داواكاریی شه‌قامی عێراقی خواستی شه‌قامی كوردیشه‌

دانا مه‌نمی‌
  2019-12-08     1150
عێراق به‌تایبه‌تی‌و دوای ئه‌ویش هه‌رێمی كوردستان  لەمڕۆدا بەدۆخێکی دژوردا تێدەپەڕێت، له‌م  رۆژانە به‌ملیۆنان هاوڵاتی عێراقی دێنە سەر شەقامەکان‌و ناڕەزایی لەبەرامبەر سەختی‌و زەحمەتی ژیان‌و بێكاریی‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و خراپی گوزەرانی خۆیان دەردەبڕن، به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌چوونی حكومه‌تی عێراق و پێدانی به‌ڵێنی بێكردار وای له‌خۆپیشانده‌ران كرد كه‌ داواكارییه‌كانیان له‌بێكاریی‌و بێ ئاوو كاره‌باو روبه‌روبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و چاكسازییه‌وه‌ بگۆڕن بۆ داواكاری سیاسی‌و داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی‌و شێوازی حوکمڕانی‌و هه‌مواری ده‌ستورو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق‌و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن.

ئێستای عێراق ئێستایه‌كی جیاوازه‌، له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق‌و له‌ناوبردنی رژێمی به‌عس له‌عێراق بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ نێوماڵی شیعه‌ ناكۆكی تێده‌كه‌وێت، دیوی پشته‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق جگه‌ له‌ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمایه‌تی‌و نێوده‌وڵه‌تی ململانێی په‌یڕه‌وانی شیعه‌ی عێراق و شیعه‌ی ئێرانه‌ كه‌ په‌روه‌رده‌ی دوو قوتابخانه‌ی ئاینین له‌نه‌جه‌ف‌و له‌قوم، ململانێی ئه‌م دوو مه‌دره‌سه‌ ئاینییه‌ مه‌زهه‌بییه‌ ته‌نها له‌ بواری شه‌ریعه‌ت و عه‌قیده‌ و فیق و په‌وابت و ئیجتیهاد و عیبادات و نوێژ و قوربانی و  رۆژوو و هتد. نییه‌ ، به‌ڵكو ململانییه‌كه‌ فۆڕمێكی توندوتیژی ئاینیی و مه‌زهه‌بی به‌رهه‌م هێناوه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی په‌یره‌وانی هه‌ردوو مه‌دره‌سه‌كه‌ دروت كردووه‌ بۆیه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ مه‌زارگه‌كان له‌ نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا مه‌ترسییان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت ، یه‌كه‌مین جاریشه‌ ماڵی مه‌رجه‌عه‌ ئاینییه‌كان په‌لامارده‌درێت و هه‌وڵی سوتاندنی ده‌درێت ، ئێستا نێوماڵی شیعه‌ نێوماڵێكی په‌رته‌وازه‌ و ناته‌بان دابه‌شبوون به‌سه‌ر ئاراسته‌و جه‌مسه‌ره‌كاندا ، راسته‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌ ده‌ستی شیعه‌كاندایه‌ به‌ڵام بێ  بێ گرێوگۆڵ نییه‌ ،چونكه‌ له‌لایه‌ك په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌جێندای ده‌ره‌كییه‌وه‌ هه‌یه‌ ، له‌لایه‌كی تر ته‌واوی هێزه‌ شیعه‌كان له‌ قه‌باره‌ بچووكه‌وه‌ بۆ قه‌باره‌ی گه‌وره‌ له‌دوای ساڵی  ٢٠٠٣ و کۆتایی ڕژێمی به‌عس شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی پۆست و ئیمتیازاتیان كردووه‌، نه‌ك شه‌ڕی خزمه‌تكردنی گه‌لانی عێراق ،هه‌موو ئه‌و دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌ی نێوماڵی شیعه‌ له‌ بازنه‌ی ئه‌م دوو هۆكاره‌دا ده‌خولێته‌وه‌ كه‌ لایه‌ك بتوانێت هه‌یمه‌نه‌ی خۆی به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا زاڵ بكات .

شه‌قامی ئێستای ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ عێراق نه‌ك دژی كورد و هیچ پێكهاته‌یه‌ك نییه‌ بگره‌ خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان خواست و داواكاری شه‌قامی عێراقی و شه‌قامی كوردیشدا هه‌یه‌ ، كوردستانیش له‌ دۆخێكی خراپدایه‌ ، ئه‌گه‌ر سیاسییه‌كانی عێراق له‌ ژێر هه‌ژموونی مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی دا بن ئه‌وا سیاسییه‌كانی كوردستانیش له‌ ژێر هه‌ژموونی حیزب و بنه‌ماڵه‌دان ، گه‌نده‌ڵی په‌تایه‌كی كوشنده‌یه‌ به‌رۆكی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ ، بۆیه‌ جوڵه‌ی حوكمڕانیه‌تی كوردیش جوڵه‌یه‌كی ته‌ندروست نییه‌ ، گه‌نده‌ڵی له‌ كوردستان کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە وخزمەتگوزارییەکان لە ئاستێكی زۆر نزمدا ، له‌ كوردستانیش گەندەڵی لە ھەموو کەرتەکاندا ھەیە،به‌ پێی راپۆرتێكی ناوه‌ندی عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و شیكاریه‌ سیاسیه‌كان قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ ۸۱۰ ملیار دۆلار، ناوه‌ندی عیراقی بۆ لێكۆڵنه‌وه‌و شیكارییه‌ سیاسییه‌كان ده‌شلێت : ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌ كوردستان و میلیشیاكان بوون له‌ عێراق . له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت : حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان له‌ نێوان ساڵانی ۲۰۰۳ و ۲۰۱۹ له‌ رێگای كۆمه‌ڵێك فێڵ و میكانیزمی دارایی و ئیداریی و پرۆژه‌ی وه‌همی و دزین و به‌قاچاخبردنی نه‌وت وهه‌بوونی ۲۰۰هه‌زار فه‌رمانبه‌رو موچه‌خۆری بندیوار، زیانێكی زۆریان به‌ سامانی گشتی هه‌رێمی كوردستان و عێراق گه‌یاندووه‌ .

 تائێستا له‌ كوردستان ھیچ رێوشوێنێک بۆ بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی نییە،ھیچ ئەنجامێک بۆ لابردنی گەندەڵكاران و لێپرسینەوەو سزادانیان نییە، بزوتنه‌وه‌ی گۆران رۆژگارێك  بەرگری‌ لە قوت و ژیانی‌ خەڵک ده‌كرد ، بە کژ سیاسەتی‌ هەڵەی‌ بەرپرسانی‌ هەرێم و مافیاکانی‌ نەوت و گەندەڵیدا دەچویه‌وه‌ ، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانیش بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌گه‌ڵ پارتی دا رێكه‌وتنی ئه‌نجامدا ، بزوتنه‌وه‌ی گۆران بێ لوغزو ڕاشکاوانه‌ ناوه‌رۆكی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی بۆ رای گشتی ڕوونكرده‌وه‌ ، به‌ڵام قه‌رار بوو دوو مانگ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌پێی رێكه‌وتنی نێوان پارتی و گۆران چاكسازی ئه‌نجام بدرێت و به‌گژ گه‌نده‌ڵیدا بچنه‌وه‌ لە هەرئاستێکی‌ بەرپرسیارێتی‌ حکومیدا بێت ، ئێستا نزیك به‌ شه‌ش مانگه‌ نه‌ك چاكسازی ئه‌نجام نه‌دراوه‌و به‌گژگه‌نده‌لیدا نه‌چونه‌ته‌وه‌، زۆرێك له‌ پۆسته‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا له‌وانه‌ یاریدەدەری سەرۆکی حكومه‌ت بۆ کاروباری چاکسازیی و سەرۆکی سندوقی داهاتە نەوتییەکان یەکلانەبوونەتەوە ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێكیش بۆ به‌ نیشتیمانیكردنی دامه‌زراوه‌كان ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و ئازادییەكان به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه‌ وفۆڕمێكی تری ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نوسان و چالاكوانان گیراوه‌ته‌به‌ر،سەروەری یاسا له‌ ژێر پرسیاردایه‌و داڵدەی تۆمەتباران ده‌درێت به‌ پاساوی سیاسی ، له‌ رێكه‌وتنی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆران و پارتیدا پارتی خاوەنی هیزو بریاری جێبەجێكردنە ، گۆرانیش له‌به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تی ئه‌خلاقی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و متمانه‌ی هه‌ڵسوراوه‌كانیدایه‌ چیتر پیویسته‌ كۆتایی به‌ چاوه‌ڕوانی بهێنێت و زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ بۆ پارتی لێبدات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×