له‌جه‌نگی تیرۆره‌وه‌ بۆ جه‌نگی بیۆلۆژی

دانا مه‌نمی‌
  2020-03-13     1121

مرۆڤ هه‌میشه‌ خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ دوری به‌شه‌ جیاوازه‌كانی زه‌وی له‌جوگرافیایه‌كی فره‌شوێنه‌وه‌ بگۆڕیت بۆ جوگرافیایه‌كی یه‌ك شوێن، هه‌میشه‌ خه‌ونی مرۆڤ سڕینه‌وه‌ی سنوره‌ جیۆسیاسی و جیۆئابورییه‌كان بووه‌ ،هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سرینه‌وه‌ی سنوره‌ جوگرافی و سیاسی و ئابورییه‌كان كلتوری دیموكراسی و به‌هاكانی لیبوردن و مافه‌كانی مرۆڤ و چه‌ندان رێكخراوی بان نه‌ته‌وه‌یی و ناحكومی ئه‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری جیهانیان ته‌نیووه‌، پرسی ئابوریش له‌جیهاندا به‌شێكی جه‌وهه‌ری ململانێی زلهێزه‌كانه‌ كه‌ باس له‌خراپتربوونی جیهان ده‌كه‌ن، ماركس له‌مانفێستی كۆمۆنیستدا باس له‌تواناو ته‌ماحی بێئه‌ندازه‌ی سه‌رمایه‌داری بۆ جیهان ده‌كات ،ماركس ئه‌و میكانیزمانه‌مان پیده‌ناسێنێت كه‌ سه‌رمایه‌ سنوره‌كانی ده‌وڵه‌ت وناوچه‌و نیشتیمان و كلتورتێده‌په‌رێنێت‌و سنور ناناسێت، ئه‌م دیده‌ی ماركس بۆ سه‌رمایه‌ یه‌كێكه‌ له‌پێشبینیه‌ گرنگه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و دیدێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌.

بڵاوبونەوەی‌ ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا بەژمارەیەک له‌وڵاتانی جیهاندا بووه‌ته‌ هۆكاری‌ پەکخستنی‌ جوڵه‌ی‌ سیاسی و بازرگانی‌ و ئابوری‌، جگه‌ له‌زیانه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی و ئابوری و بازرگانی ،ڤایرۆسی كۆرۆنا زیان و مه‌ترسیداریشه‌ له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی، چونكه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌كو پیشبینیه‌كه‌ی ماركس بۆ تێزی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌ت و سنورناناسێت، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئابوریناسان گومانی‌ ئەوە دەکەن بڵاوبوونەوەی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا شەڕێکی‌ ئابوری‌ لەپشتەوە بێت لەنێوان چین و ئەمریکادا، پێدەچێت ئەمریکا بیەوێت لەرێگه‌ی جه‌نگی بیۆلۆژییه‌وه‌ هەژموونی‌ خۆی‌ بەسەر ئابوری‌ چیندا بسه‌پێنیت.

چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی به‌ جه‌نگی تیرۆره‌وه‌ سه‌رقاڵ كراوه‌ ، پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پرسی تیرۆری كردووه‌ته‌ یه‌كه‌مین كێشه‌ له‌ نێوان سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ جیهانی ئه‌مڕۆیان به‌خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ ،به‌ڵام له‌ ئێستادا ڤایرۆسی كۆرۆنا پاشه‌كشه‌ی به‌ پرسی تیرۆر كردووه‌و جێگه‌ی تیرۆری گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تیرۆر گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ده‌ستی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی بوبێت و مرۆڤایه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان شپرزه‌وسه‌رقاڵ كردبێت ،ئه‌وا ڤایرۆسی كۆرۆنا دیوێكی تری گه‌مه‌ی سیاسی یه‌ كه‌ ترسێكی گه‌وره‌تر له‌ تیرۆری خستووه‌ته‌ ناو دڵی گه‌لانی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی و جیهانیش به‌گشتی .

لەسەدەی بیستەمدا ژمارەی ڕێكەوتننامەكان بۆ كۆنترۆڵكردن یان سنورداركردنی خۆپڕچەككردن بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بون، لەساڵی ۱۹٤٥ بەدواوەو لەگەڵ كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، بەشێكی زۆری ڕێكەوتننامەكانی كۆنترۆڵكردن و سنورداركردنی خۆپڕچەككردن، پەیوەندیدار بون بەڕێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی و كیمیاوی و بیۆلۆژی ،خۆ ئه‌گه‌ر گومانی ئابوریناسان ڕاست بێت‌و له‌پشتی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ جه‌نگێكی ئابوری له‌نێوان زلهێزه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌مریكاو چین خۆی حه‌شار دابێت، ئه‌گه‌ر هه‌ره‌شه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا دروستكراوی ده‌ستی زلهێزێك بێت دژ به‌زلهێزێكی تر ،ئه‌گه‌ر تیرۆر له‌ جه‌نگی فیزیكیه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ جه‌نگی بیۆلۆژی و ڤایرۆس و نه‌خۆشی كوشنده‌، ئه‌وا بێ دوو دڵی مرۆڤایه‌تی له‌ نایه‌كسانی ئێستاوه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نائینسانی و هێزی گه‌مه‌كه‌ری نوێ بۆ په‌یدابوونی جه‌نگی نوێ هاوشێوه‌ی تیرۆر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت ،له‌پاڵ دروستبونی گه‌مه‌كه‌رو هێزی نوێ له‌به‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنا ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی هیزی نوێ له‌ئاستی جیهاندا له‌ دایك ده‌بن دژ به‌ به‌ره‌ی په‌یدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئه‌وكاتیش كاره‌ساتێكی مرۆیی به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت جگه‌ له‌ كاولكاری و زیانی مادیی زۆر كه‌ به‌ر ژێرخان و ژینگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌وێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×