شاڵاوی ئیرهاب‌و كۆت‌و به‌ندی سیاسی ڕابگرن

دانا مه‌نمی‌
  2019-05-07     1293
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رامبه‌ر نه‌وه‌ی نوێ ده‌كرێت سبه‌ینێ به‌رامبه‌ر به‌كۆی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرێت‌و ڕێگا خۆش ده‌كات بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵی یه‌ك به‌یه‌كی هاوڵاتیان، هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گای حیزب و سوكایه‌تیكردن به‌مرۆڤ كارێكی قێزه‌ونه‌و به‌شێكه‌ له‌و كلتورو عه‌قڵه‌ نه‌خۆشه‌ی كه‌ له‌شاخه‌وه‌ هاورده‌ كراوه‌ بۆ شارو كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان بریندار ده‌كات، ئه‌گه‌ر بریاره‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت‌و دادگاكان سه‌ربه‌خۆ بن، ئه‌گه‌ر بریاره‌ حیزب ده‌ست نه‌خاته‌ ناو كاروباری دادگاكان و متمانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵك به‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت و به‌تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌ست له‌م پێشێلكارییه‌ هه‌ڵبگرن.

ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت پێشێلكارییه‌ دژی سه‌روه‌ری یاسا ومافه‌كانی مرۆڤ ،تۆمه‌تبار جارێ بێ تاوانه‌و له‌قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌، له‌قۆناغی دادگایكردنیشدا پێویسته‌ سوكایه‌تی به‌ كه‌رامه‌تی نه‌كرێت هه‌تا ئه‌گه‌ر تاوانباریش بێت و سزای یاسایی بدرێت ده‌بێ مافه‌كانی پارێزراو بن، به‌داخه‌وه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ ساڵ له‌دوای ساڵ پێشێلكاری به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان‌و ده‌زگاكانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌زیاد بوندایه‌و ڕوبه‌روی هه‌ڕه‌شه‌و فشاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌بنه‌وه‌، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژیش ڕه‌وشی ئازادی و كاركردنی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌پاشه‌كشه‌دایه‌.

ئه‌م شاڵاوی كۆت‌و به‌نده‌ له‌فه‌زایی دیموكراسی و مه‌ده‌نیدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌و هه‌وڵێكی شكستخواردووه‌ بۆ ترساندنی خه‌ڵك، ترس هێزێكی‌ سه‌ركوتكه‌رو چه‌پێنه‌ری ئازادی قسه‌كردنه‌، كه‌ ترس و تۆقاندن سه‌روه‌ر بوون ئه‌وكاته‌ مرۆڤبونمان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ین ده‌بینه‌ بونه‌وه‌رێكی ترساو ناتوانین به‌ڕاشكاوی به‌ئاشكرا به‌ئازادی ڕاو بۆچوون و دیدو جیهانبینی خۆمان ده‌ربرین، پێویسته‌ بوێر بین و بیر له‌بێده‌نگی نه‌كه‌ینه‌وه‌، حیزبێك سیاسه‌تی ترساندن ئامرازی كاركردنی بێت و بیر له‌ بێده‌نگكردنی مرۆڤ و كۆمه‌لگا بكاته‌وه‌ و ئینسانه‌كان گوێرایه‌ڵ و ته‌سلیمبوو بێ ئیراده‌ بكات ،فه‌زایه‌كی نا هاوسه‌نگ ده‌خولقێنیت و ڕوبه‌رێكی فراوانی بێمافی بۆ مرۆڤه‌كان ده‌خوڵقێنێت.

سكرتێری كۆچكردووی یه‌كێتی جه‌نابی (مام جه‌لال) له‌پێشه‌كی كتێبی سه‌گوه‌ڕی محمد موكریدا ده‌ڵێت: "ئازادی ئه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ربه‌ستی بە بێ ترس و له‌رز نوسه‌ر بتوانێ بیربۆچوونه‌كانی ده‌ربڕێ، ئه‌مه‌ مافی هه‌موو مرۆڤێكه‌، ئه‌وه‌ی به‌دڵی كاربه‌ده‌ستان و حزبه‌كانه‌ ئه‌وه‌ی به‌دڵیشیان نیه بینوسێ و بیدرکێنێ‌،نابێ تەنھا زمانی مەتح ھەبێ. دەبێ زمانی رەخنەش کاربکات، ئه‌گینا كام دیكتاتۆر زویر ده‌بێ له‌ مه‌دح و سه‌نا و پیاھەلدان و شاباش به‌سه‌ر لێداندا؟  هه‌موو حكومه‌ته‌ دیكتاتۆره‌كان ھەموو كاربه‌ده‌سته ‌زۆردار و ده‌ست ڕۆیشتووه‌كان و پارەدارە‌كان بۆ داپۆشینی زوڵم و زۆرو خیانه‌ت و ڕاو ڕوتی و دزی و تاوانه‌كانی خۆیان، ده‌توانن ده‌می هه‌ندێ نوسه‌رو خوێنه‌‌وار چه‌وركه‌ن و ویژدانیان بمرێنن یان لەناوبەرن، ناو به‌ناویش وایان لێبكه‌ن پێیانا هه‌ڵده‌ن و درۆ و ده‌له‌سه‌یان بۆ بڕازێننه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ئازادنین به‌ڵكو چاوه‌شی سیاسی و چاوه‌شی ئه‌ده‌بین، ئازادی مافی پیرۆزی مرۆڤه‌".

ئه‌م ده‌برینه‌ی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئێستا به‌شێك له‌ به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌ ناو ده‌زگا ئه‌منیه‌كاندا یه‌كناگرێته‌وه‌ ، ئاسایش و سه‌قامگیری كوردستان به‌ بێ گۆڕینی ئه‌م بونیادییه‌ عه‌قڵییه‌ و لۆژیكی میلیشیای چه‌كدارییه‌ كه‌ فۆڕمی شكاندن و بێنرخكردنی مرۆڤی له‌ پشته‌وه‌یه‌ نایه‌ته‌ دی ، خۆشه‌ویستی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر خه‌ڵك و په‌لاماردان و قامچی نایه‌ته‌ دی ،به‌ڵكو پێویستی به‌ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئه‌خلاقی هه‌یه‌ كه‌ ڕێز له‌ به‌های ئینسانه‌كان ده‌نێت له‌بری توندوتیژی و یاساییانه‌و ئاساییانه هه‌نگاو ده‌نێت  .

ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا بونه‌ته‌ ته‌ماشاكه‌رو بینه‌ری ئه‌م ڕوداوانه‌ و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌و ترس ناهێڵێت به‌ ڕاشكاوانه‌ و بوێرانه‌ بێده‌نگی بشكێنن و بپه‌یڤن و بنوسن، له‌به‌رده‌م ئه‌رك و ئه‌خلاق و به‌رپرسیاره‌تی مێژویدان و كۆمه‌ڵگا پێویستی به‌ جۆرێك له‌ رۆشنبیرو ڕوناكبیری ڕاستگۆو ڕاشكاو بوێر هه‌یه‌ كه‌ به‌رگری له‌ مافی ئه‌وانیتر بكات و بێده‌نگ نه‌بێت له‌ ئاست به‌ قوربانیكردنی ئینسانه‌كان له‌ پێناو گه‌مه‌یه‌كی موخابه‌راتیدا .  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×