مێدیای ملیۆن دۆلاری و ملیۆن دیناری!

شوان سدیق
  2025-03-23     213

لە هەرێمی کوردستانی شەش ملیۆن دانیشتوان، هێندەی ئیتاڵیای شەست ملیۆن کەسی، مێدیا هەیەو هەمویان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی کۆمەڵاتی و بەرپرسیارێتی گشتی خەریکی ڕووماڵی ڕووداوەکانن.

بەپێچەوانەی کوردستان، لە ئیتاڵیا مێدیای دەوڵەتی هەیە هەر یەکەیان ئەرکیان جیاوازە هونەر،فیلم، دیکۆمێنتاری، زانست، منداڵان، مێدیای پەخشی ئاژەڵ و سروشت.

هەروەها مێدیای گشتیش هەیە، مێدیا لەم وڵاتە ئەوەی سەربەدەوڵەت بێت کەرتی گشتیەو بەرنامەکانیان دابەش بوونە بەسەر هەر بیست هەرێمەکەو مانگانەش بڕێک پارە لەگەڵ کرێی کارەبا دەچێت بۆ کەناڵەکان و تەلەفزیۆن!

بەڵام لە هەرێمی کوردستان، مێدیای دەوڵەتی و کەرتی گشتی نیشتیمانی نییە، ئەوەی هەیە مێدیای حزب و گروپی جیاوازە.

ئاساییە میدیاکان ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەکان بکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ڕەنگە هەزار کەناڵ و پلاتفۆڕمی جیاواز هەبێت.

تەنانەت وای لێ هاتووە، حزب و هەندێ لە بەرپرسانی نێو حزب، پەرلەمانتار و سەرمایەداری حزب، هۆز و شێخ و شارۆچکەو دیوەخانەکانیش پەیج و پێگەیان هەبێ و پارە دەدەن بە چەند کەسێک ئەوانیش بەچەپ و راست بەناو دەکەون، خەریکی پەخشی ڕاستەوخۆن، بەبێ ئەوەی ڕێز لەڕای گشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بگرن!

مێدیا دەبێ کارکردنیان جیاوازبێ، بەڵام ئەوەی دەیبینین مێدیای لۆکاڵی و ناوخۆی و ئاسمانیش تێکەڵ و پێکەڵ بوونە، بەئاسانی لێک جیاناکرێنەوە، تووشی هەڵەی گەورە دەبن.

واتە مێدیایەک ملیۆنان دۆلاری لێ خەرج دەکرێ و پەیجێکیش لە سوشیال مێدیا بەناوی مێدیا کە چەند ملیۆنێک دیناری تێ دەچێت، زۆرجار دێنە سەر یەک ئاست، هەردووکیان وەکو یەک ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن.

هەندێ جاریش مێدیا ملیۆن دۆلاریەکەش کاری مێدیا ملیۆن دیناریەکە دووبارە دەکاتەوە، واتە لاساییکردنەوە، چونکە ئەمڕۆ سۆشیال مێدیا بینەرو بەکاربەری زۆر ترە.

دەبوو داواکاری گشتی ڕۆڵی هەبوایەو هۆشداری بدابایەتە مێدیاکان، کە بەرپرسیارێتی کۆمەڵاتی لە ئەستۆ بگرن و گرنگە.

بەڵام دیارە داواکاری گشتی ڕۆڵی نیەو وەکو مار وان لەزستان، دایم سڕن و خەویان لێ کەوتووە.

دەکرێ، وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێنمای دەربکات، لەسەر چۆنێتی ڕووماڵی ڕووداوەکان، وەزارەت هەماهەنگی هەبێ لەگەڵ مێدیاکان و کۆمپانیاکانی سۆشیال مێدیا ڕێنمایی و ئاراستەیان بکات!

خۆی هەرێمە کەوتۆتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری خراپ، مێدیاکەشی مێدیای حزب و گروپی جیاوازن، هێندەی دیکە قەیرانەکان قووڵتر دەکەنەوە، چونکە خۆیان بە بەرپرسیار نازانن و لایەنێکیش نییە هۆشداریان بداتێ!

Shwansedeeq1@gmail.com 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×