خەمی نان و ئازادی مێژوویەکی دێرینی ھەیە و بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەدەلێکی ئاینی ئەبسەلوت کە دەیەوێ لە رێگای ھەمان پرسیاری نان و ئازادییەوە بانگمان بکات بۆ جۆرێک لە ملکەچی و رازیبوونێکی ئەبەدی ئیدی هەم نان و هەمیش ئازادی جێگەی پرسیارو بۆمان گرنگ نەبێت ، لەلایەکی تریش خەمی نان و ئازادی پرسێکی گرنگی ناو کایەی شۆڕشگیری بووەکە ژیانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تەرخانکردووە و لە پێناویدا خەباتیان کردووەو بونەتە قوربانی ، لە پاڵ ئەمانەیشدا نان و ئازادی خەمی زۆرێک لە بیرمەندان بووەو کە لە پلاتۆنەوە بۆ دیکارت و مارکس و ھۆبز …هتد بە میتۆدی جیاواز تێڕامانی خۆیان لە بارەوە کردووە ، هەڵبەت ئاینیش دەرباری نان و ئازادی قسەی خۆی هەیەو وەک جۆرێک لە تابۆی دینی وێنای دەکات.
نان و ئازادی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا ململانیەکی فیکری لە نیوان حەزرەتی مەسیح و بیرمەندان بەدوای خۆیدا هێنا ، کاتێک حەزرەتی مەسیح دەرکەوت، وەک ئاماژەیەک بۆ ونبوونی لایەنی رۆحی و فکری لە ناو دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە وتی ( مرۆڤ تەنھا بە نان ناژی) . لە وەڵامدا بیرمەندان قسەکەی مەسیحیان پێچەوانە کردەوە و وتیان (مرۆڤ تەنھا بە بەڵێنی چوونە بەھەشت ناژی) دواتریش لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١دا لە هەناوی وڵاتانی کۆمۆنیستیدا جوڵانەوەیەکی نوێ سەری هەڵدا و وتیان (مرۆڤ تەنیا بە ئایدۆلۆژیا ناژی و پێویستی بە نان و ئازادییە) . هەموو ئەمانە ڕاستن مرۆڤ نە بە بێ نان نەبەبێ ئازادی ئیمکانی بەردەوامی ژیانی نییە و نان و ئازادی بۆ وجوودی ئینسان پێویستی جدیین .
ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک تەجروبەی خراپدا وەستاوین کە کە پایەی تاکڕەویی و فاشیزم بەهیزتر بووەو مەترسی جدی لەسەر ( نان و ئازادی ) ئینسانەکان زیاتر بووە ، خەمی ئازادی لە حەڤدەی شوباتی ٢٠١١ فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی تاک و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەمی خزمەتگوزاریی و نا دادپەروەریی و سەروەرنەبونی یاسا بوو ، شۆڕشی حەڤدەی شوبات لێکەوتەکانی جوان بوون بەڵام بەهەموو جوانییەكانییەوە، خەڵك هێشتا نەگەیشتبوونە ئەو ئاستە هۆشیارییەی کە پارتی و یەکێتی لە خشتەی نەبات .
لە دوای سالانی ٢٠١٤ وە خواستی شەقام لەسەر خۆپیشاندان دەبێتە خواست لەسەر مسۆگەرکردنی نان و مووچە و قووتی هاونیشتمانی، لەو ساوە تا ئیستا پارتیو یەكێتی بێباکن و بەرامبەر کۆمەڵگاو هەر كەسێكی ناڕازیی، دەیان شەقوەشێنیان پەروەردە کردووە و بەرامبەر هەر بەردێكی ناڕازیی، هەزاران فیشەكیان هەیە ! و خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن ، پارتی و یەکێتی هەموو نەریتە جوانەکانی ناو شۆڕش و کوردایەتی و ڕاپەرین و ئەزموونی بەناو دیموکراسیان کوشت ، دوای سی ساڵ لە حوکمرانیەتی کوردی هێشتا دروشمی نان و ئازادی لە قۆناغی شۆڕشگیریدایە ، نان هەر بۆ ئەوانەیە کە کوێرانە دوای پارتی و یەکێتی کەوتوون ، ئازادیش هێشتا بە عەقڵ حیزب و پێوەرەکانی حیزب مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت ،کۆی هێزە سیاسییەکانی تری بەناو ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر ئەو دۆخە مەینەت بارە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی گەورەیان لە ئەستۆیە .