کێشە و پێشھاتەکانی سوریا یەکێکە لە ئاڵۆزترین کێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی سەدەی بیست و یەک، کە بووە بە گۆڕەپانی کێبڕکێی توندی نێوان زلھێزەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە ئەمەش بەھۆی پێگە و شوێنی ستراتیجی ئەم وڵاتە لە نێوان ھەر سێ کیشوەری ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا بوونی سنووری لەگەڵ یاریکەرە سەرەکییەکانی وەک تورکیا، ئیسرائیل، عێراق و لوبنان کە گرنگی و بایەخی تایبەتی پێبەخشیوە لە ھاوکێشە ناوچەی و جیھانیەکاندا لە ھەمان کاتدا سەرچاوەی جوگرافیای ھێز لە سوریا وەک کێڵگە نەوت و گاز، ژێرخانی گواستنەوە و گەیشتن بە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وڵاتەکەیان کردۆتە جێگای گەرمی کێبڕکێ لەسەر کۆنترۆڵکردنی وزە و ڕێڕەوی بازرگانی. پێشھاتە سەربازی و سیاسییەکانی ئەم وڵاتە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان ھەیە، بەڵکو ھاوسەنگی ھێزی جیھانیش دەگۆڕێت. لە چوارچێوەیەکی وەھادا پەیوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکان ھاوپەیمانی و گرژیی دژ بەیەکیان لە نێوان یاریزانە جیاوازەکاندا دروستکردووە کە ئامانجی سەرەکییان دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانە لەم ھەرێمە ستراتیژییە. لەم ھاوکێشە ئاڵۆزەدا یاریزانە سەرەکییەکان ھەریەکەیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و ستراتیژی جیۆپۆلەتیکی خۆیان مامەڵە دەکەن. ئێران بە دروستکردن و بەھێزکردنی ڕێڕەوێکی وشکانی لە تارانەوە بۆ دەریای ناوەڕاست لە ڕێگەی عێراق و سوریاوە ھەوڵدەدات کاریگەریی ناوچەیی خۆی فراوانتر بکات و پێگەی ستراتیژی خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل و ھاوپەیمانە عەرەبییەکان بەھێزتر بکات. ڕووسیا بە وەبەرھێنانی قورسی سەربازی و دیپلۆماسی، سووریای کردووە بە سەکۆیەک بۆ بوونی درێژخایەنی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕژێمی بەشار ئەسەد وەک ئامرازێک بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی خۆی وەک زلھێزێکی جیھانی دەست گەیشتن بە ئاوە گەرمەکان بەتایبەت دەریای سپی ناوەڕاست.
تورکیا بە پاڵپشتیکردنی گروپە بە وەکالەتەکانی سوننە و تورکمان بەھێزکردنی نفوزی سەربازی لە باکوری سوریا، ھەوڵدەدات ڕێگری بکات لە دروست بوونی ھەرێمێکی فیدراڵی یان سەربەخۆ لەلایەن ھەسەدەوە و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی لەسەر سنوورەکانی بپارێزێت.
ئەمریکا وەک یاریکەرێکی سەرەکی نێودەوڵەتی بوونی لە سوریا ھەیە کار بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانی دەکات لە سەرووی ھەموویان پاراستنی ئاسایشی وزە، ئەمنیەتی ئیسرائیل، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا.
ئیسرائیل بە گرنگیدان بە بەڕێوەبردنی ھەڕەشەکانی ئێران و حزبوڵڵا و گروپە جیھادییە سوننەکان، سیاسەتێکی دوولایەنەی گرتۆتەبەر: لەلایەک بە بەئامانجگرتنی پێگەی ئێران و ھاوپەیمانەکانی، ڕێگری دەکات لە چەسپاندنی بوونی خۆیان لە سوریا لە لایەکی ترەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە مانەوەی ڕژێمی ئەسەد دەکات، چونکە ئەم ڕژێمە وەک ئامرازێک دەبینێت بۆ ڕێگریکردن لە جیھادییە سوننەکان لە بەدەستھێنانی دەسەڵات و دروستکردنی ناسەقامگیری زیاتر لەسەر سنوورەکانی. وەک دەزانێت پێشھاتەکانی ئەم دواییە بووەتە تەحەدای ئەرکی ستراتیژی حکومەتی ئەسەد بۆ ئیسرائیل. ئایا ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە ھۆی ئەوەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی چالاکتر پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد و حزبوڵڵا و سوپای پاسداران بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێزە سوننەکان؟ بەڵگەی بەردەست ئەوە پیشان دەدات کە ئەم جۆرە ھاوکارییانە لەسەر بنەمایەکی سنووردار ئەنجام دەدرێن. بەڵام ئەگەر ئە م پرۆسەیە بەربڵاوتر بێت، ئیسرائیل ڕووبە ڕووی بە ھێزبوونی پێگەی ئێران و ھاوپەیمانەکانی لە سووریا دە بێتەوە ئە م پرسە دە توانێت بە تە واوی ھاوکێشە جیۆپۆلیتیکییە کانی چەند ساڵی ئیسرائیل لە سوریا بگۆڕێت و ھە موو شتێک کە دروستی کردووە خەرجی کردووە سفر بکاتەوە.
ستراتیژییە دژبەیەک و سەریەککەوتووەکان ڕەنگدانەوەی سروشتی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی سوریایە، کە بەرژەوەندییە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی ئەکتەرەکان لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن یان کارلێک دەکەن.
لە کاتێکدا ئێران و ڕووسیا ھەوڵی سەقامگیرکردنی ڕژێمی ئەسەد دەدەن وەک ھاوپەیمانێکی ستراتیژی، ئیسرائیل نیگەران بێت لە ئاسۆی ڕووخانی تەواوەتی حکومەتی ناوەندی سوریا، چونکە ڕەنگە ببێتە ھۆی بەھێزکردنی گروپە سوننەکانی نزیک لە حەماس. ھاوکات کێبڕکێی نێوان یاریزانە سەرەکییە ناوچەیی و جیھانییەکان ئەوە دەردەخات کە سیاسەت لە سووریا تەنیا گۆڕەپانی شەڕ نییە، بەڵکو گۆڕەپانێکە بۆ بەدەست ھێنانی سەرچاوەی جوگرافیای ھێز و پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پێشخستنی ئەو ستراتیژییانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ھاوسەنگی ھێز لە داھاتوودا ھەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم دۆخە جارێکی تر وتە بەناوبانگەکەی لۆرد پاڵمەرستۆن دەھێنێتە بەرچاو کە دەڵێت:
«لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنی ھەمیشەیی نییە؛ تەنھا بەرژەوەندی ھەمیشەیی ھەیە»