ئەمشەو کاک نەوشیروان لە کەرکوک بو!

خالید ره‌زا
  2019-03-20     1680

بەر لە 28 ساڵ و لەم شەودا کاک نەوشیروان کە سەرپەرشتی رزگارکردنی کەرکوکی کرد، لە کەرکوک بو، مژدەی ئازادکردنی لەسەر بۆنیتی ئۆتۆمۆبیلەکەی نوسی!

کاک نەوشیروان لە زنجیرە وتارە 10 ئەڵقەییەکەیدا کە دەربارەی مفاوەزاتی بەرەی كوردستانی و بەعس، نوسیوێتی. لە بەشی ئازاد کردنی کەرکوک دا نوسیوێتی:

بەشی دوەم
20 ی ئازار:

ئازاد کردنی که‌رکوک

پێش ئه‌وه‌ی له‌ قاسمه‌ ڕه‌ش و زه‌ڵێ دابه‌زین، ئه‌و کاته‌ی خۆمان ئاماده‌ ئه‌کرد بۆ راپه‌ڕین، پێمان وابو ئازادکردنی که‌رکوک له‌ ئازادکردنی هه‌مو شاره‌کانی تری کوردستان گرنگتر، به‌ڵام سه‌ختتر ئه‌بێ. له‌به‌رئه‌وه‌ پلانی گه‌مارۆدان و هێرشی سێلاییمان بۆ دانابو. دامان نابو دوای ئازادکردنی گه‌رمیان، سلێمانی، هه‌ولێر، گه‌وره‌ترین هێزی له‌سه‌ر کۆبکه‌ینه‌وه‌ و، له‌ هه‌ر سێ لاوه‌ به‌ره‌و ناوشار په‌لاماری بده‌ین.

دوای ئازادکردنی هه‌ولێر، له‌پێش ئه‌ویش سلێمانی ئازاد کرابو، ئه‌بو پلانی رزگارکردنی که‌رکوک جێبه‌جێ بکرێ.

هێزه‌کانی سلێمانی له‌ قه‌ره‌هه‌نجیر کۆکرابونه‌وه‌.
هێزه‌کانی هه‌ولێر له‌ ئاڵتون کۆپری - که‌ڵوڕ کۆکرابونه‌وه‌.
هێزه‌کانی گه‌رمیان له‌ شه‌ڕی «موجاهیدینی خه‌ڵق»ی ئێرانیه‌وه‌ گلا بون.

سه‌رکردایه‌تی (میحوه‌ری) که‌رکوک چه‌ند جارێ هه‌وڵی په‌لاماردانی دابو. نه‌یانتوانی بو هیچ سه‌رکه‌وتنێکی کاریگه‌ر به‌ده‌سبهێنن. هه‌ندێ له‌ فه‌رمانده‌کانی پێشمه‌رگه‌ دودڵ بون و به‌ خۆیان دا رانه‌ئه‌په‌رمو، به‌قسه‌ی خۆیان «ئۆباڵی مێژویی» ئه‌م هێرشه‌ هه‌ڵبگرن داوایان لێ کردم که‌ خۆم یان کاک مه‌سعود ئه‌و ئۆباڵه‌ هه‌ڵبگرین.

شه‌وی 19ی ئازار له‌گه‌ڵ کاک مه‌سعود له‌ پردێ کۆبوینه‌وه‌ و، ئیشوکارمان دابه‌ش کرد. ئه‌رکی سه‌رکردایه‌تی قۆڵی که‌رکوک به‌ من سپێردراو، کاک مه‌سعود ئه‌رکی سه‌رکردایه‌تی قۆڵی موسڵی گرته‌ ئه‌ستۆی خۆی.

له‌گه‌ڵ کاک کۆسره‌ت، که‌وتمه‌ سازدان و کۆکردنه‌وه‌ی هێزه‌کان. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی قه‌ره‌هه‌نجیرم کرد له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانی لای رۆژهه‌ڵاتی که‌رکوک کۆبوینه‌وه. ئه‌وانه‌ هه‌ندێکیان پێشمه‌رگه‌و هه‌ندێکیان موسته‌شاری فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌کان و هه‌ندێکیان ئامیر مه‌فره‌زه‌ بون‌. بۆ یه‌که‌مجار ته‌حسین شاوه‌یسم له‌وێ بینی. ئیشوکارمان به‌سه‌ردا دابه‌ش کردن.

ئێواره‌ی نه‌ورۆز له‌ رۆژئاوای که‌رکوکه‌وه‌ (پردێ) و له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ (قه‌ره‌هه‌نجیر) په‌لاماری شاری که‌رکوک درا و، شه‌وی پێشو هێزه‌ که‌رکوکیه‌کان دزه‌یان کرد بو چوبونه‌ ناو گه‌ڕه‌که‌ کورده‌کانه‌وه‌.

بۆ شه‌و هێزه‌کان له‌هه‌مو لاوه‌ هێرشیان کردو رژانه‌ ناو شاره‌وه‌ تا رۆژی دوایی که‌ نه‌ورۆز بو ناو که‌رکوکیان پاک کرده‌وه‌. ته‌نیا ئه‌و لایه‌ی به‌ هێزه‌کانی گه‌رمیان، کفری و که‌لار و دوز، سپێردرا بو به‌هۆی شه‌ڕی «موجاهیدینه‌وه‌» نه‌یتوانی هیچ به‌شداریه‌ک له‌ جێبه‌جێ کردنی پلانه‌که‌دا بکا، بۆیه‌ «موعه‌سکه‌ر خالید» وه‌کو خه‌نجه‌رێکی کوشنده‌ له‌ که‌له‌که‌ی که‌رکوک دا مایه‌وه‌.
شه‌وی 20 – 21 ی 3 ی 1991 به‌ ته‌واوی ده‌ستگیرا به‌ سه‌ر ناو شاری که‌رکوک دا. له‌ناو شاری که‌رکوکه‌وه‌ له‌ سه‌ر بۆنیتی ئۆتۆموبێله‌که‌مان هه‌واڵێکی کورتم وه‌کو مژده‌ نوسی و به‌ بێته‌ل دامان به‌ رادیۆی «ده‌نگی گه‌لی کوردستان» بڵاوی بکاته‌وه‌.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×