چۆن دەتوانن گەمە لەگەڵ پارتی بکەن؟

دییە عەلی
  2022-01-12     881

 

دوێنێ و دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10-10-2021 دروست پاش سێ مانگ، هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی کە دژی دانیشتنەکەبوون و هەموو ڕێگایەکیان گرتەبەر بۆ ئەوەی دانیشتنەکە پەکبخەن، بەڵام سەرئەنجام سێکوچکەی سەدر و حەلبوسی-خەنجەر و بارزانی سەرکەوت و سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێران و یەکێتیش دیار نەبوو یان ڕوئیایی ڕۆشن نەبوو بۆچی چووە دەرەوە و بایکۆتی پرۆسەکەیکرد.

دواتریش کە پرۆسەکە بەسەرکەوتووی بەڕێوەچوو، کەوتە شانامە بەباڵای خیانەت و خنجەری ژەهراوی و زۆر شتی تر لەدژی پارتی، کە بۆ ئەوانەی ئەلف و بێ لەسیاسەت دەزانن، هیچ مانایەکی نییە و زیاتر وەک مەهزلەیەکی هێزێکی تێکشکاو دێتە بەرچاو.

هەموومان دڵخۆشبوین بەوەی کەشاندی کورد بەسەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد چونە بەغدا و کۆبونەوە و دانوستانیان لەگەڵ زۆربەی سەرکردە و فیگەرەکانی عێراقداکرد، بەڵام لەیەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان هیچ ڕەنگدانەوەیەکی ئەو یەکڕیزییە بەدی نەکرا و تەنانەت پەرلەمانتارە دەستبەکاربووەکانی یەکێتیش نەیاندەزانی بۆچی لەدەرەوەی هۆڵی پەرلەمانن و چییان دەوێ؟

کێشەی زۆربەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە تێناگەن لەسیاسەت و نازانن چۆن سیاسەت بکەن لەگەڵ پارتیدا، هەر ئەوەیە وایکردووە بەهەموو هێزە سیاسییەکانەوە بەقەد پارتی کورسیان هەبێت.

لەساڵانی پێشوودا لە2009ەوە بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی هاتە مەیدان و ئۆپۆزسیۆنێکی ڕادیکاڵ بوو، ئیدیعای ئەوەی دەکرد، تەخت و تاجی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەروخێنێت، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2010 دا توانی نۆ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، ویستی بەشداری حکومەتی عێراق بکات، بەڵام پارتی فشاری لەمالیکی کرد و بەوهۆیەوە گۆڕان بێبەشکرا لە حکومەت، لەوکاتەوە گۆڕان لەسەنگی پارتی تێگەیشت لە هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێم و عێراقدا.

بەڵام دواتریش کەگۆڕان بۆی دەرکەوت ڕووخانی ئەم دوو هێزە ئەوەندەش سانانییە، بۆیە دوای چوارساڵ لەئۆپۆزسیۆن بوون، مارکێتینگی بۆ گوتاری بەرەو دەسەڵاتی بەرزکردەوە و ئەوەبوو لەساڵی 2013دا گۆڕان وەک دووەم هێزی کوردستان پشکێکی باشی وەرگرت لە حکومەتی هەرێمدا و حکومەتی بنکە فراوان پێکهات، هەر بەردەوام بوو لەسەر ئەم گوتارە و زیاتر لەپارتی نزیک بووە، بەڕادەیەک کە دەرگای گفتوگۆی هەمەلایەنەی لەگەڵ پارتیدا کردەوە، لەساڵی 2014 دا و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نزیکی گۆڕان لەپارتیەوە، پارتی سازشی لەجێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانکرد بۆ گۆڕان، ئەوەبوو ئارام شێخ محەمەد لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان بووە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام دوای ئەوەی پارتی بۆی دەرکەوت ئارام لەدژی پارتی کاردەکات، بەتایبەتی دوای دەرکردنی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم.
بۆخولی چوارەمی پەرلەمان لەساڵی 2018 دا هەرچەند یوسف محەمەد خۆی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دانابوو، بەتایبەتیش لەسەرەتاوە یوسف یەکێک بوو لەوانەی کەهانی گۆڕانی دەدا بەشداری حکومەت بکات لەکابینەی نۆدا و کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەدەست و قەڵەمی ئەو نوسرابوو، بەڵام دوای ئەوەی بێهیوابوو لەوەی پارتی پۆست بدات بەگۆڕان لەبەغدا بۆیە خۆی و هاوڕێکانی کەوتنە تەقە لە حکومەتی هەرێم و هەرچییان لەدەستهات درێخیاننەکرد لەدژی یەکڕیزی کورد لەبەغدا دواترین کاریشیان هاوپەیمانی هیوابوو، بەڵام سەرەنجام هیچ ئیزافەیەکیان بۆ میللەت نەبوو.
لەم چیرۆکەی گۆڕانەوە تێدەگەی ئەوەی بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بەدەست دێت، هەرگیز بە شەڕ و ململانێی توند بەدەستنایەت.

ئێستاش کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، یەکێتی واپیشانی دەدات کە پارتی غەدری لێکردووە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە دەبوو یەکێتیش بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی بکردایە و نەکەوتایەتە ژێر فشاری هێزە وەلائییەکانی ئێرانەوە، چونکە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق قوماشێک بوو بەدەستی ئەمریکا و هاوپەیمانان دوورابوو، لەقۆناغی یەکەمدا ئامانجی خۆی پێکا لەلاوازکردنی هێزەکانی نزیک لە ئێران، ئەم بەرگدورییە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، تا دوورخستنەوەی تەواوی هێزەکانی نزیک لە ئێران و دواجاریش بڕینی دەستی ئێران لە عێراق.

یەکێتی نوێ کەلەدوای لاوازکردن و دەرکردنی باڵی لاهور شێخ جەنگی لەناو حزبەکەدا زۆرترین قسەی بافڵ تاڵەبانی بەئاراستەی یەکگرتووی و یەکگوتاری کورد بووە بۆ بەغدا، بۆیە نابێت یەکێتی لەو گوتارە پاشەکشەبکات، چونکە بەپاشەکشەکردن دوورنییە زۆربەی پۆستەکانی لەحکومەتەکانی ڕابردووی عێراقدا هەیبوو لەکابینەی نوێی عێراقدا بەتەواوەتی لەدەستی نەدات.

پۆستی سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکوک و چەند وەزارەتێک لەساڵی 2005ەوە بەدەستی یەکێتیەوەن، ئێستاش ئەگەر بیەوێت بە 18 کورسیەوە لەبەرامبەر 31 کورسی پارتی و ئەو هەمووە پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەی کەهەیەتی بەدەستی بهێنێتەوە دەبێت بەناچاری بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، یەکەم هەنگاوی ئەو ڕێککەوتنەش دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵحە لە کاندیدی سەرۆککۆمار و دەکرێت کەسێکی تر کاندید بکات، چونکە لە سێ ساڵی ڕابردودا بەرهەم ساڵح هیچ دەستکەوتێکی وەهای نەبووە بۆ کورد، خۆ ئەگەر بافڵ تاڵەبانیش هەر سوربێ لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح، ئەوە دەتوانێ هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە بکاتەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە هەمان ئەنجام بەدەستبهێنێتەوە، چونکە چیتر ئەو هێزانەی پێشتر هاوکار و هەماهەنگی یەکێتی بوون، هەنوکە لەوە لاوازترن بتوانن ئەو پۆستانە بۆ یەکێتی مسۆگەر بکەن، بۆیە کارە ئەقڵانییەکە هەر ئەوەیە بەڕێککەوتن لەگەڵ پارتی ئەو پۆستانە مسۆگەر بکەنەوە، ئەگینا بەدوری نابینم بۆ هەتا هەتایە ئەو پۆستانە لەدەستبدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×