خۆجوانکردن لەرێی ناشیرینکردنی ئەویدیکەوە

جه‌عفه‌ر عه‌لی
  2021-01-19   
(١)
   ئەو کاتەی دەوڵەتی عیراقی نوێ لە خاڵی سفرەوە دەستی پێکردەوە، هەرێمی کوردستان تەمەنی حوکمڕانی نزیک بە ١٢ ساڵ بوو. کاتێک عیراقی نوێ پۆلیس و سەربازێکی دەوڵەتی نەمابوو، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم خاوەنی دەیان هەزار چەکداری جیا جیا بوون. ئەو کاتەی عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی، تەنیا یەک فەرمانگە و دەزگای کارکردنی دەوڵەتی و خزمەتگوزاری نەمابوو، هیچ بنەمایەکی ژیان و ئاسایشی تێدا نەبوو، هەرێمی کوردستان وێڕای بوونی هەر سەرنج و تێبینییەک لەسەری، بەڵام خاوەنی جۆرێک لە دەزگای حوکمڕانی و رێکخستنی ژیان بوو. ئەو کاتەی عیراقی دوای سەدام نە بنەمایەکی دەوڵەتداری تێدا مابوو، نە شتێک بە ناوی سەروەرییەوە، هەرێمی کوردستان ئارامتر و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش تا رادەیەک مامەڵەی سیاسی لەگەڵدا دەکرا.
   عیراق لە رووی مێژووییەوە وڵاتێکە پڕیەتی لە ناکۆکی و ناشیرینی، سەرڕێژە لە خوێن و جەنگ و نیفاق. دوای پرۆسەی ئازادیش، بوو بە کانگای تەقینەوەی ئەو کێشە مێژووییانەی، کە لە رێی زەبر و توندوتیژییەوە، کپ و خامۆش کرابوون. ئێستایش هەموو رۆژێک لەبەردەم ئەگەری بە یەکدادانی نەتەوەیی، مەزهەبی و تائیفیدایە. ئومێد هەڵچنین لەسەر دروستبوونی بەغدایەکی دیموکراسی، وەک ئەوە وایە ئومێد بە هەڵبژاردنی پاک و دروستبوونی سوپایەکی نیشتیمانی لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی، بە خواستی خۆیان، بخوازیت. 

(٢)
   لە ئێستادا ژمارەیەک لە قەڵەمی حیزبی و زۆرێک لە ئەندام و هەوادارانی بێ ئەندێشەی حیزب، کاتێک باس لە کێشەکانی هەرێم دەکرێت، لەبری بیرکردنەوە لە پرسە نیشتیمانییەکە و  رەخنەکردنی شێوازی کاری حیزبی و ئیداری، بۆ داپۆشینی کۆی ئەو گرفتە بونیادییانەی دەسەڵاتی کوردی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی دروستکردووە، پەنا دەبەنە بەر بەراوردکاری هەرێم بە بەغدا و پێماندەڵێن: کۆی کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە کابینەکانی عیراق باشتر و سەرکەوتووتر بوون. ئەم فێگرتنە بە باشتربوونی هەرێم و ئەم وەهمی بەراوردکارییە وای لێکردوون بۆ ئەوەی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم و دەسەڵاتی کوردی جوان پێشانبدەن، هەمیشە بە دوای ناشیرینییەکدا بگەڕێن. گەڕان بە دوای ناشیرینێک بۆ ئەوە نا تا ناشیرینێکی دیکەمان پێبناسێنن، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە تا پێمانبڵێن، ئێمە جوانین. ئەوان هەرگیز وەک خۆیان، وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری سەربەخۆ و لە دەرەوەی بەراوردکاری، لە دەرەوەی دۆزینەوەی بوونێکی سیاسی وەک خۆیان، یان لە خۆیان ناشیرینتر، ناتوانن بۆ تەنیا ساتێک جوان بنوێنن. هەموو هێزی جوان نواندنی ئەوان، توانای گەڕانیانە بۆ دۆزینەوەی دوا پنتی سیاسی ناشیرین لە ئەویدیدا. لەو هێز و دەسەڵاتە ناشیرینتر بوونی نییە، کە تەنیا بۆ ئەوەی لە رەخنەکردنی خۆی، لە کەموکورتی و شکستەکانی خۆی رابکات، دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی قێزەونترین نمونە سیاسییەکانی دونیا و دەیخاتە سەر مێزی بەراوردکاری.  
   لە هەر گۆشەیەکی ئەم دونیایەدا، ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەم فۆرمەی هەرێم کاربکات، مەحاڵە بتوانێ گۆڕانکاری بە قازانجی خەڵک و چاکەی گشتی ئەنجام بدات. ئەم شێوە لە دەسەڵات، ئەگەر حوکمی پاریس و لەندەن و بەرلین و ژنێفیشی بدەیتێ، لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا دەیکات بە وێرانەیەکی حیزبی و دواتر لەبری داننان بە شکست، بە خەرتوم و مەقادیشۆ و کابول و سەنعا بەراوردی دەکات.
   دەسەڵاتی جوان، دەسەڵاتێک کە دیدگا و روانینی مۆدێرن و نیشتیمانی بۆ پرسی ژیان و بەرەوپێشچوون هەبێت، دەسەڵاتێک بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و دادی کۆمەڵایەتی کاربکات، دەسەڵاتێک بونیادنانەوەی نیشتیمان و پرسی مرۆڤسازی وەک ستراتیژ ببینێت، هەرگیز  بۆ شاردنەوەی ناشیرینییەکانی، چاوی ناچێتە سەر نمونەی وەک خۆی و لە خۆیشی ناشیرینتر، بەڵکو لەبری بەغدا، دوبەی، لە بری سوریا، سەنگاپورە، لە بری یەمەن، کۆریای باشور و لە بری لیبیا، رواندای سەردەمی (پول کاگامێ) دەبینێت و بە شێوەیەکی عەقڵانی سوود لە ئەزمون و پلان و کار و بەرنامە و بەرەوپێشچونیان وەردەگرێت، نەک دوای ٣٠ ساڵ لە ئەزمونی حوکمڕانی، بۆ خۆدزینەوە لە شکست، تەنیا کارت گەڕان بێت بۆ دۆزینەوەی نمونەی ناشیرینی سیاسی، تا ناشیرینییەکانی خۆتی پێدابپۆشیت.  
   هەرێمی کوردستان گرفتەکانی بونیادین، هەر پرۆسەیەکی چاکسازی توانای چوونە ناو ئەو گرفتانەی نەبێت، مەحاڵە دۆخی گشتی هەرێم بە ئاقارێکی باشتردا بڕوات. گرفتی ئێمە لە بوونی فڵان خاڵی گومرگی و فیسار دەزگای حوکمڕانیدا نییە، بەڵکو گرفتی گەورە و ریشەیین، گرفتن لەو عەقڵیەتەی چارەسەرەکان لە بوونی بینای بەرز و پردی بەرزدا دەبینێت، نەک مرۆڤی بەرز و ئەخلاقی سیاسی بەرز. مەبەستمان لە مرۆڤی بەرز نە سوپەرمانی نیچە و نە قارەمانەکەی کارلایلە، بەڵکو مرۆڤێکە سەنگ و بەهای ئینسانی وەک بوونەوەرێک رێزلێگیراو بێت، مرۆڤێک بێت ئازاد، خاوەن ئیرادە و ماف و بوونی خۆی، نەک بە بەرنامە بخرێتە ناو پرۆسەیەکی دورودرێژی ملکەچی و داماڵینی لە هەر رێز و بەهایەکی ئینسانی. هەرێمی کوردستان بەدەر لەم رێگەیە، رێگەی دووەم و رێگەیەکی دیکەی بۆ دەربازبوون لە گرفت و قەیرانە قوڵ و بونیادییەکانی لەبەردەمدا نییە.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەی یەکێتی‌و پارتی بێ ئەنجام بووەو یەکێتی دوو داواکاری ھەیە
کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات
یانه‌ی هه‌ولێر: له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یاریگای دهۆك هێرشی دڕندانه‌مان كرایه‌ سه‌ر
زەیدی بانکی تی بی ئای ڕاسپارد 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بفرۆشێت
مه‌سعود بارزانی و فالح فه‌یاز: كێشه‌كانی نێوان هەرێم و عێراق لە چوارچێوەی دەستور قابیلی چارەسەرن
عراقچی: یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نابرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵام ده‌كرێت له‌باره‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك
"ماسکیزم"، چۆن ئیلۆن ماسک بوو بەهێمای سەردەمی ئێمە؟
ترەمپ: ئێستا رووبەڕووی سەرکردەی سێیەم بوینەتەوە و دوای ئەو کۆتایی ریژێمە
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق و وه‌زیری وزه‌ی توركیا تاوتوێی پشكی توركیا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×