مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی بەردەوامدا !

نەوزادی موهەندیس
  2021-05-17     579
هەموو پێشبینی و خوێندنەوە و تێڕوانینەكانی زاناكان بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی و ژیان و گوزەرانی سەر ئەم ئەستێرەیەی كە ناوی ((زەوی))ە و لانكە و جێگەی مانەوە و شارستانیەتی مرۆڤە بۆ ملیۆنان ساڵ، هێواش هێواش و ساڵ بەساڵ و سەدە دوای سەدەئەستێرەی گەش و تەمەنی بەرەو كزبوون و لاوازبوون و كەمبونەوە و لەناوچوون دەچێت ،بەهۆی گەلێك هۆكاری سروشتی و دەستكردی مرۆڤ خۆیەوە لەوانە،كارەساتە سروشتیەكانی وەك: ڕوودانی بومەلەرزە و گڕكانەكان و هەڵچوون و داچونەكانی ئاوی زەریا و دەریاكان و لافاو وگێژەڵوكە و تسونامیە وێرانكارەكان و دیاردەكانی پەنگخواردنەوەی گەرما و بە بیابانبوون و ئەوانەشی كە دەستكردی مرۆڤەكان خۆیانن وەك: بەهۆی چالاكیە پیشەسازی و كشتوكاڵی و ..هتدوە. وەك دەرچوونی بڕی زۆری گازە ژەهراویەكان كە بەپێیتەخمینەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە 7 ملیۆن حاڵەتی مردنی پێشوەختە ڕوودەدەن بەهۆی پیسبوونی هەواوەو كاریگەریە گەورەكانیشی لەسەر بواری تەندروستی تەنها لە ساڵی 2016دا بریتی بوە لە 5.7 تریلیۆن دۆلاری ئەمریكی كە هاوتایە لەگەڵ 4.8 لە كۆی داهاتی نیشتیمانی جیهانی لەو ساڵەدا.زۆر كاریگەری تریشی هەیە لەسەر خاك و كشتوكاڵ و بەروبومە كشتوكاڵیەكان و پیسبوونی ئاو و خاك و...هتد.و نەهێشتن و بڕینەوەی سەوزایی و دارستانەكان و ئاگركەوتنەوەیان تەنها لە نێوان ساڵانی 2000-2012 نزیكەی 2.3 كیلۆمەتری چوارگۆشە لەدارستانەكان لە جیهاندا بڕاونەتەوە و تەنها 6.2 ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانە باراناویەكان ماوەتەوە لەكۆی 16 ملیۆن كیلۆمەتری چوارگۆشە و لە ئێستادا لەهەر خولەكێكدا بەهاوتای ڕووبەری گۆڕەپانێكی تۆپی پێ‌ لە دارستانی ئامازۆن لەناودەچێت و تەنها لەساڵی 2018داڕووبەری 3.6 ملیۆن هێكتار لە دارستانە ڕەسەنەكانی كەمەرەیی گۆی زەوی لەناوبراون كە ئەم نەمان و لەناوبردنی دارستانانە كاریگەری گەورە و خراپی دەبێت لەسەر ڕووتبونەوەی خاك و زۆربوونی ڕێژەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی كوشندە و سەرهەڵدانی دیاردەی بە بیابانبوون و كۆچكردنی مرۆڤەكان و دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرما و كاریگەری خراپی بۆ سەر چینی گازی ئۆزۆن و...هتد. و ڕاوی ئاژەڵەكان و لەناوبردنیان ودروستكردنی پڕۆژە ئاوەدانی و پیشەسازیەكان لە سەر زەویە بەپیتە كشتوكاڵیەكان و لەهەموشیان مەترسیدارتر ململانێ‌ سیاسی و ئابوری و ئەمنیە ناڕەواكان وشەڕ و جەنگە كاولكاریەكان و دیاردەی تیرۆرە كە برسێتی و قاتوقڕی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت كە تەنها لەساڵی 2007دا 923 ملیۆن كەس لەسەر زەوی بەدەست نەبونی و برسێتیەوە ناڵاندویانە و بەدڵنیاییش لە ئێستادا ئەو ڕێژەیە زۆر بەرزبۆتەوە لە ئەنجامی نایەكسانی و نادادگەریلە دابەشكردنی سەروەت و سامانە سروشتیەكان بۆ مرۆڤەكان و چاوچنۆكی دونیای سەرمایەداری و سەرمایەداران و كۆمپانیا ئابوری و بازرگانیەكان و دزین و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی گەلانی هەژار و ...هتد.هەر لەم چوارچێوەیەدا و بەهۆی برسێتیەوە و بەپێی ئامارێك هەر چركەیەك یەك كەس دەمرێت و لە كاتژمێرێكدا 4000 كەس ولە یەك ڕۆژدا100 هەزار كەس ولەساڵێكیشدا 36 ملیۆن كەس دەمرن. زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و كەمی سەرچاوە خۆراكیەكانیش هۆكارێكی ترن و دواهەمینیشیان بڵاوكردنەوەی جۆرەها ڤایروسی كوشندەیە لەناو تەواوی مرۆڤایەتی و سەرتاپای گۆی زەویدا ،كە لەئێستادا و ماوەی یەك ساڵی ڕێكە پەتای كوشندەی كۆڕۆنا و زنجیرە نەناسراوەكانی تری كە سەریانهەڵداوە و بونەتە هۆی مردن و لەناوبردنی زیاد لە 3 ملۆین 390 هەزار و 416كەس و تووشبونی 163 ملیۆن 594 هەزار و302كەسی تر، كە هەموانیان هۆكاری لەناوبردن و پەككەوتن و كوژانەوەی مۆمی تەمەنی مرۆڤایەتی و ئەم گۆی زەویەن.
جا گەر مرۆڤایەتی بۆخۆی بەتەنگ ئایندەی خۆی و شارستانیەتی و ئاوەدانی و ژیان و گوزەرانی خۆیەوە نەبێت و بەدەست و عەقڵ و بیرۆكە شەڕەنگێز و شەیتانیانەكان بكەوێتە وێزەی خۆی بۆ لەناوبردن و نەمانی ژیان و گوزەرانی ئیدی بۆ گلەیی لە سروشت و خواوەند بكەین.
بۆیە بۆ ڕێگەگرتن لەم هەموو دیاردە و كارەساتانە هەق وایە كە سەركردە و وڵاتان و بیرمەند و زاناكان لە پێش هەموانەوە ڕێگەبگرن لەم نەهج و بەرنامە و پلانانەی كە دانراوەو كاریان لەسەردەكرێت بۆ كەمبونەوەی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی لەلایەن وڵاتە پێشكەوتوەكانەوە،چونكە زەرەرمەندی یەكەم و سەرەتا كۆمەڵگا هەژار و دواكەوتووەكان دەبێت چونكە نە ئابوریەكی بەهێزیان هەیە و نە هێندەش هۆكارە تەندروستیە پێشكەوتوەكانیان لەبەردەستدایە بۆ خۆپارێزی و چارەسەركردنەكان،ئەوەتا وڵاتێكی وەكو هندستانی بە ژمارە زۆر و بە داهات كەم و هەژار و تاڕادەیەكیش پێشكەوتوو ڕووبەڕووی مەترسیدارترین پەتاو نەخۆشی نەناسراوی نوێ‌ بۆتەوە و هەرلەوێشەوە بڵاوەی كردۆتە تەواوی جیهانەوە.بەم شێوەیە بێت ساڵ بەساڵ مرۆڤایەتی و گۆی زەوی لە كۆتایی تەمەنی خۆی نزیك دەبێتەوە و هیچ ساڵێك تێپەڕناكات بەبێ‌ بوون و سەرهەڵدانی نەخۆشیەك یان پەتایەك یان جەنگ و كاولكاریەك.كە بەهۆی پێشكەوتن و داهێنانەكانەوە و بەهۆی سیستەمی بەجیهانبونەوە دەتەنێتەوە و هەموان گیرۆدەی دەبن و سنورە دەستكردەكانیش ناتوانێت ڕێگەیان پێبگرێت.
بە هەق مرۆڤایەتی گەر فریای خۆی نەكەوێت ئەوا زۆر نزیكە كە كارەساتی جەرگبڕ و بەسوێیتر یەخەی پێبگرێت و ئەوەی بە ملیۆنان ساڵ لە پێشكەوتن و داهێنانەكان و خۆشگوزەرانی پێكەوەی ناوە بە چەند ساڵێكی كەم لەناوبچن و هەموان ببینە مێژوویەكی ڕەش و ناشیرین و كۆتایی مرۆڤایەتی و ئەم ئەستێرە سەوز و ئاوەدانەی زەوی بە چاوی خۆمان ببینین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×