نانبڕینی کادیرو ئەندامانی یەکێتی

شێرزاد شێخانی‌
  2022-08-26     600

لەدوا هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عیراق کە پارساڵ ئەنجامدرا ، رێژەی بایکۆت بەپێێ هەندێ سەرچاوە گەیشتە ٧٧% لەکۆی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان . ئەمەش واقیعێکی تازەبوو لەپرۆسەی سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان ودەرخەری شکستی ئیدارەی هەرێمیش بوو لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا . بەڵام بە ووردبوونەوە لەو ژمارەیەش بۆمان دەردەکەوێ کە رێژەی ٢٣% دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە ، رێژەی راستەقیینەو حەجمی حەقیقی هەردوو حزبی فەرمانڕەوای کوردستانە . ئەو رێژەیە دەنگی خەڵکە حزبیەکەی هەردوو حزبی ( پارتی ویەکێتی) یە کە لەهەر هەڵبژاردنێکدا رێژەیەکەی نەگۆڕە ، مەگەر بە شێوەیەکی نیسبی کەموو زیادی تێدا رووبدات .

سەبارەت بە یەکێتی لەسێ هەڵبژاردنی رابردووی ساڵانی پێشتر ( پەرلەمانی عیراق و کوردستان ) ژمارەی کورسییەکانی لەنێوان ١٦-٢٠ کورسی بووە ، ئەگەر ئەم ژمارانە وەکو پێوەرێکی نیسبی وەریبگرین دەکرێ بڵێین ئەمە حەجمی ئێستای دەنگدەرانی یەکێتییە، کە ئەویش بێگومان دەنگی ئەندامو کادیرانی یەکێتین کە لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە حزبەکەی خۆیان دەدەن .

لەهەلومەرجی ئێستاداو لەگەڵ بوونی چەندین حزبی تازەو کۆن کە رکابەری هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی لەزۆنەکەی خۆیدا دەکەن ( زۆنی سەوز) ئەو ژمارەیەش خەریکە جێگییر ئەبێ و گۆڕانکاری زۆر گەورە روونادات ، بۆیە لەگەڵ بێزاری خەڵک لەدەسەڵات کە یەکێتیش بەشێکە لەم دەسەڵاتە زەحمەتە یەکێتی بتوانێ گۆڕانکارییەکی گەورە لەژمارەی کورسییەکانیدا بکات بەبێ خۆنوێکردنەوەو گێڕانەوەی متمانەی جەماوەرو ئەندامەکانی .

ماوەیەک لەمەوبەر سەرکردەیەکی یەکێتی قسەیەکی فڕێدا گوایە ( یەکێتی ئەگەر تەنها یەک کورسیشی هەبێ ، هەمیشە لەدەسەڵاتە ) ! . ئەم قسەیە هیچ لۆژێکی تیا نیە و قسەیەکی زۆر بێ ماناشە . چونکی ئێمە ئەزموونەکی دوورودرێژمان لەم بەشەی کوردستاندا هەیە کە بەهێچ شێوەیەک ئەم لۆژیکە قبووڵ ناکات . بۆ نموونە ، لەسی ساڵی رابردوودا کە هەڵبژاردن لە هەرێمەکەمان دەستی پێکرد چەندین حزبی چەکدارو خاوەن شەرعییەتی شۆڕشگێڕیش هەبوون وەکو ( سۆسیالیست و شیوعی و زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی ) کە خاوەن هێزی زۆر گەورەش بوون ، بەڵام کاتێک لەهەڵبژاردنەکاندا شکستیان هێنا یاخود ژمارەی کورسییەکانیان کەمبوو نەیانتوانی بێنە ناو دەسەڵاتەوە . بە چی مەنتقێک یەکێتی بەدەرە لەم حزبانە ؟ خۆ مەسەلەکە حوکمی عەساباتی مافیا نیە بەهێزی چەکدار ناوچەیەک داگییر بکەیت وحوکمڕانی بکەیت بەدەر لەیاسا . نە زرووفی ناوخۆ و نە ئیقلیمی و نە دەولیش رێگە نادات ئەم جۆرە شتە لەهەرێمی کوردستان رووبدات ، کەواتە پەرلەمان وژمارەی کورسی سەنگی محەکە نەوەک هێزی ئەمنی وچەکدار .

با جارێ قسەی ئەو سەرکردەیە بخەینە لایەکەوەو بێینەوە سەر ماڵوێرانییەکەی یەکێتی .

لەبریاڕێکی چاوەڕواننەکراودا سەرۆکایەتی یەکێتی فەرمانی دەرکردووە بە بڕینی دوو مووچەیی کادیرو ئەندامەکانی لەگشت کایەکانی یەکێتی لەئیدارەو مەڵبەندو مەکتەب و دەزگایەکانی . لەجیاتی ئەوەی بۆ کەمکردنەوەی مەسروفات و تەرشیدی خەرجییەکان دەست بخاتە ناو قوڕگی حووتە گەورەکان و خاوەن کۆمپانیا زەبەڵاحەکانی خاوەن سەرمایەی ملیۆنان وملیاران دۆلار ، هاتوون دەست ئەبەن بۆ قووتی مناڵەکانی کادیرو ئەندامانی خۆیان کە لەموحتاجییەوە دوو کار ئەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی منداڵەکانیان . خۆ وەرگرتنی باج لەپێنج کۆمپانیا زۆر زۆرترە لەمووچەی ئەو بیست هەزار ئەندامەی یەکێتی کە بە نیازن بیبڕن . بڕینی مووچەی خانەنشینی وەزیرو وەکیل وەزیرو پلەباڵاکان کە لەناو حزبیشدا مووچەو نەسرییەیان هەیە زۆر زۆرترە لەسەرجەم ئەو پارانەی لەکادیرو ئەندامانیان دەبڕنەوە !

ئەم بڕیارە ڕەنگە زیاتر لە ٢٠ هەزار کادیرو ئەندامی یەکێتی بگرێتەوە ، ئەوانەش یەکێتی ساڵانێک پێوەیان ماندوو بووەو ئەوانیش بۆ یەکێتی ماندوو بوونە ، گریمان هەر یەک لەمانە ژن و مناڵ و خوشک وبرایەکی هەبێ ، کەواتە بە نانبڕینی تەنها یەک کادیرو ئەندامی یەکێتی نزیکەی ١٠٠ هەزار دەنگی هەڵبژاردن لەکییس یەکێتی ئەچێ .

ئەوەی پێویستە وەبیری سەرکردایەتی یەکێتیدا بێنینەوە ئەوەیە ، پارتی هیچ حیسابێکی بۆ ٢٤ کورسی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمانیشی لەبزووتنەوەی گۆڕان نەکرد ، کاتێک قوفڵی لەدەرگای پەرلەمانداو سەرۆکەکەشی ئاودیوی پردێ کرد ، هەڵبەت بە چوار پێنج کورسیش هیچ حسابێکی ئەوتۆ بۆ یەکێتیش ناکات ئەگەر لەهەڵبژاردنی داهاتوودا شکست بهێنێ کە ئەمەش ئاواتی لەمێژینەی پارتیەکانە .

نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان چارەنووسسازترین هەڵبژاردنە لەمێژووی یەکێتی وکوردستاندا ، چونکی ئەمجارەیان جیا لەجارانی پێشووتر شەڕی مانو نەمانی هەموو حزبەکان لەسەر کورسی پەرلەمانە ، جا یەکێتی کاتی نەدۆزییەوە بۆ دەرکردنو دەربەدەرکردنی کادیرو ئەندامانی خۆی تەنها لەم وەختە هەستیارەدا نەبێ !. لانیکەم بوەستایە تا هەڵبژاردنەکە تەواو دەبوو ئینجا ئیجرائاتەکی تۆزی مەعقولی بدۆزیبایە بۆ رێکخستنی کاروباری داراییەکەی ، نەک لەئێستاوە بەڕێکردن ونانبڕینی کادیرو ئەندامانی خۆی تووشی شکستێکی گەورەی هەڵبژاردنی داهاتوو بکات.

پێویستە یەکێتی بە زووترین کات ئەم بڕیارەی هەڵوەشێنێتەوە چونکی ئەوە بەڕاستی دەرکردنە لەرێزەکانی نەوەک رێکخستنی دارایی حزب . کادیرێک ئەگەر مووچەی حزبییەکەی ببڕن چ مەجبوورە لە دەزگایەکی حزبی بەبێ مووچە کار بکات ؟.

ئەم هەواڵەی چەند رۆژێک پێش ئێستا بە چوونی ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی بۆ ناو پارتی لەسەر ئەوەی نانبڕاو کراون ، ئەبێ سەرکردایەتی یەکێتی لەئاستیدا هەڵوەستەیەکی جیددی بکات ، چونکى ئەمە سەرەتایە بۆ کارەساتە گەورەکە بە چۆڵبوونی رێزەکانی یەکێتی لەتوانای کادیرو ئەندامو جەماوەرییەکەی .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×