پێش هات‌و گۆڕانكارییه‌كانی‌ جیهان دڵخۆشكه‌رن یان تۆقێنه‌رن؟

نەوزادی موهەندیس
  2020-08-04     1197
• جیهان له‌هیچ كات و سه‌رده‌مێكدا وه‌كو ئێستا نه‌كه‌وتۆته‌ به‌ر مه‌ترسی‌ له‌ناوچوون و كاره‌سات  و هیچ كاتیش هێنده‌ی‌ ئێستا بێده‌سه‌لاَت ده‌رنه‌كه‌وتوه‌ و كه‌م كاتیش به‌ هێنده‌ی‌ ئێستا لێكترازاو نه‌بوه‌.بۆیه‌ جیهانی‌ ئه‌مرۆِمان جیهانێكه‌ بێ‌ ڕابه‌رێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ و به‌هێزه‌ و جه‌نگ و ململانێكانیش له‌وپه‌ڕی‌ گه‌رمه‌یاندان و سه‌ره‌تایان هه‌یه‌ و كۆتاییان دیار نیه‌،له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان جیهان بۆته‌ كوره‌یه‌كی‌ پڕ ژیله‌مۆی‌ گڕگرتوو كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ هه‌ر ئان و ساتێكدا گڕبگرێت و بته‌قێته‌وه‌.به‌شێوه‌یه‌ك ململانێ‌ ناڕه‌واكانی‌ سه‌ركرده‌ و ولاَته‌كان په‌ره‌ی‌ سه‌ندوه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زیاترین ده‌سكه‌وتی‌ مادیه‌ بۆ خۆی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ فراوانخوازی‌ و سه‌پاندنی‌ هه‌ژموون و خۆتێهه‌ڵقورتاندنی‌ گه‌وره‌ و بچوكی‌ بابه‌ت و كێشه‌ و ئاریشه‌كانه‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری‌ هه‌بێت له‌سه‌ریان یان سنوریان به‌ سنوریانه‌وه‌ بێت ،به‌تایبه‌تی‌ ولاَته‌ زلهێزه‌كانی‌ جیهان و ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ خۆیان به‌زلهێزی‌ ناوچه‌یی‌ ناوده‌به‌ن یان حه‌ز ده‌كه‌ن  ببنه‌ گه‌وره‌ و ده‌مڕاستی‌ ناوچه‌كانیان.به‌شێوه‌یه‌ك به‌م كار و كرده‌وه‌یه‌یان جیهانیان كردۆته‌ جیهانێكی‌ بێسه‌روبه‌ری‌ پڕ فه‌وزا و بێخاوه‌ن و بێ‌ بڕیارده‌رێكی‌ ڕاستگۆ و ڕاسته‌قینه‌ی‌ به‌توانا. 

ئه‌وه‌تا له‌ ناو ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كاندا له‌سه‌ر بچوكترین بابه‌ت كه‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌یه‌كی‌ مرۆڤانه‌یه‌ بۆ هاوكاریكردنی‌ لێقه‌ومانی‌ سوریا ڕێك ناكه‌ون .یان له‌سه‌ر سزادان و لێپچینه‌وه‌ی‌ داگیركاری‌ و ده‌ستدرێژی‌ و جینۆسایدكردنی‌ كوردان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ نه‌كۆده‌بنه‌وه‌ نه‌ باسیشی‌ ده‌كه‌ن.له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ مرۆڤایتیه‌كان و ئاشتی‌ جیهان و ڕاوه‌ستاندنی‌ جه‌نگه‌كان و كۆتایی‌ هێنان و خاوكردنه‌وه‌ی‌ ململانێ‌ سیاسیه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لێكتێگه‌یشتنیان نیه‌،به‌لاَم بۆ ده‌سكه‌وتنی‌ مادی‌ خۆیان و بۆ مانه‌وه‌ی‌ هێز و توانا سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منیه‌كانیان له‌و په‌ڕی‌ ڕۆژهه‌لاَته‌وه‌ پشتیوانی‌ له‌ هێز و ده‌سه‌لاَتێكی‌ تاكڕه‌و و خۆسه‌پێنی‌ نامرۆڤانه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یپارێزن،یان له‌ ئه‌روپا و ئه‌مریكای‌ به‌ناو لانكه‌ی‌ دیموكراسیه‌ته‌وه‌ هه‌وڵی‌ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامی‌ هێز و لایه‌نی‌ دواكه‌وتوو كۆنه‌ پارێزی‌ واده‌ده‌ن كه‌ بونه‌ته‌ به‌لاَو په‌ڵه‌یه‌كی‌ ڕه‌ش به‌ ته‌وێڵی‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌  و جگه‌ له‌ سوودگه‌یاندنیان بۆ زلهێزه‌كان به‌رهه‌مێكی‌ ئه‌وتۆیان پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگاكانیان و مرۆڤایه‌تیش نه‌كردوه‌. 

• ئاخر جیهانێك پڕاوپڕبێت له‌ ناكۆكی‌ و ململانێی‌ ناڕه‌وا وناعه‌داله‌تی‌ چ ئومێدك به‌ ئاینده‌كه‌ی‌ ده‌مێنێت،جیهانێك كه‌ ته‌نها مرۆڤ تیایدا نائارامه‌ و ناخۆشگوزه‌رانه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئاژه‌ڵ وڕوه‌كه‌كانه‌وه‌ گه‌رچی‌ ئه‌وانیش كه‌میان پێنه‌كراوه‌.ئیدی‌ ده‌بێت چ دڵخۆشیه‌ك هه‌بێت به‌و جیهانه‌. جیهامێك پڕ بێت له‌ دووڕووی‌ و بێویژدانی‌ وكاره‌سات  و جه‌نگ و كوشتن و بڕین ئیدی‌ چۆن جێگه‌ی‌ ئۆقره‌یی‌ و مرۆڤدۆستی‌ و پێشكه‌وتن و ئارامی‌ تیادا ده‌مێنێته‌وه‌.جیهانێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بێخاوه‌ن و وه‌ك جه‌نگه‌ڵستان بێته‌ به‌رچاو ئیدی‌ بۆ ئومیدی‌ درێژه‌دانی‌ ژیانی‌ بۆ بخوازرێت.جیهانێك پڕ په‌تا و نه‌خۆشی‌ و برسێتی‌ و بێكاری‌ و زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ی‌ مرۆڤ بۆ مرۆڤ ،ده‌بێت چ خێرێكی‌ تادا مابێت بۆ گوزه‌ران.

هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕاستی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گرن و له‌ ڕه‌شبینیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتوه‌،به‌ڵكو تادێت و بۆ ئاینده‌ش ئاڕاسته‌ی‌ ڕووداو وپێشهاته‌كان دڵخۆشكه‌ر نین به‌ڵكو ته‌واو تۆقێنه‌ر و ترسێنه‌رن بۆسه‌ر ئاینده‌ی‌ ته‌واوی‌ مرۆڤایه‌تی‌.هه‌ربۆیه‌ نابێت و كارێكی‌ لۆژیكیش نیه‌ كه‌ ژیان و گوزه‌ران له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ به‌م ئاڕاسته‌ توندوتیژی‌ و نامرۆڤانه‌یه‌ تا سه‌ر به‌رده‌وام بێت. به‌ڵكو گه‌ره‌كه‌ مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگاكان و ده‌سه‌لاَتداران له‌ بیر و پلانی‌ نوێدا بن بۆ ڕزگاركردنی‌ ته‌واوی‌ مرۆڤایه‌تی‌ له‌ كه‌وتن و داڕمان و ڕۆچوونیان به‌ناو كێشه‌ و گرفته‌ له‌ بن نه‌هاتوه‌كان.گه‌ره‌كه‌ ده‌سه‌لاَتێكی‌ به‌هێزی‌ یه‌ك جه‌مسه‌ری‌ یان دوو جه‌مسه‌ری‌ به‌هێز بێته‌ كایه‌وه‌ كه‌ توانای‌ بڕیاردانی‌ كۆتاییان هه‌بێت له‌ته‌واوی‌ مه‌سه‌له‌ مرۆڤایه‌تیه‌كاندا،نابێت و كارێكی‌ عاقلاَنه‌ش نیه‌ كه‌ جیهان ببێته‌ جیهانێكی‌ فره‌جه‌مسه‌ر ،چونكه‌ هیچ كات ناتوانرێت هاوسه‌نگی‌ هێز و نفوزه‌كانیان ڕابگرن هه‌ربۆیه‌ جیهان ده‌كه‌وێته‌ وێسگه‌یه‌كی‌ پڕ مه‌ترسی‌ له‌ جه‌نگ و ململانێكانه‌وه‌ كه‌ زۆر دژواتر ده‌بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌.

جیهانی‌ فره‌ جه‌مسه‌ر واته‌ جیهانی‌ پڕ كێشه‌ و گرفتی‌ زیاتر.جیهانی‌ نائومێدی‌ و دابه‌شبوو به‌سه‌ر هێز و جه‌مسه‌ری‌ جیاوازدا، جیهانێك دوور له‌یه‌كتر و نه‌یار به‌یه‌كتر و ناحه‌ز له‌گه‌ڵ یه‌كدا، جا جیهانێك به‌م شێوه‌یه‌ و به‌و ئاڕاسته‌یه‌ش هه‌نگاو بنێت ئه‌وا ئاینده‌یه‌كی‌ ڕۆشن پێشوازی‌ لێناكات.ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا چیدی‌ ناتوانێت تاكڕه‌وانه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌موو جیهان بكات و به‌ پراكتیكیش له‌هه‌ندێك ناوه‌ند وسه‌كۆی‌ جیهانی‌ كشاوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای‌ پاشه‌كشێ و دۆڕاندن و بچوكبونه‌وه‌ و قه‌تیسبونێتی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ سنوره‌كانی‌ خۆیدا یان ئه‌وپه‌ڕی‌ له‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌مریكای‌ باكووردا. 

ده‌وترێت ڕوسیا به‌م ئاست و ته‌وژمه‌ی‌ ئێستای‌ هێز و پێزی‌ سالاَنی‌ حه‌فتاكانی‌ وه‌ده‌ستدێنێته‌وه‌ وله‌ پاڵیشیدا چین ((ورچه‌ خه‌وتوه‌كه‌ی‌ دونیا))  و مۆته‌كه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا هێواش هێواش له‌گه‌شه‌كردندایه‌ و له‌هه‌وڵی‌ گرتنه‌ ده‌ستی‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ دونیا و مه‌قامی‌ یه‌كه‌می‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ دونیاشدایه‌،هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن سیاسیه‌كانی‌ چینه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕه‌تده‌كرێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌وروپای‌ یه‌كگرتوش هه‌روا نه‌مێنێته‌وه‌ و دابه‌ش ببێته‌ سه‌ر جه‌مسه‌ره‌كانی‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئیتالیا و به‌ریتانیا كه‌ ئه‌مانیش بۆخۆیان ناكۆك و دڕدۆنگ ده‌به‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا و له‌گه‌ڵ ده‌وروه‌به‌ریشدا،له‌ ئه‌مریكای‌ لاتینیشدا به‌ڕازیل كاندیده‌ بۆ بون به‌ جه‌مسه‌ری‌ هێز. 

• به‌م شێوه‌یه‌ دونیای‌ ئاینده‌ دونیایه‌كی‌ پڕ جه‌مسه‌ری‌ ناكۆك و دژ به‌یه‌ك ده‌بن له‌به‌ر پێویستی‌ و خواسته‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاكانه‌وه‌. به‌مه‌ش پێشبینی‌ ڕوودانی‌ جه‌نگی‌ زیاتر و كاره‌سات و قه‌یرانی‌ زیاتر ده‌كرێت له‌ته‌واوی‌ گۆی‌ زه‌ویدا.بۆیه‌  جیهانێكی‌ پڕ له‌ نائارامی‌ و دوودڵی‌ دێته‌ كایه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌ و نهێنیه‌ بۆ هه‌موان زۆر ترسناكتره‌ له‌وه‌ی‌ بینیومانه‌ و له‌ پێش چاومانه‌ .هه‌ربۆیه‌ گه‌ره‌كه‌ هه‌موان له‌هه‌وڵی‌ نه‌هێشتنی‌ كێشه‌ و گرفت و ململانێ‌ ناڕه‌وا جیهانی‌ و ناوچه‌ییه‌كاندا بن بۆ ده‌ربازكردنی‌ جیهان و مرۆڤایه‌تی‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ تون و تاریك و بێ ئومێدی‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×