مه‌له‌فی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌نێوان ڕاده‌ستكردن‌و نه‌كردنی‌ به‌به‌غداد

نەوزادی موهەندیس
  2019-03-26     1315

•ئاشكرایه‌ له‌و كاته‌وه‌ی‌ نه‌وت وه‌كو سامانێكی‌ سروشتی‌ بوه‌ كالاَیه‌كی‌ بازرگانی‌ و جێگه‌ی‌ به‌ خه‌ڵوزی‌ به‌ردین لێژكرد و بوه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ وزه‌ له‌ دونیادا و ئیدی‌ هه‌موو دونیا كه‌وتنه‌ گه‌ڕان و هه‌ڵكه‌ندن و ده‌رهێنانی‌ نه‌وتدا ولێڵی‌ بوون،بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانن ولاَت و كۆمه‌ڵگاكانیان به‌ره‌و پێشبه‌رن و پێشكه‌وتن و داهێنان وه‌ده‌ستبێنن و خۆشگوزه‌رانیش بۆ هاولاَتیانیان دابین بكه‌ن. نه‌وت زیاد له‌ 100 ساڵی‌ ڕێكه‌ بۆته‌ یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ی‌ وزه‌ی‌ بێ‌ ڕكابه‌ر و له‌ ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ بیستیشه‌وه‌ غازی‌ سروشتیش وه‌كو جۆرێكی‌ تری‌ وزه‌ بوه‌ دووه‌م سه‌رچاوه‌ی‌ وزه‌ی‌ به‌نرخ له‌پاڵ نه‌وتی‌ خاودا.

•ئیدی‌ له‌وساته‌ وه‌خته‌ی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ بونه‌ته‌ جێگره‌وه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ جۆره‌كانی‌ وزه‌ی‌ تر له‌ كلاسیك و نوێبوه‌كانیشه‌وه‌ ، پێشبینیش ده‌كرێت بۆ نزیكه‌ی‌ 100 ساڵی‌ ئاینده‌ش هه‌روا بمێننه‌وه‌ ، نه‌وت له‌ ئێستادا له‌لایه‌ك بۆته‌ بزوێنه‌ر و میحوه‌ری‌ هه‌موو پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كان  بۆ هه‌ندێك كۆمه‌ڵگا و بۆته‌ مایه‌ی‌ خۆشبه‌ختی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ بۆیان و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ بۆ هه‌ندێكی‌ تر بۆته‌ مایه‌ی‌ هه‌ژاری‌ و دواكه‌وتن و داگیر و دابه‌شكردن و ماڵوێرانی‌. هه‌ربۆیه‌ نه‌وت وه‌ك چه‌ك وشمشێرێكی‌ دوو ده‌م وایه‌  له‌كاتی‌ ئاشتی‌ و جه‌نگه‌كاندا و گه‌ر به‌ عه‌قڵێكی‌ وورد و به‌ پلان و سیاسه‌تێكی‌ لێزانانه‌وه‌ نه‌توانرا ببرێت به‌ڕێوه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌  شمشێرێكی‌ بڕه‌ر و بكوژ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ و گه‌ریش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵداكرا ئه‌وا ده‌بێته‌ شمشێرێكی‌ بڕه‌ر بۆ دوژمنان و نه‌یاران و مایه‌ی‌ خۆشبه‌ختیش بۆ نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمانه‌كان.

•نه‌وت و مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت له‌ ئێستادا بونه‌ته‌ دوو مه‌سه‌له‌ی‌ زۆر هه‌ستیار و گرنگ كه‌ ته‌نها لێزان و بڕیار به‌ده‌ست و به‌هێزه‌كان ده‌توانن له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان به‌كاریبێنن،نه‌ك ته‌نها ولاَتانی‌ خاوه‌ن نه‌وت كه‌ته‌نها بونه‌ته‌ فرۆشیار و هه‌ڕاجكه‌رێكی‌ نه‌وته‌كه‌یان به‌هه‌رزانترین نرخ و بازاڕێكی‌ به‌رده‌وام بۆساغكردنه‌وه‌ی‌ كالاَ به‌رهه‌مهاتوه‌كانی‌ ولاَتانی‌ زلهێز و پیشه‌سازی‌ و كۆمپانیان زه‌به‌حه‌لاحه‌ نه‌وتیه‌كان.

•گه‌لێك له‌ ولاَتان و سه‌ركرده‌ی‌ به‌هێزی‌ ولاَتانی‌ دونیای‌ سێهه‌م و تازه‌ پێگه‌یشتوو كه‌ به‌ناوی‌ شۆڕش  و خۆماڵیكردنی‌ نه‌وته‌ و سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ ولاَته‌كانیان و بۆئه‌وه‌ی‌ خۆیان بكه‌نه‌ پاڵه‌وانی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتیمانه‌كانیان و دواتریش بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ده‌سه‌لاَتدا بمێننه‌وه‌ و له‌خێروبێری‌ نه‌وتی‌ ولاَته‌كانیان بخۆن و خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان تێر و میله‌ته‌كانیشیان هه‌ژار و دواكه‌وتوو و نه‌خۆش و بێكار بمێننه‌وه‌.هه‌وڵیانده‌دا كه‌ دژی‌ زلهێزه‌كانی‌ دونیا و كۆمپانیا فره‌ ڕه‌گه‌زه‌كان بوه‌ستنه‌وه‌  و نه‌وت وه‌كو چه‌كێك و كارتی‌ فشار به‌ڕوویاندا به‌كاریبێنن ،به‌لاَم تاكو ئێستا هیچ كامیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون،چونكه‌ نه‌وت موڵكی‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌ و گه‌ره‌كه‌ هه‌موان سوودی‌ لێببینن نه‌ك ته‌نها وته‌نها ده‌سته‌ و تاقمێكی‌ مشه‌خۆر و پاوانخوازی‌ ده‌سه‌لاَته‌كان له‌ولاَتانی‌ دونیای‌ سێدا.له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نیه‌تی‌ ئه‌و به‌ناو پاڵه‌وانانه‌ هیچكات ڕاستگۆ نه‌بون له‌گه‌ڵ میله‌ته‌كانیاندا نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زلهێزه‌كان دڵسۆزتربن له‌وان هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌ئاكام نه‌گه‌یشتوون.

•بۆیه‌ له‌ ئێستای‌ كوردستانی‌ باشووریشدا وه‌ك هه‌رێمێك له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ فیدڕاڵیدا،وخاوه‌ن تاڕاده‌یه‌ك بڕه‌ نه‌وت 45 -60ملیار به‌رمیل نه‌وتی‌ یه‌ده‌گ و زیاد له‌ 5 تریلیۆن مه‌ترسێجا غازی‌ سروشتی‌ زۆر و زه‌وه‌ند،گرنگی‌ و كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ وزه‌ی‌ دونیادا و زلهێزه‌كان و كۆمپانیا نه‌وتیه‌ گه‌وره‌كان وه‌ك((ئه‌كسن مۆبیل و شێل و تووتاڵ و BPو گازپرۆم وشیڤرۆن و ڕۆسنه‌فت ودانه‌ غاز و...هتد)) و گه‌لێك كۆمپانیای‌ مامناوه‌ندی‌ و بچوكی‌ تریش له‌هه‌وڵدان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی‌ ئیمتیازاتی‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و له‌ ئێستادا و له‌وكاته‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2002وه‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ بیره‌ نه‌وته‌كانی‌ شیواشۆك له‌كۆیه‌ ده‌رهێنران و فرۆشراش ، ئیدی‌ ده‌ستكرا به‌ واژۆكردنی‌ 42 گرێبه‌ستی‌ نه‌وتی و دابه‌شكردنی‌ هه‌رێم بۆ زیاد له‌ 50 بلۆكی‌ نه‌وتی‌ و زیاد له‌ 40 كۆمپانیای‌ نه‌وتیش له‌ پێشبڕكێدان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی‌ كێڵگه‌ و ئیمتیازاته‌ نه‌وتیه‌كان.

•ئه‌م سیاسه‌تی‌ نه‌وتیه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ئه‌نجومه‌نی‌ بالاَی‌ هه‌رێمی‌ نه‌وت و گازه‌وه‌ پیاده‌ ده‌كرا و به‌ڕێوه‌ده‌برا به‌پێی‌ یاسای‌ نه‌وت و غازی‌ هه‌رێمی‌ ژماری‌ 22 ساڵی‌ 2007 كه‌ به‌نیوه‌ناچڵیش جێبه‌جێده‌كرا !، گه‌لێك كه‌موكوڕی‌ و ته‌نانه‌ت گه‌نده‌ڵی‌ و ناشه‌فافیه‌ت و بێمتمانه‌یی‌ و به‌تالاَنبردنی‌ پێوه‌دیاربوه‌ هه‌ر له‌ پێدانی‌ ئیمتیازاته‌كان و جۆری‌ گرێبه‌سته‌كان((موشاره‌كه‌)) و پێدانی‌ بڕی‌ پشكی‌ كۆمپانیاكان و وه‌رگرتنی‌ قه‌رز و وه‌رگرتنی‌ پاره‌ی‌ پێشینه‌ به‌رامبه‌ر نه‌وت و تاریكاندنی‌ داهات و خه‌رجیه‌كانی‌ نه‌وت و واژۆكردنی‌ گرێبه‌ستی‌ 50 ساڵی‌ و 26 ساڵی‌ و 20ساڵی‌ بۆ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ .هه‌موو ئه‌م كارانه‌ وایانكرد كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ دوای‌ سالاَنی‌ 2011وه‌ بكه‌وێته‌ ژێر باری‌ قه‌رزێكی‌ ده‌ره‌كی‌ و ناوه‌كی‌ زۆره‌وه‌ كه‌ به‌نزیكه‌ی‌ 20ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. دواتریش له‌كاتی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منیه‌كان له‌نێوان به‌غداد و هه‌رێمدا دوای‌ شه‌ڕی‌ داعش و داگیركردنی‌ موصڵ و دابه‌زینی‌ نرخه‌كانی‌ نه‌وت له‌ دونیدا له‌ 115دۆلاره‌وه‌ بۆ 27 دۆلار له‌مانگی‌ 6/2014دا و هاتنی‌ نزیكه‌ی‌ 2 ملیۆن ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌ب بۆ كوردستان و بڕینی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداد و دواتریش سه‌پاندنی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا،هه‌موان ئه‌م هۆكارانه‌ پێكه‌وه‌ بونه‌ هۆكاری‌ سه‌رهه‌ڵدان و به‌رده‌وامبوونی‌ قه‌یرانێكی‌ توندی‌ ئابوری‌ و دارایی‌ كه‌ زیاد له‌ 4 ساڵیان خایاند و لێكه‌وته‌ و زیانه‌كانیشی‌ بۆ ده‌یان ساڵی‌ تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

•هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌ش له‌به‌ر بوونی‌ كێشه‌ و لێكتێنه‌گه‌یشتنی‌ ده‌ستڕۆیشتوانی‌ سیاسه‌ت و ئیداره‌ له‌ هه‌ولێر و به‌غداد بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت و پیاده‌كردنی‌ سیاسه‌تی‌ فرۆشتنی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ نه‌وتی‌ كوردستان بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد، له‌كاتێكدا به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ هه‌میشه‌یی‌ ساڵی‌ 2005 و له‌ ((بابی‌ چوارهه‌م و ماده‌كانی‌  111 و 112 / یه‌كه‌م  و دووه‌م )) دا دانی‌ به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ موڵكی‌ هه‌موو گه‌لانی‌ عێراقه‌ له‌هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكاندا.و دیاریكردوه‌ ده‌بێت ئه‌و سامانه‌ سروشتیه‌ به‌هاوبه‌شی‌ و هاوكاری‌ ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت نه‌ك به‌ته‌نها.زۆر به‌ڕوونیش له‌ بابی‌ چوارهه‌م (( پسپۆڕیه‌كانی‌ ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ ناوه‌ند )) وه‌ له‌ بابی‌ پێنجهه‌یشدا ((ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ هه‌رێمه‌كانی‌)) دیاریكردوه‌.

•بۆیه‌ لێره‌دا پرسیاره‌ گه‌وره‌ و گرنگ و چاره‌نوسسازه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ،ئایا  به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ عێراق مامه‌ڵه‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ هه‌رێمدا وه‌ك هه‌رێمێك له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێرقی‌ فیدڕاڵدا؟ یان وه‌ك هه‌رێمێكی‌ ده‌رچوو له‌ ده‌ستور كه‌ كورد بۆخۆشی‌ ده‌نگی‌ پێداوه‌ و ڕه‌زامه‌ندبوه‌ له‌سه‌ری‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین و هیچ حساب بۆ ناوه‌ند نه‌كه‌ین؟ ئایا ده‌بێت هیچ گفتوگۆو كاری‌ هه‌مئاهه‌نگی‌ و پێكه‌وه‌یی‌ نه‌بێت له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ندا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ وا هه‌ستیار و گرنگدا؟به‌كورتی‌  پرسیاره‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌رێ‌ ده‌توانین نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ هه‌رێم و داهاته‌كانیان ڕاده‌ستی‌ به‌غداد نه‌كه‌ینه‌وه‌ ؟ ئه‌رێ‌ ده‌توانین بێ‌ حسابكردن بۆ ده‌ستور و ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ ناوه‌ند مامه‌ڵه‌ به‌نه‌وتی‌ كوردستانه‌وه‌ بكه‌ین؟ و ده‌یانی‌ پرسی‌ تریش..

•سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین چ عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی‌ دانپیادانراو و فه‌رمی‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و خاوه‌ن مێژوو وسیاده‌ و سه‌روه‌ری‌ به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ هه‌میشه‌یی‌ 2005 هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و ناوچه‌كه‌شدا له‌هه‌موو بواره‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ..هتد.هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ش به‌ده‌وڵه‌تێكی‌ یاسایی‌ ناسراوه‌،كه‌واته‌ هه‌رێمه‌كانیش ده‌بێت و ئه‌ركیانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌ و ده‌ستوره‌ هه‌میشه‌ییه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و ده‌سه‌لاَته‌كانیان پیاده‌ بكه‌ن.به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گه‌ر ده‌وڵه‌تێك یان هه‌رێمێك له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌ستوره‌ ناوخۆییه‌كان ده‌رچوو ناوده‌برێت به‌ ولاَتانی‌ ده‌رچوو له‌ یاسا(( دوله‌ مارقه‌)) كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی‌ سزای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌سه‌ره‌.

هه‌ربۆیه‌ وه‌ك ڕایه‌كی‌ بێلایه‌ن و ده‌ستوری‌ و یاسایی‌ ده‌بێت هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ جێبه‌جێكردنی‌ فصڵ و باب و ماده‌ و بڕگه‌كانی‌ ده‌ستوره‌وه‌،و له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ خۆی‌ ده‌رنه‌چێت،و هه‌ر ئه‌و ده‌ستوره‌ش زامنی‌ مافه‌كانێتی‌ و هیچ ده‌سه‌لاَتدارێكی‌ به‌غدادیش ناتوانێت سه‌رپێچیان لێبكات وه‌ك له‌ 18ساڵی‌ ڕابووردوودا جێبه‌جێیانكردوه‌.هه‌ربۆیه‌ گره‌نتی‌ وه‌رگرتنی‌ به‌شه‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌داهات و بودجه‌ی‌ عێراق و ناردنی‌ بۆ هه‌رێم و پاراستنی‌ ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و سه‌روه‌ری‌ سنوره‌كان و ..هتد.ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌نده‌وه‌،بۆیه‌ له‌لایه‌ك ده‌ستوربۆخۆی‌ گره‌نتیه‌ و له‌لایه‌كیش پابه‌ندبوونی‌ هه‌رێمیش به‌و ده‌ستوره‌ و ده‌سه‌لاَته‌كانیه‌وه‌ كه‌ بۆی‌ دیاریكراوه‌ گره‌نتیه‌.

له‌ 18 ساڵی‌ ڕابووردوودا هیچكات كێشه‌ و ململانێ‌ سیاسی‌ و حیزبیه‌كان نه‌بونه‌ته‌ هۆكاری‌ بڕینی‌ مووچه‌ و بودجه‌ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بۆته‌ هۆكار ته‌نها پابه‌ندنه‌بونی‌ هه‌رێم بوه‌ به‌ده‌ستور و ته‌جاوزكردنی‌ بوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستور و ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ ناوه‌ند،به‌تایبه‌تیش له‌بواری‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتیدا.كه‌ بۆخۆشمان وه‌كو دانیشتوانی‌ هه‌رێم هه‌موو گله‌ییه‌ك و هه‌موو گومان و پرسیاره‌كان به‌ ئاڕاسته‌ی‌ فرۆشتن و خه‌رجی‌ و داهاتی‌ نه‌وت بوه‌ له‌سالاَنی‌ ڕابووردودا و هه‌رئه‌وه‌ش بوه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆخۆی‌ و به‌ناچاری‌ وبه‌مه‌به‌ستی‌ ڕه‌واندنه‌وه‌ی‌ ڕاز وگله‌ییه‌كان كۆمپانیای‌ دیلۆیتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هێنا بۆ ووردبینیكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ فرۆشتن و داهات و خه‌رجیه‌كانی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم.گه‌رچی‌ به‌كه‌موكوڕیش بێت.

هه‌ربۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر به‌جدی‌ و به‌گه‌رمی‌ گفتوگۆی‌ چڕوپڕ بكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ و ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ هه‌رێم و ناوه‌ند،و ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ بنبڕبكات له‌سه‌ر بنیچینه‌ی‌ ده‌ستور بۆئه‌وه‌ی‌ سالاَنه‌ و له‌كاتی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقیدا كێشه‌ی‌ نه‌وت و پشكی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌ ، له‌كاتێكدا هه‌رێم له‌ سالاَنی‌ ڕابووردوودا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌ چ له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ مه‌له‌فی‌ نه‌وت چ  له‌ وه‌ده‌ستهێنانی‌ دروشم و داخوازی‌ و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌توانرا پڕۆسه‌ی‌ ڕیفراندۆم سه‌ركه‌وتوو بكات و ئامانجه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بپێكێت كه‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردی‌ بوو. هه‌ربۆیه‌ چیدی‌ پێویست به‌نه‌ناردن و ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ناكات به‌به‌غداد ،چونكه‌ هیچ ئومێدێكی‌ نزیك نیه‌ بۆ پشتیوانی‌ ناوچه‌یی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان لانی‌ كه‌م بۆ ده‌یه‌ ساڵێكی‌ تر. 

جا بۆئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بن  و هه‌ڵه‌كانی‌ ڕابووردوو دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌ هه‌ق وایه‌ به‌ سنگفراوانی‌ و وه‌ك چاكه‌ و پیاوه‌تیه‌كی‌ هه‌رێمیش بۆ به‌غداد نه‌وت و مه‌له‌فی‌ نه‌وت ڕاده‌ستی‌ به‌غداد بكرێته‌وه‌.هه‌رچه‌نده‌ له‌هه‌رێمدا دوو ڕاو و بۆچونی‌ جیاواز و دوور له‌یه‌كتریش هه‌یه‌  كه‌ زیاتر له‌ ڕوانگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌ نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی‌ دوورمه‌ودای‌ میله‌ته‌كه‌مان،ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كه‌ لایه‌ك ڕای‌ وایه‌ ئه‌و مه‌له‌فه‌ هه‌ستیاره‌ ته‌سلیم به‌به‌غداد نه‌كرێته‌وه‌ و هه‌ رێم هه‌نگاوی‌ گه‌وره‌ی‌ ناوه‌ له‌و بواره‌دا و لایه‌كه‌ی‌ تریش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێی‌ وایه‌ سوود و قازانجی‌ زیاتر له‌وه‌دایه‌ كه‌ مه‌له‌فی‌ نه‌وت ته‌سلیم به‌ به‌غداد بكرێته‌وه‌ و ئه‌وجا هه‌رێم شه‌ڕ له‌سه‌ر به‌شه‌ پشكی‌ خۆی‌ بكات له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراقدا.

•چونكه‌ هیچ نه‌نگیه‌ك له‌و كاره‌دا نیه‌،له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ كه‌ركوكی‌ ساڵی‌ 2016كه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ ڕیفراندۆمه‌ شكستخواردوه‌كه‌ی‌ هه‌رێم بوو،گه‌لێك ده‌سه‌لاَتی‌ ئه‌مری‌ واقعی‌ هه‌رێممان ڕاده‌ستی‌ به‌غداد كردوه‌ به‌ناچاری‌ له‌دوای‌ گه‌مارۆدانی‌ 77ڕۆژ و زیاتریش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی‌ دونیا و ناوچه‌كه‌شه‌وه‌ له‌بواری‌ فڕۆكه‌وانیدا، كه‌ له‌ده‌ستوردا به‌ ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ ناوه‌ند ناسێنرابوون له‌وانه‌:
1.گێڕانه‌وه‌ی‌ 51% خاك و خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ناوه‌ند و له‌باربردنی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور.
2.فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ و خاڵه‌ سنوریه‌كان.
3. گومرك و سیاسه‌تی‌ گومركی‌ و ته‌عریفه‌ی‌ گومركی‌.
4. مه‌سه‌له‌ی‌ كێشان و پێوانه‌.
5. فه‌رمانگه‌كانی‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ و پێناسی‌ باری‌ شارستانی‌ و نشینگه‌ و مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌.
6.ڕێكخستنی‌ سیاسه‌تی‌ فریكوێنسی‌ بلاَوكردنه‌وه‌ و وپه‌یوه‌ندیه‌كان و به‌رید.
7. سیاسه‌تی‌ ئاو و به‌نداوه‌كان.
8. سه‌رژمێری‌ دانیشتوان.
9.پاشماوه‌ مێژووییه‌كان.
10سه‌رچاوه‌كانی‌ كاره‌با و ژینگه‌ وسیاسه‌تی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ گشتی‌ و ..هتد.
11.پۆلیسی‌ دارستان وزۆری‌ تریش.

ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق به‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ داده‌نرێت و پشكی‌ هه‌رێم به‌ به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ دیاریده‌كرێت و قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و به‌شه‌ پشكی‌ داوده‌رمان و پاره‌ی‌ گه‌نمی‌ جووتیاران و به‌شه‌ خۆراكی‌ مانگانه‌ی‌ هه‌رێمیش له‌به‌غداوه‌ دابین ده‌كرێت.

•جا له‌كاتێكدا هه‌رێم ئه‌م هه‌موو ده‌سه‌لاَتانه‌ی‌ ڕاده‌ستی‌ به‌غداد كردبێته‌وه‌،ئیدی‌ چ پێویست ده‌كات كه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت بهێڵێته‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ ده‌ستوریش بۆی‌ نیه‌ ئه‌و كاره‌ بكات.((ئه‌گه‌ر نیه‌تێكی‌ خراپی‌ تیادا نه‌بێت)).

ئاشكراشه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی‌ كه‌ هه‌رێم ده‌یفرۆشێت له‌ ئێستادا ڕۆژانه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 450 هه‌زار به‌رمیل و له‌مانگێكدا ده‌گاته‌ 13500 به‌رمیل كه‌ گه‌ر بخرێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ی‌ مه‌ركه‌زی‌ به‌غداد و له‌ڕێگه‌ی‌ ((كۆمپانیای‌ سۆمۆ)) وه‌ بفرۆشرێت و داهاته‌كه‌شی‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ته‌واوی‌ عێراق ئه‌وا به‌دڵنیای‌ پشكی‌ هه‌رێمیش زیاد ده‌كات،له‌كاتێكدا كه‌ هه‌میشه‌ نرخی‌ فرۆشتنی‌ 1 به‌رمیل نه‌وتی‌ عێراق 8-10 دۆلار زیاتر فرۆشراوه‌ له‌نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا. له‌ ئێستاشدا و به‌غداد له‌هه‌وڵدایه‌ توانای‌ به‌رهه‌م و هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ خۆی‌ به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 3500 هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا، ئه‌وه‌تا له‌ مانگی‌ كانتونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2018دا به‌رزترین ڕێژه‌ی‌ نه‌وتی‌ فرۆشتوه‌ به‌بڕی‌(( 115.517.974 )) به‌رمیل نه‌وت كه‌ داهاته‌كه‌ی‌ بریتیه‌ له‌(( 6.233.592.040.11 ملیار دۆلار))، به‌لاَم له‌به‌رامبه‌ردا توانای‌ هه‌رێم دیاریكراوه‌ و ناتوانێت زیاتر به‌رزیبكاته‌وه‌ به‌ بوونی‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی‌ له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غداد و له‌لایه‌كیش له‌گه‌ڵ كۆمپانیان نه‌وتیه‌كاندا.به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ساڵی‌ 2019 و سالاَنی‌ دواتریش هه‌موو پێبینیه‌كان ڕوو له‌وه‌ن كه‌ نرخه‌كانی‌ نه‌وت له‌ 70-80 دۆلار تێپه‌ڕ ناكه‌ن.

•بۆیه‌ ده‌كرێت حكومه‌تی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كابینه‌ی‌ نۆهه‌مدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی‌ و له‌ پشتیشیه‌وه‌ كاك مه‌سعود بارزانی‌ به‌جدی‌ بیر و پلانی‌ هه‌بێت بۆ مه‌له‌فی‌ نه‌وت و هه‌موو ئه‌گه‌ر و ئاڵنگاریه‌ خراپه‌كانی‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ی‌ نه‌وتی‌ ڕابووردوو له‌به‌رچاوبگرێت و حه‌كیمانه‌ تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌له‌فه‌ هه‌ستیاره‌دا بكات،بۆئه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ هه‌رێم و قه‌واره‌ و هێزی‌ كورد له‌به‌غداد لاوازتر نه‌بێت و ئه‌م هه‌لی‌ 4 ساڵه‌ی‌ بوونی‌ د. عادل عبدالمهدیش وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌ك كه‌سێك و دۆستێكی‌ نزیكی‌ كورد  و بوونی‌ سه‌رۆكێكی‌ كوردی‌ به‌هێزیش  وه‌ك د.به‌رهه‌م احمد صاڵح له‌ به‌غداد بقۆزرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌می‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی‌ پێشووتر چاره‌سه‌ربكرێن له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌له‌كه‌ماندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×