کۆتاو بازنە وبایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان

شێرزاد شێخانی‌
  2022-06-20     565

بەحوکمی ئەم هەموو قەیران وکێشەوگرفتە کەڵەگەبووانەی چەند ساڵی رابردوو کە سیستەمی سیاسی کوردستانی گەیاندۆتە لێواری هەرەس و رووخانەوە ، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هەستیارترین وچارەنووسسازترین هەڵبژاردنە لەمێژووی کوردستاندا . بێزاری و تووڕەیی خەڵک هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە ، بێئومێدی باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە ، بێمتمانەیی بەحزبەکانی دەسەڵات لەبەرزترین ئاستیدایە ..نەبوونی بەدیلێکی مەعقولتر لەدەسەڵاتی ئێستاش دیمەنە سیاسیەکەی رەشتتر کردووە .

لەئەزموونێکی شکستخواردووی چەند مانگێک پێش ئێستای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ، بە بەڵگەوە سەلمێندرا کە هوشیاری سیاسی لەلای دەنگدەری کوردیش هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە بتوانی بە دەنگی خۆی ئەم واقیعە تاڵە بگۆڕێ . بایکۆتی فراوانی جەماوەری دەنگدەری کوردستان کە زادەی نیگەرانی ومتمانە نەبوونیەتی بەم دەسەڵاتەی ئێستا ، ئەویش تۆزقاڵێک لەمەسەلەکەی نەگۆڕی ، بەڵکو بەشێوەیەک لەشێوەکان خزمەتی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەی ئێستای کرد .

بایکۆت هیچکات خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ناکات ، چونکە بەپێی یاساکانی هەڵبژاردن هیچ دەقێکی یاسایی نیە باس لەبەتاڵبون و ناشەرعییەتی هەڵبژاردنەکان بکات لەکاتی فراوانبوونی بایکۆتی دەنگدەران . روونتر ئەگەر بایکۆت بگاتە ٩٠% یش هێشتا بەو ١٠% ی ماوە شەرعییەت دەدرێت بە هەڵبژاردن چونکە هیچ دەقێکی یاسایی نیە رێگر بێت لەمکارە .

بایکۆت هەمیشە لەخزمەتی حزبەکانی دەسەڵاتدایە ، بەتایبەتیش لەشوێنێکی وەکو هەرێمی کوردستان کە هەموو موقەدەراتی وڵات لەبەردەستی حزبە شموولی ودەسەڵاترۆیشتووەکاندایە . چونکە لەهەر هەڵبژاردنێکدا بایکۆت زیادی کرد ، ئەم حزبانە بەدەنگی ئەندام ولایەنگران و مووچەخۆری بندیوارو مشەخۆرانیانەوە بەلێشاو دەچنە سەر سندووقەکانەوە . لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات بەم هەموو ئیمکانیاتەی لەبەردەستیدایە ، دەتوانێ زۆر بە ئاسانی لەجیاتی دەنگە بایکۆتەکان سندوقەکان پڕ بکاتەوە بەدەنگی غایبەکان هەر وەک چۆن دەنگی مردووەکان تەزویر ئەکات ، لێرەدا رێک دەنگی بایکۆت وەکو دەنگی مردووەکانی لێدێت و دەکەوێتە خزمەتی حزبە تەزویرچییەکانەوە .

بۆیە بۆ هەڵوێست وەرگرتن وگۆڕینی ئەم واقیعە تاڵە پێویستە هەموو تاکێکی کورد بچێتە سەر سندوقەکان و ئەگەر کەسێکی نەدۆزییەوە دەنگی پێبدات ، لانیکەم زەربێک لەسەر فۆرمی دەنگدان بدات ودەنگەکەی خۆی بسوتێنێ بۆ ئەوەی کەسیتر نەتوانێ لەشوێنی ئەودا دەنگبدات .

کێشەی هەڵبژاردن ئێستا خۆی لەچەند خاڵکیدا دەنوێنی کە لەم ماوەیەداو دوای ئەوەی حزبەکانی نەیاری دەسەڵاتی پارتی زۆر درەنگ بە هۆش خۆیاندا هاتنەوەو تازە بەتازە هەست بە خراپیەکانی یاسای هەڵبژاردن ئەکەن وئەیانەوێ گۆڕانکاری تێدا بکەن بۆ ئەوەی بەڕەکە لەژێر پێی پارتی دەربێنن ، کە ئەمەش ئەبوایە زۆر زووتر هەستیان پێبکردایە ، بەڵام نەیانکرد وپارتی بوو بە حزبی قائیدو کەڵەگا بەسەر میللەت و ئەو حزبانەشەوە . لێرەدا بەچەند خاڵێک ئەم کێشانەو چارەسەرییەکانی  ئەخەمەرڕوو :

١- کۆتا :

ئەمریکا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە ، رەنگە سەدان وهەزاران نەتەوەی جیاجیای تیا بێت ، لەنەتەوەی ئیتاڵیاوە بۆ ئێرلەندا و چیین و ئەمریکای لاتین وناوەڕاست کە هەموویان هاوڵاتی وخاوەن ناسنامەی وڵاتەکەیانن . لەفەرەنساش زیاتر لەپێنج ملیۆن موسڵمانی تێدایە ، جگە لەدەیان نەتەوەیتر . لەنزیک خۆشمان لەمیسر رێژەی مەسيحييە ( قیبتیەکان ) نزیکەی ١٥% ژمارەی دانیشتوانە کە ١٢٠ ملیۆن کەسن . وڵاتانی زۆریش لەدونیادا هەن کە فرە نەتەوەن ، بەڵام لەهیچکام لەم وڵاتانەدا کۆتا بۆ کەمە نەتەوەکان داناندرێ . هەموو هاوڵاتیەک لەم وڵاتانەدا بە جیاوازی ئینتمای نەتەوەیی و ئایین ومەزهەبی لەسەر ئەساسی مافی هاوڵاتیبوون بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا ئەکات . نازانم حیکمەت لەوەدا چییە لەهەرێمی کوردستان ئەبێ کۆتا بۆ ( تورکمان ) هەبێ ؟!. ئەمەش لەکاتێکدا کە لەناسنامەی هاوڵاتیبووندا هیچ خانەیەک نیە باس لەئینتمای نەتەوەیی کەسەکان بکات !. بەم پێیە تورکمانەکانیش هاوڵاتی کوردستانین وهیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ کورددا نیەو لەڕووی قانونیەوە هیچ ئیمتیازێکی زیاتریان نیە لەکورد . بۆیە هیچ پێویست ناکات کۆتای تایبەت بە خۆیان هەبێ . درووستە ئەوان لیستی تایبەتی خۆیان هەبێ وبچنە کێبرکێیەکانەوەو خەڵکی تورکمان دەنگیان پێبدەن ، نەوەک ئەوەی چەند ساڵێکە لێرە ئەیبینین کە هێزەکانی زێرەڤانی وپێشمەرگەی پارتی دەنگیان پێئەدەن و بە ژمارەیەکی زۆر کەمیش ئەیانگەیەنە کورسی پەرلەمانەوە !. سەیرە کاندید تورکمانی هەولێر بێ و بە دەنگی کوردی دهۆک بێتە ناو پەرلەمانەوە !! .ئەمە بە کورت و موختەسەری دزینی کورسی پەرلەمانە بەفڕۆفێڵی حیزبی !! . دوای ئەوەش چۆن ئەبێ کاندیدی تورکمان بە ٢٠٠-٣٠٠ دەنگ بچێتە پەرلەمانەوە لەکاتێکدا کاندیدی کورد بە هەزاران دەنگ نەتوانێ ئەندامێتی پەرلەمان وەربگرێ کە هەردووکیان هاوڵاتی یەک هەرێمن !!! .

هیچ رەوا نیە لەناوچەیەکی وەکو دهۆک و حاجی ئۆمەران وسۆران کە یەک خێزانی تورکمانی تێدا نیە ، خەڵکی لەوێوە دەنگ بە کاندیدی تورکمان بدەن !. لەویش سەیرتر دەنگدانی هێزەکانی زێرەڤانی و پێشمەرگەکانی لیواتایبەتەکانە بەم کاندیدانە کە ئەمانە یەک ئەفسەری تورکمانیشیان تێدا نیە .

سەبارەت بە مەسیحییەکان ، ئەمانە مافێکی سروشتی خۆیانە کۆتایان هەبێت ، بەڵام بە مەرجێک وێستگەی تایبەت بەخۆیان هەبێ لەو ناوچانەی زۆرینەن کە جیا بێت لەوێستگەی دەنگدانی گشتی . بۆ نموونە دەکرێ لەشوێنێکی وەکو عەنکاوە وێستگەیەکیان هەبێ بۆ دەنگدان و رۆژێکی تایبەت دابنرێ لەتەک هێزەکانی ئەمنی وپێشمەرگەدا ، بە مەرجێک لەکاتی چوونیان بۆ سەر سندوقی دەنگدان ناسنامەیان پێ بێت کە ئیسپاتی بکات مەسیحیین ، ئینجا دەتوانن دەنگ بە لیستە مەسیحییەکانی خۆیان بدەن . مادام مەسیحییەکان کۆتای تایبەت بەخۆیان هەیە ، ئەبێ مافی دەنگدان تەنها بۆ مەسیحییەکان بێت و دەنگەکانیشیان تەنها بۆ لیستە مەسیحییەکان بێت بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقیینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمانەوە نەوەک نوێنەری حزبە کوردییەکان .

یۆیە ئەبێ لەو شوێنانەی کە زۆرترین تورکمان و مەسیحیان تێدایە سندوقی تایبەت بە کاندیدانیان دابنرێ و رۆژێک پیش دەنگدانی گشتی وەکو هێزە ئەمنیەکان دەنگ بدەن ، بۆ ئەوەی دەنگدەرەکان نەتوانن لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا دووبارە دەنگ بدەنەوە .

 

٢- کۆمسیۆن :

بەدرێژایی ساڵانی رابردوو پارتی هەژموونی خۆی بەسەر کۆمسیۆنی کوردستاندا سەپاندووە ، لەهەموو هەڵبژاردنەکانیشدا هەمیشە کۆمسیۆن لایەنگییری پارتی بووەو چاوی لەتەزویراتەکانی داپۆشیوە . تەنانەت لەکاتی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەر هەڵبژاردنیکیشدا کۆمسیۆن لایەنگری پارتی بووە لەمەسەلەی پەسندکردنی ئەنجامەکاندا سەرباری تەزویراتی زۆری پارتی . بۆ چارەسەری ئەم کێشەیەش ، پێویستە لایەنەکان بەهیچ شێوەیەک تەنازول لەگۆڕینی کۆمسیۆن نەکەن ، بە تایبەتیش لەپێکهاتەکەی . دەبێ جەخت لەوە بکەنەوە کە کۆمسیۆنەکە یان بەم شێوەی ئێستای پێکهاتەکەی خۆیەوە کارابکرێتەوە کە هیچ لایەنێک بەتەنها زۆرینە نەبێت ، یانیش کۆمسیۆنێکی تازە دامەزرێ بە مەرجێ ئەو رێژەی کورسی ئێستا کە بەشی هەموو حزبەکان مسۆگەر بکات وتەرازووەکە بەلای پارتیدا نەشکێتەوە .

 

٣- هەڵبژاردن :

لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا دەزگای هەڵبژاردنی پارتی وتیان ٤٥ کورسی ئەهێنین . فیعلەن ئەو ژمارەیان هێنا !. لەهەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عیراقیشدا وتیان سەرووی ٣٠ کورسی ئەهێنین ، لەوێشدا سەرکەوتن !. کەواتە ئەوان پێشتر کار بۆ ئەم ژمارانە ئەکەن ، جا چ بە دەنگی خۆیان بێت یاخود بە تەزویرەوە .

هەڵبەت گەورەترین کێشەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کێشەی یەک بازنەیی بووە . ئەمەش رێک لەخزمەتی پارتیدا بووە ، چونکی ئەو زۆر بەئاسانی ئەتوانێ یاری بەدەنگەگان بکات لەسەر ئاستی یەک بازنەدا ، بۆ نموونە ئەتوانێ بە دەنگی دهۆک کاندیدانی خۆی لەهەڵەبجە سەربخات ، وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا ئەتوانێ تەنانەت کاندیدی تورکمان ومەسیحیش سەربخات بە دەنگی پێشمەرگەکانی لەحاجی ئۆمەران .

کێشەی حزبەکانی کوردستان لە یەک بازنەییدا ئەوەیە ، کەوا پارتی نفووزی تەواوی بەسەر پارێزگای دهۆکدا هەیە و بێ رکابەر تاکە حزبە لەوێ ، لەهەولێریش تا حەدێک جەماوەرێکی زۆری هەیە کە حزبەکانیتر نیانە ، بۆیە زۆر بەئاسانی و بە تەوجیهی حزبی ئەتوانێ کاندیدانی خۆی لەهەر شارو ناوچەیەکیتر بێت سەریان بخات . بەڵام حزبەکانی تر وەکو یەکێتی وگۆڕان وکۆمەڵ ، هیچ نفووزێکی ئەوتۆیان نیە لەناوچەکانی پارتیدا ، حزبێکی وەکو یەکێتی ئەسڵەن خۆی لەناو ناوچەی نفووزی خۆشیدا کە سلێمانی و گەرمیانە دەنگەکانی پەرتوبڵاو بوونەتەوەو چەندین حزب لەو ناوچانەی یەکێتی دەنگی لێ ئەبەن ، بۆیە یەکێتی ناتوانێ بەم دەنگە کەمەی خۆیەوە نوێنەرانی لەدهۆک وناوچەکانی ژێر نفووزی پارتی سەربخات ، بەپێچەوانەوە پارتی ئەتوانێ لەناوچەیەکی فراوانی کوردستان بە ناوچەکانی ژێر نفووزی یەکێتی وحزبەکانیتریشەوىە کاندیدانی خۆی بە دەنگی ئەندامولایەنگرانی لەشارەکانیتر سەربخات .

بۆیە رەنگە چوار بازنەیی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا بەشێک لەم کێشەیە چارەسەر بکات ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لیستی دەنگدەران پاکبکرێتەوە لە مردووان وخەڵکی بیگانەی بەشەکانیتری کوردستان .

 

٤- چاودێری هەڵبژاردن :

پێویستە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان هانا بۆ چاودێری نێودەوڵەتی ببرێت ، بەشێوەیەک هەم چاودێری نیودەوڵەتی و هەم چاودێرانی عیراقیش بەشداربن لەپرۆسەی چاودێریکردندا ، چونکە ئەزمونێکی سەرکەوتوو هەبوو لەدوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا کاتێک زۆر بەروونی ئاماژەیان بە تەزویراتی پارتی کرد لەم هەڵبژاردنەو چەندین سندوقیان رەتکردەوە بە هۆی تەزویراتەوە کە ئەمەش کۆمسیۆنی هەرێم هەرگیز نەیکردووەو ناشیکات . بۆیە پێویستە پرۆسەی چاودێری زۆر بە ووردی ئەنجامبدرێت ، بەتایبەتیش تەرکیز لەسەر ناوچە دوورە دەستەکان بکرێ ، وەکو ناوچە سنووریەکانی هاوبەش لەگەڵ کوردستانی رۆژهەڵاتو باکورو رۆژئاوا بۆ ئەوەی رێگری بکرێ لەهاتنی لێشاوی دەنگدەرانی مووچەخۆری پارتی لەم ناوچانە . دەبێ حزبەکانیش نوێنەری خۆیان بنێرنە ئەم ناوچانە بۆ چاودێری چونکە ئەوێ لەبارترین شوێنە بۆ تەزویر و کۆکردنەوەی دەنگی بێگانە .

بە هیوای ئەوەی کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ببێتە دەرچەیەک لەم هەموو قەیرانە چەقبەستووانەی میللەتەکەمان ، پێویستە لەتەک حزبەکانیش لیستی سەربەخۆو کەسانی بێلایەن بێنە مەیدانەکەوە بۆ ئەوەی هەر نەبێ دەنگدەر بەدیلێکی تۆزێ مەقبوولتری هەبێ لەم دەسەڵاتە ، لەهەڵبژاردنی عیراقدا ئەزموونێکی سەرکەوتو هەبوو ، کاتێک زیاتر لە٤٠ ئەندامی سەربەخۆ گەیشتنە پەرلەمانی عیراق ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە وەکو سەرەتا ، بۆیە لێرەش پێویستە خەڵکی سەربەخۆ خۆیان کاندید بکەن وهەوڵێ چوونە ناو پەرلەمان بدەن .

بێگومان لەسەرووی هەموو ئەو ئەرکانەشەوە پێویستە هەر تاکێکی کورد بەشدار بێت لەهەڵبژاردنەکان نەوەک بایکۆتی بکات ، چونکی بایکۆت واتا رەخساندنی هەلی تەزویرو دەنگی ساختەو هێشتنەوەی ئەم دەسەڵاتە بۆ هەتا هەتا .

لە هەرێمێک کە دەسەڵات بەرەو سوڵتانیەت وحوکمی شموولی تاکڕەو ئەڕوات و ناهێلێت خەڵک بۆ ناڕەزایی بێنە سەرشەقام ، دەسەڵاتێک کە هیچ حیساب بۆ خەڵکی وڵاتەکەی ناکات و لەسەر کۆمینتێک خەڵک ئەخاتە زیندانەوە ، هیچ دەرچەیەک نیە تەنها لەرێگەی هەڵبژاردنەوە ئەم سیستەم ورژێمە بگۆڕدرێ ، ئەویش بە دەنگی زوڵاڵی هاوڵاتی بەم دەسەڵاتە بڵی ( ئیتر بەسە ) ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×