یەکێک لە بنەماکانی ژێرخانی کولتوری و هونەری شار، بوونی گەلەری و مۆزەخانە و هۆڵ و شوێنی نمایشی هونەری شێوەکارییە، بە دڵنیایەوە ئەمەش ڕاستە بۆ شانۆ و مۆسیقا و فلیمیش، کەواتە بوونی ئەم شوێنانە کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر کایەی کولتوری و هونەری شار، لە هەمان کاتدا شار بەم شوێنانەوە دەبنە شارێکی شارستانی و کولتوری فرە ڕەهەند، لە هەمان کاتدا ئەم شوێنانە دەبنە شوێنی دروست بوونی ڕوودا و دروست کردنی مێژوو، واتە ( مێژووی شارستانی شار ).
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت بوونی ئەم شوێنانە بۆ شار چەند گرنگە وە بە تایبەتی لەم سەردەمەدا کە بووە بە پێویستیەکی ڕۆژانە وە لە هەمان کاتدا دەبێتە ناسنامەی شار لە گەلێ ڕووەوە، واتە شارستانی شارەکان بە بوونی گەلەری و مۆزەخانە و هوڵ و ساڵۆن و ئەتلێ پێوانە دەکرێت، پێچەوانەکەشی ڕاستە، شار بە بێ بوونی ئەم شوێنانە نابێت بە شاری شارستانی، بەڵکو دەبێت بە کەمپ و ئۆردوگای زۆرە مڵێ.
شاری سلێمانی یان پایتەختی ڕۆشنبیری هەمیشە خۆی وا پیشان داوە کە خاوەن میراتێکی کولتوری گەورەیە لە هەمان کاتدا وەکو دەسەڵاتی کولتوری خۆی نمایش کردووە، واتە ئەم شارە خاوەن دەسەڵاتێکی کولتورییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بە پێی پێناسی وشەی ( پایتەخت ) واتە هەموو دەسەڵاتە کولتوری و ڕۆشنبیرییەکان لەم شارەدا کۆبۆتەوە یان کۆکراوەتەوە وە بووە بە لانکەی داهێنانی فەرهەنگی و هونەری.
بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟ بە دڵنیایەوە نەخێر!! داخستنی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی ئەوەمان پێ ناڵێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە کە شاری سلێمانی بە شێوەیەکی ترسناکە بەرو دواوە پاشەکشەی کردووە.
گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی.
( تاکە گەلەری حکومی ) بەناوبانگی شاری سلێمانییە، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی سەرپەرشتی دەکرا، واتە دەسەڵاتی کولتوری ئەم شارە شکستی هێناوە لە بەڕێوەبردن و ئیدامەکردنی شاردا و لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرایەتیەکە خۆی وەک سیاسەتی ناوخۆی ئەم دەسگا حکومیە فەشەلی هێناوە، کە نەیتوانیوە ئەم تاکە گەلەرییە بپارێزی و پێشی بخات.
گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی بەشێکە لە باڵەخانەی مۆزەخانەی سلێمانی کە سەر بە بەرێوەبەرایەتى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانییە، واتە وەکو موڵک سەر بە بەێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزارە، بەڵام وەکو بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی کردن سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە.
بەرێوەبەرایەتى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى بە فەرمی داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی کردووە بە ڕادەست کردنەوەی ئەو گەلەریە بە هۆکاری نەبوونی شوێن و پێویستی بەرێوەبرایەتی ناوبراو بەم هۆڵە، لە گۆتایدا توانیان ئەم گەلەریە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بسەنرێتەوە، ئیتر شوێنێک نەما بە ناوی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی، ئەو مێژووە دوور و درێژەی کە ئەم گەلەریە هەیبوو لە ناو کایەی کولتوری و هونەری شێوەکاری شاردا نەما و کوژایەوە.
لێرەدا ئەبێ بپرسین کێ بەرپرسە لەم کارەساتە... کێ کەم تەرخەمە لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پیشەیی بەرامبەر بەم گەلەریە و ئەم شارە، ئایا ئەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییە بەرپرسە؟ کە نەیتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، یان ئەو عەقڵێیەتە باوە سونەتیە بێ ئەرزشەیە کە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەڕێوەدەبات و توانای بەڕێوەبەرایەتی نەماوە، لە هەست نەکردن بە گرنگی ئەم گەلەریە وەکو شوێن و مێژوو لە کایەی هونەری ئەم شارەدا.
لەم ساڵانەی دوایدا بە پێچەوانەی دروشم و قسەی باق و بریقی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیە بە تایبەتی بەرێوەبەرە گشتیەکانی ئەوسا و ئێستاش، گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی توشی کەم تەرخەمی و پشتگوێ خستنێکی گەورە بووبوو، هەرلە ڕووی چەندێتی و چۆنێتیەوە تا نۆژەن کردن و تازە کردنەوە، ئامادە نەبوون هیچ شتێکی بۆ بکەن، لەگەڵ ئەوی ئەم گەلەریە تاکە گەلەری حکومی گشتییە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ناوبڕاوە بوو لەم شارەدا
، کە توانای هەبێ سەربەخۆ کاربکات وەک ( گەلەریەکی حکومی ) بە دەر لەو گەلەری و شوێنەکانی تر کە هەژموونی حیزب و کەس و گروپ و ئایدۆلۆژی بەسەرەوە زاڵ بووە.
گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی، بە شوێنێکی گرنگی ناو کایەی هونەری شێوەکاری ئەم شارە هەژماردەکرێت، زۆربەی هونەرمەندانی کورد لەم گەلەریە کار و چالاکیان نمایش کردووە، بووە بە بەشێکی پرشنگدار لە مێژووی شاری سلێمانیدا، کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ( 46 ) ساڵ پێش ئێستا، واتە لە سەرەتاکانی ساڵی هەشتای سەدەی رابوردوو ئەم گەلەریە کارو چالاکی هونەری و کولتوری تێدا ئەنجام دراوە، تەنانەت شوێنەکەی کە لەسەر شەقامی سالمە و لە ناوەڕاستی شاردایە ئەمە وای کردووە کە ببێت بە شوێنێکی ستراتیچی بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان و خەڵکی شارەکە لە کاتی نمایش و چالاکیە هونەریەکاندا.
چارەسەر چییە...
بە باوەڕی من دوو هەڵبژاردە لەبەردەستدایە:-
یەکە، هەوڵدان بۆ دوو بارە بەدەست هێنانەوەی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی لە ڕێگەی فشاری مەدەنی و حکومی، کە بتوانین ئەو نامەیە بگەیەنینە بەرێوەبەرایەتى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى، کە ئەم گەلەریە بەشێکە لە مێژووی شاری سلێمانی وە سیمایەکی پرشنگداری ئەم شارەیە وەک شارێكی شارستانی مۆدێرنی هاوچەرخ، دەست لێ هەڵگرتنی واتە سڕینەوەی ئەو مێژووەی کە هەڵی گرتووە وەک گەلەری بۆ هونەری شێوەکاری شاری سلێمانی، وە ناکرێ بە تایبەتی لە ئێستادا وا بە ئاسانی دەست بەردانی ئەو شوێنە ببین کە تاکە شوێنی حکومی بێ لایەنە کە توانای ئەوەی هەیە هەموو ڕەنگەکان کۆکاتەوە لە ناو ئەم گەلەریەدا.
دوو، دروست کردنی گەلەریەکی حکومی گشتی تازە، بە شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمیانە لە هەمان کاتدا لە ناوەڕاستی شاردا بێت وە ببێت بە سەنتەرێکی گەورەی کولتوری حکومی، کە توانای ئەوەی هەبێ هەموو هونەرەکانی شێوەکاری لە خۆبگرێ وەک شوێن و وەک باڵەخانە.
بە باوەڕی من هەڵبژاردەی سێهەمان نییە، وە ناکرێت شارێکی وەک شاری سلێمانی بێ گەلەری بێت، وە دڵنیام گەر ئێمەی هونەرمەندان بە داخستنی ئەم گەلەریە هیچ کاردانەویەکمان نەبێ ئەوە سبینێ شوێنێک نامێنێ بۆ نمایشی شێوەکاری لەم شارەدا.
لێرەشدا حەقی خۆمانە بپرسین کە ئایا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، تا ئێستا بۆ گەلەریەکی تایبەت بە خۆی نییە واتە وەکو ( موڵک ) شارێکی وەک شاری سلێمانی پێویستی بە دەیان گەلەری و شوێنی تایبەت بە هونەری شێوەکاری هەیە وە ئەم شتانە بنەمای کارکردن و ئەرکی سەر شانی ئەم دەسگا حکومییە یە، کە کار بکەن بۆ بە هێز کردنی ژێرخانی کولتوری، کەواتە دەبێ ئەو پرسیارە گرنگە بکەین کە ئایا بەڕاستی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە یان وەرزارەتی ڕۆشنبیری بە گشتی، کاری چی بووە لەم چەند ساڵەی دوایدا، بە تایبەتی دوای ڕاپەڕین و دروست بوونی دەسەڵاتی کوردی.
مێژووی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی...
مۆزەخانەی سلێمانی بە شێوەیەکی فەرمی لە 14ی تەممووزی 1961دا کرایەوە. سەرەتا لە تەلارێکی بچووک لە گەڕەکی شۆڕش لە فولکەی عەقاری دروست کرا بوو، پاشان لە ساڵی 1980 تەلارێکی نوێ و گەورەی لەسەر شەقامی سالم دروست کرا، لەسەر ڕووبەری ( 6000 مەتر چوارگۆشەیە ) لە باڵەخانەیەکی یەک نهۆمی پێکهاتووە، لە ماوەی جەنگی ئێراق - ئێراندا ( 1980 – 1988 )، مۆزەخانەکە بە تەواوی بە ڕووی خەڵکدا داخرابوو، بەڵام لە بەشی پێشەوەی مۆزەخانەکە، واتە هۆڵی بەردەم دەرگای سەرەکی مۆزەخانەکە لە ناوەوە کرابوو بە دوو بەشەوە بەشی لای ڕاست، تەرخان کرابوو بۆ پیشانگەی کتێب، کە پێکهاتبوو لە کتێبخانەیەکی گەورە و چەند ڕەفەیەک.
لە بەشی لای چەپی هۆڵەکە، کرابوو بە گەلەری وە لەکاتی نمایشدا ئەم دوو بەشە بە پارتێشن جیا ئەکرایەوە و هونەرمەندان و دەسگا حکومیەکان وەکو بەڕێوەبرایەتی چالاکی قوتابخانەکان و بەڕێوەبرایەتی ڕۆشنبیری و پارێزگا و پەروەردە و چەندین شوێن و لایەنی تر کار و چالاکیان هونەری شێوەکارییان تێدا بە ئەنجام دەگەیاند، تا سەرەتاکانی ساڵی ( 2000 ) لە بەر کردنەوەی مۆزەخانە بە ڕووی خەڵکدا و پێویستی مۆزەخانە بە هۆڵی پێشەوە، وە ئەو کاتە مۆزەخانەی سلێمانی وەک بەڕێوەبەرایەتی سەر بە وەرزارەتی ڕۆشنبیری بوو، بە هەماهەنگی هەردوو لا لە تەنیشت مۆزەخانەکەوە واتە لە حەوشەکەدا هۆڵێکیان دروست کرد بۆ گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی تا زیاتر سەربەخۆ بێت لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە، بەم شێوەی گەلەری مۆزەخانە بەردەوام بوو لە چالای و نمایشی شێوەکاریدا تا ڕێکەوتی ( 12.11.2026 ) دوا چالاکی شیوەکاری تێدا ئەنجام درا و داخرا.
