سه‌رمایه‌ی‌ نیشتیمانی‌‌و سه‌رمایداری‌ نیشتیمانی‌

نەوزادی موهەندیس
  2020-08-28     1054
كێن‌و بۆچی‌ گرنگن؟
• ئاشكرایه‌ هیچ ولاَت و كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌بێ‌ بوونی‌ ئامار و سه‌رژمێریه‌كی‌ وورد و زانستی‌ بۆ سه‌روه‌ت و سامانی‌ سروشتی‌ و نیشتیمانی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ ناتوانێت نه‌ پلانی‌ زانستی‌ دابڕێژێت و نه‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگا پێشبینی‌ بكات و كاری‌ بۆبكات و بیشیگه‌یه‌نێته‌ دوا مه‌نزڵ و مه‌به‌ست.بۆیه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و ولاَت و كۆمه‌ڵگایانه‌ی‌ كه‌ خاك و ئاو و سامانی‌ سروشتی‌ زۆر و زه‌وه‌ند و توانای‌ مرۆیی‌ زیره‌ك و ده‌سه‌لاَت و سه‌ركرده‌ی‌ حه‌كیمیان هه‌یه‌ هه‌میشه‌ ده‌كه‌ونه‌ ڕیزی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگا و ولاَتانه‌وه‌ كه‌ گه‌شه‌ و پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانی‌ ڕوویان تێده‌كات و ده‌چنه‌ ڕیزی‌ ولاَته‌ پێشكه‌وتوو و كۆمه‌ڵگا خۆشگوزه‌رانه‌كانه‌وه‌ و دوورده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ژاری‌ و دواكه‌وتوویی‌ و نه‌خۆشی‌ و بێكاری‌ و هه‌موو دیارده‌ نه‌گبه‌تیه‌كانی‌ تر كه‌ ده‌بنه‌ هۆی‌ دواكه‌وتن و هه‌ژاری‌ تاك و كۆمه‌ڵگا.

• هه‌ربۆیه‌ كۆڵه‌كه‌ گرنگه‌كانی‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگاكان بریتین له‌ بوونی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ سروشتی‌ و توانای‌ مرۆیی‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ بوونی‌ خاوه‌ن ئه‌قڵ و پلانی‌ زانستی‌ و كه‌سانی‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌ و له‌ پێش هه‌موانیشه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ بوونی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ری‌ و حكومه‌تێكی‌ خه‌مخۆر و نیشتیمانی‌. چونكه‌ به‌بێ‌ بوونی‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌لاَتێكی‌ ڕه‌شید و حه‌كیم و خه‌مخۆر ناتوانرێت هیچ هه‌نگاوێكی‌ نیشتیمانیانه‌ هه‌ڵبنرێت،چونكه‌ ناتوانرێت ده‌سكه‌وت و گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنه‌كان بپارێزرێن و ڕێگه‌ بگرێت له‌ له‌ ناوچوونیان و به‌هه‌ده‌ردانیان . حكومه‌تێك كه‌ ڕێگه‌نه‌دات كه‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ولاَت بكه‌وێته‌ ده‌ست كه‌سانی‌ گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆر و داگیركاران و كۆمپانیا بیانیه‌ خوێنمژه‌كان كه‌ هه‌موو خه‌میان به‌تالاَنبردنی‌ سه‌روه‌ت وسامانی‌ ولاَتان و وه‌ده‌ستخستنی‌ قازانجی‌ زۆر و زه‌وه‌ندوله‌بن نه‌هاتووی‌ گه‌لانی‌ دواكه‌وتوو و هه‌ژار و داگیراكراوانه‌.

• بۆیه‌ له‌م قۆناغی‌ ڕزگاری‌ نیشتیمانی‌ و دامه‌زراندنی‌ ده‌سه‌لاَت و حكومه‌ته‌ نیشتیمانیه‌ی‌ كوردستاندا له‌م به‌شه‌ی‌ باشووردا كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ته‌مه‌نی‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 30 ساڵ،گرنگه‌ كه‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌لاَت گرنگی‌ بده‌نه‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌ و هه‌وڵی‌ جێگیری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ بده‌ن و هه‌موو خه‌میان بریتی‌ بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و كه‌ناری‌ ئارامی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ و به‌رن و دووری‌ بخه‌نه‌وه‌ له‌ دواكه‌وتویی‌ و هه‌ژاری‌ و نه‌خۆشی‌ و ناخۆشی‌ و  به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كه‌ی‌,هه‌موو ئه‌م كارانه‌ش به‌ دانانی‌ پلانی‌ زانستی‌ پێشوه‌خته‌ و به‌ده‌سه‌لاَتێكی‌ ته‌واو نیشتیمانی‌ و خه‌مخۆر ده‌كرێت كه‌ هانی‌ ئۆرگانه‌كانی‌ حكومه‌ت بدات دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی‌ و مشه‌خۆری‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ولاَت و له‌ولاشه‌وه‌ گرنگی‌ زۆر بداته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و كۆمپانیا و وه‌به‌رهێن و خاوه‌ن سه‌رمایه‌ و سه‌رمایه‌داره‌كان كه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان بخه‌نه‌ خزمه‌ت پڕۆسه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنی‌ ولاَته‌وه‌ و هه‌موان له‌خه‌می‌ خزمه‌تكردن و خۆشگوزه‌رانی‌ هاولاَتیان و كۆمه‌ڵگادا بن  و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ مشه‌خۆری‌ و  خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ ناڕه‌وا و ده‌ستبردن بۆ قوتی‌ جه‌ماوه‌ر و هه‌ژاران و كاربكه‌ن بۆ وه‌به‌رهێنانی‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی‌ خزمه‌تكردنی‌ نیشتیمان و كۆمه‌ڵگاوه‌.

• به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانرێت نیشتیمانێكی‌ ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پێشكه‌وتوو و خۆشگوزه‌ران بنیات بنێین و خه‌ون و ئاواتی‌ له‌ مێژینه‌مان وه‌دیبهێنین.هه‌ربه‌م شێوه‌یه‌ش ده‌توانین سوود و كه‌ڵكی‌ زۆر له‌ سه‌رمایه‌ی‌ نیشتیمانه‌كه‌مان له‌ ئاو و خاك و توانا مرۆییه‌كان وه‌ربگرین و سه‌رمایه‌دارانیشمان ببنه‌ سه‌رمایه‌دارێكی‌ نیشتیمانی‌ و خه‌مخۆر بۆ ئاینده‌.چونكه‌ هه‌موو سه‌رمایه‌یه‌ك نیشتیمانی‌ نیه‌ و هه‌موو سه‌رمایه‌دارێكیش نیشتیمانی‌ نابێت ,گه‌ر ته‌نها هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ قازانج و سوودی‌ تاكه‌ كه‌سی‌ بێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ و كه‌ڵه‌كه‌كردنی‌ زیاتری‌ سه‌رمایه‌كه‌ی‌ بێت دوور له‌ خه‌می‌ نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگاكه‌مان.بۆیه‌ سه‌رمایه‌ی‌ نیشتیمانی‌ بریتیه‌ له‌و سه‌رمایه‌یه‌ی‌ كه‌ ده‌خرێته‌ خزمه‌تی‌ پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانی‌ نیشتیمانه‌وه‌ و سه‌رمایه‌داری‌ نیشتیمانیش به‌هه‌مان شێوه‌ بریتیه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ پێناو وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانی‌ و خزمه‌تی‌ كۆمه‌ڵگا و نیشتیمانه‌كانیانه‌وه‌.

• خۆشبه‌ختانه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی‌ خۆشماندا گه‌لێك سه‌رمایه‌داری‌ نیشتیمانی‌ هه‌بوون و له‌ئێستاشدا هه‌ن  و توانیویانه‌ ده‌یان پڕۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ و گرنگ بنیات بنێن و جێگه‌ ده‌ستیان دیار بێت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ولاَت و ده‌ستگیرۆیی‌ هاولاَتیانی‌ هه‌ژار و نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بێكاری‌ و هه‌لاَوسان ،سه‌ره‌ڕای‌ هه‌بوونی‌ ڕێگر و نمونه‌ی‌ ناشیرینی‌ مشه‌خۆری‌ و گه‌نده‌ڵیش له‌هه‌رێمه‌كه‌ماندا،بۆیه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌خه‌می‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا بن چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهات و سه‌رمایه‌كانیان هه‌ر ئه‌م نیشتیمان و كۆمه‌ڵگایه‌ی‌ خۆیانه‌ و چه‌قی‌ ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانیان هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ و سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌. له‌هه‌موو دونیاشدا كۆمپانیا گه‌وره‌ ئابوریه‌كان هه‌میشه‌ پابه‌ندی‌ یاسایی‌ و داراییه‌كان و باج و خه‌راجه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگاكانیان ده‌كه‌ن و دواتر له‌ خه‌می‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانی‌ خۆیانن ،هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وان له‌ پێشكه‌وتنی‌ به‌رده‌وام و ئاوه‌دانی‌ زیاتری‌ ولاَت و كۆمه‌ڵگاكانیاندان،نمونه‌ی‌ جوانی‌ سه‌رمایه‌دارانی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان زۆرن و له‌ سلێمانیشدا گه‌لێك پڕۆژه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ و كۆمه‌ڵگا نیشته‌جێبونه‌كان و كارگه‌ به‌رهه‌مێنه‌كان و ...هتد.یان بنیات ناوه‌ . به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موان نیشتیمان و كۆمه‌ڵگای‌ كورده‌واری‌ خۆمان خۆشبوێت و سه‌رمایه‌ و تواناكانمان بخه‌ینه‌ خزمه‌ت ولاَت و نیشتیمانه‌كه‌مانه‌وه‌ وهه‌موان ولاَت و نیشتیمان بكه‌ینه‌ موڵكی‌ خۆمان نه‌ك ته‌نها بۆ دادۆشینی‌ سه‌روه‌ ت و سامانه‌كه‌ی‌ خۆشمان بوێت و گرنگه‌ ئینتیمای‌ نیشتیمانی‌ لای‌ تاك و كۆمه‌ڵگا به‌ هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ زیندوو بكه‌ینه‌وه‌ و له‌ دڵ و ده‌روون و هه‌ست و نه‌ستی‌ هه‌مواندا بیچه‌سپێنین،هه‌ربه‌مه‌ش ده‌بینه‌ تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ نیشتیمانی‌ و دوورده‌كه‌وینه‌وه‌ له‌ خیانه‌ت و ولاَتفرۆشی‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كانی‌ ولاَت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×