داهاتی‌ نه‌وتی‌ كوردستان مه‌ته‌ڵێكی‌ نه‌زانراو یان...؟

نەوزادی موهەندیس
  2020-09-03     1133
•له‌و كاتانه‌ی‌ كه‌ سیاسه‌تی‌ ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆ كه‌ ته‌نها خۆی‌ له‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ كوردستاندا ده‌بینیه‌وه‌ دوور له‌ سێكته‌ره‌كانی‌ تری‌ گرنگ به‌ها له‌ كشتوكاڵ و پشه‌سازی‌ و گه‌شتوگوزار و سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان و..هتد.ئیدی‌ نه‌ داهاته‌كان دیار و ڕوون و ئاشكراده‌كران و نه‌خه‌رجییه‌كانیش.به‌م شێوه‌یه‌ داهات و خه‌رجی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ ساڵی‌ 2014وه‌ بونه‌ مه‌ته‌ڵێك و كه‌مترین كه‌سه‌كان په‌یان پێبردوه‌ و لایان ڕوون و ئاشكرا بوه‌.كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003شه‌وه‌ كه‌ پشكی‌ 17% له‌ به‌غداده‌وه‌ ده‌هات كه‌ ئاشكرا و شه‌فاف نه‌بووه‌ به‌لاَم لانی‌ كه‌م سالاَنه‌ یاسای‌ بودجه‌ هه‌بوه‌ و داهات و خه‌رجیه‌كان گه‌ر به‌ته‌واوه‌تیش ڕاسته‌قینه‌ نه‌بوایه‌،ده‌كرا بۆ توێژینه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ی‌ كابینه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پشتیان پێببه‌سرایه‌.به‌لاَم له‌دوای‌ ساڵی‌ 2014وه‌ كه‌ به‌غداد پشكی‌ هه‌رێمی‌ بڕیوه‌ و مووچه‌ و بودجه‌ی‌ نه‌ناردوه‌.ئیدی‌ داهات و خه‌رجیش دیارنه‌ماون.
•پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌. ئایه‌ بۆچی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داهات و خه‌رجیه‌كان ده‌كات له‌ نه‌وت و ده‌روازه‌ سنوریه‌كان وه‌كو دوو سه‌رچاوه‌ی‌ گرنگی‌ داهاته‌كان؟بۆ شاردنه‌وه‌ و ئاشكرا نه‌كردنیان؟ بۆ لانی‌ كه‌م به‌بێ‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌ به‌غدادوه‌ سالاَنه‌ له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانه‌وه‌ یاسای‌ بودجه‌ ناخه‌مڵێنرێت و ناكرێته‌ بنه‌ما بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و چاودێری‌ ئیشوكاره‌كانی‌ حكومه‌ت؟ئایا داهاته‌كانی‌ هه‌رێم هێنده‌ كه‌مه‌ كه‌ به‌شی‌ مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ناكات به‌بێ‌ پاشه‌كه‌وت و لێبڕنی‌ نایاسایی‌؟یان ئه‌مه‌ش بۆخۆی‌ مه‌ته‌ڵَێكی‌ تره‌ و كه‌م كه‌س ئاگاداری‌ و زانیاری‌ له‌سه‌ریان هه‌یه‌؟
•له‌دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ و توندبونه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2020 و سه‌رهه‌ڵدانی‌ په‌تای‌ كۆرۆنا و دابه‌زینی‌ نرخه‌كانی‌ نه‌وت و كه‌مبونه‌وه‌ی‌ داهات،حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ له‌ ئێستادا 8 مانگ تێپه‌ڕیوه‌ ته‌نها توانیویه‌تی‌ 1 مووچه‌ی‌ ته‌واو و دوو مووچه‌ به‌لێبڕنی‌ 21% دابه‌ش بكات.دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ عێراق پشكی‌ 453 ملیار دیناره‌كه‌ی‌ نه‌ناردوه‌ و كردویه‌تیه‌ 320 ملیار دینار.حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆی‌ ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ داهاتی‌ مانگێكی‌  بریتیه‌ له‌ :
90 ملیار دینار داهاتی‌ ناوخۆ
21 ملیار دینار ته‌مویلی‌ هاوپه‌یمانان
165 ملیار دینار داهاتی‌ نه‌وت
كۆی‌ گشتی‌ ده‌كاته‌ 276 ملیار دینار.به‌مه‌ش حكومه‌ت ناتوانێت مووچه‌ی‌ ته‌واوی‌ فه‌رمانبه‌ران بدات به‌بێ‌ لێبڕین كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ برتیه‌ له‌ 894 ملیار دینار.
به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و مووچه‌خۆران به‌تایبه‌تی‌ كه‌وتونه‌ته‌ گێژاو و شڵه‌ژانێك و قه‌یرانێكی‌ توندی‌ ئابوری‌ و داراییه‌وه‌ و مه‌ترسی‌ داڕمانی‌ ژێر خانی‌ ئابوری‌ و هه‌ژاری‌ و برسێتی‌ زیاتر ده‌بێت.به‌هۆی‌ بێكاری‌ و وه‌ستانی‌ جوڵه‌ی‌ بازاڕ و بازرگانی‌ و ئابوریه‌وه‌.
•ئه‌م دۆخه‌ چۆن دروستبوو؟ بۆچی‌ گه‌یشت به‌م ئاسته‌؟داهاته‌كان چییان لێدێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌  چ كه‌س و لایه‌ن و كۆمپانیایه‌ك خه‌رج ده‌كرێن؟
ئه‌م دۆخه‌ له‌ئه‌نجامی‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ڵه‌ی‌ ئابوری‌ سه‌ربه‌خۆوه‌ دروست بوو،له‌ئه‌نجامی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت و گرێبه‌ستی‌ 50 ساڵه‌یی‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد و هاوبه‌شیكردنی‌ و ڕاوێژپێكردنی‌، به‌هۆی‌ پێداگیری‌ و ده‌مارگیری‌ و توندڕه‌وی‌ ده‌سه‌لاَتدارانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ كابینه‌كانی‌ پێشووتری‌ حكومه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌غداد و نه‌رمونیانیان له‌گه‌ڵ توركیا و لایه‌نی‌ تر دۆخه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م قۆناغه‌ پڕ مه‌ترسیه‌.ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرایه‌ داهاته‌كان له‌ده‌ستێكی‌ ئه‌میندا نیه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ و ده‌ستپاكانه‌ كۆناكرێنه‌وه‌ و دواتریش به‌ قازانجی‌ مووچه‌خۆران و ئاوه‌دانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان خه‌رج ناكرێنه‌وه‌ و ته‌خشان و په‌خشانی‌ پێوه‌ده‌كرێت به‌ قازانجی‌ حیزب و سه‌ركرده‌ و كۆمپانیا و مافیای‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كیش.بۆڕاستی‌ ئه‌م وتانه‌مان ئه‌وه‌تا:
•حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ دا له‌ 17/8/2020دا ڕوونیكردۆته‌وه‌ كه‌ داهاته‌كانی‌ به‌رده‌ستی‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 3/2020 به‌م شَوه‌یه‌ بوه‌:
•ته‌مویلی‌ به‌غداد  320 ملیار دینار، پێشتر 453 ملیار دینار بوه‌.
•وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان  270 ملیار دینار،پێشتر 354 ملیار دینار بوه‌.
•داهاتی‌ ناوخۆ  120 ملیار دینار
•ته‌مویلی‌ هاوپه‌یمانان  20 ملیار دینار
•كۆی‌ گشتی‌ ده‌كاته‌ 730 ملیار دینار،هه‌ربۆیه‌ ناتوانرێت كه‌ مووچه‌ی‌ ته‌واو دابه‌شبكرێت چونكه‌ پێویستیان به‌ بڕی‌ 894 ملیار دینار ده‌بێت.
•به‌لاَم له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ مانگانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ لای‌ خواره‌وه‌ نه‌وت ده‌فرۆشێت:
•ڕۆژانه‌ بڕی‌ 467000 به‌رمیل،گه‌ر زیاتریش نه‌بێت ،چونكه‌ ئه‌م بواره‌ تاریكێنراوه‌ و هیچ كه‌س به‌ته‌واوه‌تی‌ نازانێت چه‌ند ده‌فرۆشرێت و چه‌ند به‌رهه‌مدێت و چه‌ندیش هه‌نارده‌ ده‌كرێت.چونكه‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان ڕاپۆرتی‌ مانگانه‌ بلاَوناكاته‌وه‌ و ڕاپۆرته‌كانی‌ كۆمپانیایی‌ دیلۆیتیش پچڕ پچڕ و زۆر متمانه‌ پێكراو نین.
•كه‌واته‌ مانگانه‌ 467000*30 ڕۆژ ده‌كاته‌ 14010000 ملیۆن به‌رمل نه‌وت
•گه‌ر 1 به‌رمیل به‌ 30 دۆلاریش بفرۆشرێت كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ زیاتریش بیفرۆشن ئه‌وا ده‌كاته‌ 420300000 ملیۆن دۆلار
•گه‌ر نرخی‌  100 دۆلار به‌ 120000 دینار دابنرێت ئه‌وا بڕی‌ پاره‌ی‌ نه‌وتی‌ مانگانه‌ ده‌كاته‌ 504360000000 ملیار دیناری‌ عێراقی‌.
•له‌گه‌ڵ داهاته‌كانی‌ تردا:
•90 ملیار داهاتی‌ ناوخۆ
•21ملیار ته‌مویلی‌ هاوپه‌یمانان
•320ملیار دیناری‌ عێراق
•كۆی‌ گشتی‌  934360  ملیار دیناری‌ عێراقی‌.
•به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانرێت زۆر به‌ ئاسانی‌ مووچه‌ی‌ ته‌واوی‌ مووچه‌خۆران بدرێت و بڕی‌ 40360 ملیاریش ده‌مێنێته‌وه‌.
•پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی‌ ئه‌م داهاتی‌ نه‌وته‌ چی‌ لێدێت؟
•وه‌ك له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییدا هاتوه‌ له‌ماوه‌ی‌ 2مانگدا ته‌نها 270 ملیار دینار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بۆ مووچه‌، كه‌واته‌ له‌ 1 مانگدا داهاتی‌ نه‌وتی‌ بریتیه‌ له‌ 135 ملیار دینار. كه‌ له‌ كۆی‌ 504 ملیار دیناری‌ مانگانه‌ ته‌نها بریتیه‌ له‌ 7ر3 واته‌ 1/3 داهاتی‌ نه‌وت.ئه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ 2/3 داهاته‌كه‌ی‌ بۆ كوێ‌ و به‌قازانجی‌ كێ‌ خه‌رج ده‌كرَت.كه‌ بریتیه‌ له‌ 369360 ملیار دینار خه‌رج ده‌كرێت بۆ كرێی‌ تێچووی‌ به‌رمیلێك نه‌وت و كرێی‌ گواستنه‌وه‌ و كرێی‌ بۆری‌ نه‌وت وشایسته‌ داراییه‌كانی‌ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و خزمه‌تگوزاریه‌كان و كۆمپانیا ئه‌منیه‌كان و ..هتد.
•به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر له‌ كۆی‌ 14 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی‌ فرۆشراوی‌ مانگانه‌ ته‌نها بڕی‌  4583333به‌رمیل نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داهاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
•ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تی‌ داهات و خه‌رجیه‌كانی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمه‌كه‌ بۆته‌ مه‌ته‌ڵێكی‌ هه‌ڵنه‌هێنراو و تاكو ئێستاش نه‌وت و داهاته‌ دیارنه‌بوه‌كه‌ی‌ بونه‌ته‌ ته‌وقێكی‌ نه‌فره‌تی‌ وچوونه‌ته‌ گه‌ردنی‌ تاك به‌تاكی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ و له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موان خۆشگوزه‌ران بكات هه‌مووانی‌ خستۆته‌ ژێر باری‌ قه‌رزێكی‌ 27 ملیار دۆلارییه‌وه‌ وه‌كو به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ڕایگه‌یاند.كه‌ به‌نزیكه‌یی‌ هه‌ر تاكێكی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بڕی‌ 5400 دۆلار قه‌رزاره‌.
•جا چاره‌سه‌ر بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌زووترین كات حكومه‌تی‌ هه‌رێم مه‌له‌فی‌ نه‌وت ڕاده‌ستی‌ به‌غداد بكاته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ردا داوای‌ پشك و شایسته‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم بكات وه‌كو سالاَنی‌ پێش 2014 و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی‌ خه‌مخۆرانه‌ و بوێرانه‌ی‌ گه‌ره‌كه‌ و نه‌رمی‌ و دیپلۆماسیه‌تێكی‌ بالاَی‌ پێویسته‌ نه‌ك ته‌عه‌نوتی‌ سیاسی‌ و ده‌مارگیری‌ و توندڕه‌وی‌ و پێداگری‌ و چه‌قبه‌ستوویی‌ له‌ خاڵێكدا.و نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێكه‌وتنیش هێنده‌ی‌ تر قه‌یرانه‌كه‌ توندترده‌بێت و هه‌رێم و قه‌واره‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منیه‌كه‌شی‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی‌ لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×