كاولكاریی‌ كوردستان!

شێرزاد شێخانی‌
  2020-01-24     1836
محمد ماغوتی‌ نه‌مر ده‌ڵێ : من وه‌كو ئه‌و به‌ندكراوه‌م كه‌ بیست ساڵ ژوره‌كه‌ی‌ خۆی‌ هه‌ڵكۆڵی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ را بكات، دوایی‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وت كه‌ رێگاكه‌ی‌ ئه‌چێته‌وه‌ سه‌ر زیندانێكی‌ تر..

سه‌رده‌مانێك:

كاره‌بامان هه‌بوو .

ئاوی‌ خواردنه‌وه‌مان هه‌بوو .

مووچه‌ی‌ مانگانه‌‌مان هه‌بوو .

ئازووقه‌ی‌ بایه‌عمان هه‌بوو .

پاسی‌ هاتۆچۆمان هه‌بوو .

دامه‌زراندن بۆ گه‌نج وپییرانمان هه‌بوو .

ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات هه‌یبه‌تیان هه‌بوو .

كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌خلاقی‌ به‌رزو به‌رێزی‌ هه‌بوو .

كاربه‌ده‌ستی‌ حكومه‌ت ترسی‌ له‌محاسه‌به‌ هه‌بوو .

گه‌نده‌ڵی‌ ودزی‌ و به‌رتیلخواردن نه‌بوو .

بازرگانی‌ به‌ دین وسیاسه‌ت نه‌بوو .

تاجیری‌ قاچاخچی‌ و قۆڵبڕ نه‌بوو .

دكتۆری‌ شه‌ریكی‌ ده‌رمانخانه‌ نه‌بوو .

مقاولی‌ سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات نه‌بوو .

هه‌موو شتێكمان هه‌بوو ، ته‌نها ئازادیمان نه‌بوو  

له‌پێناو ئازادیدا ، راپه‌ڕێن .

***

به‌رهه‌می‌ راپه‌ڕین :

- كوردایه‌تیمان گۆڕی‌ به‌حزبایه‌تی‌ .

- شه‌ڕی‌ ئاڵامان گۆڕی‌ به‌شه‌ڕه‌ په‌ڕۆی‌ حزبان .

- سیاسیه‌كانمان كرده‌‌ بازرگان .

- دائیره‌ی‌ ئه‌منمان گۆڕی‌ به‌ ده‌زگای‌ ئاسایش .

- زیندانی‌ ئه‌بو غرێبمان گۆڕی‌ به‌ زیندانی‌ ئاكرێ .

- كاره‌بامان گۆڕی‌ به‌ موه‌لیده‌ی‌ ئه‌هلی‌ .

- مووچه‌ی‌ مانگا‌نه‌مان كرده‌‌ سێ مانگ جارێك‌ .

- خه‌سته‌خانه‌ی‌ حكومیمان گۆڕی‌ به‌ كلینیكی‌ ئه‌هلی‌ .

- ده‌رمانی‌ ئه‌سڵمان گۆڕی‌ به‌ ئێكسپایه‌ر .

- جگه‌ره‌مان گۆڕی‌ به‌ حه‌شیشه‌و تلیاكی‌ كریستال .

- عه‌داله‌تمان كرده‌ خوێنمژی‌ .

- ویژدانمان گۆڕی‌ به‌ دینارو دۆلار .

- ئه‌خلاقمان گۆڕی‌ به‌ به‌ به‌ره‌ڵڵایی‌ .

- كوردستانی‌ ئازادمان كرده‌ زیندانێكی‌ تاریكستان .

ئیدی‌ .. بژی‌ ئازادی‌ !

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×