پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت / زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

سەرەتا:
بڕیارە ڕۆژانی ٣ تا ٥ مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ ( ١٢ تا ١٤گەڵاڕێزانی ٢٠٧٢٦ ) حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جیۆکوردستان ( جیۆکوردستان ٧) لەشاری سلێمانی ئەنجام بدرێت. بەڕاستی ئەم ڕووداوە گرنگە کە هەردوو ساڵ جارێک دووبارەدەبێتەوە، بەڵام زۆر جیاواز لەیەکتر، هێند گرنگە کە زەویناسانی ناوە و دەرەوەی کوردستان زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەکەن. کاتێک یەکەم جار ئەم کۆبوونەوەیە ساڵی ٢٠١٢ بەڕێوەچوو سەرەتایەکی بەهێزبوو و چەندین توێژینەوەی بەسوودی تێداپێشکەشکرا، لەوڕۆژەوە کۆنفرانس دوای کۆنفرانس ئاستی توێژینەوە بەشداربووەکان بەرزتر و وردتر و بەسوودتر دەبن. زۆر گرنگە بۆ کۆنفرانسێکی ئاوا کە یەکەم بەردەوام بێت، دووەم ئاستی توێژینەوەکانی کەتێیدا پێشکەش دەکرێن لەئاست ڕۆژدابن و سوودمەندبن بۆ وڵات. بەخۆشحاڵییەوە ئەم کۆبوونەوەیە هەردوو کارەکەی ئەنجامداوە و ئەوەتا لە کۆنفرانسی حەوتەمدا ٦٦ توێژینەوە ڕەزامەندییان وەرگرتووە کە پێشکەش بکرێن ( بێگومان لەکۆی ١١٨ پوختەکە گەیشتبوونە بەردەست لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس)، هەروەها ٧پۆستەری زانستیش دراوەتە کۆنفرانس و ڕەزامەندییان وەرگرتووە تا بەشێوەیەکی زانستی بخرێنە بەرچاوی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە. ئەمەسەرەڕای ئەوەی کە چەندچالاکییەکی زانستی تریش لەماوەی ئەوسێ ڕۆژەی کۆنفرانسدا پێشکەش دەکرێن و دەخرێنە بەردەم گشت زەویناسان و ئەوانەی حەزیان بەزانستی زەویناسییە، وەک بەشداری کۆمپانییاکان و کێبڕکێی زانستی و گەشتی زانستی.
ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی تەواو زانستی و دوور لە کەشوهەوای کات کوشتن و پارە بەفیڕۆدان، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت لە زانکۆی سلێمانی و کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان\لقی سلێمانی کە سەرکەوتووانە خۆیان ئامادەکردووە بۆ ڕووداوێکی ئاواگرنگ بۆ کوردستان و ناوچەکە، چونکە کۆنفرانسەکە نێودەوڵەتییە و چەندین شارەزاو پسپۆڕی زەویناسی لە وڵاتانی ئێران و یۆنان و کرواتیا و پۆڵەندا و هتد. توێژینەوە و گوتاری زانستیان هەیە، جگە لە زەویناسانی کوردستان و عێراق کە بەچڕی بەشدارن. ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە ئاسان نییە و کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش لەهەردوو لای ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکەوە ماندوونەناسانە و بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە سەرقاڵن تابتوانن کارەکانی کۆبوونەوەیەکی ئاوا ئەنجام بدەن، کە بەڕاستی جێگەی شانازی و ڕێزن.
بەڕاستی ئالەم کاتەدا کە ژینگەپارێزی بووەتە باسی ڕۆژی زۆربەی کۆبوونەوە زانستی وسیاسییەکان، سازدانی کۆنفرانسی جیۆکوردستان ٧ زۆر گرنگە چونکە بەشێکی زۆری توێژینەوەکان سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە و ئاو و نەوت وگاز وسەرچاوەسروشتییەکانی تری کوردستان و ناوچەکەن. توێژینەوەکان لەلایەن کەسانی شارەزاوە بە ڕێگەی زانستی و لێکدانەوەی زانستی سەردەمیانە پێشکەش دەکرێن، بۆیە زۆر گرنگە دەزگاکانی پەیوەندیدار لە حکومەتی کوردستان بەچڕی بەشداربن، لەلایەکەوە سوود وەربگرن لەلایەکی تریشەوە گفتوگۆلەگەڵ کەسانی ئامادەبوو بکەن سەبارەت بەوکێشانەی، کە لە دەزگاکانی حکومەت دەبینرێن و بەدوای ڕێگەچارەی گرفتەکانیان بکەون. هەربۆیە بەناوی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەوە بەخێرهاتنی هەموو زەویناسانی دەزگاو بەڕێوبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین و سوپاسیان دەکەین کە بەشدارییەکی چالاک بن و هەرلەێستاوە خۆیان ئامادەبکەن بۆ سێ ڕۆژ لەگفتوگۆی زانستی بەرهەمدار کە ئەمەش ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکەیە. بێگومان لایەکی تری کۆبوونەوەکەشمان لەبیرنەچێت، کە هەلێکی زێڕینە بۆ زەویناسە لاوەکان و کەم شارەزاکان و خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا تا کارەکانی خۆیان بخەنەڕوو و ئاستی زانست و شارەزاییان پیشان بدەن، سوودیش لە شارەزایی و لێهاتووی پسپۆڕە بەشداربووەکان ببینن و پرۆژەی هاوبەش لەگەڵیاندا بنیاتبنێن.
بەرنامەی کۆنفرانس:
کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دوو ڕۆژی یەکەم توێژینەوە و پۆستەرەکان پێشکەش دەکرێن (کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی\ڕاپەڕین) و ڕۆژی سێیەم گەشتی زانستی بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت. ئەم گەشتە زانستییە وەک نەریتێکی کۆبوونەوە زەویناسییەکان وایەو لەهەمان کاتیشدا بەشداربووان بە زەویناسی ناوچەکە ئاشنا دەبن و پێکەوە لەگەڵ زەویناسەکانی ئێرە گفتوگۆ دەکەن و بیر وڕا دەگۆڕنەوە و پڕۆژەی هاوبەش بنیات دەنێن. لەپێناو دەستکەوتنی زانیاری زیاتر دەربارەی کۆنفرانسەکە تکایە سەردانی ئەم پێگەیە بکەن: https:gk-conference.com
کۆنفرانس بە ژمارە:
لەماوەی دوو رۆژدا بەشداربووان توێژینەوەکانیان پێشکەش دەکەن (٣ و ٤ مانگی ١١ ساڵی ٢٠٢٦). پوختەی ١١٨ توێژینەوە و پۆستەر پێشکەشکراوە، لەم ژمارەیە ٨٦ توێژینەوە درێژەی توێژینەوەکانیان لەماوەی دیاریکراودا پێشکەشکرد و پاش هەڵسەنگاندنی زانستی ٦٦ توێژینەوە و ٧ پۆستەر وەرگیران. پاش تەواوبوونی کۆنفرانس، ئەوتوێژینەوانەی پێشکەش دەکرێن و لێکۆڵەرەکانیان دەیانەوێت چاپی بکەن ئەوا توێژینەوەکان لەگۆڤاری دەزگای جیۆلۆجی و ڕووپێوی عێراقەوە ( IBGM) و گۆڤاری زانکۆی سلێمانی بۆ زانستە پراکتیکی و کردەییەکان (SJPAS ) چاپدەکرێن و بڵاودەبنەوە، بێگومان پاش ئەوەی لەلایەن هەڵسەنگێنەرانی شارەزاوە هەڵسەنگاندن و ڕاستکردنەوەیان بۆ دەکرێت. جیۆکوردستان ٧ پێشکەوتنێکی بەرچاوی پێشانداوە بەبەراورد بە کۆنفرانسەکانی پێشوو.
سپۆنسەرکردن:
ئەم کۆنفرانسە هەر ساڵە و چەندین سپۆنسەری دارایی هەیە، بێگومان جگە لە هەردوو لایەنی ئامادەکار،کە لە دەزگا حکومییەکان و کۆمپانیاو مەڵبەندە زانستییە پەیوەندیدارەکاندا کۆدەبنەوە. بۆ حەوتەمین کۆنفرانسی جیۆکوردستان وەزارەتی ژینگەی عێراقی فیدڕاڵ بە سوپاسەوە تەنیا سپۆنسەرە و ئیتر نەمانویست زەحمەت بخەینە سەر ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی تر، کە چەندین ساڵە کۆمەکی دارایی پێشکەش بە کۆنفڕانس دەکەن. بێگومان هەردوو لایەنی ئامادەکاری کۆنفرانس بڕی گونجاو پارەیان ئامادەکردووە بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە و لیژنەی دارایی کۆنفرانس سەرپەرشتی و وردبینی دارایی دەکەن و لەکۆتایشدا بەڕاپۆرتی فەرمی زانکۆ و کۆمەڵە لەچۆنێتی خەرجکردنی پارە ئاگاداردەکەنەوە.
چاپکردنی پەڕتووک:
کۆنفرانس هەر جارە و کارێکی ناوازە و بەسوود بۆ زەویناسان ئەنجام دەدات، بۆ ئەم ساڵیش توانراوە دوو پەڕتووکی زەویناسی بەچاپ بگەیەنێت و لە ڕۆژانی کۆنفڕانسدا بەردەست دەبن بۆ خوێنەران، یەکێکیان بەزمانی کوردی و لە نووسینی د.ئیبراهیم محەمەد جەزا و ئەوی تریان بە زمانی ئینگلیزی و لە نووسینی مامۆستا ئەرکان شارەزووری.
گەشتی زانستی:
سێیەم ڕۆژی کۆنفرانس ( واتە ڕۆژی پێنجشەمە ٥-١١-٢٠٢٦) گەشتێکی زانستی و پڕ سوودە بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە،کە تێیدا ٤ مامۆستای بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت ڕێبەری ئامادەبووانی گەشتەکە دەکەن و زانیاری ورد لەسەر جیۆلۆجیای ناوچەکە باس دەکەن و دەخەنە ڕوو، لەهەمانکاتدا نامیلکەیەکیش بەزمانی ئینگلیزی بۆ ئامادەبووان ئامادەکراوە و پێشکەش دەکرێت.
بەهیوای سەرکەوتنی کۆنفرانس و سوودوەرگرتنی دەزگاپەیوەندیدارەکانی حکومەتی کوردستان لەم بۆنە گرنگە و هەر لەئێستاوە گشت دەزگاکانی میدیایی کوردستان بانگهێشت دەکەین بۆ ڕووماڵکردنی ئەم ڕووداوە زانستییە و دەرگای کۆنفرانسیش بۆ هەمووتان واڵایە و بەخێرهاتن بان چاومان. دەتوانن لەم ماڵپەڕەوە زانیاری زیاتر سەبارەت بە وردەکاری کۆنفرانس بخوێننەوە: https:gk-conference.com