هەموومان دەبین بەهەڵەبجەیی!

شوان سدیق
  2025-03-16     62

لەشازدەی سێ، هەموو کورد دەبێ بەهەڵەبجەیی، هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و ئازادی خواز دێنە پاڵ هەڵەبجەییەکان و یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە.

ئەوەی هەڵەبجەییەکان جیادەکاتەوە، لەوانی دیکە دوای ١٦ی سێش ئەوان بەردەوام لەگەڵ یادەوەریە تاڵەکانی ڕووداوەکانی کیمیاباران و کۆچ و بەندیخانەی نوگرەسەلمان دەژین.

خۆم لەو شارە لەدایکبووم ڕابردوویەکە لەگەڵمان دەژی و شوێنی دیارە، هەڵەبجە بوو بەشوێنێك بۆ پیاسەی زووڵم ئه‌و رووداوانه‌ی به‌سه‌ری هاتن.

کیمیایی و ئاوارەبوون و بەندیخانە کارێکی وه‌هایانکرد منداڵیی منیش هاوشێوه‌ی هه‌ر منداڵیکی دی هاوته‌مه‌نم له‌و شاره‌ ببێته‌ قه‌زاوه‌تی رۆژگارێكی رەش!

لە جێی یادگاریی منداڵی، چیرۆكە تاڵ و تراژیدییەكان لە زەهنیەتماندا شوێنی گرتەوە، نەیانهێشت پشوو بدەین وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بژین.

چیرۆکی ئێمە لەو ڕۆژەوە دەستی پێیکرد چەند ڕۆژێک لەژێر زەمین ماینەوە پاشان، هەڵهاتن بۆ ئێران و چوونە نێو ژیانی کامپی پەنابەری و ناوخێمەکانی ئۆردوگای سەریاس.

ئێمە لەکاتی بۆردومانی هەڵەبجە تا دوو رۆژ پاشتر لە ژێر زەمینی هاوسێیەکمان لەگەڕەکی گوڵان خۆمان حەشاردا، دواتر بەهاوکاری سەربازانی ئێرانی روومان لە ئێران كرد.

لە ناوەڕاستی هەمان ساڵ بەهۆی خراپی ژیان لە ناو خێمەو ئۆردوگا لە وڵاتی ئێران ناچار بووین بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی.

هەر ئەوكات حكوومەتی بەعس بەبریارێك رەوانەی بەندیخانەی نوگرە سەلمانی کردین لە پارێزگای سەماوا.

پاش نزیکەی ساڵێک لەنێو بەندیخانە بەعس ڕایگواستین بۆ کەمپی بەرحووشتر لە سنووری قەزای دەشتی هەولێری خۆشەویست.

ڕووداوە تراژیکەکان بۆ هەموومان، ساڵانێکى زۆر ئاسەواریان لەنێومان جێدەمێنێت، وەکو شایەتحاڵى ئەو بارودۆخە تراژیدیای بەسەرمان هاتوونە، بەتایبەتی ئێمە کەوەکو منداڵی قوربانی ماوینەتەوە.

ئەمرۆ پاش ٣٧ ساڵ کیمیابارانی هەڵەبجە نەمانتوانیوە لەسەر ئاستی كۆمەڵگاو حزب و دەسەڵات ئەم كۆستە گەورەیە كە پەیوەستە بەدۆزی گەلێكەوە بیكەینە دەروازەیەك بۆ ژیانێكی باشتر، ئێمە هێشتە لەقۆناغی یادکردنەوەیەن!

قسەم لەسەر قەرەبووی دانیشتوانەکەی و خزمەتگوزاری نیە، بەش بەحاڵی خۆمان دینارێکمان لە هیچ حکوومەتێک وەرنەگرتووە، تەنانەت ناچاریش بەسوێند خواردن کراین بەڵام دواجار ئێمە هەر بێبەش بووین لەو قەرەبووە!

قسەی ئێمە لێرەدا لەسەر گرنکی ڕووداوەکەیە هەڵوەستەکردن لەسەر پرسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تایبەتمەندی خۆی هەیە. 

کیمیایی و ئەنفال بەمەبەستی قڕكردن و گۆڕینی پێکهاتەو سیمای نەتەوەیی كورد بووە.

تاوانی جینۆساید كەبریتیە لە ئەنفال و كیمیابارانكردن ڕووداوگەلێکی گرنگن بوونەتە مێژوی ژیانمان ئەوە دەهێنێت لەسەرئاستی ناوخۆ بەتایبەتی ناوەندی پەروەردەو ئەکادیمی وزانکۆکان گرنگی پێبدەن.

لەبواری مافی مرۆڤ، ژینگە، تەندروستی، تەنانەت وەکو ئیتاڵی و ئەڵمانیەکانی پاش مۆسۆلینی و هیتلەر دەشێ جینۆساید و ئەنفال ببەسترێتەوە بەڕێزگرتن لە جیاوازیەکان ئاین،نەتەوەو ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی هەروەها پرسی دژایەتی و مەترسیەکانی ڕەگەز پەرستیش زۆر گرنگە.

لەسەر ئاستی سیاسی حزبی کوردی کەمتەرخەمە هێشتە خوێندنەوەیەکی قووڵیان بۆ ئەنفال و جینۆساید نیە.

نازانن ئەم مێژووە چەند گرنگە جوولەکەکان لەهەموو پرسێکدا هۆلوکۆست بەبیر جیهاند هێننەوە، ئەی جیاوازی چیە لەگەڵ ئەنفال و کیمیاباران؟!

نابێ ئەم مێژووە ببەسترێتەوە بەپرسگەلێکی حزبی و ناوچەی یان پرسێکی خزمەتگوزاری ئەمە پرسێکی گرنگە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×