سه‌روه‌ت و سامانی‌ سه‌رزه‌وی‌ و ژێرزه‌وی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌،ئاخر چۆن حسابێكی‌ بۆ بكرێت كه‌ هه‌موانیان  له‌خه‌وێكی‌ قوڵ و شیریندان و گوێ‌ ناده‌نه‌ داگیركاری‌ توركیا كه‌ زیاد له‌ 40 كم هاتۆته‌ خاكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ و ڕۆژانه‌ تۆپباران و كوشتن و بڕینی‌ مرۆڤه‌كان و دار و دره‌خت و پاوان و ڕه‌زوباخی‌ ئه‌م ولاَته‌ سووتماكده‌كه‌ن. له‌ولاشه‌وه‌ ئێرانیش به‌سیاسه‌ته‌ نامرۆڤانه‌ و نادۆستانه‌كانی‌ و به‌نه‌رمی‌ و به‌ ناڕاسته‌وخۆ و به‌هێواشی‌ ژه‌هرخواردمان ده‌كات وچه‌ندین میلیشیای‌ چه‌كداری‌ شیعه‌ی‌ دژی‌ كورد ڕاستكردۆته‌وه‌ و هه‌فته‌ نیه‌ بۆردومانی‌ پایته‌خته‌كه‌مان نه‌كه‌ن و به‌ گرتنه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ ڕوباره‌كان و داخستنی‌ سنوره‌كان و ...هتد دوژمنایه‌تی‌ تا سه‌ر ئێسقانمان ده‌كات.
عێراقی‌ لاواز و بێده‌سه‌لاَتیش ئه‌ویش به‌ ده‌ست له‌ پشتدانی‌ توركیا و ئێران خۆی‌ لێمان گیڤكردۆته‌وه‌ و نایه‌ته‌ ژێر باری‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ داواكاری‌ و مافه‌ ڕه‌وا سیاسی‌ و دارایی‌ و ئه‌منیه‌كانمان و گه‌ره‌كێتی‌ ڕۆژێك زووتر ئه‌م ده‌سه‌لاَت و تاكه‌ هه‌رێمه‌ی‌ ناو عێراقیش نغرۆی‌ زه‌وی‌ ببێت و نه‌مێنێت.
ئه‌مه‌ دۆخ و وێنه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ كه‌ وه‌كو ئه‌و مه‌ڕه‌ بێده‌سه‌لاَت و به‌سته‌زمانه‌م دێته‌ به‌رچاو كه‌ هێواش هێواش له‌ جه‌ژنی‌ قوربان نزیك ده‌بێته‌وه‌ و مه‌رگی‌ خۆی‌ به‌چاوی‌ خۆی‌ ده‌بینێت و له‌ چاوه‌ڕوانیه‌كی‌ كوشنده‌ و مه‌ترسیداردایه‌ و هیچیشی‌ له‌ده‌ست نایه‌ت بۆ خۆڕزگاركردن و كاتێك ده‌زانێت قه‌سابێكی‌ به‌توانا و به‌خۆوه‌ و ده‌ست به‌ كێردێكی‌ تیژی‌ ده‌بانه‌وه‌ و له‌چاوتركاندنێكدا گیانی‌ لێده‌سێنێت و ته‌پڵی‌ سه‌ركه‌وتن لێده‌دات و ئه‌میش بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌چێته‌ ڕیزی‌ نه‌بوانه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌سه‌لاَته‌ سیاسیه‌كه‌ی‌ و سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌كانی‌ گه‌ر وه‌خۆ نه‌كه‌ون و خۆ ڕانه‌پسكێنن و به‌كار و كرده‌وه‌ و گوتاری‌ خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌ و دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ خۆخۆری‌ و دژایه‌تی‌ یه‌كتری‌ ئه‌وا زۆر نیزكه‌ له‌م جه‌ژنی‌ قوربانه‌دا ئه‌م هه‌رێمه‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌ییه‌ و له‌و په‌ڕی‌ توانا و گه‌نجێتیدا بكرێته‌ قۆچی‌ قوربانی‌.چونكه‌ دڵتان خۆش نه‌بێت به‌ هه‌ندێك ده‌عوه‌تنامه‌ و سه‌ردانی‌ ولاَتانی‌ ده‌رودرواسێ و دونیا و ڕاخستنی‌ فه‌رشی‌ سوور بۆتان و هاتنیان بۆ كوردستان چونكه‌ مێژوو ده‌ریخستوه‌ كه‌ ئه‌وان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مری‌ واقیع ده‌كه‌ن و به‌س.جا هه‌ر كه‌سێك بێت به‌لاَم به‌هێزبێت چه‌نده‌ دیكتاتۆر و دڕنده‌ش بێت.
ئه‌وكاتیش په‌شیمانی‌ و به‌سه‌ریه‌كدانوسان دادی‌ هیچ كه‌س نادات و هه‌موان سه‌رشۆڕ و زه‌لیل ده‌كه‌وین له‌به‌ر قاپی‌ دوژمنان و داگیركاراندا  و تاده‌ورانێكی‌ تری‌ مێژوویی‌ و سوڕاندنێكی‌ چه‌رخی‌ فه‌له‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×