ڕێکەوتنی پارتی‌و یەکێتی‌و پۆستی پارێزگای کەرکوک

دانا مه‌نمی‌
  2019-02-08     1733

لەدوای ڕوداوەکانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر کورد پۆستی پارێزگای کەرکوکی لەدەستداوە، یەکێتی ئەیەوێت پۆستی پارێزگای کەرکوک بەهەر نرخێک بێت وەربگرێتەوە بۆ ئەمەش چەند جارێک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەو کوتلەکانی عەرەبی و تورکمانی شارەکەدا کردووە و هەوڵی ڕێکەوتنیشی داوە بەڵام شکستیهێناوە. 

لەدوای ڕوداوەکانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر چەندین کەسایەتی یەکێتی نیشتیمانی چاویان لەسەر پۆستی پارێزگای کەرکوک بووە، بەڵام هیچ کەسێکیان نەیانتوانیووە ببنە پارێزگای کەرکوک، سەرەتا ناوی ڕزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی هات، هەولێری بەجێهێشت و دوومانگ لەکەرکوک مایەوە، بەڵام لە عەلی و لە عومەریش بو پۆستی مەڵبەندی هەولێریشی لەدەستداو پارێزگای کەرکوکیش نەبووە قیسمەت.

دواتر محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری یەکێتی لەعێراق چاوی لەپۆستی پارێزگای کەرکوک بو، بەڵام ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕەتیانکردەوەو ڕازی نەبوون‌و بەڵێنی پۆستی تریان پێداو لەداواکارییەکەی کشایەوە، دواتریش ڕێبوار تەها پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتیمانی لەعێراق، ژێر بەژێر لەهەموو زیاتر چاوی لە پۆستی پارێزگای کەرکوک بو، هەتا پاسەوانەکانیشی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەناوی پارێزگای کەرکوکەوە ناوی ڕێبوار تەهایان دەهێنا، بەڵام لەبەر کەمی ئەزموون مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕازی نەبو. 

پاشان خالید شوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی چاوی بڕییە پۆستی پارێزگای کەرکوک ،بەڵام خالید شوانی کەسێکی زۆربڵێ و کردار کەم، هەر ڕۆژەو لەسەر باڵێکی ناو یەکێتی پەت پەتێن دەکات ،بەشێک لەیەکێتی پشتیوانەو بەشیکی تری یەکێتی لەئاستی باڵادا ڕەتیدەکاتەوە،  پاشانیش ڕەفعەت عەبدووڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەرەتایی ڕووداوەکانی ۱٦ــی ئۆکتۆبەرەوە بەنهێنی و بێدەنگی لەڕێگەی ماڵباتی تاڵەبانییەوە چاوی لەسەر پۆستی پارێزگای کەرکوک بو، ماوەیەکیش ئاراس جەنگی دەیگوت ناوی پارێزگای نوێی کەرکوک لەگیرفانمدایە ، ئەو ناوە ناوی ڕەفعەت عەبدووڵا بوو ،بەڵام ڕەتکرایەوە، ئاخر جاریش ناوی ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی هات، هاوسۆزەکانی ئێران پشتیوانی ئاسۆ مامەندیان دەکرد ،بەڵام گرێی  پۆستی پارێزگای کەرکوک نەکرایەوە. 

دوای زنجیرەیەک کوبونەوەو ناکۆکی نیوانیان لە سەر دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی پێکهینانی کابینەی نۆیەم و ڕێکەوتن لەسەر بەغدا پارتی و یەکێتی ڕێکەوتن لە ۱۸ـی شوباتی ئەم مانگە هەم پەڕلەمانی کوردستان و هەمیش ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە .

ڕوون نییە کێ پۆستی پارێزگای کەرکوک وەردەگرێت ،یەکێتی ناوی چوار کەسی بۆ پارتی پێشنیار کردووە ئەوانیش هەریەک لە ڕزگار عەلی و ئاسۆ مامەندو ڕەفعەت عەبدووڵاو خالید شوانی یە . 

پۆستی پارێزگای کەرکوک گرێکوێرەی نیوان پارتی و یەکێتی و بەربەستی سەرەکی بەردەم گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بوو ، لەئاستی باڵادا لەناو پارتی دیموکرات دا ناوی عوسمانی حاجی مەحمود هێنراوە و لەناو یەکێتی نیشتمانیدا کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ڕازییە ، هێشتا ڕوون نییە ماڵباتی تاڵەبانی ڕازی دەبن یان نا ؟

عوسمانی حاجی مەحمود پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لەقۆناغی دوو ئێدارەی دا وەزیری ناوخۆ ئیدارەی سلێمانی بووەو دواتریش لەناو گۆڕاندا ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بووە  ، بەڵام ئەوە ڕوون بووەتەوە کە پارتی دیموكرات کاندیدی نابێت بۆ پۆستی پارێزگای کەرکوک ، لەدوای ڕوداوەکانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر کورد نیگەرانە لەمامەڵەی ڕاکان جبوری و لەناوخۆیشیدا یەکگرتوو نییە بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ لەکەرکوک .

دواجار پارتی و یه‌كێتی گرێبه‌سته‌ سیاسییه‌كه‌یان نوێده‌كه‌نه‌وه‌و له‌پاڵ خه‌باتی هاوبه‌ش !و شه‌هیدی هاوبه‌ش !و نه‌بوونی به‌دیل بۆ یه‌كتری! به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش !و گیرفانی هاوبه‌شیش دێته‌ گۆڕێ و ئاسایی ده‌بێت یه‌كێتی نیشتیمانی به‌ عه‌قڵی پارتی دیموكرات و پارتیش به‌عه‌قڵی یه‌كێتی نیشتیمانی قسه‌ بكات .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×