جیاوازی نێوان 13 و16 ئۆكتۆبه‌ر
شێرزاد شێخانی
2019-10-15   1172
به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی هه‌ردوو رووداوه‌كانی 13ی ئۆكتۆبه‌ری رۆژئاوا‌و، 16 ئۆكتۆبه‌ری باشوور ، لێكچوونێكی زۆر هه‌یه تا شۆڕبونه‌وه به‌ره‌و ورده‌كاریه‌كانیشه‌وه..له‌هه‌ردوو حاڵه‌تدا سوپایه‌كی داگییركه‌ری بێگانه هێرشی كردۆته سه‌ر خاكی كوردستان ، هه‌ردوكیشیان یه‌ك ئامانج كۆیانده‌كاته‌وه، ئه‌ویش داگییركردنی خاك وملكه‌چكردنی میلله‌ته‌كه‌یه‌تی .
ئه‌گه‌رچی له‌هه‌ردوو حاڵه‌تیشدا پاساوێكی مه‌نتیقیانه نه‌بوه بۆ هێرشه سه‌ربازییه‌كان ، چونكه له‌هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی كوردستاندا ، كورد وهێزه‌كانی ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بوونه له‌شه‌ڕدا ، به‌ڵام دیاره ته‌ماعی داگییرگه‌ران و هه‌وڵدانیان بۆ له‌ناوبردنی ئیداره سه‌ربه‌خۆ‌كانی كورد له‌هه‌ردوو پارچه‌كه‌دا هانده‌ری سه‌ره‌كی هه‌ردوو هێرشه‌كانی سوپای توركیا وحه‌شدی شه‌عبی عیراقی بووه .
با له‌وه‌ی عیراقه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین .سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌دوای پرۆسه‌ی ریفراندۆمه‌كه ده‌یانجار دڵنیاییان دایه سه‌رانی عیراق به‌وه‌ی هیچ هه‌وڵێكیان لانیه بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد‌و جیابوونه‌وه له‌عیراق ، به‌ڵام سه‌رانی عیراق مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه‌وا سه‌ركردایه‌تی كورد ئه‌گه‌ر ئه‌و نیازه‌شیان نه‌بوبێت ، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌و وه‌ره‌قه‌ی ریفراندۆمه وه‌كو كارتی فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تاییفه‌گه‌ری عیراق به‌كاری بێنن ، بۆیه هه‌ر زوو كه‌وتنه خۆیان و توانیان قه‌ناعه‌ت به‌ئه‌مریكاوه بێنن رێگه‌یان پێبدات بۆ هیرشی سه‌رتاسه‌ری له‌ناوچه ناكۆكه‌كان .
سه‌رباری ئه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوچه ناكۆكه‌كان ، كێشه‌یه‌كی كۆنه و له‌ده‌ستوردا چاره‌سه‌ری قۆناغ به‌قۆناغی بۆ دانراوه‌و ده‌بێ به دیالۆگ ورێكه‌وتنی سیاسی كۆتایی پێبێت ، به‌ڵام رژێمی عیراق گوێی به پره‌نسیپه ده‌ستووریه‌كانی وڵاتیشی نه‌داو به‌هێزی عه‌سكه‌ری ئه‌م كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه چه‌ند ساڵه‌ی عیراقی حه‌سمكرد. له‌وه‌ی‌شدا پێده‌چێت سه‌فقه‌یه‌كی گوماناوی ئه‌نجامدرابێت كه گومان ده‌كرێت له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌سه‌رانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بووبێت . چونكه ئه‌م حزبه هێزیكی زۆری له ناوچه ناكۆكه‌كاندا هه‌بووه، به‌تایبه‌تیش له‌كه‌ركوك. بۆیه بینیمان به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك كه‌ركوك راده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كرا‌و ، زۆربه‌ی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانیش گه‌ڕانه‌وه بنده‌ستی هێزه‌كانی عیراق .
ئه‌وه‌ی كه جێگای پرسیارێكی گه‌وره‌یه ئه‌وه‌یه، ئه‌بێ ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌م سه‌فقه گوماناوییه‌دا تێوه‌گلاوه ، قازانجه‌كه‌ی چی بوبێت و،چ ده‌سكه‌وتێكی نه‌ك بۆ كورد، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت بۆ خۆیشی به‌ده‌ست هێنابێ .ئه‌وه‌تا تاكو ئێستاش له‌دوای دوو ساڵی رێك یه‌كێتی نه‌یتوانیوه پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك دابنێ! ته‌نانه‌ت ناتوانێ به‌ر له‌پرۆسه‌ی ته‌عریبكردنی به‌شێكی ئه‌و ناوچانه‌ش بگرێت كه پارێزگارێكی شۆفینیزمی عه‌ره‌ب به‌به‌رنامه كاری بۆ ده‌كات ، جیا له‌وه‌ش ناتوانێ پێشمه‌رگه‌ش بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر مایه‌ی دڵنیایی بون بۆ هاوڵاتیانی كوردی ناوچه‌كه ، به‌مه‌ش كورد وته‌نی له‌هه‌ردوو دینه‌كه بوه‌وه ..
له‌شكركێشی سوپای دڕنده‌ی ئه‌ردۆگانیش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوا ، ئه‌ویش له ئامانجه‌كانیدا مه‌به‌ست داگییركردن وملكه‌چكردنی گه‌لی كوردی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستانه . توركیا به‌بیانووی ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له په‌یه‌ده هه‌یه، پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی گه‌وره‌ی ده‌ستپێكردوه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه په‌یه‌ده له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنیه‌وه له‌ساڵی 2003 تاكو ئه‌مڕۆش یه‌ك ته‌قه‌ی به‌رووی توركیادا نه‌كردوه‌و، زیاتر خه‌رێكی شه‌ڕی داعش بوه كه دوژمنی هه‌موو مرۆڤایه‌تیه .
گه‌وره‌یی ئه‌و هێرشه‌ی توركیا ومه‌ترسییه‌كانی به‌جینوسایدكردنی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا، سه‌ركردایه‌تی په‌یه‌ده‌ی ناچاركرد هانا بۆ هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د ببات بۆ پارێزگاری له‌وجوودی میلله‌ته‌كه‌یان ، به‌تایبه‌تیش شه‌ڕه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سوپای توركیای هێزی دووه‌می ناتۆ ، زۆر نابه‌رابه‌ر بوو، گومان له‌وه‌شدا نه‌بوو كه توركیا به‌قسه‌ی خۆی ته‌نها له‌و ناوچانه نه‌ده‌وه‌ستا كه پلانی بۆ دانابوو به‌قوڵایی 32 كم ، به‌ڵكو نیازه شاراوه‌كانی زۆر زیاتریش ئه‌ڕۆیشت وگشت ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستانی داگییر ئه‌كرد . بۆیه هه‌نگاوه‌كه‌ی په‌یه‌ده زۆر زیره‌كانه‌و له‌شوێنی خۆیدا بوه ، هه‌ر هیچ نه‌بێ شه‌ڕه‌كه ئه‌بێته شه‌ڕی سوریا‌و توركیا با ئه‌وان بۆ خۆیان حه‌سمی بكه‌ن.
لێره‌دا ده‌توانین به‌راوردێكی واقیعیانه‌ی هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ی 13 و16 ئۆكتۆبه‌ر بكه‌ین.
1- رێكه‌وتنی په‌یه‌ده له‌گه‌ڵ رژێمی سوریا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی دیفاع كردن بوو له خاك وهاوڵاتیانی رۆژئاوا له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ داگییركاری و جینۆسایدكردنی میلله‌ته‌كه‌و رێگرتن بوو له‌ناوبردنی ئیداره‌ی خۆسه‌ری له‌رۆژئاوادا . به‌ڵام سه‌فقه‌كه‌ی كه‌ركوك هێنانی هێزی داگییركه‌ر بوو بۆ له‌ناوبردنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی كورد له‌ناوچه‌كه‌دا .
2- هێنانی هێزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر سنووری رۆژئاوا به‌رامبه‌ر به‌توركیا ، جۆرێك له‌دڵنیایی ده‌داته میلله‌تی كوردی ناوچه‌كه كه ئیتر ده‌وڵه‌ت خۆی به‌رپرسیاره له‌پاراستنی سنوور به‌رامبه‌ر به‌هێزه داگییركه‌ره‌كه‌ی توركیا و له‌گۆڕنانی خه‌ونه‌كانی ئه‌ردۆگانیشه بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر رۆژئاوا‌و له‌ناوبردنی هێزه كوردیه‌كان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ركوك هێنانی میلیشیایه‌كی تاییفیه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كورد و رێگرتنیان له گێڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه زیاتر له‌په‌نجا ساڵه سه‌ركردایه‌تی كورد خه‌باتی له‌م پێناوه‌دا كردوه .
3- خۆڕاگری هێزه‌كانی په‌یه‌ده به‌درێژایی پێنج رۆژر به‌رامبه‌ر هێزی سه‌ربازی دووه‌م ده‌وڵه‌تی ناتۆ ، وایكرد له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا هه‌موو د‌ونیا بێنه ده‌نگ بۆ به‌رگریكردن له‌رۆژئاوا ، به‌خودی سه‌رۆكی ئه‌مریكاش كه له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌ڵویسته تونده‌كانی ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ناچار ملی شۆڕ كرد بۆ داخوازی میلله‌تانی د‌ونیا وپه‌شیمان بوه‌وه له‌هه‌ڵوێسته‌كانی پێشتری ، به‌ڵام له16 ئۆكتۆبه‌ردا هێزه‌كانی یه‌كێتی نه‌یانتوانی بۆ ماوه‌ی پێنج سه‌عاتیش خۆیان رابگرن له‌به‌رامبه‌ر هێزیكی بچووكی میلشیاوی حه‌شدی شه‌عبی كه نه فرۆكه‌ی هه‌بوو ، نه ئه‌و هێزه زه‌به‌ڵاحه‌ی ناتۆش ، خۆ ئه‌گه‌ر دوو رۆژ شه‌ڕ به‌رده‌وام بوایه وه‌زعه‌كه به‌ته‌واوی ئه‌گۆڕا وه‌كو ئێستا د‌ونیا ئه‌هاته قسه ، ئه‌وكات ئێمه‌ش وه‌كو كورد ئه‌مانتوانی به‌پاڵپشتی هێزه گه‌وره‌كانی د‌ونیا لانیكه‌م كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین به رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا.
به‌كورتی وبه‌كوردی ، ئه‌وه‌ی له رۆژئاوا روویدا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی كورد بوو له‌به‌رامبه‌ر نیازه گڵاوه‌كانی هێزیكی شۆفینیزمی دوژمن به‌مرۆڤایه‌تی ، ئه‌وه‌ی لای خۆشمان دۆڕانێكی گه‌وره‌ی هێزێكی سیاسی بوو كه نیوه‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی له‌سه‌ر سێنیه‌كی زێرین دایه ده‌ست دوژمنێكی شۆفینیزم و تایفی له‌عیراق ..