ئەو دەمەی سامی یوسف بەزمانی کوردی سرودێکی گوت، هیواخواز بووم هەموو ئەوانەی لەپێناو گەلی کورد دا گیانی خۆیان بەختکرد، گوێبیستی بوونایە، بۆ ئەوەی بزانن ئەو زمانەی کە سەروەختێک لەسەر فێربوونی خەڵک سزادەدرا و لە گوندێکی دوورە دەستدا دەخوێندرا، ئێستا هونەرمەندێکی جیهانی بەم زمانە سرود دەڵێت و ملیۆنان کەسیش گوێ بیستی دەبن.
لەڕاستیدا ئێمەی کورد سەرەتاکانی کرانەوەمانە بەڕووی دنیادا، هەم لەڕووی فیلم و هەم لەڕووی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بەشێک لە نوسەرانی کورد، بۆ سەر زمانەکانی دیکەی دونیا.
ئەوەیشی کە ئێستا هەیە جێگەی ئومێد و دڵخۆشیە بۆ ئەوەی ئێمەش لەڕێگەی فیلم وەرگێڕان و نوسەرانی کوردەوە، لانی کەم بەشێک لە وڵاتانی دیکە ئاشنابکەین بەناوی گەل و میللەتێک کە وەک ناوێکی ون و پارچەکراو لەنێو چوار دەوڵەتدا، خاوەنی هەزاران چیرۆک و کارەساتی تراژیدییە کە جیهان لەئاستیدا بێ دەنگ بووە و مێژوویەکی ونی پڕ لەخەم و ئازاری هەیە.
ئەوەی پێویستە جێگەی دڵخۆشی و قەدر بێت لای ئێمەی کورد، نەوەک ڕەخنە و توانج، وتنەوەی ئەو بەرهەم و ئاوازە کوردیانەی خۆمانە، لەلایان هونەرمەندانی دیار و بەناوبانگی دیکەی غەیرە کوردەوە، ئەوە جگە لەوەی ئەمە بۆ خۆی بەرەوپێش چوونێکی دیکەی هونەری کوردیە کە هونەرمەندانی خاوەن ئەزموون و دیار، ئەم گۆرانیە کوردیانە دەڵێنەوە و ملیۆنان بینەری نا کورد گوێبیستی بەرهەمێکی کوردی دەبن لەسەر زمانی هونەرمەندێکەوە، کە کورد نیە.
ئەوەی لەم چەند ڕۆژەدا گوێبیستی بووین، گۆرانی "مینا" بوو کە هۆمایۆنی کوڕی شەجەریان، گوتی و لەنێو خەڵکیشدا پێشوازیەکی زۆری لێکرا و هەر زوو بڵاو بوەوە،
ئەمەش لەبری دڵخۆشی ڕەنگە هەندێک هونەرمەندی کوردی نیگەران کردبێت، بەوەی کە ئاوازی کوردیان دزیوە، کە لەڕاستیدا ئەمە خەم نیە بۆ ئاوازی کوردی بەئەندازەی ئەوەی کە خەمە بۆ ئەوەی کە دۆخی هونەر و گۆرانی کوردی تا ئاستێک دابەزیوە کە خەڵک بەو جۆرە پێشوازی لەو بەرهەمە دەکەن، ئەمەش مانای ئەوە نیە کە هونەرمەندانی کورد ئەم گۆرانییەیان باش نەوتبێ، بەپێچەوانەوە هونەرمەند سوارە محەمەد گەر باشتر لە هۆمایۆن گۆرانی "مینا"ی نە گوتبێت، بێ گومان لەیەک ئاستی باڵادا هەردووکیان ئەو گۆرانییەیان وتووە و ڕەنگە خودی هونەرمەند سوارە محەمەد پێچەوانەوەی هەموو ئەوانەی کە ڕەخنەیان گرتووە و دڵگران بوون، دڵخۆشبێت بەوەی ژە هونەرمەندێکی فارس گۆرانیەکی ئەوی وتۆتەوە..
ئەمە سەرباری ئەوەی زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد هەمیشە بەرهەمی بیانی تێکەڵ بە هونەر و گۆرانی کوردی دەکەن و ڕەخنەش لەکارێک دەگرن کە جێگای دەستخۆشی و دڵخۆشیە کە هونەرمەندانی دیار و بەناوبانگی دنیا گۆرانی کوردی دەڵێنەوە و ئاوازێکی کوردی ئاشنایی ملیۆنان کەسی غەیرە کورد دەکەن و ئاوازەکانی خۆشیان سنوری شارێک تێ ناپەڕێنن.