لێدوانەکەی ئەردۆغان و فێڵی نیو-عوسمانیزم؛ هەڵماڵینی دیوی پشتی پڕۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر»

سیروان عوبەید
  2026-10-04   

هەڵوێستەیەک لەسەر تەڵە مێژووییەکانی تورکەکان، هەڵسەنگاندنێک بۆ تێزەکەی ئۆجەلان و زەمینەسازی بۆ فێڵەکانی دەوڵەتی تورک؛ هاوکات هەڵماڵینی دیوی شاراوەی لێدوانەکەی ئەردۆغان و ئامانجی ڕاستەقینەی دەوڵەت لە پڕۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر»

 

لە دواین لێدوانی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک، کە تێیدا باسی «یەکڕیزیی تورک، کورد و عەرەب هاوشێوەی سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی» کرد، و چەندین جاری تریش لە بۆنە جیاوازەکاندا ئەم دەستەواژە ئامانجدارانەی وەک ئامرازێک بەکار هێناوە؛ بەتایبەت لەگەرمەی باس و خواسی پڕۆسەیەکدا کە کورد پێی دەڵێت: «پڕۆسەی ئاشتی»، و دەوڵەتی تورکیش پێی دەڵێت: «تورکیای بێ تیرۆر».

بەکارهێنانی چەندبارەی ناوی سەرکردەیەکی مێژوویی کورد لەم بارودۆخەی ناوچەکە و تورکیا پێیدا تێپەڕ دەبێت، خۆی لە خۆیدا هێندەی ئامانجدارە لە جوڵاندنی هەستی ئاینیی مسوڵمانانی کورد لەژێر نیەتێکی شاراوەدا و دژ بە ماف و خواستە ڕەواکانیان، هێندە هیوابەخش نیە وەک ئەوەی هەندێک کوردی ساویلکە پێی دڵخۆشن. بێگومان ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە بەرەو ڕووی دروشمێکی باو و سادە ناکاتەوە، بەڵکو بەرەو ڕووی مانیفێستێکی ئایدۆلۆژی و مانۆڕێکی نوێی ناسیۆنالیزمی تورکی دەبینەوە بە بەرگی نیو-عوسمانیزمەوە.

ئەگەر بە وردی هەڵوێستەیەک لەسەر دیوی پشتی ئەم لێدوانانە و هەڵسەنگاندنێکی واقیعانە بکەین بۆ ئەو تەقاطعە ئایدۆلۆژییەی لە نێوان مانۆڕەکانی ئەنقەرە و تێز و هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دروست بووە، ئەوا؛ ئامانجی دەوڵەتی تورک لە جەوهەری پڕۆسەی بەناو ئاشتی، «تورکیای بێ تیرۆر» بۆ هەموومان ڕوون دەبێتەوە.

یەکەم: دووبارەکردنەوەی فێڵە مێژووییەکانی عوسمانیزم و کەمالیزم 

ناوهێنانی سەلاحەدینی ئەیوبی لەلایەن ئەردۆغانەوە -کە چەندین جارە لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەیدا دەبیستین- بەکارهێنانی میتۆدێکی کۆنی دەسەڵاتی ئۆتۆکراسیی تورکییە بۆ بەگەڕخستنەوەی فێڵەکانی مێژووی عوسمانیزم لە دەوڵەتی تورکی ئێستادا.

ئەگەر بە نموونە چاوێک بە مێژووی تەڵەی جەنگی ڕزگاری (١٩١٩–١٩٢٣) و هاوبەشی عوسمانیزم و کەمالیزمدا بخشێنینەوە؛ دەبینین، لە ڕووی مێژوویی و ئایدۆلۆژییەوە، هەرچەندە «کەمالیزم» بە ناوی عەلمانییەت و کۆماری نوێوە دژی میراتی «عوسمانیزم» ڕاوەستا، بەڵام لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورددا، هەردوولا هەمان میکانیزمی فێڵکردن و ئامرازی ئایینییان بەکار هێناوە. بۆ نموونە کاتێک دەوڵەتی عوسمانی هەڕەشەی ڕووخانی لەسەر بوو و مستەفا کەمال ئەتاتورک جەنگی ڕزگاری ڕاگەیاند، ئەگەرچی لە ناوەڕۆکدا باوەڕی بە عوسمانیزم نەبوو، بەڵام تاکتیکێکی تەواو عوسمانییانەی بەکارهێنا. لە ڕێگەی ناردنی نامە بۆ سەرۆک خێڵ و شێخەکانی کورد، جەختی لەسەر «خەلافەت»، «جیهاد» و «برایەتی ئیسلامی» دەکردەوە بۆ ڕازیکردنیان؛ و لە کۆنگرەکانی ئەرزرۆم و سێڤاس (١٩١٩) و دەستووری ١٩٢١ی تورکیادا بەڵێنی خۆبەڕێوەبەری (خودموختاری)ی بە کورد دا تا ببنە قەڵغانی بەرگری. بەڵام کاتێک شەڕەکە کۆتایی هات و پەیماننامەی لۆزان (١٩٢٣) ئیمزا کرا، هەموو بەڵێنەکان پێچرانەوە؛ و لە دەستووری ١٩٢٤ بەدواوە، زمان، کەلتوور، ناسنامە و هەبوونی نەتەوەیی کورد بە یاسا و بە ئاگر و ئاسن قەدەغەکران و تەنانەت ناوی نەتەوەی کورد کرا بە "تورکی شاخی". ئەردۆغان لە ئێستادا هەوڵ دەدات ڕێک هەمان فێڵی مێژوویی بەکاربهێنێتەوە و نوێی بکاتەوە؛ کە ئەمە بە ڕوونی لە لێدوان و ڕەفتارەکانی ئەردۆغاندا دەبینرێت.

هەروەک بە هەمان شێوە، لێدوانەکانی ئەردۆغان لەبارەی «برایەتی دینی» تەواو بێ‌ناوەڕۆکن؛ بەڵکو ئامانجی سەرەکییان جوڵاندنی عاتیفەی ئاینی مسوڵمانانی ناوچەکەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کۆکردنەوەیان لەژێر سێبەری خەلافەت و بەناو برایەتی ئیسلامیدا، تا لە کاتی پێویستدا وەک قەڵغانی بەرگری دەسەڵاتی تورک بەکاریان بێنێتەوە.

لە ئێستادا کە ناوچەکە بە ناو کۆمەڵێک گۆڕانکاری و وەرچەرخانی خێرا و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، بڕیاربەدەستانی دەوڵەتی تورک باش لەوە تێگەیشتوون کە زوو یان درەنگ دەوڵەتەکەیان بەدەر نابێت لەو هەڕەشە و مەترسییە جیۆپۆلیتیکییانە. هەربۆیە، چ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و هەژموونی سەربازی و ئابووریی تورکیا، یان بۆ تێرکردنی تەماحکارییە فراوانخوازییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا، ئایینیان وەک کارتێکی بەهێز بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەکارهێنانی مسوڵمانان و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی ناوچەکە کردووەتە کاریگەرترین ئامرازی سیاسی.

ئەم میکانیزمە بەتایبەتی بۆ خەڵەتاندنی کوردی مسوڵمان دارێژراوە. ئەردۆغان لە ڕەفتار و گوتاریدا سەبارەت بە پرسی کورد، ڕوخسارێکی تەواو دووڕووانە پێشان دەدات؛ لە لایەکەوە لەژێر چەتری ئاییندا بانگەشە بۆ «برایەتی گەلان» دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە، وەک سەرۆکی دەوڵەتی تورک هیچ کات ئامادە نیە، زەڕەیەک سازش لەسەر «ناسیۆنالیزمی ڕەق و دەمارگیرانەی تورکی» بکات لەپێناو ئەو برایەتییە ئایینییەی کە خۆی شەو و ڕۆژ بانگەشەی بۆ دەکات.

سەپاندنی باجی یەک ئاراستە و خەساندن سیاسی کورد: لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغانەوە، ئەوەی کە دەبێت بۆ پاراستنی کیانی دەوڵەت باجی قورس بدات و دەست لە مافی خودموختاری، سەربەخۆیی و ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی خۆی هەڵبگرێت، تەنها و تەنها نەتەوەی کوردە؛ ئەمەش هەمووی لەپێناو پاراستنی هەژموونی ناسیۆنالیزمی تورکیدا لە فۆڕم و ژێر ناوی برایەتی ئیسلامییەوە. لێرەدا لۆژیکی دەسەڵاتی ئەنقەرە بەرامبەر بە پرسی کورد ڕوونە: کاتێک کورد داوای مافی دەستووری، یاسایی و کەلتووریی خۆی دەکات، ئەوا لە هاوکێشە ئایینییەکەی ئەردۆغاندا دەکەوێتە خانەی «تیرۆریست» یان تێکدەری برایەتی ئیسلامی و قەت ناچێتە بەهەشتەوە.

داگیرکردنی پڕۆژە و نەستی کۆمەڵایەتی کورد: ئامانجێکی تری ئەردۆغان کە لە گوتارەکانیدا، ناوی سەلاحەدینی ئەیوبی کورد دەهێنێت، وەک ئامرازێک بەکاردێنێت بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنە سیاسییەکان و سڕینەوەی داواکارییە هاوچەرخەکانی نەتەوەی کورد (وەک خوێندن بە زمانی دایک و دەستووریبوونی مافەکان...هتد). لێرەدا، پەیامە شاراوەکەی ئەردۆغان بۆ کورد ئەمەیە: "کاتی خۆی لە سەردەمی ئەیوبییەکاندا، ئێوەی کورد خاوەنی ئیمپراتۆریەتی ئاینی بوون بەبێ ئەوەی سنووری نەتەوەییتان هەبێت، کەواتە ئێستاش پێویستتان بە کیانێکی سەربەخۆ و جوگرافیای دیاریکراو، بڕیاری سیاسی و مافی تایبەتی کەلتووریی جیاواز نیە".

دووەم: دیوی پشتی پڕۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" و ستراتیژیی مانەوە لە نێوان گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا

هێنانەبەرباسی پڕۆسەی بێمانای «تورکیای بێ تیرۆر» بەم دواییانە، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بەرئەنجامی ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە و جیهانە. دەوڵەتی تورکیا هەستی بە مەترسیی قووڵ کردووە بەرامبەر گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری سەرهەڵدانی هاوکێشەی نوێ کە پێگەی کورد تێیاندا بەهێز بێت.

لەو پڕۆسەیەشدا، زۆر ڕوونە کە ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورک، پاکتاوکردن و بێچەککردنی هێزە کوردییەکانی وەک پەکەکە و ڕۆژئاوای کوردستان و تەنانەت ئەگەر بۆی بکرێت پێشمەرگەی باشووری کوردستانیشە. هەرچەندە هەرێمی کوردستان مەترسی نەبووە بۆی، بەڵام ئەردۆغان هەمیشە بەبیانووی نەهێشتنی مەترسییە ئاسایشییەکانی دەوڵەتەکەی فشاری لەهەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان کردووە چ لەڕێگەی ساربازی یان سیاسی و ئابووریی، هەرشتێک کە بۆی چووبێتەسەر. لەئێستاشدا سەرقاڵە بە خەڵەتاندنی کورد لە ناوخۆدا، بەبێ ئەوەی دەوڵەتەکەی هیچ پابەندبوونێکی دەستووری، یاسایی، یان دانپێدانانێکی ڕوون و فەرمی بە مافە کەلتووری و سیاسییەکانی کورددا بنێت.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەردۆغان بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات لە دوای ساڵی ٢٠٢٨، پێویستییەکی زەق و حەتمی بە گۆڕینی دەستوور هەیە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم پرۆژەیەش پێویستی بە مانۆڕی سیاسی لەو جۆرە هەیە تا سەرنجی جەماوەری کورد و دەنگی پەرلەمانتارانی سەربە ڕەوتە کوردییەکان (وەک دەم پارتی) بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

هاوکات ئامانجێکی تری ئەردۆغان و باخچەلی لە “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر”، پاراستنی دەوڵەت و دوبارە داڕشتنەوەی ناسیۆنالیزمی تورکییە؛ بۆ ئەو مەبەستەش، دروشمی ڕیزبوونی «عەرەب، تورک، کورد» جۆرێکە لە هەوڵدان بۆ داڕشتنەوەی بەرەیەکی هەرێمی لەژێر ڕابەرایەتی ئەنقەرە، و ئامرازێکی دینبازانەی سیاسییە لەژێر ناوی برایەتی ئیسلامی بۆ خزمەتی دەوڵەتی تورک، بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی دەرەوە وەک ئیسرائیل و هەژموونی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا. بۆ ئەو مەبەستە، ئەردۆغان بە پلەی یەکەم دەیەوێت کورد بەبێ هیچ بەرامبەرێک، بباتەوە ناو هاوکێشەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا؛ کە تێیدا هیچ گەرەنتییەک نییە هاوشێوەی کەمالیزم و عوسمانیەت دوای پێکانی ئامانجەکەی و دوورکەوتنەوەی هەڕەشەکان لەسەر دەوڵەتەکەیان، بە هەمان سیاسەتی پێشوویان مامەڵە لەگەڵ کورد و مافەکانی نەکاتەوە.

سێیەم: بیرۆکەی ئۆجەلان، زەمینەسازی بۆ فێڵەکانی ئەردۆغان دەکات

بیرۆکەی "نەتەوەی دیموکراتیک" لە ئێستادا فێڵ و تەڵەی ئەردۆغانی بەرامبەر داهاتووی کورد تۆکمەتر کردووە؛ بەوپێیەی ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ گوتاری ئەردۆغاندا بۆ خەڵەتاندنی کورد یەکدەگرێتەوە، کە لە ئێستادا وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی و مەترسیدار دەرکەوتووە بە ئامانجی لاوازکردن و لێدان لە یەکڕیزیی کورد لەمەڕ خەباتی سەد ساڵەی بۆ پرسەکەی و ئەو ڕووداو و دەرفەتانەی کە دەکرێت بەڕێوە بن لە بەرژەوەندیی کورد لە ناوچەکەدا؛ واتە ئەو تەقاطع و یەکگرتنەوە نەویستراوەی نێوان گوتاری ئیسلامی عوسمانی ئەردۆغان و تیۆرییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک یان نەتەوەی دیموکراتیک).

وەک ئۆجەلان بانگەشەی بۆ دەکات، لە تێزەکانی ئەم دواییانەیدا زیاتر جەخت لەسەر ئەو باوەڕە دەکاتەوە کە «دەوڵەت-نەتەوە» ئامرازێکی سەرمایەدارییە و کورد پێویستی بە دەوڵەت و سنووری سەربەخۆ نییە، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی «پێکەوەژیانی گەلان» و «نەتەوەی دیموکراتیک» لە ناو سنوورەکانی ئێستایدا بژی. لە ئێستادا، ئەردۆغان ڕێک بە هەمان ئاواز سەما دەکات، بەڵام بە فۆرمێکی ئایینی-عوسمانی. لێرەدایە کە ئەردۆغان بە کورد دەڵێت: "ئێوە پێویستتان بە دەوڵەت و سنووری جیاواز نیە، چونکە ئەوەتا ئاین و مێژووی هاوبەشمان هەیە". بەم شێوەیەش بیرۆکەکەی ئۆجەلان خزمەتی ئەردۆغان دەکات و نەتەوەکەی خۆی ڕووت دەکاتەوە لە ئامرازی پاراستنی نەتەوەیی.

ڕوونتر بڵێم، گورزە گەورەکەی تێزی ئۆجەلان بۆ پرسی کورد، لەوەدایە کە هاوشانی فێڵەکانی ئەردۆغان، لە هەوڵدایە هۆشیاری سیاسی کورد لە باکوور و ناوچەکە ڕووت بکاتەوە لە بەهێزترین ئامرازی پاراستنی بوون؛ کە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی کیانی سەربەخۆیە. لە کاتێکدا ئۆجەلان دەوڵەتبوون ڕەتدەکاتەوە و بەردەوام جەخت لەسەر «خۆبەڕێوەبەری بێ دەوڵەت» دەکاتەوە، لێرەدا زەمینەیەکی زێڕین و بێبەرامبەر دەبەخشێتە دەسەڵاتدارێکی ناسیۆنالیستی دووڕووی وەک ئەردۆغان تا بەناوی «برایەتی ئیسلامی» یان «سوپاکەی سەلاحەدینی کوردی» هۆشیاری نەتەوەیی کورد لەناوبەرێت و کپی بکاتەوە.

پارادۆکسی پێکەوەژیان لەنێوان ئەردۆغان و ئۆجەلاندا: 

لە کاتێکدا ئۆجەلان بانگەشەی ئەوە دەکات کە بڕوای بە پێکەوەژیانی گەلان لەسەر بنەمای عەلمانییەت و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، ئەردۆغانیش لە فۆڕمێکی تردا، ئەگەرچی تەواو دژبەرە لەگەڵ بیرۆکەی ئۆجەلان، ڕێک هەمان چەمکی پێکەوەژیان بەکاردێنێت؛ بەڵام لەسەر بنەمای «ئیتاعە و گوێڕایەڵی بۆ دەسەڵاتی ناوەندیی ئەنقەرە». لێرەدا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرمان بۆ دەردەکەوێت کە پێمان دەڵێت: داپڵۆساندنی کورد لە بیرۆکەی دەوڵەت لەلایەن ئۆجەلانەوە، بە نەک هیچ جۆرێک سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لەتورکیا لاواز ناکات و لەناوی نابات، بەڵکو تەنها خزمەت بە بەهێزکردن و بەردەوام «دەوڵەت-نەتەوەی تورکی» دەکات لە بەرگێکی دینبازانەی ئیسلامییەوە.

لەکۆتاییدا، ئەوەی گرینگ و پێویستە کورد لەوە تێبگات؛ دروشمە ئایینییەکانی ئەردۆغان هەرچییەک بن،هیچ نین جگە لە مانۆڕێکی نوێ بۆ بەکارهێنانەوەی فێڵە مێژووییەکانی عوسمانیزم و کەمالیزم لە سەردەمێکی نوێدا. ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە، بە هاوکاری ئۆجەلان دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستی ڕەقی تورکی بپارێزێت بەبێ ئەوەی لەیاسا و بڕیارە دژە مرۆیی و دژە مافە بنەڕەتییەکانی گەلیکورد، پاشگەز بێتەوە، لەکاتێکدا، داوا لە کورد دەکات لەپێناو «برایەتی دینی»دا دەست لە هەموو مافە ڕەواکانی خۆی هەڵبگرێت. هەربۆیە من پێموایە، پڕۆسەی «تورکیای بێ تیرۆر» کە هەر ناوەکەی دژە کوردە، لە جەوهەردا ستراتیژێکە بۆ ڕامکردنی کورد و ئۆپۆزسیۆنی کوردیی باکوور، بە سوودوەرگرتن لە بۆشایی دەستووری بۆ مانەوە لە دەسەڵات، و قۆستنەوەی ئەو بێهیوایی و گومڕاییە فکرییەی تێزەکەی ئۆجەلان کە دژ بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد دروستیان کردووە؛ تا لە کۆتاییدا کورد تەنها وەک سەربازێکی بێبەش و بێبەرامبەری ئیمپراتۆریەتێکی نوێی عوسمانی لەقاڵب بدەن

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×