وەڵامێکە بۆ نوێنەری هەرێم... نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا بەدەنگی ئەمریکای گوتووە؛ لە ئیتاڵیا بسووڕێیتەوە ئەوەندەی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی گرانبەهای تێدانییە.. ئەو کۆمەڵێ شتی دیکەی گوتووە پێویست بەباسکردن ناکات.
نەدەبوو ئەم بەڕێزە بچووبایەتە وردەکاری و بەراوردێکی ئەوها دەبوو لەبەرامبەر مەرگی دەیان گەنج و ژن و منداڵی کورد هەڵوێستی جدی هەبووایە شەرم دایبگرتبایە ئینسانی کورد بوونەتە خۆراکی ماسیەکانی دەریای ڕۆچێلا یۆنیکا لەهەرێمی کالابریای ئیتاڵیا .
دەبوو ئەو ڕەخنەی لەئیدارەو بەڕێوەبردنی هەرێم بگرتبایەو داوای هەڵوێستی بەرپرسیارانەی لەحکوومەت و کار بەدەستان بکردبایە یان ئەم خۆی دەستی لەکارەکەی بەر بدابایە.
نووێنەری هەرێم لە ئیتاڵیا، دەبوو بیگوتبایە پێویستە لێکۆڵینەوە لە هەڵهاتنی هاونیشتیمانیەکانمان بکەین!
دەبوو بیگوتبایە ئەرکمانە پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان باشتر بکرێن و گەنجان بتوانن بێنە دەرەوە بۆ خوێندن تەنانەت بۆ گەشتوگوزاریش!
با تەنیا ئەم خاڵانە بۆ بەراورد بکەین لە نێوان ئیتاڵیاو هەرێمی کوردستان.
من ناڵێم لێرە هەمووشت باشەو شامی شەریفە، ئیتاڵیاو هەرێمیش بەراورد بەیەک ناکرێ دەشێ تەنیا باسی هەردوولایان بکەین.
هەرچۆنێک بێت ئێمە حەقی ئێرەمان نییە، خراپە یان باشە! خەڵکی ئێمە واز لەمان ناهێنێت، بەپێچەوانەش هەزاران گەنج و خێزانی کورد لە ئیتاڵیا دەژین، بەسووپاسەوە رێزیان دەگرن و مافیان پارێزراوە لەوڵاتی خۆیان ئەوەیان بۆ نەکراوە!
با باسی تەنیا ١٠ خاڵ لەنێوان هەرێم و ئیتاڵیاتان بۆ بکەم!
یەکەم.. لە ئیتاڵیا هەموو پێنج ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێ و دوای پێنج سەعات ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێ و کەسیش ناوێرێ تەزویر و خروقات بکات،
لە هەرێمی کوردستان، هیچکات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدانەکراوەو کاتێکیش دەکرێ پڕیەتی لەخروقات و تەزویر.
دووەم: لە ئیتاڵیا خوێندن بەخۆڕایەو کەرتی پەروەردە زۆرینە گشتیە.
لەکۆی ٢٠ هەرێمی ٦٠ ملیۆن دانیشتووان، تەنیا نزیکەی ١٠٠ زانکۆی تێدایە زۆرینەی زانکۆی ئەم وڵاتە حکوومین.
لە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی شەش ملیۆن کەسییە کەچی نزیکەی ٣٠ زانکۆی تێدایەو زۆرینەی زانکۆکان زانکۆی تایبەتن. حزبی وشەخسی و بازرگانین!
سێیەم: لە ئیتاڵیا خوێندکار پاش ئامادەیی چی بەشێکی بووێ لەزانکۆی حکوومی دەخوێنێت، تەمەنیشی لەنێوان ١٨ تا ١٠٠ ساڵان دەرکەی زانکۆی بۆ کراوەتەوە.
لەش ساخ بێ یان خاوەنپێداویستی تایبەت گرنگ نییەو هیچیش ڕێگری لەبەردەم نییە.
لێرە خێزانی قوتابی داهاتیان کەمبێت خوێندنی زانکۆی بۆ دەبێتە خۆڕایی و دەوڵەت پاڵپشتی دارایی قوتابیەکە دەکات تا دواساتەکانی خوێندن.
لە هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەوە خوێندن لەکەرتی گشتی قورس بووە، خوێندکار دەرماڵەی نییەو کەسێکیش دەستی کورتبێ ژیانی زۆر قورس دەبێ تاکو خوێندن تەواو دەکات، هیچ دەرفەتێکی دامەزراندن و داهاتووشی نییە قورسە!
چوارەم: تەندروستی لە ئیتاڵیا تائێستەش کەرتی
تەندووستی گشتی ڕۆڵی بەرچاوی هەیە هاوشانی کەرتی تایبەت، هەموو خێزانێک پزیشکی تایبەتیان هەیە بۆ پشکنین هیچ بڕە پارەیەک نادەن، بۆ نەشتەرگەریش زۆرکەس روو لە نەخۆشخانەی گشتی دەکەن، هەڵبەت نەخۆشخانەی تایبەتیش هەیە.
کەچی لە کوردستان، کەرتی گشتیان گۆڕی بۆ بەئاراستەی کەرتی تایبەت کەرتی تایبەت ئەمڕۆ ڕۆڵێکی بەرچاوتری هەیەو خێزان خاوەنی پزیشکی تایبەتی خۆیان نین، دەبێ بۆ هەر نەخۆشیەک سەردانی پزیشکێک بکەن، راستە نەخۆشخانەی گشتی زۆرن بەڵام بەراورد بەپێشتر بۆ قازانجی کروپێکی دیاریکراو کەرتی گشتی زۆر لاوازە!
پێنجەم: لە ئیتاڵیا سیستەمی ڕووناکردنەوەو کارەبا بۆ ساتێک کوژانەوەو بچڕانی نیە، لێرە کەرتی کارەبا جیالەوەی کەرتێکی دەوڵەتی و گشتیە، کەرتی تایبەتیش بەشدارە
هەردوو کەرت کێبڕکێکی یەک دەکەن کامیان خزمەتگوزاری و نرخی گونجاوتر پێشکەش دەکات.
لە کوردستان، کەرتی کارەبا وێرانە لە ئێستە کەرتی گشتی و حکوومی ڕۆڵی بەرچاوی نییەو ناتوانێ کارەبای تەواو بۆ خەڵکی دابین بکات، ئەمە پێی دەگوترێ فەشەلهێنانی ئیداری.
شەشەم: ڕێگاوبان وەکو بەشێک لە پرۆژەی سەرەکی کابینەکانی حکوومەتی ناوەند و حکوومەتە لۆکاڵییەکان، باسی ڕێگاوبانی ئیتاڵیا ناکەم ڕێگاوبانەکانیان بەتایبەتی دەرەوەی شار.
ڕوو لەهەر هەرێمێکی ئەم وڵاتە بکەی ئەگەر ئێمە لە کوردستان نیوەی ئەوەی ئێرە بکرابایە دەمانگوت ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی بەرپرسیارێتی و خزمەتگوزاریدایە بەڵام دەسەڵاتی کوردی کە نوێنەری هەرێم لە ئیتاڵیا زۆر شانازی پێوە دەکات، نەک شایەنی پیاهەڵدان نییە پێویستە ریفۆرمێکی گشتی لە هەموو بوارەکانی بکرێ و چارەسەر بکرێت.