بیست ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن تەواو بوو، ملیۆنان دۆلار خەرجکراو لە بانگەشەوە چووە نێو گیرفانی کۆمپانیاکانی ریکلام و سۆشیال مێدیا.
یەکەم: پێموانیە هاوڵاتییان ئەوەندەی گوێیان بەهاتوهاوار و هەڕەشەکردنی لیستەکان بوو، بەتایبەتی دەسەڵاتداران، هیچ پرۆژەیەکی نوێیان گوێ لێ بووبێت.
هەردوو حزبی دەسەڵات بانگەشەیان قۆرغکردبوو وەکو هەموو جارێ مێدیاکان چاویان لە گوتاری بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و شەڕەقسەکانی نێوانیان بوو.
ئەوەی دەڵێت؛ کەمپینی بانگەشەکە مۆدێڕن و لەهی ڕۆژئاوا دەچوو ڕاست ناکەن، لەڕۆژئاوا بەشێکی بەو شێوەیە نەک تەواوی شەڕە قسەو سوکایەتی کردبێ بە یەک. پیاوانی یەکێتیەکان بەپارتیەکانیان دەگوت "حووشتر، کامل بۆیاخ و ژنانی و ئەحمەق هتد.. پارتیەکانیش بەئاشکرا دەیانگوت "بافڵ تاڵەبانی دەرمانخۆرە!
لەهەموو دونیا لە کاتی بانگەشە چۆنیەتی داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووری و تەندروستی و سیاسی دیاری دەکرێ و میکانیزمەکانی دەخرێتەڕوو لە کوردستان ئەو هێزانەی ئەگەری چوونە دەسەڵاتیان زیاترە ئەم بوارانەیان پشتگوێ خستوە، یان دەیانەوێ هەمان سیناریۆی پێشتر جێبەجێ بکەن، ئەوان خەڵکیان بەشتی دیکەوە سەرقاڵکرد!
دووەم: کاندیدی لیستەکان هەر یەکەیان بەجۆرێ بانگەشەیان دەکرد خۆی دەبوو هەموو لیستێک پاکێجێکی دیاری کراوی هەبوایە نەک لەنێو یەک لیست چەندین جۆر بانگەشە بۆ پرۆژەی جیاواز.
سێیەم: مێدیاکان تاڕادەیەک هەوڵیاندا هاوسەنگی رابگرن و ڕووماڵی بانگەشەی لیست و بەربژێرەکان بکەن،؟بەڵام بەگشتی بەربژێری سەربەخۆکان زۆر گرنگیان پێنەدرا.
چوارەم: لەنێو مێدیاکان، چاودێر و تووێژەران، هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو، هۆکارەکەی ئەوەیە چاودێری سەربەخۆ نیەو رۆری لایەنگرە.
پێنجەم: لایەنە ئیسلامیەکان، گوتاریان زیاتر لەگوتاری بانگخواز دەچوو، بەگشتی گوتاریان خراپ بوو، گوتاریان سیاسی نییە، پێیانگوتین ئەوان ئیسلامین، پرۆژەی ئیسلامی جێبەجێ دەکەن، نەک نیشتمانێک بۆ هەمووان و بەبێ جیاوازی و نیشتمانێکی گشتگیر.
شەشەم: لە بانگەشە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن باسی پەیوەندی دەرەوەیان نەکرد، پێیان نەگوتین چۆن هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێک دەخەنەوە، هیچ لایەنێک نەیگوت پرۆژەی پەیوەندی باشووری کوردستان لەگەڵ پارچەکانی دی کوردستانمان لەبەردەستەو دەمانەوێ پەیوەندیەکانمان باشتر بکەین.