شارگەلی شووشەیی: سەرمایەدارییەکی ناسک

ئەکرەم سەعید
  2026-11-22   

ڕۆچوونی قووڵی تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان و ژیریی دەستکرد، و پشتبەستنی ڕەها بە ژێرخانەکانی کارەبا و پەیوەندییە ئاسمانییەکان لە بەڕێوەبردنی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەدا، بووەتە هۆی خوڵقاندنی پارادۆکسێکی مەترسیدار کە لە لاوازی و ناسکیی سیستەماتیکی سەرمایەداریی هاوچەرخدا خۆی دەنوێنێت. هەرچەندە ئاڵۆزی و بەیەکەوە بەسترانی ئەم تۆڕانە زیاتر بێت، ئەگەری داڕمانیان بەرزتر دەبێتەوە؛ چونکە سەرەڕای دیمەنی بیناسازی و تەکنیکیی بریقەداری شارە مۆدێرنەکان، ژێرخانەکەیان لە بونیادێکی کاغەزی یان شووشەیەکی تەنک زیاتر نییە، و هەر تێکچوونێکی لەناکاو یان هێرشێکی سایبەری کە ناوەندەکانی وزە و مانگە دەستکردەکان بکاتە ئامانج، بەسە بۆ دروستکردنی داڕمانێکی زنجیرەیی کە لەگەڵ یەکەم زەبر و شۆکدا کارە زیندووەکانی کۆمەڵگە دەوەستێنێت. ئەمەش هەمان ئەو خاڵەیە کە ژمارەیەک لە بیرمەندە مارکسییە هاوچەرخەکان و ڕەوتە ڕەخنەگرەکان هۆشدارییان لەبارەوە داوە، و ڕوونیان کردووەتەوە کە پابەندبوونی لەڕادەبەدەر بە کێبڵ، داتا، و ژیریی دەستکردەوە، خاڵی خنکاندنی کوشندە دروست دەکات کە تەواوی سیستەمەکە دەخاتە سەر لێواری ئیفلیجبوون.

تەنها لەم ساڵدا (٢٠٢٦) هەڵکشانێکی بێوێنەی لە پەککەوتن و هاککردنە گەورەکاندا بەخۆوە بینی، کە بریتی بوون لە ئیفلیجبوونی وێستگەکانی سووتەمەنیی ئەمریکا، هاککردنی ئامێرەکانی ڕێدۆزی بەستراوە بە مانگە دەستکردەکانەوە، پەککەوتنی خزمەتگوزارییە هەورییەکانی «مایکرۆسۆفت» بۆ زیاتر لە ٣٦ کاتژمێر لە ٧٠ وڵاتدا، سەرەڕای بەئامانجگرتنی سیستەمە هەستیارەکانی ساردکەرەوە و بانکەکانی خوێن لە فەرەنسا، بەریتانیا، بەلجیکا و سوید. ئەم ڕووداوە خێرایانە ئەوە دەسەلمێنن کە بەیەکەوە بەسترانی دیجیتاڵیی لەڕادەبەدەر، شارە هاوچەرخەکانی گۆڕیوە بۆ قەوارەیەکی شووشەییی زۆر هەستیار، کە هاککردنی تەنها یەک ئەڵقە تێیدا بەسە بۆ دروستکردنی ئیفلیجبوونێکی بەرفراوان.

 

وەهمی پاراستن: لە بەردەوە بۆ ئەلگۆریتم‪

لە سەردەمە دێرینەکاندا، هەڕەشەکان سیمایەکی ماددیی ڕاستەوخۆیان هەبوو، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە لە ڕێگەی دروستکردنی بەربەستی بەردینی پتەوی وەک قەڵا و شووراکانەوە وەڵامیان دەدایەوە (لە سەرووی هەمووشیانەوە شوورای مەزنی چین؛ بەو گومانەی کە بەرگرییەکی هەتاهەتاییان پێ دەبەخشێت). بەڵام مێژوو سەلماندی کە هەر شوورایەک دروست دەکرێت، زۆر ناخایەنێت تاکتیکێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت کە تێی دەپەڕێنێت، جا چ لە ڕێگەی دەورلێدانەوە بێت، یان خیانەتی ناوخۆیی، یاخود پەرەسەندنی ئامێرەکانی گەمارۆدان. ئەمڕۆش، سەرمایەداریی هاوچەرخ جێگەی «شوورا بەردینەکە»ی بە جبەخانەیەکی تەکنیکی و سەربازیی لێکدراو گرتووەتەوە، کە «دیوارە ئاگرینەکان»، مانگە دەستکردەکان، و سیستەمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانیی وەک «پاتریۆت» کۆدەکاتەوە بۆ پاراستنی جومگە هەستیارەکانی وەک بانک، وێستگەکانی وزە، و کێبڵەکانی پەیوەندی؛ ئەمەش وەهمێکی نوێی بەرگریی ڕەها دەخوڵقێنێت.

بەڵام ئەم واقیعە پەردە لەسەر پارادۆکسی لاوازیی پێچەوانە هەڵدەداتەوە: هەرچەندە پێشکەوتن و ئاڵۆزی زیاتر بێت، بازنەی ڕووتبوونەوە و بێبەرگریش فراوانتر دەبێت. لە کۆندا، ئەگەر شوورای شارێک بکەوتایە یان قەڵایەک بڕووخایە، گوند و هەرێمەکانی دیکە دەیانتوانی بە شێوەیەکی نیمچە سەربەخۆ لەسەر ژیانی سادەی کشتوکاڵیی خۆیان بەردەوام بن. بەڵام لە شاری سەرمایەداریی مۆدێرندا، پشتبەستن بە تۆڕی ناوەندی، ئەگەری داڕمانی شارەکە چەند هێندە دەکاتەوە؛ چونکە تەنها هێرشێک بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێچوو کەمەکان یان لێدانێکی مووشەکی بۆ سەر یەک وێستگەی کارەبا، یاخود هاککردنێکی سایبەری بۆ سێرڤەرێکی ناوەندی، بەسە بۆ ئەوەی شارێکی ملیۆنی بە تەواوی بکوژێنێتەوە و لە چەند چرکەیەکدا نەخۆشخانە و بانک و تۆڕەکانی پەیوەندییەکەی ئیفلیج بکات. ڕووداوە مەیدانییەکانی ئۆکرانیا، ناوچەی کەنداوی عەرەبی، و ئیسرائیل سنوورداریی ئەو قەڵغانە ئاسمانییانەیان لە بەردەم پۆلە درۆن و مووشەکەکاندا سەلماند، هەروەک چۆن هێرشە سایبەرییە دووبارەبووەکانی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستەوسانیی نەرمەکاڵا و مانگە دەستکردەکانیان لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ژێرخانە دیجیتاڵییەکان دەرخست؛ تاوەکو دیمەنی هاوچەرخ ئەوە دووپات بکاتەوە کە باڵادەستیی تەکنەلۆژی لاوازیی شارە مۆدێرنەکان هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵکو لە بەردەم زەبر و شۆکەکاندا زیاتر ڕووت و بێبەرگرییان دەکات؛ واتە ئاڵۆزبوونی سیستەمەکان بە مانای بەهێزبوونیان نایەت، بەڵکو بە مانای زیادبوونی «خاڵە لاوازەکان» دێت.

 

ئەفسانەکان و هەژموونی تۆقاندن‪

ئەفسانەکانی کۆتاییی جیهان و کارەساتە گەردوونییەکان لە شارستانییەتە دێرینەکاندا، تەنها چیرۆکی میللی نەبوون بۆ لێکدانەوەی فەلسەفی، بەڵکو لە دەستی پاشا و کاهینەکاندا گۆڕان بۆ «ئایدیۆلۆژیای ترس» کە بە کارایی دەقۆزرانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەر، پاساوهێنانەوە بۆ دەسەڵاتی ڕەها، و سەرکوتکردنی هەر مەیلێکی یاخیبوون. ئەم بەکارهێنانە سیاسییەی تۆقاندن، بە ڕوونی لە شارستانییەتە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەرکەوت؛ لە میسری کۆندا، کاهینەکان لە هزری خەڵکدا ئەوەیان چەسپاندبوو کە گەردوون بوونەوەرێکی ئێجگار ناسکە و دڕندەکانی ئاژاوە (وەک ماری ئەپۆفیس) بۆسەیان بۆ ناوەتەوە، هەروەها قەناعەتیان پێ کردبوون کە فیرعەون تاکە بەربەستە -بە سیفەتی ئەوەی خوداوەندێکی بەرجەستەیە- کە توانای پاراستنی سیستەمی گەردوونیی (ماعت)ی هەیە؛ ئەمەش وایکردبوو هەر یاخیبوونێکی سیاسی یان خۆدزینەوەیەک لە باجدان، وەک هەڕەشەیەکی وجودی وێنا بکرێت کە لەناوچوون بەسەر هەموواندا دەهێنێت. لە هیندستانی کۆنیشدا، پێشبینییەکانی سەردەمی تاریکی (کالی یۆگا) بۆ چەسپاندنی سیستەمی چینایەتی بەکاردەهێنران؛ چونکە بژاردە ئایینی و سیاسییەکان، یاخیبوونی چینە نزمەکانیان دەبەستەوە بە هاتنی کارەساتی گەردوونییەوە، تاوەکو هەژار و پەراوێزخراوەکان قایل بکەن بەوەی ملکەچبوون بۆ واقیعە ناهەموارەکەیان ئەرکێکی پیرۆزە (دارما) کە وێرانبوونی جیهان دوادەخات. سەبارەت بە چینی کۆنیش، ئیمپراتۆرەکان لێکدانەوەی تووڕەییی گەردوونییان لە ڕێگەی بیروباوەڕی «ڕاسپاردەی ئاسمان»ـەوە قۆرخ کردبوو، تاوەکو سەقامگیریی سروشت ببەستنەوە بە گوێڕایەڵیی ئیمپراتۆرەوە، و هۆشدارییان دەدا کە تێکچوونی هاوسەنگیی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لافاو و کارەساتی وێرانکەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لێرەدا وەزیفەی ئەفسانە ئایینی و گەردوونییەکان وەک «ترسی ئەپۆکالیپتی - کۆتاییی جیهان» هەرگیز بێلایەن نەبوون. بەڵکو دەسەڵاتداران «ترسی وجودی» لە مێشکی خەڵکدا دەچێنن تاوەکو مرۆڤ لە بری ئەوەی بیر لە گۆڕینی واقیعە سەختەکەی بکاتەوە، تەنها بیر لە «مانەوە» و «ڕزگاربوون لە فەنا» بکاتەوە. کاتێک مرۆڤ بترسێت جیهان بڕووخێت، چیتر داوای دادپەروەری ناکات، بەڵکو بە هەر دەسەڵاتێکی ستەمکار ڕازی دەبێت بەو مەرجەی لەو ڕووخانە بیپارێزێت.

ئەم میراتانە ئەوە دەسەلمێنن کە مرۆڤایەتی هەر لە کۆنەوە درکی بەوە کردووە کە هەر شارستانییەتێک هاوسەنگیی ناوخۆیی خۆی لەدەست بدات، تۆوی داڕمانی خۆی لە ناخی خۆیدا هەڵدەگرێت. بەڵام مەترسیدارتر لەوە، بەردەوامبوونی ئەم ئەرکە ئایدیۆلۆژییەی تۆقاندنە لە سەردەمی مۆدێرندا؛ کە تێیدا گێڕانەوەکانی ڕزگاری و وێرانکاریی گشتگیر -لە جەنگی «هەرمەجدوون» و پێشبینییەکانی کۆتاییی جیهانەوە، تا دەگاتە قۆستنەوەی ڕەمزییەتی ڕزگارکەری چاوەڕوانکراو (مەسیح یان مەهدی) لە گوتارە پۆپۆلیستی و سیاسییەکاندا- وەک ئامرازێک بانگهێشت دەکرێن بۆ سڕکردنی هۆشیاریی دەستەجەمعی، پاساوهێنانەوە بۆ جەنگەکان، و پەردەپۆشکردنی قەیرانە بنیادییە قووڵەکانی سەرمایەداریی هاوچەرخ و بژاردە گەندەڵەکانی. بەم شێوەیە، سەرمایەداری سەرلەنوێ هەژموونی تۆقاندنی دێرین بە فۆرمێکی تەکنیکی و عەقیدەییی مۆدێرن بەرهەم دەهێنێتەوە؛ چونکە تەلارێکی تەکنەلۆژیی سەرسوڕهێنەر بونیاد دەنێت کە لەدەستدانی هاوسەنگیی بنیادی و ئەخلاقیی خۆی دەشارێتەوە، و بە هەڕەشەی «گەڕانەوە بۆ ئاژاوە» و داڕمان لەگەڵ یەکەم شۆکی ڕاستەقینەدا جێی دەهێڵێت. ئاماژەکردن بە ڕەمزی «ڕزگارکەری چاوەڕوانکراو ‪- مەسیح یان مەهدی» و جەنگی «هەرمەجدوون» لە گوتاری سیاسیی هاوچەرخدا، ڕەخنەیەکی فەلسەفیی قووڵە لە «نامۆبوونی ئیرادە». چونکە کاتێک خەڵک وا ڕادەهێنرێن کە چاوەڕێی موعجیزەیەکی ئاسمانی یان ڕزگارکەرێکی نادیار بن، ئەوا دەستبەرداری هێزی خۆیان دەبن وەک بکەرێکی مێژوویی؛ بەمەش هۆشیاریی دەستەجەمعی سڕ دەبێت و قەیرانە راستەقینەکانی سەرمایەداری (وەک هەژاری و جەنگ) وەک «قەدەرێکی حەتمی» وێنا دەکرێن نەک ئەنجامی سیاسەتی مرۆڤەکان.

سەرمایەداریی هاوچەرخیش هەمان یاریی فیرعەون و ئیمپراتۆرەکان دەکات، بەڵام بە کەرەستەی نوێ. لە بری «ماری ئەپۆفیس»، ترسی «تیرۆر، جەنگی ئەتۆمی، یان کۆتاییی جیهان» بەکاردەهێنێت تاوەکو خەڵک بێدەنگ بکات بەرامبەر ئەو نایەکسانییە ئابوورییە گەورەیەی لە جیهاندا هەیە، لە کاتێکدا خودی سیستەمەکە لە ناوەوە بەهۆی قەیران، شەڕەکان، چاوچنۆکی و گەندەڵی دەسەڵاتدارەکانییەوە هاوسەنگیی خۆی لەدەست داوە و وەک «تەلارێکی شووشەیی» ئامادەی داڕمانە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، حکومەتە بۆرژوازییەکان ئەمڕۆ پەنا دەبەنە بەر بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی تۆقاندنێکی ڕێکخراوەوە، کە تێیدا داوا لە هاووڵاتیان دەکەن ماددە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ ماوەی لانیکەم هەفتەیەک کۆگا بکەن؛ یانی بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی لیبڕاڵی«تاکگەرایی و پەرتەوازەکردن» لەنێو خەڵکیدا. لە پارادۆکسێکی گاڵتەجاڕانەدا کە وا نیشان دەدات وەک ئەوەی جەنگەکان و کارەساتە بنیادییەکان دوای حەوت ڕۆژ کۆتاییان پێ بێت!؛ چۆن قەیرانێکی قووڵی ژینگەیی، ئابووری، یان جەنگێکی جیهانی، لە سەبەتەی خۆراکی «حەوت ڕۆژ»ـدا کورت دەکرێتەوە؟ ئەمە پێی دەوترێت «بچووککردنەوەی کارەسات»، تاوەکو مرۆڤ هەست بکات قەیرانەکە کاتییە و بە سەبەتەیەک خۆراک چارەسەر دەبێت، نەک گۆڕینی ڕیشەییی سیستەمەکە. ئەم بانگەوازانە ئەوەندەی هەوڵ دەدەن بۆ برەودان بە چارەسەرە تاکەکەسییەکان بۆ ڕزگاربوون، ئەوەندە ئامانجیان پاراستنی کۆمەڵگەکان نییە؛ چونکە هەر تاکێک پاڵ دەنێن بەرەو گۆشەگیربوون لەسەر خودی خۆی و دابینکردنی کۆگای تایبەت بە خۆی، ئەویش بۆ پەرتەوازەکردنی هۆشیاریی دەستەجەمعی و لەباربردنی هەر پرسیارێکی ڕەخنەگرانە دەربارەی ڕەگە ڕاستەقینەکانی قەیرانەکان و جەنگەکانی ئەم سیستەمە. لە سیستەمی نیۆلیبراڵیزم و سەرمایەداریی هاوچەرخدا، دەوڵەت وردە وردە خۆی لە ئەرکە سەرەکییەکانی (دابینکردنی ئاسایش، تەندروستی، و بژێوی) دەدزێتەوە و دەیخاتە سەر شانی تاک خۆی. بەم بڕیارانە، حکومەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە هاووڵاتی دەڵێت:«ئەگەر جەنگ یان پچڕانی کارەبا ڕوویدا، ئێمە بەرپرسیار نین، تۆ خۆت فریای خۆت بکەوە». ئەگەر سبەی خەڵک برسی بوون، حکومەت دەڵێت: «ئێمە پێشتر ئاگادارمان کردنەوە کە خۆراک کۆگا بکەن، کەمتەرخەمیی خۆتان بوو!. لە ڕێگەی نقومکردنی جەماوەر لە خولیای مانەوەی تاکەکەسیدا، دەسەڵات خۆی دەدزێتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی حەقیقەتە جەوهەرییەکە: کە سیستەمی سەرمایەداری چیتر شیاو نییە بۆ ژیانی چینی کرێکار، و کرێکاران بوونەتە تاکە لایەن کە باجی دژبەرییەکان و مەترسییەکانی داڕمانی ئەم سیستەمە دەدەن. سەرمایەداری لە جیهاندا گەیشتووەتە بنبەستێک کە چیتر ناتوانێت سادەترین مافی ژیان و ئاسایش بۆ چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵک دابین بکات، بەڵکو تەنها قەیران و ترسیان بۆ بەرهەم دەهێنێت.

 

وەهمی ڕێککەوتن لە بەردەم واقیعی داڕماندا‪

ئایا سەرکردەکان چارەسەریان پێیە؟‪. دوای بەستنی لووتکە سێقۆڵییە مێژووییەکەی کە هەریەکە لە (ترامپ، شی و پوتین)ی لە پەراوێزی لووتکەی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەیپێک - APEC) کۆکردەوە، و دەرچوونی بەیاننامەی کۆتاییی لووتکەکە کە مژدەی «ڕاگەیاندنی ئاشتی» و سەقامگیریی ستراتیژیی دا، پرسیارێکی جەوهەری لە ناوەندە جەماوەری و سیاسییەکاندا سەریهەڵدا: ئایا چیتر ئەم سێ هێزە بە تەنها کۆنترۆڵی چارەنووسی جیهانیان بەدەستەوەیە و توانای کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکانیان هەیە؟ سەرەڕای ئەوەی کە ڕەنگە زوو بێت بۆ دەرکردنی بڕیارێکی کۆتایی لەسەر ڕادەی سەرکەوتن یان شکستی ئەم لووتکەیە، بەڵام ڕووداوە مەیدانییەکانی چەند کاتژمێرێکی کەم دوای کۆبوونەوەکە، پەردە لەسەر کەلێنێکی قووڵ لە نێوان لێدوانە دیپلۆماسییەکان و واقیعی گرژییەکاندا هەڵدەدەنەوە؛ چونکە زۆری نەخایاند جیهان کەوتنەخوارەوەی مووشەکە ڕووسییەکانی لە پۆڵەندا بەخۆوە بینی، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی سەربازیی سوید و بەشداریکردنی لە پاراستنی ئاسمانی بەڵتیکدا، لە نێوەندی چاوەڕوانیی مۆسکۆ بۆ وەڵامی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ). هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، گرژییەکان لە کەنداوی عەرەبی و دەریای ڕەش بەردەوام بوون، و تۆمەتەکان دژی ڕووسیا سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سایبەری بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان نوێ بوونەوە، سەرەڕای هەڕەشەی ئەمریکا بە سەپاندنی کۆتوبەند و پێناسی گومرگیی توند کە ڕێگری لە لێشاوی نەوت بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەکەن. ئەم پێشهاتە یەک لە دوای یەکانە ئەوە دەسەلمێنن کە قەیرانەکانی سەرمایەداریی هاوچەرخ لەوە قووڵترن کە بە وێنەی یادگاری یان بەیاننامەی سازان لە نێوان سەرکردەکاندا چارەسەر بکرێن؛ چونکە ژێرخانی سیستەمی جیهانی بووەتە بارمتەی ململانێ بنیادییەکان کە زۆر لە ئیرادەی لووتکە داخراوەکان تێدەپەڕن. کۆبوونەوەی سێقۆڵیی (ئەمریکا، چین، ڕووسیا) وەک هەوڵێک دەردەکەوێت بۆ دابەشکردنی ناوچەکانی هەژموون و بەڕێوەبردنی جیهان بە شێوەیەکی هاوبەش (وەک کۆنگرەی یاڵتا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم). بەڵام ڕووداوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سێ هێزە چیتر توانای کۆنترۆڵی ڕەهایان نییە؛ چونکە دینامیکییەتی شەڕ و بازاڕ لە دەستیان دەرچووە، بۆیە چاوەڕێ کردنی ئاشتی و ڕزگاری لە دەستی سەرکردە سەرمایەدار و زلهێزەکان بێ سوودە؛ چونکە ئەوان خۆیان بەشێکن لە قەیران و شەڕەکان و ئاتەمە بتوانن چارەسەری بکەن.

 

دەرەنجام‪

لە واقیعدا، داڕمانی بانک و کۆمپانیاکان، هاککردنە سایبەرییەکان، ئیفلیجبوونی ژیانی ڕۆژانە، و مەترسییەکانی فراوانبوونی بازنەی جەنگەکان، هەموو ئەمانە دیاردەی بەرجەستەن کە بە چاوی خۆمان دەیانبینین. بەڵام ئەم مەترسییانە بەرهەمی تووڕەییی خودایی نین، و لە نیشانە و موعجیزەکانی ئاخرزەمانیش نین وەک ئەوەی پیاوانی ئایینەکان (ئیسلام، مەسیحییەت، جوولەکە، و هیندۆسی) بانگەشەی بۆ دەکەن؛ بە کوردی یانی ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە لێکدانەوەیەکی ئایینی و میتافیزیکی بۆ کارەساتەکان (ئاخرزەمان، غەزەبی خودا، هاتنی مەهدی یان مەسیح)، جا هی هەر ئایینێک بێت. چونکە داڕمانی بانک یان هێرشی سایبەری و شەڕەکان بڕیارێکی ئاسمانی نییە، بەڵکو ئەنجامی سروشتیی ماتریالیزمی مێژوویی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە لە سیستەمی سەرمایەداریدا. هەروەها دەرەنجامی ئەم جەنگ و قەیرانانە نابێتە هۆی دروستکردنی مەزنایەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕووسیا، ئێران، یان هەر وڵاتێکی تر، بە پێچەوانەی ئەوەی کە پڕوپاگەندەی بزووتنەوەی «ماگا»، ناسیۆنالیستە ڕووسەکان، و دەسەڵاتدارانی ئێران برەوی پێ دەدەن؛ چونکە کاتێک جیهان وێران دەبێت، هیچ دەوڵەتێکی مەزن نامێنێتەوە‪. لەڕاستیدا هەموو ئەمانە درۆیەکی سیاسین؛ چونکە لە سەردەمی چەکی ئەتۆمی و شەڕی گشتگیردا، جەنگ براوەی نییە و لەسەر وێرانەی جیهان هیچ «دەوڵەتێکی مەزن» دروست نابێت. ئەم قەیرانانە ئەنجامی حەتمیی دژبەرییە بنیادییە قووڵەکانی سیستەمی سەرمایەداری و تاقمە حوکمڕانە گەندەڵ و سەرکوتکەرەکەین. لێرەوە، چارەسەر لە چاوەڕوانکردنی ئەو ڕێککەوتنانەدا نییە کە سەرۆکەکان ئەنجامی دەدەن؛ چونکە ئەوان تەنها خەمی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی وڵاتەکانیانە، لە کاتێکدا چینی کرێکاری جیهانی وەک تاکە قوربانی دەمێنێتەوە. دەرچەی ڕاستەقینە و تاقانە بریتییە لە یەکگرتنی چینی کرێکار و شۆڕشی سۆسیالیستی. بەڵێ، ئەم شۆڕشە سەختە و کۆسپی گەورەی لە پێشە، بەڵام مەحاڵ نییە؛ بەڵکو ئەوەی بەڕاستی مەحاڵە بە بڕوای ئێمە، چاوەڕوانکردنی جیهانێکی بێ قەیران، بێ جەنگ و بێ بەربەرییەتە لەژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا.

زۆرترین بینراو
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەی یەکێتی‌و پارتی بێ ئەنجام بووەو یەکێتی دوو داواکاری ھەیە
کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات
یانه‌ی هه‌ولێر: له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یاریگای دهۆك هێرشی دڕندانه‌مان كرایه‌ سه‌ر
زەیدی بانکی تی بی ئای ڕاسپارد 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بفرۆشێت
مه‌سعود بارزانی و فالح فه‌یاز: كێشه‌كانی نێوان هەرێم و عێراق لە چوارچێوەی دەستور قابیلی چارەسەرن
عراقچی: یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نابرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵام ده‌كرێت له‌باره‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك
ترەمپ: ئێستا رووبەڕووی سەرکردەی سێیەم بوینەتەوە و دوای ئەو کۆتایی ریژێمە
"ماسکیزم"، چۆن ئیلۆن ماسک بوو بەهێمای سەردەمی ئێمە؟
وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق و وه‌زیری وزه‌ی توركیا تاوتوێی پشكی توركیا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن
هەولێر: لە 10 مانگدا زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لەدایکبوونە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×