یه‌كێتی دوای كۆنگره زیاتر په‌رته‌وازه‌یه
دانا مه‌نمی
2020-02-07   1302
كاتێك یه‌كێتی خۆی بنیات ناو چووه شاخ، چاپخانه‌و ڕادیۆ و تیپی موسیقاشی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد، هۆنراوه‌كانی ده‌چڕی بۆ گۆرانی شۆرشگێرانه‌و ئه‌شكه‌وته‌كان بوبونه گۆڕه‌پانی مه‌شق وتۆماركردنی گۆرانیه‌كان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه، هۆنراوه‌و گۆرانی‌و ڕادیۆكه‌ی یه‌كێتی پڕ بیسه‌رو گوێگر بو، یه‌كێتی كاتێك دروستبو فیكر‌و مه‌عریفه دروستی كرد وناوبانگێكی باش‌و موحته‌ره‌می له‌لای هه‌مو حزبه شۆڕشگێڕ‌و خه‌باتگێڕانی جیهان هه‌بو، كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ‌و بنه‌مای فیكری‌و مه‌عریفی‌و سیاسیی پایه‌كانی یه‌كێتی ڕاگرتبوو كه خزمه‌تی خه‌لكی كوردستانی پێده‌كرد، بێگومان حزبی سه‌ركه‌وتووش، پابه‌نده به‌رێبازوجێگیره له‌سه‌ر وه‌حده‌ی فیكری.
یه‌كێتی دوای هه‌ره‌سی شۆرشی ئه‌یلول له‌هه‌لومه‌رجێكی پێویستدا له‌شه‌وه زه‌نگی تاریکیدا، چرای ئومێدی داگیرساندوهاته مه‌یدان، پایه‌كانی دروستبوونی یه‌كێتی ڕه‌گ و ڕیشه‌یی پته‌و بو، خه‌ڵك یه‌كێتی خۆشده‌ویست و چین و توێژه جیاجیاكان (كاسبكاران و جوتیاران وكرێكاران و فه‌رمانبه‌ران‌و مامۆستایان خوێندكاران و رۆشنبیران)هه‌ڵقوڵاوی یه‌كێتی بون، خاوه‌نی رێكخستنێكی به‌هێز بوو كه ڕه‌گی له‌ئاودا بو، به‌ڵام دوای وه‌فاتی مام جه‌لال زۆربه‌ی زۆری ناکۆکی و ململانێی جه‌مسه‌ره‌کانی ناو یه‌كێتی له‌سه‌ردابه‌شکردنی پۆسته باڵاکانی حکومه‌ت له‌هه‌ولێرو به‌غداو پارێزگاکان بو، دوای دابه‌شكردنی پۆسته باڵاكان ململانیی جه‌مسه‌ره‌كان له‌سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كان‌و گرێبه‌سته بازرگانیه‌کان بوو، دواتر كڕینی ئینتیمای به‌رپرس‌و کادیره‌کانی رێکخستن‌و ڕاگه‌یاندن و كادیره سه‌ربازییه‌كان، له‌ناو یه‌كێتی دا جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌کان خاوه‌نی هێزی ئه‌منی‌و سه‌ربازی و پشکی بازرگانی و ده‌زگای راگه‌یاندن و گوته‌بێژی خۆیان و چه‌ند شتێکی تایبه‌ت به‌خۆیانن،له ته‌نیشت ئه‌مانه‌یشه‌وه له پانتاییه‌کی جوگرافیدا یه‌کێتییان له نێوان خۆیان دا‌به‌ش کردووه.
ئه‌و بۆشاییه‌ی كه مام جه‌لال به‌جێی هێشتووه هه‌رگیز به‌م جه‌مسه‌رانه‌ی ناو یه‌كێتی پڕ ناكرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م جه‌مسه‌رانه بۆخۆیان چه‌قبه‌ستو چه‌قیون ناتوانن تیماری خۆیان بكه‌ن چ بگات به‌پڕكردنه‌وه‌ی جێگه‌ی مام جه‌لال كه سه‌رکرده‌و سیاسه‌تمه‌دارێکی ورد‌و هوشیار بو، خۆئه‌گه‌ر بۆشایی مام جه‌لال یان پێ پڕ نه‌كرێته‌وه ده‌ست به‌ڕێبازو ئایدیا‌و فه‌لسه‌فه‌كه‌یانه‌وه بگرن سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، یه‌كێتی دوای مام جه‌لال ژینگه‌و كه‌شوهه‌واكه‌ی له‌بار نییه بۆ پێكه‌وه كاركردنی جه‌مسه‌ره‌كان، چونكه متمانه‌ی سیاسی له‌نێو جه‌مسه‌ره‌كاندا نه‌ماوه ،متمانه‌ی سیاسی چه‌مكێكی سایكۆ سیاسیه، ئاماژه‌یه بۆ بونی ته‌بایی سازان له نێوان ئه‌ندامانی حیزبێك یانیش تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا، كاڵبونه‌وه‌ی متمانه نیگه‌رانی دروست ده‌بێت‌و ئینتیمای سیاسی سست‌و لاوازده‌بێت، كاتێكیش متمانه له‌سیاسه‌تدا ڕوشاو بریندار بوو کاڵبوه‌وه مه‌حاڵه بنیات بنرێته‌وه.
یه‌كێتی دوای كۆنگره‌ی چواره‌م زیاتر فره جه‌مسه‌ری‌و په‌رته‌وازه‌یه، دوای كۆنگره به‌خشینی پله‌و پاره‌و ئیمتیازات بۆ رازیکردنی دڵی ئه‌م باڵ‌و ئه‌و تاقم به‌كارده‌هێنرێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتییه‌كان چاوه‌ڕێ بوون دوای كۆنگره‌ی چواره‌م پله‌و پێگه‌کانی یه‌کێتی له‌حوکمرانیدا هاوسه‌نگ بكرێته‌وه وپاره‌و ده‌سه‌ڵات‌و جیاوازی‌و ناکۆکیه‌کان ببنه مایه‌ی به‌هێزبون بۆ یه‌كێتی‌و یه‌كێتیه‌كان نه‌ک کوتله‌گه‌ری‌و باڵباڵێن، ژینگه‌ی سیاسی ناوخۆی یه‌کێتی له‌ڕه‌وشێکی باش‌دا نیه، کێشه‌و ململانێکان له‌هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌کتردان،هه‌نگاو وهه‌وڵی هاوبه‌ش له نێوان سه‌رجه‌م جه‌مسه‌ره‌کان بۆ ئاینده‌ی یه‌کێتی هه‌ستی پێناکرێت.