خەونی پارتی‌و كابیینەی نۆیەم، بێدەنگی یەكێتی‌و گۆڕان

دانا مه‌نمی‌
  2020-10-23     769
پارتی نایەوێت لە جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەم دا بگەڕێتەوە بۆ هێڵە گشتییەكانی ڕێكەوتنی پێكهینانی كابینەی نۆیەم لەگەڵ یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان ، بریاربوو پارتی رێز لە دیدو ڕوانین و بەرنامەی یەكێتی و گۆران لەناو كابینەی نۆیەم دا بگرێت و پلان و ئەجێندای هەرسێ هێزەكە (پارتی ،یەكێتی ، گۆران ) پێكەوە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان تەرخان بكرێت ، پرسی (چاكسازی و ئاشكراكردنی داهاتی خاڵە سنورییەكان و داهاتی نەوت و ریكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد ،پرسی ئازادی و دیموكراسی ) خاڵی هاوبەشی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆران بوو كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەم دا جێگیر كرا ، ئێستا دوای زیاتر لە ساڵێك لە تەمەنی كابینەی نۆیەم یەكێتی و گۆران نەیانتوانیوە پراكتیزەی بەرنامەو پرۆژەكانی خۆیان لە ناو كابینەی نۆیەم دا بكەن ،بەردەوامیش یەكێتی و گۆران گلەییان لە پارتی هەیە كە ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێكردنی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم و پارتی نایەوێت كۆی رێككەوتنامەكە جێبەجێ بكات .

یەكێك لەو خاڵانەی كە بەهایەكی زۆری بۆ چین و توێژە جیاجیاكان لە كوردستان هەیە پرسی (ئازادی و دیموكراسی )یە ، بەپێی ئەو ئامارانەی كەلە بەردەستدان كابینەی نۆیەم لە ڕووی ئازادیی و بەهاكانی دیموكراسییەوە لە پاشەكشەدایە ، ئەم كابینەیە لە تەمەنی بەڕیوەبردنی خۆیدا هونەرەكانی ئازادی و دیموكراسی لەناو بردووەو چالاكووان و ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان لەبەردەم سەركوتی هێزێكی سیاسیدان كە لە پشتی هەر دیاردەیەكی كوشتنەوە تەنها بە كوشتن دەستبەرداریان نابێت و بۆ شێواندنی ڕای گشتی سیناریۆیەکی ئابڕووبەرانەشیان بۆدەهۆنێتەوە! دیاردەی گرتن و پەلاماردان و ڕفاندنی رۆژنامەنوسان و خەڵكی ئازادیخواز لە قەڵەمڕەوی پارتی دا رۆژ بە رۆژ روو لە ھەڵکشانە، ،بەداخەوە تائێستا یەكێتی و گۆران بە پلەی یەكەم پاشان لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانی كوردستان و داواكاری گشتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە ئاست ئەم دیاردەیەو مێنتاڵییەتی و خەونی پارتی بێدەنگن !

ئەم دۆخەی ئێستا لە ناو بۆشاییەوە دروست نەبووە ، بەڵكو بەرمەبدای بێدەنگی كوشندەی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بووە لەكابینەی نۆیەم دا كەهاوپەیمانی پارتی دیموكراتی كوردستانن ، چەندە پارتی بەرپرسە لە دیاردەی گرتن و پەلاماردان و رفاندن و كوشتن بۆ سەر خەڵكی ئازادیخوازو رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی ،هێندەش یەكێتی و گۆران بەرپرسن لە دورستكردنی بێدەنگی و تەمبەڵی و بەرخۆری ، یەكێتی و بزوتنەوەی گۆران لەبری ئەوەی لەخەمی چارەسەركردنی كەیسە گەورەكانی وەكو پرسی ئازادی و مافی مرۆڤ و لەهەوڵی دابینكردنی ئاسایشی زیاتر و پاراستنی كەرامەت و بەهای تاكی كورد و شكۆی كوردبون بن ،كەچی سەرگەرمی دونیای شتەبچوكەكانن ! بۆ ستۆپكردنی پارتی دەبێ یەكێتی و گۆران پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی تر لۆبییەكی فراوان پێكبهێنن و لەپەرلەمان و كابینەی نۆیەم بكشێنەوە و نەبنە پردی دروستكردنی ستەمكار لە كوردستان ،ئێستا پردی دروستكردنی ستەمكار بەشانی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆرانەوەیە پارتی لە ڕێگەی بێدەنگی ئەم پردەوە سەركوتی ئازادیخوازان و رۆژنامەنوسان دەكات و خەونی ستەمكاری دەگوازێتەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی ترو ئۆرگانیزەی دەكات .

سەرباری كێشەی ئابوری و پرسی موچەخۆران كە دابڕاو نین لە كێشە سیاسیەكان ، بەراورد بە كێشە سیاسییەكان و پرسی ئازادی و پاراستنی بەهاو كەرامەتی مرۆڤیش كێشەی بچوك نین ، پرسی موچەو كێشەی ئابوری وایكردووە كە ئاڵنگاری مافەكانی مرۆڤ و پرسی ئازادییەكان نەبینین و تەنها گوێمان لە هاوار و بێدادی و نەبوونی نان و موچە بێت ، بۆڵە بۆڵی یەكێتی و گۆران و لایەنەكانی تر لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دۆخەكە ڕاست ناكاتەوەو ڕاستكردنەوەی دۆخەكە پێویستیی بە ڕاستگۆیی و ڕاشكاوی ئیرادە و هەڵویست هەیە ،بەرای من لە نێوان یەكێتی و گۆران و ئیسلامیەكاندا خاڵی هاوبەش حزوری هەیە و خەونی هاوبەشی هەموانیش دەبێ لە پێناو پاراستنی ئازادییەكان بۆ ئازادیخوازان بێت ، پێویستە بێدەنگی بشكێنن و بە ئەرك و ڕۆڵی ئەخلاقی خۆیان هەستن.

دیموكراسی و ئازادی و به‌های مرۆڤ و كۆمه‌لگا له‌ كوردستاندا ئه‌سیری ئه‌و فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌یه‌ كه‌ پارتی به‌رهه‌میهێناوه‌ ،زه‌حمه‌ته‌ پارتی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م فه‌رهه‌نگ و كلتورو فه‌لسه‌فه‌یه‌ بێت كه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وشی ده‌رونی و سایكۆلۆژیای تاكی كورد و وێرانسازی به‌رهه‌م هێناوه‌ ، ئەم سلوكەی پارتی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و دارمان ده‌بات و كه‌لێنی نێوان خه‌لك و حكومه‌ت و حیزب فراوانتر ده‌كات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×