خوێندنەوەی ئارکونیی و گوتاری دینیی

ئەحمەد ڕەسوڵ
  2024-06-19     322

 کۆمەڵگای کوردستان وەکو بەشێک لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییە "کە ناودەبرێن بە" ئیسلامییەکان، دەرگیرە لەگەڵ کێشەگەلی بونیادیی پەیوەندیدار بە عەقڵ و ڕۆشنبیریی دینییەوە. بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ئێمەش هەمانشێوەی بەشێکی زۆر لە کێشەکانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانە لەسەر ئاستگەلی جودا، لەوانە: کێشەی نوێکردنەوەی بەها و نۆڕم، ڕۆڵی عەقڵ بە مانا ڕەخنەییە زانستییەکەی لە بەرهەمهێناندا لە نێو تەواوی لقە جیاواز و سەربەخۆکانی زانستدا، بە تایبەتی کایەی زانستە مرۆییەکاندا، کێشەی مێنتاڵێتیی کۆنزەرڤاتیڤانەی نێو کایەی سیاسی، کارگێڕیی، دەزگایی و دەوڵەتداریی بە گشتی. واتا زۆرینەی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمە کێشەی چەقبەستوویی و دواکەوتووییەکەیان لە پەیوەند بە عەقڵیەتێکەوەیە کە ڕەگەکانی بە قووڵی لە سەرزەمینی عەقڵیی دینیی چەقیون.

...

سەرەتای سەدەی بیست سەردەمی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئایدیۆلۆژیاکانە. بە تایبەت لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە چەندین ئایدیۆلۆژیای جیاواز سەریان هەڵدا. ئایدیۆلۆژیای نازیزم لە ئەڵمانیا، فاشیزم لە ئیتالیا. لە جیهانی ئیسلامیشدا سەرەڕای ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی لە نموونەی ناسریزم لە میسر و بەعسیزم لە سوریا و عێراق، ئایدیۆلۆژیای ئاینیی سەریهەڵدا.

لە جیهانی ئیسلامییدا جۆرێکی دیکە لە ئایدیۆلۆژیا سەریهەڵدا کە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی بوو یان ئایدیۆلۆژیزەکردنی "بەئایدیۆلۆژیاکردنی" ئاینیی ئیسلام. ئەوانیش ئایدیلۆژیای ئیخوانیزم لە میسر و ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزم لە سعودیە.

ئیخوانیزم لێکدانەوە و ڕاڤەکردنە بۆ دەقە ئاینییەکان و پڕاکتیزەکردنی سیاسیی بۆ ئاینیی ئیسلام، تەبەنییکردنێکی سیاسیی ئایدیۆلۆژیی بوو بۆ ئیسلام و لێرەوە فۆڕمیولەکردنی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم "ئیخوانیزم یان ئەوەی ناودەبرێت بە ئیسلامی سیاسیی".

سەلەفیزمیش هەمانشێوە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنە بۆ دەقی ئاینیی و پڕاکتیزەی کۆمەڵایەتییانەی ئاینیی ئیسلام، تەبەنییکردنێکی کۆمەڵایەتیی ئایدیۆلۆژیی بوو بۆ ئیسلام و لێرەوە فۆڕمیولەبوونی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزم "سەلەفیزم یان وەهابیزم"

ئیخوانیزم، پڕاکتیزەی ئایدیۆلۆژییانەی ئاینیی ئیسلامە لە ئاستی سیاسیی و ئۆتۆریتەیەکی شاقووڵی لە ئاستی کۆمەڵگادا. واتا ئامانجی ئیخوانیزم هەژموونی سیاسییە و ئەنجام دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی سیاسییدا.

سەلەفیزم، پڕاکتیزەی ئایدیۆلۆژییانەی ئاینیی ئیسلامە لە ئاستی کۆمەڵایەتیی و ئۆتۆریتەیەکی ئاسۆیی لە ئاستی کۆمەڵگادا. واتا ئامانجی سەلەفیزم هەژموونی کۆمەڵایەتییە و ئەنجام دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگادا.

 

 تێگەیشتنی لاهووتی

ئارکون، دەیەوێت لە ڕێگای خوێندنەوەیەکی فرەمیتۆدییەوە بۆ دەقە ئاینییەکان، ئیسلام ڕزگار بکات لە:

یەکەم: خوێندنەوەی خۆرهەڵاتناسەکان بۆ ئیسلام کە ناویدەنێت ئیسلامۆلۆژیی (محمد ئەرکون، دەربارەی عەلمانیەت و ئایین، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل٤٦-٤٧) کە تێگەیشتن و ڕاڤەیەکە لە ڕوانگەیەکی کولتوریی و مێژوویی جیاواز لە  کۆنتێکستە کولتوریی و مێژووییەکەی ئیسلام خۆی، کە خوێندەوەی خۆرهەڵاتناسییانەی ئەوروپاییەکانە بۆ ئاینی ئیسلام.

دووەم: لە خوێندەوە، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنێکی لاهووتیی کە ئەم جۆرە تێگەیشتن و ڕاڤەکردنە لاهووتییە لەنێو خودی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و دەسەڵاتدارێتییە سیاسییەکانییەوە سەرچاوەدەگرێت.

لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقە ئاینییەکان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی دەوڵەتەوە. لەو چێوەیەشدا لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقەکانی قورئان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارانی ووڵاتانی دنیای عەرەبی و دنیای ئیسلامیی. واتا دەسەڵات لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقە دینییەکان قۆرخدەکات بۆ خۆی کە هەڵبەت لە خزمەت بەرژەوەندیەکانیدا، جۆرێکی دین دەکاتە تاکە تێگەیشتنی سەرەکیی و زاڵ. سەروەرکردنی تاکە لێکدانەوە، ڕاڤە و تێگەیشتنێکی دیاریکراو بۆ دین، دواجار دەبێتە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێکی لاهووتیی بۆ دین. لێرەوە بەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی لاهووتیی لە ئاستێکی جەماوەریی و هەم چاندنی لەنێو بونیادەکانی تەواوی دەزگا و ئامرازەکانی دەوڵەتدا. تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین ڕێگە بە ئازادییی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی دین و تێکستە دینییەکان نادات و هەر جۆرە تێگەیشتنێکی دیکە بۆ دین دەخاتە خانەی کوفرەوە. واتا تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین، لێکدانەوە و ڕاڤە بۆ دین قۆرخدەکات و ڕێگە بە ئازادیی تێگەیشتن لە دین نادات و ئەمەش لە دۆخی دنیای عەرەبی و ئیسلامییدا دەسەڵات ئەنجامی ئەدات، لە نموونەی وەهابیزم و سەلەفیزم وەکو تێگەیشتنێکی لاهووتی بۆ دین.

 

دیاردەی قورئانیی و دیاردەی ئیسلامیی

دیاردەی قورئانیی، بەسەر ئەگەرە کراوەکان و فرەمانایی و فرە ڕەهەندییدا کراوەیە. هەروەکو چۆن دیاردەی قورئانی مانا ترانسدێنتاڵەکانی ڕەهاگەریی بۆ خودا لە خۆی دەگرێت، بەهەمان شێوە بەسەر ڕەهابوونی مانا و ڕەهەندەکاندا کراوەیە. لە کاتێکدا دیاردەی ئاینیی یان دیاردەی ئیسلامیی، بە تەواوی دیاردەیەکی مێژووییە و لەنێو مێژوو و کۆنتێکستێکی کۆمەڵایەتیی و کولتورییدایە و بریتییە لە بەرجەستەبوونی یەکێک لەو مانا و ئەگەرانەی لە دیاردەی قورئانییدا هەیە لە ڕێگەی لێکدانەوە و ڕاڤەی فوقەها، موفتیی و موجتەهیدەکانەوە. (محمد ئارکون، دەربارەی عەلمانیەت و ئایین، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل٥٦)

 

نەزانیی بەپیرۆزکراو و نەزانیی بەدەزگاییکراو

بە تەوزیفکردنی چەمکی نەزانینی بەپیرۆزکراو لەلای ئۆلیڤیێ ڕوا، ئارکون چەمکێکی دیکە دەهێنێتە نێو ڕۆشنبیری عەرەبییەوە، ئەویش نەزانیی بە دەزگاییکراوە. ئەم جۆرە نەزانیی و جەهلە لە ڕێگەی دەزگا ئەکادیمیی و پەروەردەییەکانەوە دەسەپێنرێت. هاوبەشیی لەنێوان بەرژەوەندییەکانی پیاوانی ئایین و دەسەڵاتدارانی سیاسیی وا دەکات دەزگا ئاینییەکان ببنە بەرهەمهێنەری نەزانییەکی بەپیرۆزکراو. لێرەدا ئارکون چەمکی نەزانیی بەدەزگاییکراو پێشنیار دەکات وەکو درێژکراوەی نەزانیی بەپیرۆزکراو لە نێو دەزگا پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان تا بە زانکۆکان و خوێندنی باڵا دەگات.

 

ڕەسەنێتیی (الاصالە)

 زۆرینەی زۆری توێژەرانی فیکری دینی، مانا پێکدژەکانی دەق، مێژووی ئیسلامی، ئاماژە زمانەوانییەکانی نێو دەق، خوێندنەوەی دەق لەنێو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتیی مێژووییەکەیدا و لێکۆڵەرانی دەقە مێژووییەکان لە تەواوی جیهانی عەرەبی و ئیسلامییدا، لە خالێکدا یەکدەگرنەوە و لە چەقێکدا هەمان ئامانج دیاریدەکەن، ئەویش گەڕانە بە دوای ڕەسەنێتییدا "اصالە". ڕەسەنێتی چییە؟ واتا گەڕانەوە بۆ ئەو دەقە مێژووییانەی جیهانی عەرەبیی ئیسلامیی کە شوناسی ئینسانی عەرەبیی ئیسلامییان لەسەر بونیادنراوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو دەقە مێژوویانە "دەقە فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، ئاکاریی، سیاسیی، ئەدەبی و زانستییەکان" بە کام ئامراز و کام کەرەستانە؟ بە کام مێتۆد؟ ئایا مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، سایکۆلۆژی و ئەنثرۆپۆلۆژییەکان ڕەچاودەکەن؟ هەڵبەت نەخێر. ئایا توێژینەوە لە دەقگەلێکی مێژوویی پاڵپشت بە مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی و ئەنثرۆپۆلۆژییەکان نەبێت دەرئەنجام دەبێتە چی؟ ئایا هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی دەقگەلیی مێژوویی بە مێتۆد، کەرەستە و ئامرازە زانستییە مرۆییە هاوچەرخەکانی دنیای مۆدێرن نەبێت دەرئەنجام بە چی دەگات؟

 

 داستانئامێزیی یان چیرۆکئامێزیی

            تەواوی دینەکان پێکهاتەیەکی چیرۆکئامێز "قصصی" یان هەیە. ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی "myth" و بە زمانی فەرەنسی " le mythe " ی پێدەگوترێ "کە دەتوانین لە زمانی کوردیدا بە داستان وەریبگرین نەوەک ئەفسانە" کاتێک بۆ زمانی عەرەبی وەردەگێڕدرێت دەبێت بگوترێ "قصص نەوەک اسطورە" چونکە ووشەی اسطورە کە لە قورئاندا هاتووە بەمانای درۆ و ناڕاستیی دێت و مانایەکی نێگەتیڤی هەیە "{إنْ هَذَا إلاَّ أَسَاطِيرُ الأَوَّلِينَ} ". هەروەها لە قورئاندا هاتووە "{نَحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ أَحْسَنَ القَصَصِ} " بۆیە ئەوە ڕاستە کە گوتاری دینی لەسەر چیرۆکگەل بینا کراوە. هەر لە سەرەتاکانەوە فەلسەفە  "فەلسەفەی کلاسیک لە یۆنان" لە خوێندنەوەی میتۆلۆژیای یۆنانییەوە پەنا دەباتە بەر سەرجەم ئامرازەکانی کە عەقڵ دەستەبەریان دەکات لە بیرکردنەوە و شیکردنەوە و بەڵگاندن و سەلماندن لە پێناو ئەنجامگیری و تێگەیشتندا لە کاتێکدا و لە بەرامبەردا مێتافۆڕ، هێما و ئاماژەکان کە لە نێو ئەدەبدا هەیە و هەروەها لە نێو پانتایی گوتاری دینییشدا بە شێوەیەکی گشتی.

ئەو دوو پەرەگرافەی سەرەوە، ڕاگواستەی گفتوگۆیەکی محمد ئارکونن لە بەرنامەی "مەسارات" لە کەناڵی ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەبارەی ئەو جۆرەی توێژینەوەی ئەکادیمی و لێکۆڵەرانی دنیای عەرەبیی ئیسلامییەوە بۆ مێژووی عەرەبیی ئیسلامیی و هەروەها سەروەر و باڵادەستکردنی جۆرێک لە تێگەیشتنی وەهابییانەی سەلەفیی سعودیی بۆ دین و هەژمونکردنی لە ئاستێکی جیهانییدا.

 

زمان، یادگە و خەیاڵگەی کۆیی

فێربوونی هەر زمانێک سەرباری جۆراوجۆرێتی لە زماندا لەلای هەر کەسێک، کرانەوەی کلتوری و فەرهەنگی لەگەڵ فەزیلەتی شارستانیی و ئاشنابوون بە یەکێک لە ڕێگەکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی مرۆیی و یەکێک لە ڕێگەکانی داهێنان و بەشێک لە کەلەپوری مرۆییە. ئارکون سەبارەت بە کەمینەکان دەڵێت "هەر تاکێک لە کەمینەیەکی زمانیی لە هەر ووڵاتێکدا ناچارە سەرباری زمانی باوانیی وەکو کەمینەیەک، زمانی فەرمی ووڵاتەکەش بزانێت کە زمانی خوێندن و زمانی دەوڵەتە. زمان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەوڵەتەوە. فێربوونی زمانێک جگە لە زمانی باوان، بەدەستهێنانی سامانێکی کلتوری و شارستانییە بۆ هەر کەسێک. زمان یادگەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵە مرۆڤێکە. فێربوونی هەر زمانێک، ئاشنابوونە بە جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن و بیرکردنەوە، ڕێگەیەکی دیاریکراوی داهێنان لەلای کۆمەڵێکی مرۆیی، هەر بۆیە یونسکۆ داکۆکی لە مانەوەی زمانەکان و ڕێگریکردن لە لەناوچوونیان دەکات وەک بەشێک لە توراسی مرۆیی"

...

محمد ئارکون (١٩٢٨ - ٢٠١٠) بیرمەندی گەورەی "جەزائیری-ئەمازیغی" دنیای عەرەبی و ئەوەی ناودەبرێت بە جیهانی ئیسلامییە. توێژەرێک بە پاشخانێکی توێژینەوەی فیکریی ڕەخنەیی ئەکادیمیی زیاتر لە چل ساڵییەوە لە مێژوو، گوتار و بونیادە فیکرییەکانی دنیای عەرەبی و مێژووی ئیسلامیی بە خوێندنەوەیەک و تێگەیشتنێکی جیاوازەوە لە خودی دەقی قورئانیش. ئارکون، سەرەڕای زمانی ئەمازیغی کە زمانی باوانی بووە وەکو کەمینەیەک، زمانی عەرەبی، زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزیشی زانیوە. زۆرینەی کتێبەکانی بە زمانی فەڕەنسی نوسیوە و هەندێکی کەمیانی بە زمانی ئینگلیزی نوسیوە.

ئارکۆن خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەندی ئەنترۆپۆلۆژیی بۆ بەشێکی گەورە لە مێژووی فیکری ئیسلامیی و بۆ هەندێک لە تێکستەکانی وەکو"الحکمە الخالدە بە فارسی جاودان خرد"ی ئبن میسکەوەی "ئیبن میسکەوەی، زانایەکی گەورەی ئیسلامیی-ئێرانیی سەدەی دەیەمی زایینییە" دەکات. فرە ڕەهەندیی توێژینەوە و نوسین و کتێبەکانی ئارکۆن، وایکردووە ببێتە یەکێک لە زانا و توێژەرە "یەکەمەکان" گەورەکان لە خوێندنەوەی مێژووی فیکری ئیسلامی، ڕەخنەی گوتاری دینیی، شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی بونیادە عەقڵییەکانی دنیای سیاسی عەرەبیی و بە تایبەتی ڕەخنەی شیکارییانەی بۆ توێژینەوە و خوێندن لە ئاستی زانکۆیی و ئەکادیمی لە دنیای عەرەبییدا. ئەم نوسینە وەکو یادخستنەوەیەکە لە توێژەرێکی گەورەی مێژووی ئیسلامی و دنیای عەرەبی کە نزیکایەتیەکی ئێجگار زۆری بە دنیای ئێمەشەوە هەیە. قسەکردن لە مێژووی زیاتر لە چل ساڵیی توێژەرێکی وەها گەورە کات و ڕووبەری نوسینی فراوانتری گەرەکە. تەنها ئاماژەکردن بە کتێبەکانی و ڕانانییان، بۆ خۆی لە نوسینی کتێب نزیکدەبێتەوە. گرنگە جەدەل و مشتومڕێک کە نوسینەکانی ئارکون لە نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی عەرەبییدا دروستیدەکات، لە دنیای ڕۆشنبیری و فیکریی ئێمەشدا دەنگدانەوە و گفتوگۆی لەبارەوە هەبێت.

خوێندنەوەی ئارکون یەکێک لە پێویستیەکانی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە و دنیای ئەکادیمی و کایەکانی بەرهەمهێنانی زانستیی مرۆیی کۆمەڵگای ئێمەیە. تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئارکون، هیچی کەمتر نییە "ئەگەر زیاتریش نەبێت" لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی فەیلەسوفان، کۆمەڵناسان و نوسەرانی خۆراوایی.

...

سەرچاوەکان:

١-ئارکون، محەممەد، دەربارەی عەلمانیەت و ئااین، و. عەرەبی: هاشم ساڵح، و. کوردی: د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل٤٦-٤٧

٢-ئارکون، محەممەد، دەربارەی عەلمانیەت و ئااین، و. عەرەبی: هاشم ساڵح، و. کوردی: د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل٥٦

٣- أركون، محمّد، من الاجتهاد إلى نقد العقل الإسلامي، ترجمة: هاشم صالح، سلسلة بحوث اجتماعيّة، دار الساقي، بيروت، لبنان، ط١، ١٩٩١

٤- ارکون، محمد، تاریخيّة الفکر الاسلامی، الفصل الثاني، مفهوم العقل الاسلامێ، ترجمة: هاشم صالح، مرکز الانماء القومی، ١٩٩٦، ط٢، ص٦٥

٥-ارکون، محمد، تاریخيّة الفکر الاسلامی، ترجمة: هاشم صالح، الفصل الخامس، السیادة العلیا و السلطاة السیاسیّة فێ الاسلام، مرکز الانماء القومی، ١٩٩٦، ط٢، ص١٦٥

٦- برنامج "المسارات"، قناة الجزیرة، المقدم: ماک التریکی، مقابلة خاصّة مع د. محمد ارکون،  ٢٠٠٨

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×