بەڕێوەچوونی جامی کەنداو له عێراق دیسان کوردی دابەشی پشتیوانی و دژایەتیکرد. پرسیار ئەوەیە کورد سوود لە دژایەتی عێراق وەردەگرێ یاخوود ئەی چی قازانجێ لە پشتیوانیکردنی عێراق دەکات؟
با سەرەتا بەهاکەزایی باسێکی مافە دەستووریەکانی کورد بکەین لە عێراق.
من وەکو خۆم پاش لەدایکبوونم لە هەڵەبجە کیمیایی و ئەنفال و دەربەدەری زۆرم دیوە، واتە عێراق بۆ من قازانجێکی نەبووە، وەلێ سەردەمی ئێستە جیاوازە دەکرێ مرۆڤی ورد دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و ئایینی و ناوچەیی هەڵسەنگاندن بۆ کورد لە عێراقدا بکات!
کورد لە عێراق بەویستی عێراقیەکان و بەفشاری نێونەتەوەی بەشی زۆری مافە سیاسی و یاسایی و ئابووریەکانی پێدراوە!
بەگوێرەی دەستوری ساڵی 2005 دەستوری هەمیشەی عێراق لە چەند مادەیەكدا دان بەمافی كوردا دەنێ، لەمادەی 117 بەئاشکرا دانیناوە بە هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی..
هەروەها لەمادەی 4 بڕگەی یەكدا هاتووە، زمانەكانی عەرەبی و كوردی زمانی فەرمین لە عێراق.
هاوکات لەمادەی 120 دا مافی ئەوەی داوە بەهەرێمی كوردستان دەستوورێكی تایبەت بەخۆی بنووسێتەوە بەمەرجێك پێچەوانەی بڕگەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق نەبێت..
هەرکەسێ زانستە سیاسی و دەستوورییەکانی خوێندبێ شارەزایی لە جۆرەکانی دەوڵەت و سیستەمە ئیداری و یاساییەکان دەبێ، بێگومان لەزانکۆ زۆر بەوردی ئەم باسانەم خوێندوە!
من باسی سیستەمی فیدراڵی ئەڵمانیا یان سیستەمی هەرێمایەتی ئیتاڵیا ناکەم عێراقمان مەبەستە لێرەدا.
عێراق بەدەوڵەتی فیدڕاڵی ناسێنراوە، بەڵام هەرێمی کوردستانەکەی وەکو هەرێمێک زیاتر پیادەی مافەکانی خۆی کردوە، لەوڵاێک کە هێشتا حکوومەتی ناوەند لاوازە!
بۆنموونە هەرێم وەکو عێراق جەیشی هەیە، وەکو عێراق نەوت دەفرۆشێ، وەکو عێراق پەیوەندی نێودەوڵەتی دەبەستێ، وەکو عێراق بازرگانی دەکات!
ئایا ئەگەر عێراق حکوومەتێکی سەقامگیری هەبێ هەروا بەئاسانی ڕێگا دەدات بەهەرێم بەم شێوەی ئێستە سیاسەتی ئیدارەو سیاسی و بازرگانی بکات٫ بێگومان نەخێر!
گرفتی هەرێم ئەوەیە ئەو ئیدارەدان و زیاد لە دەسەڵاتی هەرێمێکی فیدراڵ کە پیادەی کردوە، زۆربەی بەقازانجی گشتی کۆمەڵگەی کوردی و پاشەڕۆژی نەوەکان نییە!
کەوایە نەوەی ئێستەی ئێمە تۆپەکە لە گۆڕەپانی خۆیەتی و کێشەی لەگەڵ ئەوانەیە ئیدارەی دەکەن، نەک حکوومەت و ئیدارەی عێراق!
پێویستە تاکی کورد خۆی لەدەمارگیری و سیاسەتی ناکۆکی بپارێزێ، چێژ لە خۆشی و بۆنەکان وەربگرێ لە هەرکوێیەکی عێراق بێ!
دەشێ ئێوەیش هاوشێوەی عەرەبەکان بەخێزانەوە گەشتی باشوور و ناوەڕاست بکەن، خۆتان دەبینن هەزاران خێزانی عەرەب داهاتەکانیان دەهێننە کوردستان وەکو گەشتیار خەرجی دەکەن، ئەم مۆدێلە تێکەڵاوی و ئاشنابوونە بۆ پێکەوە ژیان گرنگە!
لەڕووی ئابووریشەوە کورد دەتوانێ قازانجی زیاتر لە بەشەکانی دی عێراق بکات، هەر وەکو ئەوەی بەردەوام کردویەتی بەهۆی هاتنی گەشتیاری ناوچەکانی دی باشوور و ناوەڕاست بۆ هەرێمی کوردستان!!
نوسەری ئەم بابەتە خوێندکاری زانستەسیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە لەئیتاڵیا.