هەرێمە کوردییەکان لە لێواری هەڵدێردا

مەسعود هاشمی (بایزی)
  2024-07-30     456

         دڵەڕاوكێی كورد و مەترسی لە  سەر  نیمچە دەستكەوتەكانی لە باشوور و ڕۆژئاوا ساتێ ڕاناوەستێ. ئەزمونی هەرێمی كوردستان لە باشوور و هەرێمی ڕۆژئاوا وێرای گۆڕانی نێوەكەی بە (باكوور و ڕۆژئاوای سوریا) بارۆس كە زۆرینەی كورد بە ڕۆژئاوا نێوی دێنن لە لوتكەی هەڵدێردا بە سەر دەبەن. لە دوایین هەوڵەكانی توركیا بۆ نزیك بوونەوەی لە سوریا، دەسەڵاتی ڕۆژئاوا لە ژێر مەترسی هەر كات و سات دایە و هەروەها فشاری یاسایی و ئابووری حكومەتی ناوەندی عێراق بۆ سەر هەرێمی باشوور نموونەی زەقی ئەو زەنگە خەتەرەیە. بۆشایی لە یەكڕیزی نێوان هێزە كوردییەكانی هەرێمی باشوور و گەندەڵی بێسنوور ڕێخۆشەكەرە لە سەرهەر چەشنە كاریگەری دەرەكی . داخستنی پەرلەمان كوردستان كە تەمەنێكی درێژتری لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ هەیە لە لایەن دادگای باڵای عێراق، و لاوازی بەرچاو لە بێ سیستمی و ناسەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان دا دەردەخات. تازەترین نموونە ناتەبایی زەقی پارتی و ی ن ک لە کەرکووک و نەینەوا راستییەکی حەشا هەڵنەگرە. كاریگەری بە هێزی ئێران لە سەر هێزە شیعەكانی نێو دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی عێراق دەتوانێ بەشێكی گرنگی ئەو فشارانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان بێ. نموونەی بەرچاوی ئەم فشارانە لە ڕواڵەتی مووچە و بەربەستەكانی یاسایی و ئابوورییەكانی دژ بە دەسەڵاتدارانی كورد لە هەرێمی كوردستان خۆ دەنوێنێ، کە ئەڵبەت بێسەروبەری و گەندەڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بەرچاوی خەڵکی کوردستان زۆرتر زەق کراوەتەوە. ئاكامی ئەم فشارانە ڕوو لە خەڵکی هەرێمە بۆ چاندنی تۆوی بێئومێدی و نەمانی هەستی پاڵپشتی خەڵكی باشووری كوردستان بۆ دەسەڵات، وئامانجەکەی نەمانی هەستی نیشتمانپارێزی لە نێو خەڵکدایە كە لە دواسەردانم بۆ هەرێمی باشووری كوردستان شایەدی بووم. پێشڕەوی سوپای تورکیا بۆ نێو قووڵایی و داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستان و بێدەنگی و بگرە هاوکاری حیزبێکی کوردی بێ هیوایی لە نێو خەڵکی هەرێمدا بەرانبەر بە دەسەڵاتی کوردی دروست کردووە.

          ئایا چە هەڵسوكەوت و پلانێ دەتوانێ ئەم دوو هەرێم و  دەسەڵاتە کوردییە كە زۆربەی كورد بە دەستكەوتی دەزانن لەو هەڵدێرە ڕزگار بكات. ئایا هێزە كوردییەكان پێگە حیزبایەتییەكەیان لە خزمەت ویستە نەتەوایەتییەكانیان  وگڕ دەخەن و دەستی تەبایی بۆ یەكتر ڕادەكێشن، یان پێچەوانەكەی! واتا هەدەف و ئاسۆ لە خزمەت حیزبایەتی دا قوربانی دەكرێ؟ گرژی نیوان پ ک ک و پارتی زۆرتر دەبێ و هەژموونخوازی هەردوولا لە رۆژئاوا تەبایی نەتەوەیی لاواز کردووە. گومانی تیادا نییە كە لاوازی هەر بەشێك لەم دوو هەرێمە كوردییە لاوازی ئەویتر دەخولقێنێ، و مەودای دیپلۆماسی كورد لاواز دەكات. لە دوای ١٦ ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ کە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لەوانە شاری کەرکوک لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی کوردی  دەرچوو و زۆر ناوچەی کوردستانی کەوتە  ژێر دەستی حکومەتی ناوەندی عێراق، هەر بۆیە سیاسەتی سوریا بەرانبەر بە دەسەڵاتی كورد لە ڕۆژئاوا توندتر بوو و بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لە ساڵی ٢٠٢٠  لە ووتوێژێك دا لە گەڵ كەناڵی  ڕوسیا ٢٤  دەبێژێ كە ده‌سته‌واژەی كێشه‌ی كورد لە سوریا خه‌یاڵ و درۆیه‌. لە هەر دوو هەرێمەكە نەبوونی ئستراتیژی روون بۆ پاڵپشتی یەكتر لە رۆژ ئاشكراترە. هەردوو هەرێمەكەش بە پێی كاریگەری ڕژێمی توركیا و دژایەتی بەرچاوی دژ بە ویستە نەتەوایەتییەكانی كورد، كەچی ئەو دوو هەرێمە كوردییە خۆزگەی لاوازی بگرە كەوتنی یەكدی دەخوازن. ئابڵوقەی ئابووری دەسەڵاتی باشوور بە تایبەتی پارتی بە سەر هەرێمی ڕۆژئاوا و كەندنی خەندەق لە سنووری ڕۆژئاوا و دروستكردنی هێزەكانی ڕۆژ لەژێر چاودێری توركیا لە نموونە زەقەكانی ئەم باسەیە. دەسەڵاتی خۆسەر لە ڕۆژئاوا ڕێگە بە گەڕانەوەی هێزەكانی ڕۆژ كە لە ژێر هەژمۆنی پارتی و توركیادان نادات و دەبێژێ كە دوو هێزی سەربازی جیاواز لە و هەرێمە هاوچەشنی هەرێمی باشوور ڕێگە پێ نادات. لە ئێستادا زۆرترین دڵەڕاوكێی كورد مەترسی لە سەر هەرێمی ڕۆژئاوایە كە توركیا ئەو دەسەڵات و سیستمە بە هەڵقوڵاوی و دەستی  پ ك ك ، پارتی  كرێكارانی كوردستانی دەزانێ. هەر چەندە دەسەڵاتی خۆسەر لە ڕۆژئاوا هیچ هەڕەشەیەكی بۆ سەر خاك و دەسەڵاتی توركیا نەبووە و ئارامی و سەقامگیری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی پاراستووە، بەڵام  سەرۆكی توركیا ئەردۆغان لە هەر چەشنە  هەوڵێك بۆ وێرانكردنی ژێرخانی ئەو دەسەڵاتە و تەنانەت  بڕینی ئاوی خواردن لە خەڵكی ڕۆژئاوا درێخی نەكردووە. بەدەیان هێرشی درۆنی بە سەدان خەڵکی سڤیل ، سەربازی و کاربەدەستی مەدەنی لە رۆژئاوا تیرۆر کراون. دەسەڵاتی خۆسەریش هەردەم لەخۆ پیشاندانەكانیدا بە بەرزكردنەوە وێنەی بەڕێز ئۆجەڵان بەڵگەیەكی هەستیاری بە دەستی دەسەڵاتی توركیا داوە. هەروەها حکومەتی تاکە حیزبی خۆسەر لە ڕۆژئاوا لە ژێر گازندەی خەڵکانی نارازی و نەیاری ئەو دەسەڵاتەن و دەنگۆی گەندەڵی لە نێو ئەو سیستمەی دەسەڵات هەیە کە پشتراست نەکراوەتەوە. لەحاڵێكدا سەرۆكی توركیا هەندێجار كورد بە دوژمنی خۆ ناو نابات  و تەنیا  پ ك ك بە دوژمنی تورکیا ناو دەهێنێ، كەچی لەكاتی داگیركردنی شاری عەفرین هیچکات ئامادە نەبوو شارەكە بە هێزەكانی ڕۆژ كە لە ژێر چاوەدێری هێزەکانی  توركیادا ڕاهینانیان پێ کراوە بسپێرێ.

           دەسەڵاتی ڕۆژئاوا دەبێ ئەوە لە بەر چاو بگرێ کە  لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵی ئەمەریكا دا شانسی بردنەوەی ترامپ چاوەڕوان كراوە، و  نزیكی نێوان ترامپ و ئەردۆغان بە پێی پێشینە چاوەڕوان کراوە، هەر بۆیە مەترسی سەر ڕۆژئاوا  توندتر دەبێت. ڕژێمی ئێرانیش یەكێتی خاكی سوریا لە لاوازبوونی دەسەڵاتی كوردیدا دەبێنێ و هەر بۆیە حکومەتی عێراق لە ژێر کاریگەری تورکیا و ئێراندا ئامادە بوونی خۆی بۆ نێوبژێوی تورکیا و سوریا دەربڕیوە. هاوکار نەبوونی ئەمەریکا لە پشتگیری هەڵبژاردن لە ڕۆژئاوا لە بەر فشارەکانی تورکیا سەلمێنەری بە بایەخی تورکیا بۆ ئەمەریکایە، دیارە  لۆبی کوردی نەیتوانیوە پشتگیری پیویست بۆ ئەو مەبەستە بە دەست بێنێ. کورد دەبێ سیاسەتی ئەمەریکای لە ئەفغانستان لە بیر بێ، هەر بۆیە گرنگترین چارەسەری هەبوونی پشتیوانی بە هێزی خەڵکە کە لەوە دەچێت هەر دوو هەرێمەکە نەیانتوانێ بێ تیادا سەرکەوتوو بن.

           لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دا دەسەڵاتدارانی تاران پەنجەی فشاریان لە سەر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان داناوە تا حیزبە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات لە وڵاتە وە دەرنێت. ئەم هەست بە ترسکردنەی ئێران  لە بەرانبەری هۆشیاری خەڵکی رۆژهەڵات و پێشرەوبوونیان لە هەر چەشنە ناڕازای بوونێکدا بە هاندانی حیزبەکانی رۆژهەڵات دەزانێ  کە لە کەمپەکانی نێو باشووری کوردستان نشتەجێن. لە حالێکدا دروشمەکانی  وەک ’’داگیرکەری ئێرانی ، قاتڵی ژینامانی” ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەلات باس لە تێپەڕاندنی دروشمە حیزبیەکان دەکات کە بڕوایان بە پەیوەست بوون بە حکومەتی ناوەندی تاران هەیە.هەر چوار وڵاتەکە تەنانەت عێراقیش هەوڵ بۆ لاوازکردنی پێگەی دەسەڵاتی هەرێم دەدەن کە بە لاوازبوون و یان لە نێو چوونی دەسەڵاتی خۆسەر فشار بۆ  سەر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لە باشوور زۆرتر دەبێت و فشار بۆ گۆڕانی یاسا بنەڕەتی عێراق لە ژێر سێبەری ناسەقامگیر كردنی حكومەتی هەرێم چاوەڕوان كراو دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×