شوناس!
چیا عەباس
2019-11-19   1564
شوناسو نەتەوەو فکرو سیاسەتو ئاین
داگیرکەران و دوژمنان درێغیان لە دژایەتیکردن و کوشتن و وێرانکردنی کورد و کوردستان نەکردوە، زلهێزەکانی دنیا و ئەوروپا لە گەلێک وێستگەکانی ئەو مێژوەدا گەر ئاسانکەر و گەمەکەری پشت پەردەی ئەو روداوانە نەبوبن بێدەنگ بون یاخود نوزەیەکی زۆر لاوازیان لێ دەرچوە.
شۆرش و سەرهەڵدانەکانی کورد بۆ بەرگریکردن بوە لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانەکەی و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی. بە هۆی گەلێک هۆکارەوە کورد ناچار بوە پرۆسەکە تیهەڵکێشی پرسە سیاسی و حوکمرانی و ئابوریەکانی نەتەوەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بکات، پرۆسەیەک سود و زەرەری هەبوە. لە ئاکامی ئەو تێهەڵکێشکردنە و زاڵبونی ئیرادەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی بە سەریدا چەندین جار کورد کراوەتە قوربانی و دوچاری شکستی گەورە بۆتەوە.
مێژو سەلماندویەتی شوناسی نەتەوەیی بەهاتر و گشتگیرتر و کاریگەرترە لە هزرە سیاسی و ئاینی و فکریەکان، بۆیە بۆتیشە زەمینە و هاندەر و دارێژەریان.
ئیسلام و قورئانی پیرۆز بە زمانی عەرەبی لە ناو جەرگەی نیشتمانی عەرەب و هزری عەرەببونی ئەو سەردەمەدا ئاشکرا کراون و سەریان هەڵداوە. لە سورەتی یوسف ی قورئانی پیرۆزدا هاتوە: " إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ قُرْێنًا عَرَبِیًّا ڵعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ "، زمانی عەرەبی قورئان زەمینە و هۆکاری بنەرەتی بو بۆ رێکخستن و دارشتنی زمانێکی یەکگرتو بۆ نەتەوەی عەرەب، کە کۆڵەکەیەکی بنەرەتی شوناسی نەتەوەییە.
لەو سەردەمەدا ئیسلام بوە سەرقافڵەی شوناسی نەتەوەیی عەرەب، ئەمەش زەمینەخۆشکەرێکی گرنگ بو بۆ بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی عەرەب، ئەو دەسەڵاتەی تا دەروازەکانی ئەوروپا گەیشت. نەتەوەکانی تریش کە ئیسلامیان کردە سەرقافڵەی خواست و تەماعەکانیان بە هەمان شێوە رویان لە هەڵکشاندن کرد، وەک لە ئەزمونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانلیدا رویدا.
ئەم تێکەڵاوکردنە تا ئەم چرکەیەش زەمینە و هۆکارێکی گرنگی شەر و ماڵوێرانی و کێشەکانی جیهانی عەرەب و ئیسلامە کە زۆرینەی قەیران و شەر و تێرۆریزم و ناکۆکیە سیاسی و مەزهەبیەکانی دنیایان لە خۆ گرتون.
نازیەتی هتلەر لە بنەرەتدا لە لێکدانەوەی ئەو سەردەمە، لە چوارچێوەی حزبێکی ناسیۆنالیستی فاشی، بۆ شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی جەرمەن سەری هەڵدا، لەو باوەرەدا بون ئەوان زۆر پێشکەوتوتر و جیاوازترن لە رەگەز و نەتەوەکانی تر.
دوای روخاندنی دیواری بەرڵین و یەكگرتنەوەی دو بەشەکەی ئەڵمانیا بە کاریگەری هەمان شوناسەوە، بەڵام بە ناوەرۆک و شێوازێکی زۆر جیاواز لەوەی سەردەمی نازی، ئەڵمانیا بۆتەوە هێزێکی گەورەی دنیا. لەم ئەزمونەدا دەردەکەوێت کاریگەری شوناسی نەتەوەیی گرێدراوە بەوەی لە لایەن چ هێز و هزریکی سیاسی و فکریەوە نوێنەرایەتی و رابەرایەتی دەکرێت.
دروشمەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی " امه عربیه واحده ژات رساله خالده" و " من المحیگ الی الخلیج" و " وحده و حریه و الاشتراکیه"، پان کوردستانیزم، دروستکردنی دەوڵەتی بەنگلادیش پاش یەک ملیۆن شەهید، بزافە نەتەوەیی و نیشتمانیە رزگاریخوازەکان، یەکگرتنەوەی دو ڤێتنام، دو ئەڵمانیا، دو یەمەن و چەندین نمونەی تریش کە تا ئەم ساتە بونیان هەیە رەنگدانەوەی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانین بە شێواز و هزری جیاواز و جیاجیا.
شەر و ململانێکانی نێو بۆدەقەی یەک شوناس زادەی هۆکارە سیاسی و فکری و ئاینی و ئابوریەکانن، جاریش هەبوە جیاوازی لە هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی شوناسەکە یاخود بەشێک لێی ئاگر خۆشکەری ئەو شەر و ناکۆکیانە بون و هەن، زیندوترین نمونەکان لە بزافی نەتەوەیی عەرەب و کورد بەدیدەکرێن.
ئەو رەوت و هزر و ئاراستانەی بازیان بەسەر شوناسی نەتەوەییدا داوە و نەیانتوانیوە هاوسەنگ مامەڵەی لە گەڵدا بکەن، وەک رەوتە فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە هەمە رەنگەکان و بزافە ئاینییە سیاسی و مەزهەبیە جیاکان، سەرەرای خۆ گونجاندنیان، بە واتایەکی دروستر خۆ شاردنەوەیان بە دەمامکی شوناسی نەتەوەیی، بەڵام لە دوا مەتافدا مەبەستە سەرەکیەکانی خۆیان نەپێکاوە.
شکستی سیستەمەکانی کۆمینیزم و ناسیۆناڵ سۆشیالیزم و تۆتالیتار و دکتاتۆر و ئیسلامی سیاسی دواتر بوژاندنەوەی شوناسی نەتەوەیی تێیاندا، وەک لە یەکێتی سۆڤێت و یۆگۆسلاڤیای جاران و لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەشێکی ئەوروپای ئەم سەردەمە، ئەو راستیە دەسەلمێنن.
شوناسی نەتەوەیی
بیرمەندە گەورەکانی دنیا وتویانە: کڵتور و زمان جیاوازیەکانمان بەرجەستە دەکەن و شارستانیەتیش کۆمان دەکاتەوە.
راستە شوناسی نەتەوەیی لە کەرەستەکانی مێژو و زمان و خاک و کڵتوری هاوبەشەوە سەری هەڵداوە و خۆی پێناسە کردوە، بەڵام شوناسی نەتەوەیی کاتێک دەبێت بە بزوێنەر و یەکلاکەرەوە کە لە ئیرادەی سیاسیدا رۆڵی بنەرەتی هەبێت. ئەبۆریجیناڵەکانی ئۆستراڵیا لە غیابی ئیرادەی سیاسیدا ئەوەندە پەرتەوازە و لاواز بون کە یەکسانە بە توانەوەیان، کاتالۆن و ئیرلەندیەکان بە پێچەوانەوە و ئەمازیغیەکانیش لە ساڵانی دواییدا کەوتونەتە خۆیان و دەنگیان دەبیسترێت.
لەم سەردەمەدا کە کورد لە سەر خاکەکەی دوچاری یەکێک لە گەورەتر و ئاڵۆزتر و مەترسیدارترین دۆخی سیاسی و سەربازی و ئابوری لە مێژویدا بۆتەوە، پرسیارێکی بنەرەتی: ئایا شوناسی نەتەوەیی دەتوانێت چی بکات؟
زۆربەی زۆری ناوی هێزەکانی کوردستان وشەی کورد یا کوردستانیان هەیە، ئەمە جەختکردنەوەیە لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی. لە رابوردودا زۆربەی ئەو هێزانە بەو شوناسەوە خەڵکیان لە دەور کۆبۆتەوە و هاندەری سەرەکی خەبات و شۆرش و سەرهەڵدانەکانیان بوە.
شوناسی نەتەوەیی لە زۆربەی شۆرش و سەرهەڵدانەکانی کورد لە سەدەی رابوردودا پاکژ و بێگەرد و رون بوە، وەک لە دروشمە سەرەکیە رەسەنەکەی شۆرشی ئەیلولدا بەرجەستە کرابو: کوردستان یا نەمان. هەرچەندە ئەم دروشمە لێکدانەوەی زۆر لە خۆ دەگرێت، بەڵام هەڵگری شوناسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بێگەردە تا ئاستی نیهیڵیزم ( نەمان).
لە ئێوارەیەکی دوا رۆژەکانی بەهاری ساڵی١٩٧٢ بەندە لە گەڵ ئەم بەرێزانەی لە ژیاندا ماون: محمد قەرەداغی، حسێن سنجاری، رەنج نوری شاوەیس و چەند هاورێیەکی تر، خوالێخۆشبوان عادل مراد، جەلال خۆشناو ( دەستەی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی گشتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە مانگی شوباتی ئەو ساڵە بۆ مەکتەبی سکرتاریەتی رێکخراوەکە بوین) لە گەڵ شەهید سامی عبدالرحمن لە کۆشکی ئاشتی لە چۆمان، ئەو خانوە سادە و بچوکەی رێکەوتنی ١١ ی ئازاری تێدا سازکرا، چاوەروانی دیداری خوالێخۆشبو مەلا مستەفا مان دەکرد. مەلا مستەفا لە سەرهەڵدانی ئاراستە چەپەکانی ناو خوێندکاران و گەنجان بە ئاگا بو، لە میانی قسەکردن و باسکردن روی لە هەمومان کرد گوتی: بەلای منەوە گرنگ نیە چەپن یاخود راست، گرنگ ئەوەیە کوری میللەتەکان بمێننەوە. گەر هەمومان لە ئەرزی واقیعدا ئەمجۆرە تێهەڵکێشکردنەی فکر و شوناسی نەتەوەییمان پێرەو بکردایە ئەستەم بو توشی ئەو هەمو دەردەسەری و شەر و ماڵوێرانیە ببونایە.
جیاوازی فکر و هەڵسەنگاندنی سیاسی و ململانێکردنی ئەرێنی لە سایەی یەک شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانیدا دیاردەی ئاسایی و سروشتین، کاتێک لەوە بترازێت دەبێتە هۆکاری ماڵوێرانی و لاوازکردن و لەکەدارکردنی خودی شوناسەکە.
داگیرکەر و دوژمنانی کورد بەردەوام کاریان بۆ لێکترازان و پەرتەوازەکردنی شوناسی نەتەوەیی کورد کردوە، ئەزمونەکان پێمان دەڵێن سەرکەوتنیان بۆ خۆیان بەدەست هێناوە.
هێزە بنەرەتیەکانی باشور هەر لە پێش راپەرینەوە، هەر پاساو و هۆکارێکیان هەبوبێت، هۆکارێکی سەرەکی لاوازکردن و پەرتەوازەبونی شوناسی نەتەوەیی بون، لە ١٩٧٥ ەوە تا ١٩٩٨ بە لایەنی کەمەوە ١٢ ساڵ خەریکی شەری یەکتر بون.
دوای راپەرینیش و تایبەت پاش روخاندنی رژێمی سەدام لە زۆر بواردا وەک فیفتی بە فیفتی، خولەکانی شەری ناوخۆ، دو ئیدارەیی، رێکەوتنی بە ناو ستراتیژی، قۆرخکاری دەسەڵات و گەندەڵی و زاڵبونی مامەڵەی حزبی لە گەڵ بەغدا و پایتەختەکانی تری دنیا شایەتحاڵی لێکترازان و لاوازی شوناسەی نەتەوەیی تۆکمە و یەکگرتون، لە کاتێکدا بەردەوام باس لە یەکریزی کورد دەکەن.
ئێستا و شوناس!
کورد لە رۆژائاوا پشتئەستور بە شوناسەیەکی ئەقڵانی نەتەوەیی و نیشتمانی سەردەمانە بۆتە هێزی بزوێنەری بزافی کوردایەتی لە کوردستانی گەورە. شەرڤانانی ژن و پیاوی ئەو بەشەی کوردستان بونەتە مایەی شانازی کورد و دۆستەکانی لە سەرانسەری دنیادا. شەرڤانێکی نەناسراو دەبێتە بابەتی سەرەکی هەواڵ و دەنگوباسی دنیا، سەرۆکی ئەمریکا و یاریدەر و رکابەرەکانی، گەورەترین باڵادەستانی سۆڤیەت گڤتوگۆ و دانوستانی لە گەڵ دەکەن، ناکۆکی و ململانێ لە نێو خودی ئەندامانی پەیمانی ناتۆ و نێو ئیدارەی ترەمپ لە سەر ئایندەی رۆژئاوا سەرهەڵدەدەن، ژنە قارەمانێکی رۆژئاواش بەو پەری رێزەوە لە کۆشکی ئەلیزێی فەرەنسا و لە کۆنگرێس و سیناتی ئەمریکا وەک کەسایەتیەکی رێزداری دنیا پێشوازی لێدەکرێت. تۆ بلێی ئەو هەمو سەرکردە و دەوڵەت و دامو دەزگای ئەو وڵاتانە ئەوەندە کاڵفام بن لە ئاکامە سیاسیەکانی ئەم کارانەیان هۆشیار نەبن. ئەوە پتەوی و پاکژی و واقیعی شوناسی نەتەوەیی ئەو تێکۆشەرانە و ئەزمونەکەیانە دنیایان ناچار کردوە رێزیان لێبگرن و مامەڵەیان لە گەڵ بکەن.
مەخابن بە گشتی لە باشور پێوەرەکانی وەلای حزبی و جەمسەرگەری و پارە و ناعەدالەتی و گەندەڵی و پێشێلکردنی یاسا و بەها نەتەوەیی و نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکان جێگایان بە شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی لەق کردوە، دنیای دەرەوەش بە ئاگا لەو واقیعە مامەڵە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.
پێشەکی ئاماژەم داوە بەوەی کورد لە باشور لە ئاڵۆزترین وێستگەی مێژویدا گوزەر دەکات، بزانین بەرامبەر ئەم دۆخە شوناسی نەتەوەیی لە کوێدا گیرساوەتەوە؟
بەغداو شوناس
سەرۆک کۆمار کە کوردە پرۆژەیەکی دەرباری دۆخی ئاڵۆزی عێراق پێشکەش کردوە. لێرەدا ناچمە سەر لایەنە ئەرێن و نەرێنیەکانی پرۆژەکە، ئەوەی گرنگە کرچ وکاڵی و تەم و لێڵی شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵسەنگاندن و دیدگا و چارەکانە.
وەک سەرۆک کۆمار ئەرکیەتی یەکپارچەیی و سەروەری عێراق بپارێزێت، هەمو کەسێک دەزانێت ئەو دو چەمکە لە عێراق ئەوەندە لاواز و پوچەڵن بە سەد پەرلەمان و سەرۆک کۆمار لە عێراقی ئێستادا نایەنەوە نیوەی مایە، بۆیە ئەو پرۆژەیە و دەیانی تری لەو جۆرەش لەم دۆخەدا لە پینە و پەرۆکردن و کوشتنی کات زیاتر نیە، ئەوانەشی تروسکاییەک ئومێدی لێدەکەن لە ناچاریەوەیە، چونکە لە گێژاوی عێراق و غیابی شوناسێکی نەتەوەیی بەهێزدا چارەیەکی تر بەدیناکەن.
چەند نوسەر و چاودێری سیاسی بە تایبەت باس لەمادەی ١١ی پرۆژە یاساکە دەکەن کە تێیدا هاتوە بازنەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق کە پێشتر لەسەر ئاستی پارێزگا بوە، ئێستا پێشنیاز کراوە لەسەر ئاستی قەزاکان بکرێت، ئەو مادەیە گورزێکی کوشندە لە ئەزمون و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات.و زەمینە بۆ ئەگەری زیندوبونەوەی دو ئیدارەیی خۆشە دەکات.
مەلا بەختیار کە بەرپرسی دەستەی کارگێری حزبەکەی سەرۆک کۆمارە لە ٢٠ی جولای ئەمساڵدا پرۆژەیەکی بۆ زیندوکردنەوەی یەکێتی ئاشکرا کرد، لە بەشێکیدا ناراستەوخۆ باس لە جۆری شوناسی نەتەوەیی سەرۆک کۆمار دەکات کاتێک دەڵێت:
" ئیتر نازانم، بۆ كوت و مت لەم دۆخەدا كە فڕۆكە و سوپای توركیا، دوو بەشی كوردستان بۆردومان دەكەن و ئازادیخوازانی كوردستان شەهید دەكەن، سەرۆكی عێراق، تاجەگوڵینەی كڕنوشبردن بۆ گۆڕی ئەتاتورك دادەنێ". عەرەب وتەنی:
" الابکم من اڵاشاره یفهم".
زۆربەی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دڵسۆزی و پەرۆشیەوە سەرقاڵی بە دواداچون و شێکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکەن بە قازانجی کورد، تا رادەیەکی باش شوناسێکی نەتەوەیی ئەقڵانی بەرچاو بە سەر کارەکانی ئەم گروپەدا زاڵە، ئەوەی رێگرە لە بەردەمیان شوناسە حزبیەکانیانە.
لە باسکردنی وەزیر و نوێنەرانی تری کورد لە بەغدا بە زەقی دەبینرێت لە ئێستادا بێدەنگی و خۆماتکردنیان هەڵبژاردوە، بێگومان زەمینەی ئەم بێ هەڵوێستیەیان دەگەرێتەوە بۆ ئەو راستیەی ئەمانە لە بنەرەتدا بە هۆی شوناسی حزبی و جەمسەرگەری ناو حزبەکانیان ئەو پۆستانەیان وەرگرتوە. ناشێت لە بیرمان بچێت چۆن سەرۆک کۆمارێکی کورد هەڵبژێردرا. ئەوە کافی نیە سەرۆک کۆمار یا وەزیرێک بە کوردی قسە بکات یا تێکۆشەرێک بوبێت، گرنگ نیەتی و نەفەسی کوردبونیانە لە ئێستادا و چی بۆ شوناسی نەتەوەکەیان دەکەن، کورد وتەنی ئەوە ئەرز و گەز.
باشوری کوردستان و شوناس
عێراق لە زریانێکی دژوار و خەستدا گیرساوەتەوە و ئایندەی ئەزمونی هەرێم بە توندی پێوەی گرێدراوە، کەچی هەر سێ لایەنەکەی دەسەڵاتی هەرێم لەم رەوشە ناسک و هەستیارەدا دەستیان کردۆتەوە بە گلەیی و رەخنەگرتن لە یەکتر لە سەر چەند دەسەڵات و پۆست و جێکردنەوەی کارمەندێکی حزبی لە حکومەتدا کە هیچ بەها و کاریگەریان لە سەر دۆخی ئاڵۆزی ئێستای کورد نیە، جگە لە رازیکردنی پاشکۆکانی تەکەتول و جەمسەرگەری حزبی و چەورتر کردنی گیرڤان. خەڵک لە وروژاندنی کتوپری دەیان جاری ئەم بابەتە لاوەکیانە بێزار بوە و بە هەندیشی وەرناگرێت. ئەمانە ئاماژەی زەقن کە شوناسی نەتەوەیی بە چ ئاستێک گەیشتوە.
پەرلەمانی کوردستان دەرباری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا خاڵنامەیەکی پەسند کرد، وێرای خاڵی ئەرێنی باش، بێ شەرمانە بە یەک وشەش ناوی تورکیای تێدا نەبراوە، ئاماژەیەکی زەق بەوەی کە ئیرادەی تەشریعی و چاودێری حوکمرانی و سیاسی لە هەرێم شوناسی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خۆی گرێداوە بەوەی دڵی هێزێکی داگیرکەر و پەلاماردەر و خوێنرێژ نیگەران نەکات.
لە سەر روداوەکانی رۆژئاوا مەسرور بارزانی بە سەردانی کامپی بەردەرەش و قسەکانی کە بە پەنابەرانی رۆژائاوی گوت: خاک و هەوای ئێرە هی خۆتانە و چیمان پێ بکرێت بۆتان درێغی ناکەیەن بەشێک لە نیگەرانی و تورەیی هاوڵاتیانی کورد لە بێ هەڵوێستی و لێدوانە نابەجێکانی بەرپرسان هێور کردەوە. لە گەڵ ئەوەشدا پێویستە گەلێک کرداری کۆنکرێتی بە دوای ئەو لێدوانانەدا بکرێت.
بۆ خۆم گەشبین نیم چونکە سروشتی حوکمرانی لە شوناسی حزبی و بنەماڵیەوە دارێژراوە و ئەم شوناسەش بریاردەرە. ئەگەر مەسرور بارزانی بتوانێت ئەو هاوکێشەیە هێدی هێدی بگۆرێت، وەک چۆن لێرە و لەوێ لە کابینەکەیدا رێگری لە زەقبونەوەی شوناسی حزبی دەکات، ئەوا خزمەتێکی گەورە بە دۆزی کورد دەکات.
دەسەڵاتی فەرمی هەرێم دەرباری روداوەکان لە بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق، تا ئەم چرکەیە پێرەوی " نە شیش بسوتێت و نە کەباب" ی کردوە.
ئەم تێرامانە زادەی شوناسێکی نەتەوەیی تەم و مژاویە، چونکە ئەزمونەکانی ١٦ ساڵی رابوردوی دەسەڵاتی کوردی لە گەڵ بەغدا دەیسەلمێنن شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی تێیاندا لە ئاستی پێویستدا نەبوە، گەر وا نەبوایە برینی موچە و بودجە، گەندەڵی زەقی چەند نوێنەرێکی کورد لە بەغدا، کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کێشە خەستەکان لە سەر پرسی نەوت و گەڵیک بابەتی تر رویان نەدەدا.
گۆڕان و ئەم دۆخە
ناشێت لێرەدا باز بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا بدرێت، چونکە لە سەرەتای دروستبونی و تا وەفاتی دامەزرێنەکەی بەجدی کار بۆ بە نیشتمانیکردنی چەندین پرسی سیاسی و حوکمرانی و ئەمنی و ئابوری کوردستان دەکرا، ژێرخانی بنەرەتی ئەم کارنامەیەش شوناسێکی نەتەوەیی ئەقڵانی دیموکراسی سەردەمانە بو. دەسەڵاتدارانی ئەم بزوتنەوەیە لە ئێستادا گیرۆدەی پۆست و پارە و دەسکەوتن، لەو پێناوەدا زۆربەی شوناسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پرسەکانی گۆرانکاری و چاکسازی زۆر کاڵبون. هێزێک ئیرادەی خۆی خستۆتە بەردەم قەزا و قەدەر و لە چاوەرانیەکی بێهودەدا هەر هاواری گرێ کوێرەکانی ناخی خۆی دەکات. بۆیە ناشێت چاوەرانی هیچ کارێک شایەنی باسکردن بێت لێیان بکرێت.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ١٧ی نۆڤەمبەر ٢٠١٩