ژیان لەسەردەمی بێ مۆڕاڵیدا ئەو دەمەیە کە شاعیرێک، یاخود هونەرمەند و نوسەرێک، یاخود ئەدیبێک، نەبوونی ژیان وایی لێ بکات، پێ لەهەموو غرور و دڵی خۆی بنێت و داوای بەرمیلێک نەوت یاخود پێویستیەک لە سیاسیەک یاخود سەرمایەدارێک بکات.
"دراوسێیەکمان لەبرسامرد، لەپرسەکەیدا مەڕیان بۆ سەر دەبڕی"
ئەمە وتەی بیرمەندی ئێرانی "عەلی شەریعەتی" یە، یەکێک لەجوانترین پێناسە و حەقیقەتەکانی دونیایی ئەمڕۆ و دووڕوویی مرۆڤەکانە.
لە ئەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەک کە لەبواری مێژوو و کەلەپوری سلێمانیدا ئیش دەکات و پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ زۆر چینوتوێژی ئەم شارەدا هەیە وتی: هونەرمەند، هادی مەحمود "عەریف حەمەتاڵ" پێیوتم بۆ ئەم زستانە داوای بەرمیلێك نەوتم لە بەرپرسێکی ئەم شارەرکرد بەڵام داواکەی ڕەتکردمەوە، کەچی ئەو کاتەی کە ناوبراو کۆچی دوایکرد، سیاسیەکە پرسەنامەی بۆ دەهۆنیەوە و لەپرسەکەیدا بەشداری دەکرد.
ئەمە هەمان ئەو وتەیەی شەریعەتیە کە باسمانکرد،
دەبینین مردوەکان بەهایان زیاترە لە زیندوەکان، ئەو گوڵانەی کە بۆ گۆڕستانەکان دەکڕدرێن و لەسەر گۆڕەکان دادەندرێن، زۆر زیاترن لەوانەی کە پێشکەشی زیندوەکان دەکرێت.
لەدونیادا و لەلای گەلانی زیندوو و هۆشیاری دونیا، هونەرمەند و نوسەر و ئەکتەرەکان، وەرزشوان و بیرمەندەکان، جگە لەوەی کە خاوەنی ڕێز و بەهای تایبەتی خۆیانن و بگرە زۆر زیاتر لە سیاسیەکانیش، لەگەڵ ئەوەشدا پیشەکانیشیان بۆتە سەرمایەیەک بۆیان کە دەست بۆ هیچ سەرمایەدار و سیاسیەک درێژ نەکەن.
هاوڕێیەکی ئەندام پەڕلەمان بەسەرهاتێکی بۆ گێڕامەوە و گوتی: یەکێک لە سیاسیەپلەباڵاکانی هەرێم کە خۆی بۆی باسکردین، لەیەکێک لە فڕۆکەخانەکانی دەرەوەی وڵات، کۆمەڵێک گەنج وێنەی لەگەڵ دەگرن و ئەمەش دەبێتە جێگەی سەرنج بۆ کارمەندانی فڕۆکەخانەکە، یەکێک لە کارمەندانی فڕۆکەخانەکە لە سیاسیەکە دەپرسێت، بەڕێزت وەک "مستەربین" هونەرمەندیت؟ یاخود وەک "مایکڵ جاکسۆن" ڕاپەریت؟ ئەویش لەوەڵامدا پێی دەڵێت کە ئەو سیاسیە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم وەڵام و دیمەنەش بۆ کارمەندەکە هێجگار سەرنجڕاکێش بوو کە بەو جۆرە لەگەڵ سیاسیەکدا وێنە دەگرن.
ئەو گەل و میللەتەی کە تەنها ئارەزووی وێنەگرتن بێت لەگەڵ سیاسیەکاندا و بەها بۆ هونەر و نوسین و وەرزش و کایەکانی دیکە دانەنێت، دەبێت بۆ هەمیشە لەنێو شەو زەنگی ناهۆشیاریدا بژی و چاولەدەستی ڕەحمی سیاسی و سەرمایەدارەکانی بێت..