هه‌موو ساڵێك درێژه پێده‌ری ڕێبازه‌كه‌ی كاكه نه‌وه‌ین!
دانا مه‌نمی
2020-05-19   1002
۱۹ـی ٥ـی هه‌موو سالێك یادی یه‌كێك له ره‌مزو قوتبه گه‌وره‌كانی شۆڕشی كورده كه ئه‌ویش "نه‌وشیروان مسته‌فا" یه ،نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو ڕه‌مزێك مانایه‌كی زیندووی هه‌یه و وه‌كو ڕێبازیش مانایه‌كی فه‌لسه‌فی هه‌یه ، نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو ڕه‌مز جه‌نگاوه‌رێك بوو له پیناو ئازادی و كه‌رامه‌تی مرۆڤدا ده‌ژیا ، وه‌كو ڕیبازو فه‌لسه‌فه‌یش خاوه‌نی كه‌له‌پورێكی سیاسی ده‌وڵه‌مه‌نده‌و به‌جۆرێك قاره‌مانی سه‌رده‌می خۆیه‌تی و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی مێژوویی بایه‌خدارن.
نه‌وشیروان مسته‌فا له نێوان به‌رداشی دووهێزی سیاسی دا "یه‌كێتی و پارتی"كارێكی كرد كه له مێژووی كورددا بێوێنه بوو،ئه‌ویش دامه‌زراندنی "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان " بوو ،وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی- كۆمه‌ڵایه‌تی ، دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ى خه‌باتى شۆرشیگێرانه‌ى شاخ ،ده‌چێته ناو كایه‌ى خه‌باتى سیاسى شاره‌وه‌و كار له سه‌ر چه‌مكى به شارستانى بوون و به سیستماتیك بوونى ده‌سه‌ڵات ده‌كات ،به‌ڵام گرفتی گه‌وره‌ی پڕۆژه سیاسییه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌بوو كه تائێستا دیارده دزێوه‌كانی وه‌ك: گه‌نده‌ڵی، ماڵباتگه‌ری، نایه‌كسانی ونه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و هه‌روه‌ها توندوتیژی وه‌كو میراتێكی سیاسی ڕیشه‌ی قووڵیان له‌ناو كولتووری كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌دا هه‌یه و ته‌بعه‌ن سیاسه‌تیش له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێ.
دروستبوونى بزوتنه‌وه‌ى گۆران جۆرێكى نوێ بوو له فۆرمى خه‌بات، كه كوردوستان به‌و جۆره فۆرمه ئاشنا نه‌بوو، جیاوازی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆران و حیزبه‌كانی تربه تایبه‌ت "پارتی و یه‌كێتی " ئه‌وه‌بوو كه پشت ئه‌ستور بوون به خه‌باتى كۆن و شه‌رعیه‌تی شۆرشگێری شاخ وخاوه‌نی هێزی چه‌ك و هێزی درۆ‌و دراوبوون بۆ بره‌ودان به كاریى سیاسیان ،به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆران لەڕێگەی هەڵگرتنی دروشمی نا بۆناعەدالەتی ! ده‌ستیان پێكرد ، رێبازی نه‌وشیروان مسته‌فا له ناو پرۆسه‌ی سیاسی دا مۆدێلێكی نوێی به دیموکراسی بەخشی كه ئه‌ویش مۆدێلی بوونی ئۆپۆزسیۆن بوو، ئه‌م فكره‌یه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌ناو هه‌موو حیزبه‌كانی تردا به "یه‌كێتی و پارتی " یشه‌وه بیرکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی دروست ببێت و له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تداریشدا ئه‌و كلتوره دروست بوو ،بوونی ئۆپۆزسیۆن و ئازادی ڕاده‌ربڕینیش یه‌كێكن له كۆڵه‌كه‌كانی سیسته‌می دیموكراسی لە هەر گه‌ل وڵاتێكدا.
نه‌وشیروان مسته‌فا فه‌خری دانانی به‌ردی بناخه‌ی جۆرێكی تر له نه‌ریتی سیاسه‌تكردنی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا پێ‌بڕا كه ئه‌ویش سیاسه‌تی ناتوندوتیژی و لێبورده‌یی و ئاشته‌وایی نیشتیمانی بوو ،له بری توندوتیژی ده‌ستبردن بۆ چەک ،كاتێك کادیرو دەنگدەری بزوتنه‌وه‌ی گۆران سزای سیاسی ده‌دران نوێنەرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆران لە پەرلەمانی كوردستان دەنگیان بە جه‌نابی مام جەلال دا بۆ ئەوەی بىیت بە سەرۆکی کۆماری عێراق ، كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو بۆ یه‌كێتی ،ئه‌مه‌ش هونه‌ری ناتوندوتیژیی گاندیانهی نه‌وشیروان مسته‌فا بوو‌كه‌تووڕه‌یی له بێدادی و نادادپه‌روه‌ری گۆڕی و كردییه هێزێكی پۆزه‌تیڤ و ئیراده‌یه‌كی شێلگیر بۆ ئاڵوگۆڕ.
له‌ڕاستیدا جومگه‌ییترین بنه‌مای فكر‌و فه‌لسه‌فه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆران هه‌یه بۆئه‌وه‌ی به نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه، بۆیه كه‌له‌پوری نه‌وشیروان مسته‌فا داهێنانی مێتۆدێكی نوێی ''پێداگرییه له‌سه‌ر هه‌قیقه‌ت''و نه‌هجێكى تازه‌ى خه‌باته كه به نه‌مانى خۆى هیچ له دۆخه‌كه كه‌م ناكات ،به‌مه‌رجێك بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌سه‌ر كه‌له‌پورو ڕێباز‌و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌رده‌وام بن ،كه به داخه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆران له پره‌نسیپه چه‌سپاوه‌كانی ڕه‌وانشاد"نه‌وشیروان مسته‌فا" لایانداوه‌و هه‌موو سالێكیش بۆ یادی ڕه‌وانشاد ده‌لێن : ئێمه درێژه پێده‌ری رێبازه‌كه‌ی كاكه نه‌وه‌ین !