ڕزگاربون له‌ده‌ستی به‌عس دوای ۲۹ ساڵ حوكمڕانیيهتی كوردی
دانا مه‌نمی
2020-02-25   1099
ده‌مه‌وێت به‌وته‌یه‌كی جۆرج ئۆرویل ده‌ست پێبكه‌م كه له‌رۆمانی (مه‌زرای ئاژه‌ڵاندا) پێمانده‌ڵێت كه له‌پشتی هه‌مو شۆڕش‌و شۆڕشگێرێكهوه ئه‌گه‌ری سته‌مكاریی هه‌یه.
دۆخی كورد دوای شۆرش‌و ڕاپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری ساڵی ۱۹۹۱ زۆر خراپتر بووه وه‌ك له پێش شۆرش و ڕاپه‌رینه‌كه سه‌رده‌می به‌عس خه‌ونی هه‌موو كوردێك نه‌مانی به‌عس و زوڵم زۆرداریهكهی بو، به‌ڵام خه‌ڵكی تێگه‌یشتوو وشۆڕشگێره ڕووسپیهكان دوای ڕاپهڕینو نه‌مانی به‌عس له‌مڕۆ ئه‌ترسان، دوای ڕاپه‌رینه مه‌زنه‌كه یه‌كه‌مین شه‌ق به‌ر به‌ره‌ی كوردستانی كه‌وت و هه‌ر حیزبه‌و دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی كه‌وت، ئه‌مڕۆ فه‌زایه‌ك ڕهنگڕیژكراوه به‌ترس، ترس لهیهكترو له‌كۆمه‌لگا، ترس لهدهسهڵاتو سیاسییه‌كان، ترس له‌یاریكردن به‌كایه‌ی ئابوری و بازرگانه‌كان، ترس له‌سێكته‌ری تهندروستیو هه‌ڵه‌ی پزیشكی‌و ده‌رمانی به‌سه‌رچو، ترس له‌ده‌زگای شاراوهونهێنی و سه‌ركوتكه‌ر، ترس له‌نه‌مانی موچه‌و قه‌یرانی ئاو‌و كاره‌باو نهوتو غاز‌و ...هتد و دواجاریش ترس له‌نه‌خۆشی كۆرۆنا!
نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك نیگه‌رانیه له لاوازبوون و به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی پانتاییه‌كانی ئازادیی و ده‌ربڕینی بیروبۆچوونی ئازاد‌و لاوازكردنی پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤ و ته‌واوی ئهوبهڵین و به‌ها جوان و دانسقانه‌ی كه شۆرش له‌پێناویدا وه‌رچه‌رخا، نیگه‌رانی خه‌ڵك نیگه‌رانییه له دروستكردنی قەیرانو نا ئارامی وبرسیكردن و نه‌بوونی هه‌لیكارو گرانكردنی نان و قوتی رۆژانەی خەڵك، نیگه‌رانی خه‌ڵك نیگه‌رانییه له كاولكردن‌و به‌تاڵانبرنی ژێرخان‌و سه‌رخانی كوردستان، نیگه‌رانییه له‌سیسته‌می ئابوری سه‌ربه‌خۆ كه موچه‌خۆرانی كوردستانی كردووه‌ته قوربانی سیاسه‌تی هه‌ولێرو به‌غدا، نیگه‌رانی خه‌ڵك نیگه‌رانی له‌ئه‌فسانه‌ی ریفراندۆم كه ناوه‌رۆكێكی به‌تاڵ بوو پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی پاشه‌كشه پێكردو ئه‌زموونی سیاسی و حوكمڕانی و په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی كوردی تێك‌و پێكدا، نیگه‌رانی خه‌ڵك نیگه‌رانییه ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كههیچكات ئامانجه‌كه‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌بووه!
له‌م ماوه‌ی ۲۹ ساڵی حوكمرانیه‌تی كوردیدا حیزبه‌كان تاكتیك به‌كارده‌هێنن‌و هیچ كه‌سایه‌تیه‌ك بێ پێچ و په‌نا ستراتیژێكی ڕوونی نه‌بووه بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆی كوردستان، به‌ڵكو به زۆری هه‌ر باس باسی پێكه‌وه ژیان و یه‌كپارچه‌یی عێراق و پێكه‌و ژیانی كورد‌و عه‌ره‌به خۆئه‌گه‌ر به‌شه‌رمیشه‌وه باس كرابیت ئه‌و په‌ڕی له سایه‌ی ئۆتۆنۆمیه‌كی له‌رزۆك و كه‌م ده‌سه‌ڵاتدا بووه ، دروستكردنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌كارو ستراتیژ‌و پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه سازییه ، پێویستی به‌هه‌بوونی ئیراده هه‌یه ،نه‌وه‌ك كوردستان بكه‌یته سه‌كۆی دژایه‌تی نیوخۆی ههرێمیو ده‌رفه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كان له‌بارببرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه شۆره‌سوارانی ریفراندۆم ئه‌نجامیاندا، هێشتا لافیته‌كانی سه‌ربه‌خۆی لێنهكرابونهوه لهشاروشارۆچكهكان ۱۸۰پله بایان دایه‌وه‌و بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باوه‌شی عێراق ده‌كرد!
حیزب و ئایدۆلۆژیاكه‌ی یان پرۆسه‌ی حیزبایه‌تی له كوردستان هه‌ژموونی به‌سه‌ر كۆی تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌و ده‌ستكاریی خه‌بات و خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگا ده‌كات ،حیزب هه‌میشه خه‌ونی به‌وه‌وه بینیوه كه وه‌زیفه‌ی رۆشنبیر‌و مرۆڤی به‌ئاگا له‌ناو به‌ریت و له‌بیركردنه‌وه‌ی بخات، حیزبی كوردی ده‌یه‌وێت رۆشنبیر‌و مرۆڤی هوشیار بكات بهتووتیو له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا سه‌رمایه ڕه‌مزییه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت ،هه‌ڵه‌ی حیزبی كوردی ئه‌وه‌بووه هه‌رگیز دهرفهتو زه‌مینه‌سازی نهڕهخساندووهو هه‌وڵیشی نه‌داوه كه سوود لهدونیابینینی رۆشنبیر‌و مرۆڤی به‌ئاگا وه‌ربگرێت.
رزگاربوون له ده‌ستی به‌عس و زوڵم و زۆردارییهكهی گه‌یشتن بوو به‌قۆناغێك كه بتوانیت تێدا خۆمان به‌ڕێوه‌ببه‌ین ،خه‌لك چاوه‌رێ بوو دوای ڕاپهڕینو روخاندنی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن ده‌سه‌ڵاتێكی خۆماڵی باش كه تیایدا عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی هاووڵاتیبوون بنه‌ماو پایه‌ی سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌بردن بن، به‌ڵام دیاره دوای ڕاپه‌ڕین و ڕوخاندنی ڕژێمی به‌عس مه‌ترسیه‌كان ساڵ له دوای ساڵ زیاتربوون وعه‌قڵی سیاسی كورد كه هه‌ڵگری شه‌رعیه‌تی شۆرشگێرییه خراپترین شێوازی فه‌رمانڕه‌واییان له‌كوردستاندا دامه‌زراند، ئێستاش دوای ۲۹ ساڵ له‌كوردستاندا نهئاسۆیهكی رون‌و نهبهرنامهو پرۆژه‌یه‌كی روون و نه ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی و نهپرۆژهی ئایینده‌یی نییه و نابێت، عه‌قڵی سیاسی كورد نه‌چاوی لهئایندهیهو نه‌بۆ ئاینده‌ش كارده‌كات، به‌ڵكو هه‌موو شتێكی بۆ ئێستایه‌و له پێناو خۆیدایه.