ڕەگ و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم و ڕۆشنگەریی و ماسۆنیزمە زیاتر لە ئیسلام

عەلی سیرینی
  2023-12-24     327

(بەشی چوارەم)

 

زانایانی ئیسلام لە جموجۆڵی بوژانەوەخوازەکان (ئیسلامییە پرۆتستانتەكان) بێ ئاگا نەبوون. بەڵام ئەم زانایانە، باریان لار بوو، لە حاڵەتی نوشستدا بوون، بەهۆی ئەو هێرشە توندەی کە "بزووتنەوەی چاکسازیی ئایینی" سەرکردایەتی دەکرد، واتە پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی. چونكە، بزوتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەكان بوونە ناحەزی زانایانی ئیسلام، بە دواكەوتوو و كۆلكە پێناسەیان كردن، خۆشیان بە پێشكەوتوو و هاوچەرخ ناساند. بزوتنەوەی پڕۆتستانتی ئیسلامیی لە لایەن ئەو كەسانەوە بەرپا كرا، خۆیان بە "موسڵمانە ڕۆشنگەرەکان" پێناسە كرد. ئەم ڕۆشنگەرانە، خۆیان وەک چاکسازیخوازی ئایینیی پیشان دەدا. بانگەشەیان دەكرد بۆ نوێبوونەوە و وازهێنان لە خورافات و ئەفسانە، هەروەها لێکدانەوەیەکی عەقڵانییان دەستپێكرد بۆ ئیسلام و تێكستە پیرۆزەكان، بە شێوەیەك لەگەڵ پێشکەوتنە زانستیی و کەلتورییەکانی ڕۆژئاوا بگونجێت. جەمالەددینی ئەفغانیی و قوتابیە دڵسۆزەكەی، محەممەد عەبدە، لە گرنگترین پێشەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوون. لێرەوە بە ڕوونی تێبینی ئەوە دەکەین، کە ئەم دوو پیاوە، لە ژێر کاریگەری مارتن لوتەر و چاکسازیخوازانیتری پرۆتستانت بوون و گومانی تێدا نییە ئەو ڕۆڵەیان دەبینی، كە پێشەنگەکانی چاکسازیی پرۆتستانت بینیان. ڕاستیەكەی، بەڕای زۆرێك لە زانایانی ئیسلام، ڕاوبۆچوون و پێشنیارەكانی ئەفغانی و عەبدە جگە لە لاساییکردنەوەی چاكسازیخوازانی پڕۆتستانت لە سەدەی شازدەهەم هیچی تر نیە. واتە بیرۆکەکانیان كەوتووەتە ژێر كاریگەریی بزوتنەوەی پڕۆتێستانتیزمی ئەوروپیی. شێخ مستەفا سەبری، یەکێک لە دیارترین زانایانی دەوڵەتی عوسمانیی، بە وردی بایەخی بەم بابەتە داوە، سەرنجی لەسەر ئەم واقیعە خستووەتە ڕوو و دەڵێت "جەمالەددینی ئەفغانیی و قوتابییەکەی محەممەد عەبدە ویستوویانە ڕۆڵێكی وەك ڕۆڵی لوتەر و کالڤن لە جیهانی ئیسلام بگێڕن". زانایانی تریش هەبوون، زانیاری وردیان هەبوو لەسەر ناوەڕۆکی ئەو جموجۆڵەی پێی دەگوترا "بزووتنەوەی چاکسازیی ئایینیی لە وڵاتانی ئیسلامیی". لە نێو ئەم زانایانە، بەرزترینیان ئەمانەن: محمد زاهید ئەلكەوسەریی، حەسەن ئەفەندی فەهمیی، بەدیعولزەمان سەعیدی كوردیی ناسراو بە نورسیی، محەممەد بن حەسەن ئەبولهودا ئەلسەیادیی...هتد.

پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتدا، لە سایەی پاڵپشتی و سپۆنسەری نێوەندەكانی ڕۆژئاوا، ئنجا لە لەلایەن فەرمانڕەوا و سەرکردەگەلێكەوە کە ئەم بزوتنەوەیان لە باوەش گرت (پێی دەگوترێ ڕۆشنگەریی ئیسلامیی، ڕێنێسانسی ئیسلامیی، ڕزگاریخوازی ئیسلامیی...هتد)، ئەم بزوتنەوە پەرەی سەند و بە نێو وڵاتاندا بڵاو بوویەوە. لە تورکیا و میسر و وڵاتانی دیکە، چەندین كەسایەتیی و سەرکردە دیارەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیەدا وەستان، کە دەرئەنجامی شارستانیەتی ڕۆژئاوا بوو، بەڵام بە عەبا و عەمامەی مسوڵمانان نمایش كرا.

لەسەر بنەمای پێشنیار و بیرۆکە و دیدگای ئەم بزووتنەوەیە، حیزب و کۆمەڵەی جۆراوجۆری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی و ئیسلامیی دامەزران. حەسەن ئەلبەننا ئەلساعاتی قوتابی شێخ محەممەد عەبدە بوو. هەردووكیان، ئەفغانیی و عەبدە، نازناوی ئیمامیان پێدرا و بە ئیمام ناسران. حەسەن بەنناش هاوشێوەی ئەوان، لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا، نازناوی ئیمام و ڕێبەری بەخۆی بەخشی و بە ئیمام ناوبانگی دەركرد. ئەلبەننا، كەوتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕەوتە بە هێز و پڕ گوڕوتینە، كە ڕەواجێكی زۆری بینی لە نێو وڵاتانی مسوڵمان. ئەم ڕەوتە لە لایەن مامۆستایانی ئەلبەننا، محەممەد عەبدە و مامۆستاكەی ئەمەش كە ئەلئەفغانیە، سەرکردایەتی دەکرا. حەسەن ئەلبەننا زانا و فەقیهـی شەرع نەبوو، بەڵکو، لە بەشی زمانی عەرەبیی، خوێندکار بوو لە پەیمانگایەکی حکومیی بۆ دەرچووانی مامۆستایان. لەبەر ئەوەی ئەلبەننا کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕەوتە، ئنجا بە هۆی هەستكردن بە بەهێزی هەژموون و باڵكێشانی ڕۆژئاوا، لە گرتنەبەری شێواز و مێتۆدە ڕۆژئاواییەکان پەیڕەوی لە هەڵسوکەوتی مامۆستاکانی خۆی دەکرد، لە پێناو خزمەتکردنی ئیسلام، وەك ئەوەی شوێنكەوتووانی باسی لێوە دەكەن. شێخ ئەحمەد ئەلسوکەرری كۆمەڵەی خێرخوازیی ئیخوانولمسلمینی لە میسر دامەزراند. ئەم دامەزراوە، ڕێکخراوێکی خێرخوازیی و بانگخوازیی ئایینیی نا سیاسیی بوو. حەسەن ئەلبەننا لە ساڵی 1928، کودەتای سپی لەدژی ئەلسوکەرریی ئەنجامدا، دەستی بەسەر ئەم کۆمەڵەی ئیخوانولمسلمینەدا گرت و کردی بە ڕێكخراوێكی سیاسیی، یان تەنانەت پارتێکی سیاسیی کە چووە ناو ململانێی سیاسەت، بۆ بەدەستهێنانی دەستەڵات. دواتر، ئەلبەننا، لە ڕێگای كودەتایێكی سپی، ئەلسوکەرری دەرکرد. جگە لە دەركردنی ئەلسوكەرریی، هەندێك هەڵسوكەوتی تری ئەلبەننا هەن جێگای هەڵوەستەی زۆرێك لە خەڵكن. هەندێك لەم هەڵسوكەوتانە پەیوەندییان بە کەسێکی خزمی شێخ ئەلبەنناوە هەیە، بە ناوی عەبدولحەکیم عابدین. قسە هەیە كە عابدین پەیوەندیی نادروستی هەبووە لە گەڵ ئافرەتانی ئیخوانولمسلمین و بە بەڵگە لە سەری ئیسپات بووە، بەڵام شێخ حەسەن ئەلبەننا لە دادگاییكردنێكی ناوخۆ ئەم ڕەوشەی پەردەپۆش كردووە، عابدینی ئازاد كردووە یان لێیبوردووە. عابدین مێردی خوشكی ئەلبەننا بووە، بە ناوی فەوزیە، لە ساڵی 1914 لە ئەلفەییوم لە دایك بووە، لە ساڵی 1976 لە قاهیرە كۆچی دوایی كردووە. عابدین شاعیر و سیاسەتمەدارێكی ناسراوی ئیخوانولمسلمینە.

بنەچەی بنەماڵەی حەسەن ئەلبەننا، ئنجا سەرهەڵدانی خێرا و بڵاوبوونەوەی گروپەکەی "ئیخوانولمسلمین" لە میسر و وڵاتانی دیکە بە خێراییەكی پێوانەیی، تەمومژاوییە و بە چەندین ناڕوونیی و پرسیار دەور دراوە. لەڕووی بنەچەی بنەماڵەکەیەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە حەسەن ئەلبەننا لە دەمانهور لە پارێزگای بوحەیرە لە دایک بووە، لە باوکێک گوایە زانای ئایینییە. بەڵام باپیری حەسەن ئەلبەننا تا ئەمڕۆش بە نادیاریی ماوەتەوە، هەرچەندە یەکێک لە گەورە هزرڤانان و ڕۆشنبیرانی میسر و جیهانی عەرەبی، عەباس مەحمود ئەلعەققاد، تەحەدای حەسەن ئەلبەننا و گروپەکەی کرد بۆ سەلماندنی نەسەبی ئەم پیاوە، بەڵام تا ئەمڕۆ وەڵامی نەدراوەتەوە. تەحەدای ئەلعەققاد بەهۆی چەند ڕاستییەکەوە هات، لەوانە نازناوی ئەلساعاتیی (چاكەرەوەی كاتژمێر: لە پیشەی چاککردنەوەی کاتژمێری خێزانەکەی ئەلبەنناوە هاتووە). بە گوتەی ئەلعەققاد، پیشەی چاککردنەوەی کاتژمێر تایبەت بە جولەکەکان بووە. بەڵام سەرچاوەکانی ئیخوان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە باوکی حەسەن ئەلبەننا زانا بووە، باپیرە نەناسراوەکەشی جووتیار بووە. پرسیار دێتە ئاراوە، كە باوكی زانا بووە و باپیرەشی جوتیار، ئەی نازناوی ئەلساعاتیی لە کوێوە هاتووە؟ یان پرسیارێكی تر، بۆ حەسەن ئەلبەننا نازناوی خۆی لە ئەلساعاتیی گۆڕیوە بۆ حەسەن ئەلبەننا (ڕەنگە كەوتبێتە ژێر کاریگەریی ماسۆنییەتەوە، چونكە بە عەرەبیی، بە ماسۆنییەكان دەوترێت ئەلبەننائونەلئەحرار، واتە ماسۆنە ئازادەکان. ئەم كاریگەریەش لەوانەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتبووبێت، کە مامۆستاکانی ئەلبەننا، ئەندام و سەرکردەی مەحفەلی ماسۆنیی کەوكەبولشەرق بوون. مامۆستاكانیش جەمالەددینی ئەفغانیی و محەممەد عەبدە بوون). لە هەمووی گرنگتر، چۆن گەنجێک مێردمنداڵ، لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا توانی پارتێکی سیاسیی دابمەزرێنێت، بە خێراییەکی زۆر سەیر لە میسر و پاشان لە جیهانی عەرەبیی و ئیسلامییدا بڵاوبێتەوە، هەرچەندە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن لەو سەردەمەدا سەرەتایی بوون، بە تایبەت  سەبارەت بە حزبێک کە لایەنگرانی لافوگەزافی ئەوە لێدەدەن، گۆشەگیر كراوە و داپڵۆسێنراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسر و ناوچەكەش؟ ئنجا چۆن و بۆچیی مێردمنداڵێكی تەمەن بیست ساڵان، لە نێوان ئەو هەموو زانا و فەقیهانەی سەردەم نازناوی ئیمامی پێوە دەلكێندرێت كە زانا نەبووە؟ ئەمانە پرسیاری قووڵ بە دوای خۆیاندا دەهێنن. پرسیارەكانیش بۆ ئەوە نیە تانەوتەشەر لەم پیاوە بەڕێزە بدرێت، بەڵكو هەوڵدانە بۆ بەردەستكردنی خوێندنەوەیەكی قووڵ دوور لە سۆز و هاوسۆزیی و ناحەزیی.

نیوەی دووەمی ئەم دیمەنە، کە چوارچێوەی تابلۆی (بوژانەوەی ئایینیی: پرۆتستانتی ئیسلامیی) تەواو دەکات، ئەو بزوتنەوە و جەنگانە بوون لە نیمچە دورگەی عەرەبیی بە سەرکردایەتیی محەممەد بن عەبدولوەهاب دامەزرێنەری وەهابییەت ڕوویدا. لە ئاستێكی بابەتییانە، دەکرێت موحەمەد بن عەبدولوەهاب لەگەڵ مارتن لوتەر بەراورد بکرێت، وێڕای جیاوازیی ئایین لە نێوانیاندا، ئنجا وێڕای پاڕادۆكسیی ئەنجامە پێچەوانەكان لە نێوان ئەم دوو پیاوەدا. بێگومان، محەممد بن عەبدولوەهاب، ڕێك وەك لوتەر، داوای گەڕانەوەی دەکرد بۆ قۆناغی پێشینان (نەوەی یەکەم: پێغەمبەر و هاوەڵەکانی)، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی بن عەبدولوەهاب پێی دەگوت بیدعە و شیرک و لادان لە ئیسلام، کە بە ڕای بن عەبدولوەهاب لە نێوان مسوڵمانان تەواو پەرەیان سەندبوو. واتە ڕێك، چۆن لوتەر بانگەشەی دەكرد بۆ ئەوەی بە دروستیی ئایین پەیڕەو بكرێت، پێویستە بگەڕێنەوە سەر تێگەیشتنی مەسیح و هاوەڵەكانی؛ بن عەبدولوەهابیش بە هەمان شێوە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە بۆ پەیڕەوكردنی ئیسلام بە شێوازێكی ڕاست و دروست، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ تێگەیشتن و پەیڕەوكردنی پێغەمبەر و هاوەڵەكانی. بەڵام لە سیاسەتدا لەگەڵ لوتەر یەك ناگرنەوە، بەو پێیەی لوتەر بەردەوام بوو لە پراکتیزەکردنی کاری ئایینی خۆی، بێ ئەوەی خۆی هەڵقورتێنێتە کاروباری سیاسیی و سەربازیی (دژی شۆڕشەكەی مونچە وەستایەوە، كە سەركردایەتیی جوتیارانی ئەڵمانیای كرد دژ بە میر و دەستەڵاتدارانی ئەو سەردەم). لەکاتێکدا بن عەبدولوەهاب هاوپەیمانی محەممەد بن سعودی کرد، بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی ئەو باڵە ئایینییە بکات کە نەیاران و ناحەز و خەڵكی تریشی خستە بەر دروێنەی كوشتار و قەتڵوعام (پێشنیار دەكەم خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ كتێبی مێژووی نەجد، بە زمانی عەرەبیی، لە نووسینی حوسێن بن غەننام کە قوتابی محەممەدی کوڕی عەبدولوەهاب بوو. لە مێژووی نەجد، بە تایبەتی لە بابەتی غەزەوات، بن غەننام تاوانی كۆمەڵكوژیی زۆر ترسناک دەگێڕێتەوە دژی دانیشتوانی نیمچە دوورگەی عەرەب، بەڵام سەیر لەوەدایە، بن غەننام بە ڕەوایان دەزانێت و ئەم تاوانانە بە جیهادێک لە دژی کافر و موشریک و مورتەدەکان دەزانێت). پاڕادۆكسی كۆمیدیا-ڕەشەكە لەو بازدانەی بن عەبدولوەهاب دایە، بەرەو قۆناغی پێشینان (سەردەمی پێغەمبەر و هاوەڵەكانی). ئەم بازدانە، بازدانێکە بە سەر میراتێک کە لە پێشینەکانەوە هاتووە و بە بەردەوامیی پەرەی سەندووە، وەک ڕووبارێک هاتووە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گەورەتر بووە، بەرەو داهاتوو ڕأكشاوە، دەوڵەمەندترین میراتی مرۆیی لە مێژوودا پێکهێناوە. چونكە 12 سەدەی ئیسلام (بن عەبدولوەهاب لە سەدەی هەژدەی زایینی بووە) زانایانی مسوڵمان بەردەوام، بە بێ پسانەوە، لە هەموو بوارەكانی زانست و هونەر لێكۆڵینەوەیان كردووە و كتێب و نوسینیان بەرهەم هێناوە. بۆیە بازدانی بن عەبدولوەهاب، بە بازدانێکی کارەساتبار و کۆمیدیی، چونكە ڕەتكردنەوەی ئەم میراتە دەوڵەمەندەی مسوڵمانانی لێوە بەرهەم هات. ئەم میراتەش بەرهەمی تێگەیشتنی ئیسلامە، لە پێغەمبەر و هاوەڵەكانی تا ئەمڕۆ، بە تێپەڕبوونی هەزاران زانای بەرز، كە بەردەوام بە قووڵایی و فراوانی ئەم ئیسلامەیان دەگەیاندە نەوەكانەوە. ئەم بازدانە، ستەم و توندوتیژیی و هەڵوەشاندنەوەی ڕەهای ئەوی دیکەی لێکەوتەوە، بووە هۆی کۆمەڵکوژیی نەیاران و خەڵك بە گشتیی. لە کاتێکدا بازدانەکەی لوتەر، بەسەر کڵێسای کاتۆلیکیی لاتینیدا، بەرەو قۆناغی پێشینانی مەسیحیی، بازدانێک بوو بەسەر کڵێسایەكی ستەمکار، کە ئایینی قۆرخ دەکرد بۆ سیاسەتی ناڕەواو ئابوریەكی حەرام و ستەمئاسا. ئنجا، ئەم كڵێسای لاتینییە، ئایینی بچووککردەوە بۆ ڕێوڕەسم و چەمکێک، کە هیچ پەیوەندییەکی بە مەعریفەی كەڵەكەبووی نەبوو لەگەڵ قۆناغی پێشینانی مەسیحیی، بەڵکو لە سنوورێکی تەسکدا ئەم ڕێوڕەسمانەی دەخولاندەوە، لە چوارچێوەی زانیارییەکی کەم و كرچوكاڵ و هەمیشە دووبارەبووەوە. بۆیە بازدانی لوتەر بەرەو پێشینانی مەسیحیی، ڕاستیەكەی مەسیحیەتی لە ستەمکاریی کڵێسا و خراپ بەکارهێنانی مرۆڤ و ئایین پێکەوە ڕزگار کرد. كەچی بازدانەكەی بن عەبدولوەهاب ئیسلامی وەك كاتۆلیكی پێش پڕۆتێستانتیزم لێكرد، كردی بە ناوەڕۆكێكی سادەو ساكار و چەند سروت و ڕاسپاردەی وشك و دووبارەبووەوەی بێ ڕۆحی پڕ لە دەمارگیریی و توندوتیژیی.

ئەو هاوپەیمانییەی کە لە نێوان بن عەبدولوەهاب و بن سعوددا ڕوویدا، دواتر، بە درێژایی زیاتر لە دوو سەدەو نیو، لە ڕێگەی پەیوەندیی لۆجستیی و ستراتیژییەوە لەگەڵ بەریتانیا و پاشان ئەمریکا پەرەی سەند. ئەم هاوپەیمانێتییه له ساڵی 1911، له گەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی (إخوان من أطاع اللە)، زۆر پێشكەوت. ئەم پەیوەندییە له ژێر ڕۆشنایی پەیوەندییه نێودەوڵەتییەکاندا پەرەی سەند، که هەژموونی ڕۆژئاوا، له فراوانبوون و بەرزبوونەوەدا بوو، دەوڵەتی عوسمانییش کە گەلانی موسڵمانی له خۆگرتبوو، بەرەو پوكانەوە و لاوازیی و تەفروتونا بوون دەخشا. ئەم سەرچاوەیە، واتە وەهابییەت، لەگەڵ سەرچاوەی چاکسازیی ئایینی بە سەرۆکایەتیی ماسۆنییەكانی وەک ئەفغانیی و عەبدە، ناوکی لەدایکبوونی بیرۆکەی حزبایەتیی بە بەرگێکی ئیسلامیی پێکهێنا. لە سەر ئەم دوو بنەمایە و لە ژێر كاریگەریی هەردوو ڕەوتی وەهابیزم و ڕەوتی چاكسازیی ئایینیی ئەفغانیی و عەبدە، ئیخوانولمسلمین، بە سەرۆکایەتی حەسەن ئەلبەننا لە ساڵی 1928، لە میسر دامەزرا. حەسەن ئەلبەننا کاتێک گەنجێکی تەمەن 42 ساڵ بوو، لە ساڵی 1949، تیرۆر کرا. هەرچەندە زانا و فەقیهی شەرع نەبوو، بەڵام وەک پێشووتر ئاماژەمان پێدا، تا ئەمڕۆش، ئیخوانەكان بە ئیمام ناوی دەبەن. ڕاستیەكەی، ئەلبەننا لەگەڵ محەممەد بن عەبدولوەهاب، ئیمامی زۆربەی حزب و بزووتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکانە.

چۆن وەهابییەكان و ئیخوانەكان دەستییان دایە بە ناو چاكسازیی ئایینیی و سیاسەت و بەرەو چ ئاكامێك ڕۆیشتن و چییان بەرهەم هێنا؟ چاوەڕێی بەشی پێنجەم و دواتر بن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×