کاك ئارێز، من زۆر باش هەست بە ئازار و نیگەرانییەکەت دەکەم؛ بۆ کەسێک کە بەردەوام باسی مەترسیی ڕووخانی هەرێمی کوردستانی دەکرد و دەکات، چارەنووسی دامەزراوەکان دەبێت ئەولەویەتوو جێگەی بایەخ بێت، بەڵام کۆتایی نووسینەکەت پرسیارێک دروست دەکات، ئەگەر نیگەرانییەکە بۆ داهاتووی قەوارەی هەرێمە، بۆچی دوا قسەکەت هەڕەشەی جەبەڕوت و توانای هێزی سەرۆکەکەتە؟
بە بۆچونی من، ئەو شێوازەی بەکارهێنانی ترسی ڕووخان، زیاتر لەوەی بانگەوازێک بۆ چارەسەر بێت، دەبێتە ئامرازێکی فشار بە قازانجی حیزبەکەتوو سەرۆکەکەت، بۆیە ڕەخنەم لەو ڕۆڵە سیاسییەیە کە ئەو گوتارە بە شێوەیەکی گشتی دەیگێڕێت جا هەر کەسێک بێت؛ چونکە نیگەرانیی (نیشتیمانی) کاتێک باوەڕپێکراوە کە پێوەرەکەی بۆ هەموو لایەنەکان یەکسان بێت.
منیش دەڵێم سازانی نیشتیمانی پێویستە، بەڵام سازان ئەگەر واتای ئەوە بێت کە تا دوو حیزب ڕازی نەبن هیچ دامەزراوەیەک کاری یاسایی خۆی بکات، ئەوا خەڵک مافی هەیە بپرسێت؛ دەنگمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان داوە، یان بۆ پشتڕاستکردنەوی ڕێککەوتنێک کە دەبێت لە دەرەوەی پەرلەمان و لە پشتی دیوارەکانەوە بێت؟
ژمارە بە تەنیا چارەسەری هەموو شتێک نییە؛ ڕێککەوتنیش بە تەنیا جێگەی یاسا و دەنگی خەڵکو هەڵبژێردراوان ناگرێتەوە، ئەگەر ڕەخنەت لە هەنگاوێک هەیە، بە بەڵگە و بەرپرسیارێتی بیخە ڕوو، نە پارتی بە کۆکردنەوەی ملیۆنێک دەنگ دەکرێت لە دەرەوەی ڕەخنەی خەڵکو کۆمەڵگا بێت، نە یەکێتی و نەوەی نوێش بە ناڕازیبوونیان لەسەر دەسکەوتەکانیان خاوەنی مافی ڕاگرتنی ژیانی سیاسی خەلکو کۆمەڵگا بن.
بەڵام گەیشتین بە فیلی خاوەنشکۆ لە نووسینێکدا کە بە نیگەرانی بۆ هەرێم دەست پێ دەکات، چاوەڕوان بووین لە کۆتاییدا ڕێگایەکی لۆژیکیتر بخرێتە ڕوو؛ کەچی فیلێک لە دەرگاکەوە هاتە ژوورەوە و هەموو پەرلەمانەکەی کردە مەیدانی تەقڵە، کاک ئارێز ئەگەر پێوانەی توانای سیاسی ئەوە بێت کە کێ بە فیل تەقڵە لێدەدات، ئەوا پێویستە لە جیاتی بەرنامەی پەرلەمان و حکومەت، بەرنامەی نمایشی سێرک بڵاو بکرێتەوە، خەڵکیش لە جیاتی پرسیاری مووچە و خزمەتگوزاری، بپرسن (نمایشی فیلەکە کەی دەست پێ دەکات).
پێویستە ئەوەش بزانین کە لەوانەیە هەندێ جار تەقڵەکە نمایشبازەکە خۆی هەڵبگێڕێتەوە؛ چونکە مەیدانی سیاست هەمیشە بە ئارەزووی تەقڵەبازەکە ساز ناکرێت، جەنابیشت باش دەزانیت کە هەر هەنگاوێکیش بۆ نمایشکردن ئەنجامێکی هەیە، هەندێک جاریش نرخەکەی خەڵکی بەدبەختی کوردستان دەیدات، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، ڕێککەوتنی بەرپرسیارانە و دەسەڵاتێک هەیە کە توانای وەڵامدەرەوەی ڕاستەقینەی داواکاری خەڵکی هەیە.، فیلی خاوەنشکۆش، بە هەموو شکۆیەوە، بە تەقڵەکەی جەنابیشتەوە، ناتوانێت جێگەی ئەمانە بگرێتەوە.