تاكه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌مان له‌قه‌یراندا ده‌مێنێته‌وه‌؟

نەوزادی موهەندیس
  2020-08-18     842
•ئاشكرایه‌ هه‌ر كار یان كاره‌سات و قه‌یران جا سروشتی‌ بن یان مرۆڤكرد ،جه‌نگه‌كان و ئاشتیه‌كان،هه‌موانیان خاڵی‌ ده‌ستپێك و كۆتاییان هه‌یه‌  گه‌رچی‌ درێژه‌ش بكێشن،چونكه‌ له‌ئه‌نجامی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ گۆڕانكاری‌ و پێشهاته‌كان و به‌ په‌ندوه‌رگرتن له‌ ڕووداوه‌كان و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانیان،لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار و ده‌ستڕۆیشتوو و بڕیار به‌ده‌سته‌كان له‌ حكومه‌تدا بێت یان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تدا،له‌هه‌وڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگا چاره‌ی‌ گونجاودان بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یران و ئاریشه‌یه‌یی‌ كه‌ تێیكه‌وتوون،جا قه‌یرانه‌كان سیاسی‌ بن یان ئابوری‌ و بازرگانی‌ بن یانیش ئه‌منی‌ و جه‌نگ و یاخود ته‌ندروستی‌ و بلاَوبونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ بن یان هه‌لاَوسان و دارایی‌ و كورتهێنان و بێكاری‌ و هه‌ژاری‌ و برسێتی‌ و ..هتدبن.بۆیه‌ ناكرێت و كارێكی‌ لۆجیكیش نیه‌ كه‌ تاسه‌ر بۆ مه‌ودای‌ دوورودرێژ هیچ قه‌یرانێك به‌رده‌وام بێت،چونكه‌ له‌لایه‌ك سروشتی‌ گۆڕانكاریه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ر و جیهان به‌تایبه‌تی‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا هێنده‌ خێرا و كتوپڕن و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ سروشتی‌ مرۆڤه‌كانیش  هیچ كات قایل نابن  به‌ ده‌سته‌وستانی‌ و لاوازی‌ و نه‌بونی‌ په‌رچه‌كردارێك بۆ خۆ ده‌ربازكردن و ڕزگاركردن له‌و دۆخه‌ خراپه‌ی‌ كه‌ تیایدان. هه‌ربۆیه‌  هه‌موو قه‌یرانه‌كان سه‌ره‌تاو كۆتاییان هه‌یه‌ چه‌نده‌ كاریگه‌ر و كه‌مه‌رشكێنیش بن.

•به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ له‌م هه‌رێمی‌ كوردستانه‌دا ده‌بینرێت،بریتیه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌ك قه‌یرانێك به‌ڵكو ده‌یان قه‌یران به‌رۆكی‌ گرتوه‌ و كه‌چی‌ ده‌سه‌لاَتدارانیش بێخه‌م و بێده‌نگ و چه‌قبه‌ستوو له‌ جێگه‌ی‌ خۆیاندا پڕكێشی‌ ناكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان،ئه‌وه‌تا قه‌یرانی‌ دارایی‌ له‌ساڵی‌ 2014وه‌ به‌رۆكی‌ به‌م هه‌رێمه‌ی‌ گرتوه‌ كه‌ توندترین بوه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت دونیاش،زۆرێك له‌ولاَتان قه‌یرانه‌كه‌یان تێپه‌ڕكردوه‌ و له‌ ئێستادا كه‌وتونه‌ته‌ خۆ بۆ پلان دانان بۆ هه‌ستانه‌وه‌ و گه‌شه‌دان و ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت بۆ سڕینه‌وه‌ی‌ ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی‌ قه‌یرانه‌كه‌.به‌لاَم له‌م هه‌رێمه‌دا نه‌حكومه‌ت ونه‌ده‌سه‌لاَت نه‌ ئۆپۆزسیۆن و نه‌ جه‌ماوه‌ر و نه‌ ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نی‌ و دیموكراسیه‌كان كۆده‌نگیه‌كی‌ نیشتیمانیان و سازانێكی‌ خه‌مخۆرانه‌یان لێوه‌ به‌دیناكرێت بۆ هه‌وڵدان بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ و هه‌موان دوورله‌یه‌كتر و ته‌نانه‌ت دڕدۆنگیش و نه‌یار به‌یه‌كتر و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ دۆڵێكدا دۆشداماوه‌ و نه‌ توانای‌ بزاوتی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ نه‌توانای‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی‌ ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانیشیان هه‌یه‌،هه‌ربۆیه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ی‌ له‌م هه‌رێمه‌دایه‌ بێوێنه‌یه‌ و به‌ خراپترین شێوه‌ كاریگه‌ری‌ خستۆته‌ سه‌ر ته‌واوی‌ تاك و كۆمه‌ڵگاكه‌مان و برسێتی‌ و هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری‌ و سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مانه‌ش په‌تای‌ كۆرۆناشی‌ هاتۆته‌ سه‌ر،بۆیه‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ و بێباكی‌ یان بێده‌سه‌لاَتی‌ و نه‌توانین له‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگا چاره‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَتدارانه‌وه‌ هێنده‌ی‌ تر قه‌یرانه‌كانی‌ قوڵ و كاریگه‌ر تر كردوه‌.و تائێستاش ئاسۆیه‌كی‌ ڕوونیش بونی‌ نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئومێدێك گه‌ر بچوكیش بێت به‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیك.

•ئاشكرایه‌ له‌ جیهانی‌ ئێستادا زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگا و ولاَتان به‌ زلهێز و پێشكه‌وتوه‌كانیشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست ده‌یان قه‌یرانی‌ سروشتی‌ دروستكراوه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ململانێ‌ ناڕه‌واكانیان له‌سه‌ر هه‌ژمون و به‌رژه‌وه‌ندی‌ و نفوز و هێزه‌كانیان له‌ دونیادا،به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا چونكه‌ خاوه‌نی‌ حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ی‌ زانستی‌ و ته‌كنه‌لۆجیا و بیركردنه‌وه‌ و پلانن بۆئه‌وه‌ی‌ تابتوانن هه‌وڵی‌ سووكركردنی‌ ئاسه‌واره‌كانی‌ قه‌یرانه‌كان ده‌ده‌ن.

•هه‌ربۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش و له‌گه‌ڵیشدا سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌كانیش هه‌موان پێكه‌وه‌ ده‌ستبده‌نه‌ ده‌ستی‌ یه‌كتری‌ بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌م قه‌یران و كێشه‌ و ئاریشانه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ بڕستی‌ ژیان له‌ تاك و كۆمه‌ڵگاكه‌مان ده‌سێنێت،و ناكرێت میله‌ته‌كه‌مان بۆ قه‌ده‌ری‌ نادیاری‌ خۆی‌ به‌جێبهێڵدرێت،ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ گشتگیر و به‌رده‌وامی‌ چاكسازی‌ ده‌بێت له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ حوكمڕانیدا هه‌ر له‌ یاسادانان و دادوه‌ری‌ و جێبه‌جێكردندا،ئه‌مه‌ش به‌ به‌سه‌رداچوونه‌وه‌ و نه‌هێشتنی‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕیه‌كان و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامان و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كه‌ بۆته‌ مخۆركه‌ی‌ هه‌یكه‌لی‌ ڕێكخستنی‌ ئه‌م ده‌سه‌لاَته‌ و دواتریش دابینكردنی‌ یه‌كسانی‌ و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تۆخكردنه‌وه‌ی‌ حیزبایه‌تی‌ و هاندانی‌ هه‌موان به‌ تاك و كۆمه‌ڵگاو گروپه‌كانه‌وه‌ بۆ به‌خۆخاوه‌ن زانینی‌ ئه‌م ولاَته‌ نه‌ك وه‌ك بێگانه‌یه‌ك له‌دووره‌وه‌ سه‌یر بكه‌ن و ته‌نها بۆ حكومتی‌ به‌جێبهێڵن.

جا پڕۆسه‌ی‌ چاكسازیش وه‌ك ده‌ڵێن پیاوی‌ به‌هێز و كارامه‌ و بێباكی‌ ده‌وێت كه‌ خۆی‌ به‌شدار نه‌بێت له‌ گه‌نده‌ڵی‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ ولاَتدا،چونكه‌ چاكسازی‌ به‌ كه‌سانی‌ گه‌نده‌ڵكار و بێمتمانه‌ به‌خۆ ناكرێت و سه‌رناگرێت. چونكه‌ پڕۆسه‌كه‌  گرنگ و كاریگه‌ره‌ و دوو ده‌می‌ تیژی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی‌ سه‌رنه‌وكه‌وتنیدا به‌ دژ و به‌زیانی‌ گه‌وره‌تر ده‌شكێته‌وه‌،جا هیچ ولاَت و كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتێكی‌ گه‌نده‌ڵه‌وه‌ نه‌ پێشده‌كه‌وێت و نه‌خۆشگوزه‌ران ده‌بێت. بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رچی‌ زووه‌ حكومه‌ت هه‌وڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگا چاره‌ی‌ عه‌قلاَنی‌ بدات و كۆتایی‌ به‌م هه‌موو قه‌یرانانه‌ بێنێت و له‌ پێش هه‌موانیشه‌وه‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ و بودجه‌ و مووچه‌ی‌ مووچه‌خۆران و دانانی‌ به‌رنامه‌ و پلان دابڕێژێت بۆ چاكسازی‌ له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كانی‌ نه‌وت و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی‌ و ته‌ندروستی‌ و ئه‌منی‌ و په‌روه‌رده‌ و خوێندنی‌ بالاَو ئه‌وانی‌ تریش. چونكه‌ زیاتر درێژه‌كێشانی‌ ئه‌م قه‌یرانانه‌ بوون و به‌رده‌وامی‌ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌خاته‌ به‌ر مه‌ترسی‌ له‌ناوچوون و بچوكبونه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خه‌ونی‌ دوژمنان و شه‌رمه‌زاری‌ تاكبه‌تاك كۆمه‌ڵگاكه‌شمانه‌ له‌به‌رده‌م خودا و خه‌ڵك و مێژووشدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×