لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەوڵەتی عوسمانی دژ بە فەرەنساو بەریتانیا (هاوپەیمانەکان) ، چووە بەرەی ئەڵمانیا و نەمسا و هەنگاریا و دواجار بەرەی دەوڵەتی عوسمانی زۆر خراپ شکستی هینا ، دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم هاوپەیمانە براوەکان لە ڕۆژی ١٠ـی ئابی ١٩٢٠ دا وەک سزایەک پەیمانی ( سیڤەر ) یان دژ بە دەوڵەتی عوسمانی و پیاوە نەخۆشەکەی عوسمانییەکانی (کەمال ئەتاتورک) واژۆکرد ، کە لە بڕکەکانی ( ٦٢ ، ٦٣ و ٦٤ ) یدا مافەکانی گەلی کورد بە تەواوی سەلمێنرابوون ، لە ڕاستیشدا بۆ نەتەوەکەمان لەو سەردەم و قۆناغەدا دەسکەوتی مەزن و پڕ بەها بوون .
کەمال ئەتاتورک داوای لە هاوپەیمانان کرد کە پەیمانی سیڤەر هەڵوەشێتەوە و لە جێگەیدا پەیمانی لۆزان جێبەجێ بکرێت ، بەڵام نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا بە بیانووی ناڕۆشنی چارەنووسی کورد لە تورکیادا ئامادەنەبوون بچنە ژێرباری پەیماننامەیەکی تازەوە بەناوی لۆزان ، هەرچەندە نوێنەرەکەی کەمال ئەتاتورک چیرۆکی پێکەوە کیانی کوردو تورکی گیڕابویەوە بۆ نوێنەرانی ئەوروپا بەڵام باوەڕیان بەو قسانە نەکردبوو ، کەمال ئەتاتورکیش بۆئەوەی دەوڵەتی کوردی بەپێی پەیماننامەی سیڤەر دروست نەبێت دەچیتە شاری دەرسیم و کوردێک بەناوی (حەسەن خەیری) دەدۆزێتەوە و جلوبەرگی کوردی پێ دەپۆشێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە ناو پەرلەمانی تورکیاو لەپێش چاوی میدیا و میدیاکاران حەسەن خەیری دەڵێ : ئێمەی کورد نامانەوێت جیاببنەوە و دەمانەوێت لەگەڵ تورکدا پێکەوە لەسەر یەک خاک بژین .
پاشان کەمال ئەتاتورک و حەسەن خەیری پێکەوە برسکەیەک دەنێرن بۆ لیژنەیەک لەناو پەرلەمانی ئەوروپا بۆئەوەی پەیماننامەی سیڤەر هەڵوەشێتەوە و لەجێگەی پەیماننامەی لۆزان کاری پێ بکرێت ، ئەم نواندنەی حەسەن خەیری زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی میلەتەکەمان دەگەیەنیت و خەونی دەوڵەتی کوردی لەبار دەبات ، دوای ئەوەی ئەتاتورک دڵنیا دەبێت لەناوچوونی پەیمانی سیڤەر هەر زوو حەسەن خەیری دەستگیردەکات و ڕووبەڕوی دادگای سەربازی دەکاتەوە بە تاوانی جیاخوازی و پۆشینی جلو بەرگی کوردی لە ناو پەڕلەماندا ، هەرچەندە حەسەن خەیری دەڵێ : ئەو کارەم بۆ بەرژەوەندی تورکیای کردووە تا دەوڵەتی کوردی دروستنەبێت . بەڵام دادگا دەڵێ : لە بەرکردنی جلی کوردی لە ناو پەڕلەماندا پێشێلکردنی دەستورە . لە ئەنجامدا دادگاش حوکمی لە سێدارەدان بەسەر حەسن خەیری دا دەسەپێنێت.
بەداخەوە دەڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان حەسەن خەیریمان زۆرە ، حەسەن خەیرییەکانی ئەمڕۆ کڵاویان کراوەتەوە سەر و وەک حەسەن خەیرییەلەی لۆزان نۆکەرو چاو و گوێی ئەردۆگانن ! حەسەن خەیرییەکانی ئەمڕۆ ئەشکەوت و کونەبەرد و یاڵ و سەنگەرو شۆێنپێی ئەو گەریلا قارەمانانەی قەندیل دەستنیشان دەکەن کە ئوستورەی تورک تیکدەشکێنن ، ئەوەی ئیستا حەسەن خەیرییەکان دەیکەن دژ ڕۆژئاوا و کەمپی مەخموروسنورەکانی ڕۆژئاوا دەیکەن نە با بە دەواری شر ، نە سەرما بە هەتیوی نەکردووە ! ئەها ناوبەناویش ئەردۆگان لە دونیای دەرەوەدا لە پێش چاوی میدیاو میدیاکاران قسەو لێدوانی حەسەن خەیرییەکانی ئەمڕۆ وەک بەڵگەی نیازپاکی نیشان دەدات و دەڵێ : ئێمەی تورک لە هەرێمی کوردستاندا کیشەمان لەگەڵ کورددا نییە و ئەوان برای ئێمەن ، ئەگەر باوەڕ ناکەن فەرموون لە حەسەن بپرسن !