هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەنێوان مەرامەكانی ئەردۆگان و بێدەنگی كورداندا !
نەوزادی موهەندیس
2020-07-19   1024
•نزیكەی مانگێكی تەواوە سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر هێرش و پەلاماردان و داگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستان و تائێستا بە ڕووبەری 15 كم قوڵی خاكی هەرێمی كوردستانی لەناوچەی بادینان و پارێزگای دهۆكی داگیر كردوە و بنكە و بارەگای سوپای تیادا جێگیر كردوە و بە فعلیش بۆتە دەمڕاست و بڕیار بەدەستی ناوچەكە و لە سەر زەوی و لە ئاسمانیشدا باڵادەستە و ڕۆژانە تۆپباران و خاپوركردنی گوند و ناحیە و ئاوەدانیەكانی كوردستان كاول و وێران دەكات.و سووریشە لەسەر بەردەوام بونی هێرش و پەلامارەكان و بەمافی سەرەتایی خۆشی دەزانێت بە بیانوی بەرگریكردن لە ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بەناوی دژایەتیكردنی تیرۆریستانی پەكەكەوە كە زیاد لە 25 ساڵە لەم هەرێمە و لەم بەشەی كوردستانی گەورەدا وەك مافی تاك و گروپەكانی كورد لە وڵات و خاكی نەتەوەیی خۆیاندا درێژە بەخەباتی نەتەوایەتی خۆیان دەدەن دژی توركاندن و داگیركاری و ڕەتكردنەوەی سەرەتایتیرن مافی كوردانی باكور لە دەوڵەتی توكریادا.
•ئەوەی زیانی گەورەی بەركەوتوە تەنها خاك و ئاو و ئاوەدانی باشوری كوردستان و خەڵكی گوندنشینانی بێ دەسەڵات و هەژارن.گوند و ئاوەدانی و سەوزایی و باخ و باخات و كانی و شاخ و دۆڵەكانی كوردستانن.گەر هێرش و پەلامارەكان بەردەوام بن ،مەترسی گەورەتر ڕوودەكەنە ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیش.
•پرسیاری جدی ئەوەیە،ئەرێ بیانوی توركیا هەر بونی پەكەكەیە؟ ئایای مەرامە شارەواكانی ئەردۆگان لە پشت پەردەوە چین؟گەر پەكەكەش بونی نەبوایە توركیا و ئەردۆگان ئەم كارەیان هەر نەدەكرد؟ و زۆر پرسی تریش.
بەدڵنیاییەوە توركیا و ئەردۆگان گەر پەكەكەش نەبوایە هەر بەردەوام دەبوون لەسەر ئەم هێرش و پەلاماردانەی كوردستان و ئاشكراشە لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991وە چەندین جار هێرش و پەرماری سەربازی كرۆدتە سەر هەرێمەكەمان و هەر جارەی بەبیانویەك،توركیا دوژمنایەتی خۆی بۆ كورد و كوردستان لەهەر 4 پارچەكە و لەهەموو دونیاشدا نەشارۆدەتەوەـ ئەوە توركیا بوو شەڕی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی لەساڵی نەوەدەكاندا گڕدەدا و بە فعلیش بەشداری تیادا كرد و بەناوی هێزی ئاشتی پارێزەوە بۆ یەكەم جار هێزی توركیای جێگیر كرد لە خاكی هەرێمی كوردستاندا پێش زیاد لە 20 ساڵ.ئەوە توركیا بوو پارە و كۆمەكی مادی و مەعنەوی هێزەكانی باشووری دەكرد بۆ دژایەتیكردتی پەكەكە،ئەوە توركیایە لە ئێستادا دژایەتی كوردانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش دەكات و ڕۆژانە تۆپباران و تیرۆركردنی بەردەوامە بۆیان و زیندووترین نمونەی هێرشەكەی سەر هاوینەهواری كونە ماسی و شەهیدكردنی گەریلایەكی پژاك بوو.لە باكوور هێندەی كوردان بەدەست ئەردۆگانەوە زەلیل و بچوكراوە و مافخوراو و لە زینداندا توندكراون نیوهێندە لەسەردەمەكانی پێشووتردا پێیان نەكراوە.بۆیە مەرامە شاراوەكانی توركیا تەنها لێدانی پەكەكە نیە،بەڵكو لەبنچینەدا نەهێشتن و ڕووخادن و بچووكردنەوەی قەوارەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی هەرێمی كوردستانە ،ئێ ئەردۆگان چۆن چاوی بەرایی بێت بەم هەرێمەدا كە خەونی لەمێژینەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەكان بوە پێش 500 ساڵ و بەزۆری زۆردارەكی لێی سەنراوەتەوە لەساَی 1926دا.توركیا بەمافی خۆی دەزانێت كە ولایەتی موصڵ بگێڕێتەوە سەر قەڵەمڕەوی خۆی و خێر و بێری زۆروزەوەندی بۆخۆی بەتاڵان بەرێت.بۆیە بونی پەكەكە تەنها بیانویەكی چاوبەستەكیە و هیچی تر.
پرسیاری بێ وەڵامی مەترسیدارتریش ئەوەیە،كە ئایا بۆچی حكومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستانیش هەڵوێست و دەنگ و ڕەنگێكی بوێر و بەرزیان نیە دژ بەم داگیركاری و كوشت و بڕینەی توركیا و ئەردۆگان؟
ئەوەی تێبینی دەكرێت لە عێراقدا زۆر شەرمنانە و لەژێر لێوەوە چەند لێدوان و بەیاننامەیەكیان دەركردوە و ناڕازی بونی خۆیان ئاشكرا كردوە،بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا تائێستا هەڵوێستێكی جدی و بوێرانە و شێلگیرانە نە لەسەرۆكایەتی هەرێم و نە لە حكومەت و نە لە حیزب و سەركردە سیاسیەكانیشەوە بەرزنەبۆتەوە و ڕانەگەیەنراوە، ئایا لە بێدەسەلاتیانەوەیە یان لە ترسی دەسكەوت و بەرژەوەندیەكانیانەوەیە یانیش پێیان خۆشە كە پەكەكە بون و كاریگەری نەمێنێت لە هەرێمی كوردستاندا.گەر بەهەر بیانویەكەوە بێت ئەوەندەی تر ئەم بێدەنگی و قڕوقەپكردنەی دەسەڵاتدارانی كوردستان هێندەی تر توركیا و ئەردۆگانی مكوڕتر كردوە لەسەر بەردەوامبوون و دگیركاریە ناڕەواكانی و بوێری زیاتری پێبەخشیوە.
•لەكۆتایدا دەبێت ئەو ڕاستیە مێژوویانە وەبیرخۆمان بهێنینەوە كە توركەكان هەمیشە خەونی زیندووكردنەوەی خەلافەتی پانوپۆڕی عوسمانیان لە خەیاڵداندا و بەتایبەتیش لەدوای دەسەڵاتگرتنە دەستی ئاكەپە و ئەردۆگان لەساڵی 2002وە وگەرەكیانە لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندی دەوڵەتی نوێی توركیادا لەساڵی 1923دا گەر هەموو قەڵەمڕەوی خەلافەتە لەگۆڕنراوەكەشیان بەدەستنەهێننەوە لانی كەم جێگە و پێگە ستراتیژی و گرنگە سیاسی و ئابوریەكانی وەكو ولایەتی موصڵ وكوردستانی ڕۆژئاوا و لیبیا و ..هتد بگێڕنەوە ژێر ڕكێفی خۆیان.
بەڵام ئاشكراشە ئەم خەون و خەیاڵ پڵاوییەی ئەردۆگان هەروا بە ئاسانی نایەتەدی و دونیای زلهێزەكان و ناوچەییەكانیش هەروا بە سانایی لێناگەڕێن كە توركیا خەلافەتە لەدەستچوەكەی وەدەستبێنێتەوە كە زیاد لە 300 ساڵ زۆربەی ئەورپای هەراسان كردبوو.بۆیە خەونەكانی و مەرامەكانی ئەردۆگان بەزڕی دەمێننەوە ،وەلێ تائەوكاتە تەنها كورد زیان و زەرەری گەورەی گیانی و ماڵی دەكەن.ئەوەش بۆ نەبوونی یەك و یەكگرتوویی شەقام و سەركردە و حیزبە سیاسەكان دەگەڕێتەوە لەم هەرێمەداو لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستانیش.