ڕۆژئاوای کوردستان زۆربەی سنورەکانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکاری تورکیاو سوریادایە ، تەنها دەروازەیەک لەبەردەم ڕۆژئاوای کوردستاندا دەروازەی سێمالکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ، ئەم دەروازەیە دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی نێوان رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان ،سێمێلکا دەروازەی سەرەکیی نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستانە، جگە لە هاتووچۆی هاونیشتمانیان و شاندە نێوخۆیی و بیانییەکان، بۆ مەبەستی بازرگانیش بەکاردێت ، داخستنی ئەم دەروازەیە کارێکی نامرۆڤانەیەو تاوانێکی گەورەیە گەمارۆ بخرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان تەنها لەبەر ئەوەی بونەتە خاوەنی ئیدارەیەکی سەربەخۆ ، لەکاتێکدا کوردانی ڕۆژئاوا مافیان بەسەرمانەوە هەیە و دەبوایە ئەو دەروازەیە بەڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا کراوە بوایە ، داخستنی دەروازی سێمێلکا لەژیر هەر بیانوو سیناریۆیەکی سیاسی و ئەمنی دا بێت کارێکی نامرۆڤانەیە و ئەمە چوارەم جارە پارتی دەرگای سێمالکا بە سەر ڕۆژئاوای کوردستاندا دادەخات .
دەروازەی سێمێلکا دەروازەیەکی بازرگانیە و دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و خواردەمەنی وچارەسەری پزیشکی کوردانی ڕۆژئاوا لەو دەروازەوە لەنێوان رۆژئاواو باشوری کوردستان ئاڵوگۆر پێ دەکرا ، لەماوەکانی ڕابردوودا ئەو کەسانەی بەنیازی سەردان لە رۆژئاواوە دەهاتنە هەرێمی کوردستان لە دیوی پیشخاپوور پارتی دیموکراتی کوردستان فۆڕمێکی پێ پڕ دەکردنەوە بەناوی فۆڕمی گەشتیاری ، لەکاتێکدا ئەو پرسیارانەی کە لە فۆڕمەکەدا هەبوو زیاتر پرسیاری هەواڵگریی بوو وە داوای زانیاری هەواڵگری لەو کەسانە دەکرد کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکرد ، سەرباری ئەوەی ژورێکیان داناوە بۆ چاوپێکەوتن و کاتێک گەشتیار یان نەخۆشێک دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکەی پارتی دەچێتە ژوری چاوپێکەوتن و دەبێ وەڵامی دەیان پرسیاری تری هەواڵگری بداتەوە ، هەندێکجار ئەگەر کاربەدەستانی پارتی وەڵامەکانیان بە دڵ نەبێت سوکایەتی بە گەشتیاران دەکەن ، دواجاریش پارتی بۆئەوەی زیاتر دڵی ئاو بخواتەوە و سوکایەتی زیاتر بە کوردانی ڕۆژئاوا بکات بە ئەنقەست چەندین کاتژمێر لە چاوەڕوانیدا دەیانهێلێتەوە و ڕێگەنادات گەشتیاران بپەڕنەوە .
دەوڵەتی تورک دوای ئەوەی لەرێی لەشکر و پەلاماری سەربازییەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان شکستی هێنا ، دیوی پشتەوەی شکستە سەربازی و هەواڵگرییەکانی تورکیا دژ بە رۆژئاوای کوردستان و فشاری سیاسی و بەکارهینانی پارتی یە وەک ئامرازێک دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ، تورکیا لەساڵی ٢٠١٧ وە فشاری خستووەتە سەر پارتی کە دەروازەی سێمێلکا بە رووی ڕۆژئاوای کوردستان دابخات ، کە بە داخەوە پارتی دەستی لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژە ئیقلیمیانەی دەوڵەتی تورک تێکەڵ کردووە، کە رێ لە بە ئاوات گەیشتنی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردانی ڕۆژئاوا دەگرن ، ئێستا پارتی بۆتە هێزی تەحتەلتەڵەبی پلانەکانی تورکیا دژ بە کوردانی ڕۆژئاوا ، پارتی بهبێ هیچ پاساوێك و بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم دەروازەی سێمێلکا-پیشخابور داخستووە ، خۆ ئەگەر جارێک ئەردۆغان تاوانباربێت، ئەوا دوو جار پارتی و سەرۆکەکەی تاوانبارن لەئاست داخستنی دەروازەی سێمێلکا .
تورکیا فشارێکی زۆری خستووەتە سەر پارتی و شەڕی پارتی لە سەر سنوری رۆژئاوای کوردستان گەرم کردووە ، پارتییش درێغی نەکردووە و تا ئێستا ئەوەی لە دەستی هاتبێت دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان لە لێدانی خەندەقەوە بیگرە بۆ ئابڵوقەی ئابوری ، داخستنی دەروازی سێمێلکا ،دروستکردنی هێزی چەکداری دژ بە ڕۆژئاوا ، دەستێوەردان لە کاروباری کانتۆنەکان ،ڕاکێشانی کادر و ئەندامانی لایەنەکانی ڕۆژئاوا بۆ ناو پارتی بە پارە و پلە و پۆست و موچەیەکی بەرز، هەموو ئەمانە شەڕی دوژمنکارانەی پارتیە دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ، کاتێک دیمەنی شۆفڵ و بیلدۆزەرەکانی پارتیم بینی لەنێوان باشورو ڕۆژئاوادا خەندەقیان لێ دەدا تێگەیشتم بابەتەکە سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی نییە ،بەڵکو تەحتەلتەڵەبی تورکیایە و دەبێ جێبەجێ بکرێت ! لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، بەسەرنجدان لە واقیعی ئێستادا بواری زیاتر بۆ دەستێوەردانی تورکیا لە ڕێگەی پارتییەوە دەبێت و کێشەو قەیرانەکان زیاتر قوڵ دەبنەوە و لێکترازانی زیاتر لە نێوماڵی کوردو بەتایبەت (باشورو ڕۆژئاوا ) دروست دەبێت ، وسازش نەکردن بۆیەکتر بە زیانی گەورەوکارەسات بۆسەر دۆزی کورد شکاوەتەوە و بە قازانجی داگیرکەرانی کوردستان کۆتایی پێھاتووە.