میلەتێک مێژووی خۆی نەخوێنێتەوە مەحکومە بە ئەزموون کردنەوەی هەڵەکانی. مێژوو پردی پێوەندی چینی سەردەم، نەوەی داهاتوو و پێشینیانە. خۆشحاڵم نەمردم و بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەرم خوێندەوە، کاتێ بیرەوەرییەکانی ئەوم دەخوێندەوە، وام دەزانی دوو سەدە تەمەنم کردووە و باری دوو سەدە ئەزموون لە سەر شانمە، بارێک لە هەست و ویژدان، خەرمانێک لە وشیاری، بەڕۆژبوونێک لە خۆناسین، بە ئاگا هاتنێ لە مێژوو. ئەتوانم بڵێم بە خوێندندەوەی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر گەورەترین و خۆراگرترین مرۆڤی کورد وکەسی مرۆڤدۆستم لە مێژووی کوردستاندا ناسی. لە ژمار نایەن ئەو مرۆڤە کوردانەی کە لە هەر چوارپارچەی کوردستان کاتێ بە پێگەی خوێندن یان دەوڵەمەندی دەگەن، بۆ ئەوەی پێگەو و ماڵەکەیان بپارێزن خۆیان لە مافی ڕەوای گەلەکەیان تێناگەیەنن، بەڵام ئاپێ موسا هەر چەندە زۆرتر بەرەو لوتکە دەروات ، پتر دەرد و ئازاری گەلەکەی لە ئامێز دەگرێ، ئەو کاتێ دەبێتە پارێزەر و وەزعی ماڵی باش دەبێ، زۆرتر بۆ میللەتەکەی دەکۆشێ. باڵای خەباتی موسا عەنتەر بە بارتەقای تێکۆشانی میللەتێ مەزەنە بکەم، زیادم نەوتووە! دەڵێن مرۆڤ و مێژوو لە یەک جودا نین، مرۆڤ مێژوو دەخولقێنێ و مێژووش مرۆڤ، هەر دووکی ڕاستە، مێژوو ئاوێنەی باڵا نوێنی مرۆڤە، ئاپێ موسا باڵای کەرامەت و بەرخۆدانی میللەتێکە.
خویندنەوەی بیرەوەرەییەکانی موسا عەنتەر هەموو دەروونت دەکاتە ئاگردانێک کە ڕۆحتی تیادا بەند کرابێ. بە سەدان فیلم و زنجیرە لە خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی بەرهەم دێت، و بە سەدان جار بە چاوی فرمێسکاوییەوە ئەم مرۆڤە مەزن و خۆنەویست و لێوانلێو لە ئەوینی نیشتمانە، لە ئامێز دەگری و تاجە گوڵینەی پێشکەش دەکەی و لە نێو قووڵایی دڵتەوە دایدەنێی. بە خۆمم دەگووت، کە خۆزگا تۆ بڵێی مامۆستا هادی زیادینی یان هەر پەیکەرساز، ئەم مرۆڤە مەزنەی ناسی بێ، تا ئەو دەم نەک پەیکەرێ، بەڵکو دەیان پەیکەری لێ بسازێ ، لە دەروازەی هەموو شارێ، لە سەر لوتکەی هەرچیا و گەردەنێ، پەیکەری ئەو مرۆڤە مەزنە دابنێ، تا هەموو نیشتمان بە جارێ، پەیکەری ئەو حەج بکا، و رۆحی ئەو مرۆڤە خۆراگرە لە باوەش بگرێ.
پێوانەی باشبوون و خەباتگێڕ بوونی نوخبەکانی گەلەکەی لە لای ئاپێ موسا زەقە لە سەر ئەخلاق و کولتوور و نەتەوەپارێزییە، ئەخلاق و ئیمانێک ڕەنگدانەوەی دادپەروەری تیادا نەبێت، و پارێزگاری لە مافی نەتەوەکەی نەکات و بە بێ هەڵوێست بێ، ئیدی لە لای موسا مرۆڤێکی دۆڕاوە. هەر بۆیە حەقیەتی نێوی دەیان شێخ و کەسایەتی بێهەڵوێست و خائین بشکێنێ و بزڕێنێ. نێوی دەیان کوردی خۆفرۆش کە چۆن سەرچاوەی شۆڤینیستی تورکەکانن هیچ کوردێ ناتوانێ بڕوا بێنێ تائەو دەم لەم پەرتووکەدا بۆت دەردەکەوێ.
هەر بە ڕاستی ئاپێ موسا وەک ئەوەی بڵێی رۆشنایی مۆمێک بێ، کانی و ئاوێ، یان لوتکەی کێوێ، کە ژوانگەی ئەویندارانی نێشتمان بێ. پێت سەیر نابێ! زۆر مرۆڤی گەورەی کورد لە خڕی ژیانی ئەو بێ. لە شێخ سەعید نەورەسییەوە بگرە تا شەهید دکتۆر قاسملۆ، نووری سەعید پاشا، یاشار کەمال، کامران بەدرخان، جگەرخوێن، ئیسماعیل بێشکچی( بۆ من کوردە)، یەڵماز گونای، عەزیز نەسین و دایکی بەڕێز ئۆجەڵان و دانیەل میتران، موسا عەنتەر لە گەڵ ئەمانە خەرمانێ بیرەوەری یان دۆستایەتی هەبێ.
مامۆستا موسای پارێزەر دەبێتە فریشتەیەک بۆ دکتۆر قاسملۆ و بە هاوکاری کامران بەدرخان ڕەوانەی فەرانسای دەکات، ئەو سیانە دەبنە هەڤاڵ و دۆستی گیانی بە گیانی . خۆشەویستی سۆزی باوکانەی کامران بەدرخانێ کە منداڵی نەبووە بۆ د. قاسملۆ و موسا عەنتەر، هەردووکیان لە باتی مندالانی خۆی دەژمێرێ و خۆشیانی دەوێ، ئیدی ئەم بیرەوەرییانە بە جارێ مۆمی دەروونت لە تاوی ئەوین و سۆزی ڕەفیقانەدا بە جارێ دەتوێتەوە و دەڕژێتە نێو فرمێسکی چاوانت. ئەو خۆزگە بە شەهید د. قاسملۆ دەخوازێ کە بە شەهید بوونی نێوی بۆ هەمیشە وەک ئاڵایەکی لە لوتکە هزری گەلەکەی شەکاوە دەمێنێ، بێ ئاگا لەوەی کە خۆشی دەبێتە هاوڕێ کاروانە نەبڕاوەکەی شەهید قاسملۆ و بۆ هەتایی نێوی دەدرەوشێتەوە.
ئەو لە تەمەنی لاوی خۆیدا شێخ شەعید نەوڕەسی دەبینێ کە چەشنی موسا بۆ ڕزگاری قەومی تورک هاتبێ ، موسا عەنتەری لاو و داخلەدڵ هیچ سڵ لە شێخ ناکا، و پێی دەڵی کە یاشێخ، دەتەوێ ئەو قەومە واتا تورک بۆ بەهەشت بەری! مەخابن قسەکەی موسا ڕاست دەرچوو، ئەو مرۆڤە پڕ لە بەرخۆدانە، شێخ سەعیدی نەورەسی کوردی نەیتوانی تورک فێری ئاکار بکا و بۆ بەهەشت بەرێت، کەچی تورک ئەویان شەهید کرد بۆ بەهەشتیان نارد، ئەو نامرۆڤانە حورمەتی قەبرەکەیان ڕانەگرت و تەنانەت جەنازەکەیان دەرهێنا و وەنێو دەریایان خست.
قیبلەی دڵی موسا نیشتمانە و گەلەکەیەتی، ئەو پارێزەرێکی وشیار، بە ئەزموون و ویژدان زیندووە، هەر بۆیە هەڵەو و تاوان بە سەریدا تێناپەڕێ، لە هیج تاوان و نادادپەروەرییەک چاوی نابەستێ. لە بەرانبەر ڕژێمێ کە بناخەی مانەوەی لە سەر لە نێو بردن، جنیوسایدی کولتووری و ڕەگەزی کورد بونیاد ناوە، چەشنی کێوی بیستوون مەردانە دەوەستێ. لە کاتێکدا بناخەی دانانی تورکیا لە سەر هاوکاری دوو نەتەوەی کورد و تورک دانپێنراوە، کەچی کورد بوون و بە کوردی ئاخافتن تاوانە و سزاکەی بەندیخانە و کوشتن و تیرۆرە. موسا سۆزێکی نەبڕاوەی بۆ خەباتکارانی کورد دەبێ، کاتێ بێڕێزی بە عەبدولسەلام بارزانی دەکرێت، خۆی پێ ناگیرێ و هەڵدەکوتێتە سەر خوێندکارێکی پۆلەکەی و خۆی تووشی لێکۆڵینەوەی قورس دەکات، ئەو لە دەرەوەی حیزبایەتی بۆ کوردستان دەڕوانێ. لە سەردەمی شۆڕشی شێخ سەعید تەمەنی ٧ساڵ دەبێت، کەچی کاریگەرییەکی بە هێزی کەسایەتی شێخ سەعید و تاوانی بێسنووری تورکەکان دژ بە شۆڕشی شێخ سەعید لە هزری موسادا قەد ناسڕێتەوە.
ئاپێ مۆسا دەبێنێ کە چۆن گەلەکەی لە نێو چنگی خەڵکێ کە تەنیا ماسکی مرۆڤیان لە سەر ڕوخساریان داناوە، شەو و رۆژ جنیوسایدی جەستەیی و کولتووری دەکرێن، هەر بۆیە ساتێ بێ دەنگ نابێ. دەسەڵاتدارانی هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ بێدەنگ کردنی، کاتێ مۆسا عەنتەر دەزانێ پیلانی قڕکردنی بە کۆمەڵ لە ڕێگای گەنمی ژەهراوی کە بە خەڵکی باکووری کوردستان دەدرێ و هەزارانی پێ دەمرێ و برینی ڕەشی سەر جەستەی منداڵان لە هۆکاری ژەهری گەنمەکەیە، چاوەکانی پڕ لە وێنەی برینی منداڵانی ڕەش هەڵگەڕاوی کورد دەبێ، ئیدی ئارامی لە موسا دەبڕێ و شانۆی برینی ڕەش دەنووسێ و لە وتارێکدا دەسەڵاتی ئەودەم شەرمەزار دەکا.
دوای ئەمە بەندیخانە دەبێتە ماڵی دوویەمی موسا عەنتەر و زێرابی بەندیخانەکە وکەرامەت شکاندنی بەندکراوانی کورد لە نێو بۆگەنی زێراب و مشک و ئەسپێ، خوێنەر بە هەزار ترس و لەرزەوە، تەنانەت ناوێڕی بۆ چرکە ساتێ، بە بەرچاوی خۆیی بهێنێ. ساڵانێکی تەمەنی لە بەندیخانە دەژی و پارەی نوێژەنکرندوەی بەندیخانەکە دەدات، لە بەر ئەوی ئیدی بەندیخانە بووەتە ماڵی دوویەمی. لە دوا ساڵەکانی ژیانی پێش تیرۆرکردنی موسا لە بەندیخانە ئازاد كراوە و دانیێل میتران، هاوژینی سەرۆکی ئەو سەردەمەی فەرانسا سەردانی دەکا و گفتگۆی کورتی نێوانیان جێی سەرنج دەبێ. لە هەمان ساڵ و مانگدا کە دکتۆر شەرەفکەندی لە ئالمان بە دەستی تیرۆریستەکانی رژێمی تاران تیرۆر دەکرێ ، موسا عەنتەریش بە دەستی میت و پولیسی تورکیا تیرۆر دەکرێ، دۆسیەکەی بە دەیان شێوە بە لارێدا دەبرێ و دوادەخرێ تا ساڵی ٢٠٢٢ و لە تورکیا کاتێ کەیسێ کە سی ساڵی بە سەردا چوو بێ، بە پێی یاسا دادەخرێ. هێشتا باسی دڵۆپێک لە دەریای بیرەوەرییەکانیم کردووە.