نەریتێک کە هیچی لێبەرهەم نایەت...

زامۆئا داراغا
  2020-09-14     590

( 13 ) سیانزەهەمین پێشانگای شێوەکاری سلێمانی, سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی سلێمانی. 
دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین, ئایا هۆکار چیە کە لەم چۆرە نمایشانە بەردەوامی هەیە کە هەموومان دەزانین هیچ بەرهەمێکی نییە و نایبێت, ئەم جووینەوەیە لە کردنەوەی پێشانگە کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی رابووردو چ گرنگییەکی هەیە وە سودی چیە بووە تائێستا ئەم سەندیکایە بەم شێوە سونەتیە بیردەکاتەوە و کاریپێدەکات  وە هۆکارەکانی چیە. 
کۆکردنەوەی ( 90 ) هونەرمەند لە ( نیگارکێش بە هەموو شێوەکانیەوە و پەیکەر بە هەمان شێوە لەگەڵ هونەری سیرامیک بە هەموو شێوەکانیەوە لەگەڵ هونەری گرافیکدا) ئەم تێکەڵاو کردنە لە نمایشکردن ( چ ) غیتابێکی هونەری  یان ( چ ) مانیفێستێکی هونەری لە پشتەوەیە کە توانیوتی تا ئێستا بەردەوامبێت.
ئایا هەڵواسینی تابلۆ لە سەر دیوارێک یان دانانی سیرامیکێک و پەیکەرێک لە پێشانگای ( 13 ) سەندیکای هونەرمەندانی لقی سلێمانی چیمان پێدەڵێت چ بۆچونێکی لە پشتەوەیە چ پڕۆژەیەکی ستراتتیجی لە پشت کۆکردنەوەی ( 90 ) هونەرمەندەوە هەیە لە ژێر یەک سەقفی گەلەرییەکدا.
لێرەدا زۆر گرنگە هەندێ پرسیار بکەم لەسەر ئەم جۆرە لە نمایشە کە سەندیکا کاری لەسەردەکات وە ناوی ناوە ( نەریت )
1/ ئایا چ سودێکی هەیە بۆ هونەرمەندەکە ئایا لەڕێگەی ئەم جۆرە لە نمایشەوە بە خەڵک دەناسرێت و کارەکانی دەبینرێت و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت, لە دوایدا ئەرشیف دەکرێت و تابڵۆکە لەلای سەندیکاوە دەمێنێتەوە ئەپارێزرێت, 
2/ ئایا دانانی یەک تابڵۆ لە نێو سەدان تابڵۆی جۆراوجۆردا دەبێتە هۆی بەناوبانگ کردنی هونەرمەندەکە و کارە هونەریەکە.؟ 
کە من بە پێچەوانەوە دەبینم کاردانەوەی زۆر خراپی دەبێت لە سەر هونەرمەندەکە وە کارە هونەریەکانیش بە گشتی, لە هەمان کاتدا شاردنەوەی ئەو توانا و کاری جدی و باشە کە لە ناو ئەو گێژاوەدا نمایش ئەکرێت. 
بینەر کە دێتە دەرەوە لە نمایشەکە هیچی لە بیر نەماوە لە بەر زۆری و بۆری و شیوازی جۆراوجۆری کارەکان کەوادەکات مێشکی بینەر هیلاک بکات وە توانای وەرگرتنی نامێنێت,گەر کارێکی باشیش هەبێ لە نێوان ئەو هەموو کارە خراپەدا ئەوە ئەو کارەش دەرناکەوێت و بیر دەچێتەوە و پشت گوێ دەخرێت.
بەم شێوەیە ئەوەندەی زیانی هەیە بۆ کارە هونەریەکە ئەوەندە سودی نییە لە زۆربەی کاتدا تەنها  کارە هونەریەکان دیوارەکانی پێدادەپۆشرێت وە قەرەباڵغ کردنی ناو گەلەریەکە بە کاری سیرامیک و پەیکەری جۆراوجۆر هیچ دەورێکی تری نییە لە نێو نمایشەکەدا.
3/ ئایا چ سودێکی هەیە بۆ هونەر و کولتور بە تایبەتی هونەری شێوەکاری. 
بە کۆکردنەوەی ( 90 ) شێوازی جیاجیای هونەری کە من بە ( گێژاوی ) وەسف دەکەم هیچ کاریگەریەکی نابێت لەسەر هونەری شێوکاری وەک ڕووداوێکی ئانی و ساتی دەگوزەرێت و نابێت بە مێژوو.
کامەمان پێشانگەی ( یەک و دوو و سێی ... دە و یانزدە و دوانزدەی ) سەندیکای هونەرمەندانمان لە بیرماوە, چ هەنگاوێکی جدیی ناوە بۆ هونەری شێوەکاری بە تایبەتی لە شاری سلێمانی کە ئەمە ( 13 ) هەمین نمایشە کە سازی کردوە. 
ئیتر دەبێت ئەم پیشانگەیەی ئیستاش چ سودێکی هەبێت بۆ ئەمڕۆی هونەر وە چ داهێنانێکی تازە لە خۆ بگرێت بەم شێوەیە کە توانای میمۆری کردنی خۆی نییە وە بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا.
4/ کەواتە دەبێت کێ سودمەندبێت لەم جۆرە لە چالاکیانە؟ بۆ بەردەوامی هەیە بۆ توانیویانە ( 90 ) هونەرمەند کۆبکەنەوە, کەواتە ئەم شێوازە زەمینەی هەیە وە زەمینە سازی بۆ دەکرێت تا توانای بەردەوامی هەبێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژووی شێوەکاری لە عیراقدا بەگشتی وە بە تایبەتی لە دوای هاتنی ( حیزبی بەعسی عربی ئیشتراکی ) لە کۆتایەکانی ساڵی شەستەکاندا ئەم جۆرە لە نمایش و چالاکییانە چۆن سەری هەڵداوە و دروست بووە بە کۆکردنەوەی چەندین هونەرمەند لە ژیر ناوی ( پیشانگەی حیزب ) سەرەتا بۆ بابەتی نەتەوەیی و کێشەی فلەستین و ئومەی عربی دەست پێدەکات, هەروەها ئەوە کاریگەریە توندەی بڵۆکی ڕۆژهەڵاتی سۆسیالیستی لەسەر هونەر کەهەیبوو لە پەروەردەی هونەری ئەو کاتە و سیاسەتی کولتوری ئەو سەردەمە کە هونەر دەبێت لە پیناوی حیزبی دەسەڵاتدابێت بۆبە کۆیلە کردنی کۆمەڵگەدابێت, کە ئەم سیستمە لە سەردەمی ستالینەوە پەیڕەو دەکرا لە سۆڤێتی گەورە, بەم شێوەیە بەردەوامبوو تا کۆتاییی ساڵەکانی حەفتای سەدەی ڕابووردو, دروست بوونی ( حیزبی قائید ) لە گەل هەرهەڵدانی جەنگی عیراق و ئیران  ئیتر بوو بە کولتور کە هەموو پیشانگەیەک دەکرایەوە لە رێگەی سەندیکای هونەرمەندانی عیراقەوە یان وەزارەتی ڕۆشنبیری عیراقیەوە سازدەدرا کە زۆربەی چالاکیەکان بارگاوی ئەبوو بە کایەی حیزبی و نەتەویی ( جەنگی پیرۆز ) لە ژێر ناوی نەتەوە و سەرۆکی فەرماندە و هونەرمەند وەک کەسێکی سیاسی لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە خزمەتدەگەیەنێت بە گەل و شۆرش. 
بە هەمان شێوەی ئێستا لە کاتی کردنەوەی پێشانگەکەدا بەرپرسانی دەوڵەت و وەزیری ڕۆشنبیری و کەسە حیزبیەکان ئامادەی کردنەوەی مەراسیمی پیا هەڵدان و ستایش کردنی یەکتری مجامەلەیەکی درۆزنانە یەکتر دەست پێدەکات دوور لە کەشی هونەری و ڕەخنەی هونەری و پێناساندنی هونەرمەندەکان لەگەڵ کارە هونەریەکاندا دەبێتە شۆوێکی ناشرین بۆ بەرپرسە حیزبیەکان و وێنە گرتن لەلای کارە هونەریەکانەوە تەنها بۆ جوانکردنی فۆتۆکانیانە. 
ئەم نەریتە نەگریسە تا ئێساش بەردەوامە و کاری پێدەکرێت لە پیناوی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی, 
زۆرترین هونەرمەند کۆدەکەنەوە بۆئەوەی بیکەن بە چالاکی بۆخۆیان لە ژیر ناوی هونەر و کولتوردا گێژاوێک دەنێنەوە ئەوسەری دیارنەبێ بۆ چوار پێنج ڕۆژ بە نزمترین کوالیتی چوارچێوە و تابڵۆ لە پال تابڵۆ کە بە هیچ شێوەیەک حساب بۆ سپیس بینین و بینەر نەکراوە لەسەر مێز ولەسەر کورسی دانشتن و لەسەر ئەرزی گەلەریکە کاری هونەری دانراوە لە هەندێ حاڵدا دەبێت بینەرەکە ( پاڵ کەوێت ) تا کارە هونەریەکە بە تەواوی ببینێت هەندێ کار بە ( تیپ ) ناوی هونەرمەندەکەیان پێلکاندوە بە تابڵۆکەوە کە ئەمە خۆی بۆخۆی کفرە. 
لێرەوە ئەومان بۆ دەسەلمێت کە هونەرمەند جگە لە ژمارەیەک زیاتر نییە واتا ئەوەی دوایی فەخری پێوەدەکرێت ئەوەیە نمایشێک بۆ ( 90 ) هونەرمەند ئیتر کەس نازانێ کێ بوو لە چی پیکهاتبوو ئاستی هونەری چی بوو وە بۆ چی کرابوو. 
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم چالاکییانە هیچ پەیوەندی نییە بە هونەر و فەرهەنگی کولتورییەوە بێجگە لە ( نمایشێکە لە پیناو نمایشداکە هیچی تر نییە ) کە لە پشتیەوە بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی کاری خۆی دەکات. 
ئەوەی لێرەدا ماوە بیڵێم بەراستی دەبێت ئیتر لەمەودوا هەڵوێستەمان هەبێ لەسەر ئەم بە مێگەل کردنە و تەنها وەک ژمارە مامەڵە لەگەڵ هونەرمەندا نەکرێت ڕێز لە کارەکانی بگیرێت هەموو کارێکی هونەری لە نمایشەکاندا حەقی خۆی بدرێتێ .
ئیتر کاتی ئەوە هاتوە سەندیکای هونەرمەندان دابخرێت بۆ هەتاهەتای ئەو دەورە تائێستا هەستاوە پێی کۆتای پێبهێنرێت و بە دوای بەدیلێکی تردا بەگەڕێن. 
دەبێت بیر لە ڕێکخراوێکی تر بکرێتەوە کە بتوانێت هەموو هونەرمەندان کۆبکاتەوە لە ژێر چەترێکدا ببێتە ڕیکخراوێکی کارا بۆ بەدەست هێنانی ئامانج و مافەکانی هونەرمەندان, کە توانا خزمەتکردنی هەبێ کایەی هونەری لە مەرحەلەی پاسیڤەوە بگۆڕێت بۆ مەرحەلەی ئەکتیڤ کردن وە زمان حاڵی سەردەمەکەی خۆیبێت کاریگەری ڕاستەو خۆی هەبێ لە سەر کۆمەڵگە, هەروەها سیاسەتێکی کولتوری ڕوونی هەبێت لە سەر هەموو جوومگەکانی کۆمەڵگە و بەرهەم هێنەربێت. زامۆئا داراغا 2020

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×