١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدیەکان تێپەڕدەبێت. ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ناسراو بە داعش هێرشیان کردە سەر سنووری قەزای شنگال و دەوروبەری.
دواتر بەپێی زانیاریەکان دەرکەوت لەو هێرشەی داعش یازدە هەزار و ٤١٧ هاوڵاتی ئێزدی دانیشتووی ناوچەکە رفێندران و کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
کەم تاکو زۆر ئاگاداری ڕووداوەکان بووم ئەوکات ڕووماڵی ڕووداوەکەم بۆ مێدیاکان دەکرد.
یەکەم: دەسەڵات واتە پارتی فەشەلیان هێنا نەیانتوانی شەڕ بکەن و ئێزدیەکان بپارێزن. دوایش لیژنەیەکیان پێکهێنا بەبێ ئەنجام ماوەتەوە.
دووەم: سوپای عێراق، ئەوانیش هەڵهاتن و بەرگریان نەکرد توانای شەڕکردنیان نەبوو خۆیان ڕادەستکرد و هەڵهاتن، بۆ ناوچەی ئارام.
سێیەم: لەسەرەتای شەڕی داعش لەنزیکەوە سەرقاڵی ڕوماڵکردنی ڕووداوەکان بووم چەندین شەو لەو سنوورەی شەنگال و دەوروبەری مامەوە، بەتایبەتی لە سەرشاخی شەنگال دیارە داعش نەهاتبووە ئەوێندەر!
چوارەم: داعش هێزێکی ئیسلامی بەربەری لە هیچ نەدەگەڕانەوە ئەوان زۆر کەمبوون بەڵام توانای شەڕو بانگەشەی بەهێزیان هەبوو تۆقێنەر دەردەکەوتن.
پێنجەم: هێزی پککە لەسنووری ڕۆژئاواوە هاتبوونە نێو سنووری ناوچەی سنونێ و دەوروبەری نزیک چیای شەنگالیش، هاوکاری ئێزدیەکانیان زۆر کرد.
بەڵام دواتر ئەوان نەڕۆیشتنەوە ژمارەیەک کەمپی مەشق و ڕاهێنانی حزبیان کردەوە، پڕیان کردبوو لە منداڵی ئێزدی و ڕێگەیان بەمێدیاکانیش نەدەدا نزیکیان ببنەوە!
شەشەم: داعش نەهاتبووە سەر چیای شەنگال زۆربەی قوربانیەکانی ئەم جەنگە لەدەوربەری شەنگال و بەشێکیشیان بەئاراستەی مووسڵ ڕۆیشتبوون نەک بەئاراستەی چیاکە، چونکە ئەوانەی بەئاراستەی چیاکە هاتبوون بەشێکیان مابوونەوەو بەشێکیشیان بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هاتبوون..
هۆکاری ئەو ڕێژەی زۆرەی قوربانیە کۆڕەو ئاسابوو خەڵک ملی ڕێگای گرتبوو بەشی زۆری خێزانەکان لە یەک دابڕابوون.
حەفتەم: جەنگ و ململانێی پاش هاتنی داعش ڕووی لەزیادبوونکرد ژمارەیەکی زۆر گروپی میلیشیاو چەکدار هاتبوونە ناوچەکە چەکداری پارتی، پەککە، یەکێتی، خۆبەخش، چەکداری بنەماڵەو خێڵەکان، گروپێکی دیکەی چەکداریان هەبوون زوو زوو دەچوونە ناو پارتی دوای دەبوونە پککە، زۆرینەیان متمانەیان بە یەک نەبوو!
هەشتەم: لەسەر چیای شەنگال جگەلە پێشمەرگە ژمارەیەک کەمپی چەکداری منداڵ و نەوجەوان، بەشێکیان دەیانگوت نزیکی گروپی ئاپۆین، دەرس و ڕاهێنانمان پێ دەکەن بەڵام هێشتە شەڕمان نەبینیوە.
نۆیەم: دۆخی شەنگال و ئێزدیەکان زۆرجیاوازبوو ئەوەی ئێمە لەدەرەوە دەمانبینی خۆم تاکو نەچوومە سەرچیای شەنگال و ڕووداوەکانم بینی هەمووشتێکم بۆ ڕوون بوویەوە.
بەڕاستی ئێزدیەکان گەلێکی هەژار وبێ سەرپەرەشت بوون، دەسەڵاتی کوردی دەیان ساڵ هەر خزمەتی بنەماڵەو ئاغاو شێخەکانی ئەو ناوچەی کردبوو زۆر گرنگی بەکەرتی پەروەردەو تەندروستی و ئاوەدانکردنەوە نەدابوو.
دوای هاتنی داعش دونیایەکی دیکە هاتە ئاراوە بۆ ئێزدیەکان، گروپە چەکدارەکان منداڵ و گەنجەکانیان کردبووە خۆیان و بەساڵاچوەکانیش لەسەر چیاکە تەنیا مابوونەوە، هیچ ئامارێکمان نییە ئەو ژن و منداڵانەی ئێزدی پاش ٣ی ئاب چەندن کەدیار نەماون، چەندیان لەگەڵ پککەو ڕۆیشتونە بۆ نێو سوریاو چەندیان مابوونەوە لەڕیزی گرووپەکانی دیکە شەڕیان دەکرد گروپە چەکدارەکان جێی مەترسی بوون حەزیان نەدەکرد لەمێدیاش دەربکەون بەڵام هەمووان تمووحیان لە ئێزیدیەکان دابوو!