پارتی‌و خه‌می یه‌كریزیی كورد له‌به‌غداد

دانا مه‌نمی‌
  2020-02-12     1389
یه‌كریزیی‌و كاری پێكه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگی پێویسته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردستانیاندا بێت نه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكی سیاسی ره‌نگرێژكرابێت ، كاری پێكه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگی به‌مانای زاڵبوونی سێبه‌ری لایه‌نێك نییه‌ به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تردا ، كه‌ ئه‌مه‌ گرفتی ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌ن و فراكسیۆنه‌كان له‌ ناوخۆی كوردستان و له‌ عێراقیش ، له‌ قۆناغه‌كانی ڕابردووشدا یه‌كریزی و كاری پێكه‌وه‌ی قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كراوه‌ ،به‌ڵام هه‌میشه‌ چوار لایه‌نه‌كه‌ (یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی ) بوونه‌ته‌ قوربانی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ، هه‌میشه‌ نه‌رمی زیاترو هه‌نگاوێك له‌ پیناو یه‌كریزی كورددا له‌ پارتی دیموكرات چونه‌ته‌ پێشوو پارتیش ئیستغلالی دۆخه‌كه‌ی كردووه‌و ده‌رفه‌ته‌كانی له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا قۆستووه‌ته‌وه‌و چه‌ند هه‌نگاوێكیش له‌ یه‌كڕیزی كورد و فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌ به‌غدا پاشه‌كشه‌ی كردووه‌.

پارتی دیموكراتی كوردستان ئامانجیه‌تی كه‌ یه‌كریزی وكۆده‌نگی و هاوپه‌یمانی له‌ به‌غدا ،به‌ هه‌مان نه‌خشی رابردووەوە‌ درێژه‌ی هه‌بێت ،چاره‌نوسی خه‌ڵك و ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان له‌ئه‌نجامی هه‌نگاوو سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی پارتی دا باجی قورسی داوه‌و هیچ ئومێدێكی تیادا به‌دی ناكرێت و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ هه‌ر دوێنێی باشتر بووه‌ له‌ ئه‌مڕۆ ، ئه‌گه‌ر سه‌یری پانۆڕامای ڕووداوه‌كانی ڕابردو بكه‌ین پارتی دیموكرات جارێك به‌ ناوی ئابوری سه‌ربه‌خۆوه‌ و جارێكیش به‌ ناوی ڕیفراندۆمه‌وه‌ زه‌بری كوشنده‌ی له‌ یه‌كڕیزی نیوماڵی كوردی له‌ به‌غدا داوه‌ ، دواجاریش شه‌ڕی پارتی بۆ به‌ ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق هه‌رزوو ده‌ستپێشخه‌ری كرد وبه‌م هه‌نگاوه‌یش یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی له‌ به‌غدا لێكترازاند ، ئاڵۆزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا شكستی دیپلۆماسیه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیانه‌كان زۆرو بێ ئومیدی لای خه‌ڵك دروست كردووه‌ .

یه‌كریزی و یه‌كده‌نگی و هه‌ماهه‌نگی به‌رله‌وه‌ی بۆعێراق پێویست بێت بۆ ناوخۆی كوردستان پێویستتره‌ ،ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردستانیش له‌ نێوماڵی عێراق له‌پێشتره‌، خۆ ئه‌گه‌ر پارتی خه‌می یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی هه‌یه‌ ده‌بێ سه‌ره‌تا له‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ بنیات بنێت و ڕێز له‌ شه‌راكه‌ت و هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ بگرێت و لایه‌نه‌كانی تر په‌رگێرو په‌راوێز نه‌خات ، ئه‌وكاتیش شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ خزمه‌تی زیاتری نێوماڵی كوردی ده‌كات و هاوسه‌نگی هێز ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و هه‌مووان به‌رپرسیاره‌تی ئه‌خلاقی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانیان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ پارتی چاوه‌ڕوان ناكرێت له‌ كاتێكدا ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ دا گرتووه‌و هێلی سوری له‌سه‌ر داناون ،جگه‌ له‌وه‌ش له‌ به‌غدا شه‌ڕی پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق و وه‌زاره‌ت و نوێنه‌رایه‌تی كونسوڵخانه‌كان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا ده‌كات .

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی چڕكردووته‌وه‌و بانگه‌شه‌ی هاوپه‌یمانیه‌تی كورد(یه‌كریزی) له‌ به‌غدا ده‌كات ،ئه‌مرۆ له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دوای ڕاگۆڕینه‌وه‌و تێبینی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌ به‌غدا رێكه‌وتوون له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهات و دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان له‌ به‌غدا، ساڵانیكه‌ پارتی له‌ به‌غدا زۆرینه‌ی كورسی و پۆسته‌كانی كوردی له‌لایه‌ نه‌ك نه‌یتوانیووه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا بكات كێشه‌كانیان ئاڵۆزتركردووه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی‌ هه‌رێم و خاك و خه‌ڵكی كوردستانیشیان به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانه‌وه‌ خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ، پارتی به‌هۆی مه‌سڵه‌حه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیه‌وه‌ هه‌موو بنه‌مایه‌كی یه‌كڕیزی و پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی له‌باربردووه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×